غازی کۆرمۆر؛ ئەو کێڵگەیەی وڵاتە زلهێزەکان لە فراوانکردنی دەترسن
48 خولەک لەمەوپێش
ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی موشەکەوە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە هێرشێکی پەیامئامێز دادەنرێت، هۆکارەکەشی بۆ نیگەرانی وڵاتانی دراوسێ و زلهێز لە فراوانکردنی کێڵگەکە دەگێڕدرێتەوە.
عێراق ساڵانە بڕێکی زۆر غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و بڕێکی زۆر لە کارەباکەشی لە ڕێگەی غازی ئێرانەوە دابین دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی روسیاش وڵاتێکی گەورەی بەرهەمهێنەری وزەیە.
هێرشە موشەکییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر جێ پەنجەی میلیشیا شیعەکانی پێوە دیارە، بەتایبەت بەشێک لەو میلیشیایانە جێبەجێکاری ئەجێندای ئێران و بەم دواییانەش هەندێک لەو گروپانە نزیکایەتییان لەگەڵ روسیا دروستکردووە.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەگەورەترین کێڵگەی غازی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت. هەرکاتێک کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی کە سەرەکارە لە کێڵگەکەدا، کار بۆ بەرهەمهێنانی بڕی زیاتری غاز دەکات، کێڵگەکە دەکەوێتە بەر هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو.
دوایین هێرشی سەر کێڵگەکە شەوی ڕابردوو بوو کە لە ڕێگەی موشەکەوە کۆگای عەمبارکردنی غازی شل کرایە ئامانج، لەکاتێکدا ئێوارەی ڕۆژی 26ـی نیسانی 2024ـیش، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەکە و چەند کارمەندێک گیانیان لەدەستدا.
بەرپرسانی هەرێم و عێراق هەرچەندە بە فەرمی پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ لایەنێک درێژ ناکەن، بەڵام ناڕاستەوخۆ میلیشیا شیعەکان بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکەن.
بارزان هەورامی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: غاز چەکێکی سیاسی و ئابووری گەورەیە بەدەست ئێرانەوە لەبەرامبەر عێراق، بۆیە نایەوێت گرێبەستەکانی عێراق لەڕووی وزەوە سەربگرن.
دەشڵێت: ئەگەر پەرە بە بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر بدرێت، بەشی هەموو هەرێمی کوردستان دەکات و دەتوانرێت ڕەوانەی عێراقیش بکرێت، ئەمە مایەی نیگەرانییە بۆ ئێران.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر، گەورەترین کێڵگەی غازی سەربەخۆی سەر ئاستی عێراقە و دەکەوێتە سنوری قەزای چەمچەماڵی ڕۆژهەڵاتی کەرکوک، ڕووبەری کێڵگەکە 1350 کیلۆمەتر دووجایە و خاوەنی 8,2 تریلیۆن سێجا یەدەگی غازی سروشتییە.
لە ئێستادا ڕۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمدەهێنرێت و کێڵگەکەسەرووی 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات، هەروەها لەم کێڵگەیەوە 1200 مێگاوات کارەبا دەدرێتە پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک.
کۆمپانیای دانە گازی ئیمارانی پلانی هەبوو تا چەند ساڵێکی تر، بڕی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بگەیەنێتە یەک ملیار پێ سێجا، ئەم بڕە غازە بەشی هەرێمی کوردستان دەکات و دەتوانرێت ڕەوانەی عێراقیش بکرێت، ئەمەش بەڕای چاودێران ترسی لای ئێران دروستکردووە ببێتە جێگرەوەی غازەکەی.
سەرباری ئەوەی خاوەنی بڕێکی زۆر غازی سروشتی یەدەگە، کێڵگەی غازی کۆرمۆر 150 تۆن غازی شلی ماڵانی لێ بەرهەم دەهێنرێت و نزیکەی 20 هەزار بەرمیل کۆندێنسەیتیشی لێ دەردەهێنرێت، کە پێشتر حکومەتی هەرێم بۆ باشکردنی کواڵێتی تێکەڵی نەوتی هەناردەکراوی دەرەوەی دەکرد.
بارزان هەورامی، دەڵێت: کۆرمۆر کێڵگەیەکی زۆر گەورەیە و چاوی تەماعی هەموو بەرەکانی لەسەرە، بۆیە بەردەوام بە ئامانج دەگیرێت. هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگەکە کوێرانە نەبوون، بەڵکو پلان بۆ داڕێژکراو بوون و شوێنی هەستیاری کێڵگەکەیان کردە ئامانج.
کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی سەرکارە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر و 70%ـی پشکەکانی هی ئەم کۆمپانیایە و کۆمپانیای هیلالی ئیماراتییە، لەکاتێکدا سێ کۆمپانیای ئەڵمانی و هەنگاری و نەمساوی خاوەنی 30% پشکەکانی ترن.
چەند کۆمپانیایەکی تورکیش گرێبەستییان لەگەڵ کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی هەیە و کاری لۆجستی بۆ ئەنجام دەدەن، هەروەها لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021، ئەمەریکا بڕی 250 ملیۆن دۆلاری بۆ فراوانکردنی کێڵگەکە تەرخانکرد لە پێناوی سەربەخۆکردنی عێراق لەڕووی وزەوە.
لەپاڵ ترسی ئێراندا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆرو نیگەران بوونی لە داهاتووی غازەکەی لە بازاڕی عێراق دا، سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر پشکدارن و کاردەکەن، هی ئەو وڵاتانەن کە ئێران بە ڕکابەری سیاسی و ئابووری خۆی لەناوچەکە دایاندەنێت.
تائێستا نزیکەی 10 جار هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بۆ ئەنجامدانی سەرجەم ئەو هێرشانەش پەنجەی تۆمەت بۆ میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران درێژ دەکرێت، گوایە بە پلانی ئێران ڕێگری دەکەن لە بەرەوپێشچوونی کەرتی غازی عێراق و هەرێم.
بارزانی هەورامی وتی: ئێران پێیناخۆشە غازی کۆرمۆر ببێتە جێگرەوەی غازەکەی، ناشیەوێت عێراق بە ئاراستەی سەربەخۆبوون لە بواری وزە هەنگاو بنێت.
چاودێران دەڵێن ئێران تەنها لە هەوڵەکانی کۆمپانیای دانەغاز بۆ فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر نیگەران نییە، بەڵکو لە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقیش بۆ گەیشتە سەربەخۆیی لە بواری وزە و بەرهەمهێنانی غاز دەترسێت.
