کەتائیبی سەیدولشوهەدا: دەستمان لەرووداوەکەی قەزای خەبات نییە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەنجوومەنی راگەیاندنی کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە باس لە تێوەگلانیان دەکەن لە رووداوەکانی ئەم دواییەی قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر و رایدەگەیێنێت: "ئەو تۆمەتانە بێ بنەمان و بەشێکن لە هەڵمەتێکی رێکخراو دژی ئێمە."

ئەمڕۆ شەممە 6-12-2025، کەتائیبی سەیدولشوهەدا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بەشێک لە پلاتفۆرمەکان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا کەتائیبی سەیدولشوهەدا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە پشت ئەو رووداوە ناخۆشانەوە بووە کە لە قەزای خەباتی سەر بە هەولێر روویانداوە و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتووەتەوە."

کەتایبی سەیدولشوهەدا لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزیمان بۆ کەسوکاری قوربانییانی هەردوولا، چونکە خوێنی عێراقی لای ئێمە هەمووی پیرۆزە، بەڵام ئێمە ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە رەتدەکەینەوە."

کەتائیبی سەیدولشوهەدا هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکات و دەڵێت: "ئەمانە بەشێکن لە زنجیرەیەک تۆمەتی هەڵبەستراو و بە نیازی جووڵاندنی سکاڵای سزایین دژی ئەوانەی ئەو تۆمەتانە بڵاودەکەنەوە."

داوا لە لایەنەکان دەکات، "هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی خەڵک چڕبکەنەوە و لەبری گەڕان بەدوای پاساوی بێهێز بۆ داپۆشینی کەمتەرخەمییەکانیان، گرنگی بە دابینکردنی مافە سەرەتاییەکان بدەن." نیوەڕۆی رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەشێک لە دانیشتووانی گوندی لاجان گوندەکەیان چۆڵکرد.

کێشەکانی گوندی لاجان دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە بەشێکی دانیشتووانی گوندەکە "بۆ هەلی کار" خۆپیشاندانیان کرد و دواتر سێ رۆژ ئاڵۆزیی کەوتەوە. 

شەوی دووشەممە، 1-12-2025، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: "کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کرد."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار