هاکان فیدان: هەوڵی ساڕێژکردنی برینەکانی عێراق دەدەین
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، هەرچەندە دیمەشق و هەسەدە دەتوانن ڕێککەوتن لەنێوان خۆیاندا بکەن، بەڵام مەرجی تورکیا ئەوەیە دەبێت ئەو یەکە و هێزانەی ناو هەسەدە کە دژی تورکیا جەنگاون و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، هەڵبوەشێنرێنەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی بەشدارییکردنی لە "کۆڕبەندی دەوحە"، تیشکی خستە سەر پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا و ئاماژەی بەوە کرد، لەم پرسەدا دوو بابەتی سەرەکی هەن؛ یەکەمیان پەیوەستە بە گەرەنتییە ئەمنییەکانی سووریا خۆی، دووەمیشیان پەیوەستە بەوەی تورکیا چی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر وڵاتەکەی.
فیدان ڕوونی کردەوە، ئەنقەرە زۆر بە ڕوونی بە هەسەدەی ڕاگەیاندووە چییان دەوێت، هەروەها دیمەشقیش لە ساڵی ڕابردووەوە هەمان کاری کردووە. وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت: ئێمە دەزانین هەسەدە بەشێک بووە لە پەکەکە و چەند پێکهاتە و لایەنێکیش لەناو هەسەدە دژی تورکیا جەنگاون.
هاکان فیدان جەختی کردەوە کە بۆ ئەوان چەند خاڵێک گرنگە و گوتی: هەموو ئەو هێز و یەکانەی دژی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی تورکیان، دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە.
هەر ئەمڕۆ ،ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆنفرانسێکی ئاشتی لە ئیستەنبوڵ کرد و ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر کوردانی سووریا هەیە و ئەوانیش خوازیاری دەستپێکردنی گفتوگۆن لەگەڵ ئەنقەرە.
چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە میانی بەشدارییکردن لە شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس25)، گوتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا و بە پێویستی زانی کە ئەو وڵاتە هەسەدە "وەکوو مەترسی نەبینێت" و جەختی لەوە کردەوە، ئەوان "نابنە مەترسی بۆ سەر تورکیا."
