وردبینیی لیستی مووچەی مانگی 12 تەواو بوو
2 كاتژمێر لەمەوپێش
تیمی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی مانگی 12 تەواو کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 بە نادیاری ماوەتەوە.
بەغدا تاوەکو ئێستا مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی (10، 11 و 12)ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە. لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چڕی کار لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی دەکات و بە خێرایی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی نانەوتی ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی هیچ مووچەیەکی ئەمساڵی مووچەخۆران نەفەوتێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند: "وردبینیی لیستی مووچەی مانگی 12 تەواو بووە؛ ئێستا کار لەسەر تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 11 دەکرێت و دوای گەیشتنی ئاگادارکردنەوە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، ڕەوانەی بەغدا دەکرێت."
ئەمە لە کاتێکدایە کۆتایی دوێنێ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی مانگی 10ی خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق؛ ئێستا چاوەڕوان دەکرێت بەغدا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی ئەو مانگە بدات.
