فوئاد حسێن: بابەتی گرووپە چەکدارەکانی عێراق پرسێکی ناوخۆییە

8 كاتژمێر لەمەوپێش




وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، داوایان لە ئەمەریکییەکان کردووە، بڕیاری هۆشداریی چوونی هاووڵاتییانیان بۆ عێراق هەمووار بکەنەوە.

یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی گفتوگۆی دەوحە لە قەتەر گوتی: هەڵوێستی ئەمەریکا لە بارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕوونە، بەڵام ئەمە پرسێکی ناوخۆییە و پەیوەستە بە دەستووری عێراق، هەروەها جەختی کردەوە، ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوخۆدا ئەنجامدەدرێن، تەواو جیاوازن لەو گوشارانەی لە دەرەوە دەکرێن و بە ئەمەریکییەکانیشیان ڕاگەیاندووە، سیستەمی سیاسی لە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی دەبێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: عێراق پێویستی بە گفتوگۆی ناوخۆیی هەیە. پێشبینیشی کرد، بەم زووانە لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت بگەنە ڕێککەوتن.

سەبارەت بە پرسی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەدا، دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت دابێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەیاندا لەگەڵ ئەمەریکییەکان، داوایانکردووە، بڕیاری هۆشداری چوونی هاووڵاتییانیان بۆ عێراق هەمووار بکەنەوە.

ئەمەریکا لە بوونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق نیگەرانە و لەماوەی ڕابردووشدا، چەند جارێک داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپانە بکات و چەک تەنیا لە کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراق دابێت.

لەلایەکى دیکەوە،  بە گوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرسوڕمانی حكومەتی عێراقی لە لێدوانەكانی ئەم دواییەی سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق بە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروبارى سوریا گەیاندووە، لای خۆیەوە باراک وتویەتی: لێدوانەکانی پەیوەندی بە ئەزمونی ئەمریکاوە هەیە لە عێراق.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن لەمیانی دیدارەكەیدا بە باراكی راگەیاندووە: بژاردەكانی گەلی عێراق رێزلێگیراوەو دیموکراسی و سیستەمی فیدراڵیش لە دەستوردا چەسپاوە و هیچ جێگرەوەیەكیان نییە سەرەڕای  ئاڵنگارییەكان. 

لای خۆیەوە، تۆماس باراك رایگەیاندووە: ئیدارەی ئەمریکا بە رێزەوە تەماشای ئەزمونی عێراق دەکات و لێدوانەکانی پێشووی تەنیا پەیوەندی بە ئەزمونی ئەمریکاوە هەیە لە عێراق.

جەختیشیكردووە لە گرنگی مامەڵەکردنی دادپەروەرانە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی سوریا و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخی سوریا، ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی سوریا پەیوەستە بە گەلی سوریا و پرۆسەی سیاسی دەبێت گشتگیر بێت و بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگیرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار