ده‌بێت نیشتمان له‌سه‌ر شوێنه‌واری گۆڕستانه‌کانی ئه‌نفال بنیات بنێینه‌وه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



 

عه‌لی مه‌حموود محه‌مه‌د

ئه‌نفال مه‌رگی له‌سه‌رخۆی گه‌لێک بوو، جار جاره له‌سه‌ر خۆ و جاری دیش شێتانه، ئه‌و تراژیدیای مه‌رگه 196 ڕۆژی خایاند و درێژ بوه‌وه بۆ ناو هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی ئه‌وانه‌ی به‌ر شاڵاوه‌که‌ی که‌وتن، ئه‌وه‌شی به ڕێکه‌وت ڕزگاری بوو لێی، ده‌ردو مه‌ینه‌ته‌کانی به‌شێوه‌و شێوازی دی ئه‌نفالی کرد. شوێنه‌واری له‌سه‌ر سه‌رتاپای ژیانی ئه‌م گه‌له له دوای خۆی دانا، ڕژێم شه‌وی ده‌دایه ده‌م ڕۆژه‌وه بۆ قه‌سابیکردنی لادێنشیینه‌کان کوردستان، به هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه و سوتاندنی خاک و وێرانکردنی ئاوه‌دانی و وشککردنی سه‌وزایی و کانیی و نه‌هێشتنی مرۆڤێک به ناوی هاوڵاتی کوردستانه‌وه به تایبه‌تیش کورد. سوپای عێراق، له سه‌رباز و جاش به خه‌فیفه‌و مه‌فره‌زه تایبه‌تییه‌کانه‌وه، وه‌ک حهزییایهکی چه‌ند سه‌ره‌ی ئه‌فسانه‌کان له هه‌رچوار لاوه په‌لاماری ته‌واوی لادێکانی کوردستانیان ده‌دا. ئه‌وه‌ی به‌ر که‌وت و ڕزگاری نه‌بوو له‌و ڕۆژه‌وه قوتی دا‌و ببڕیای ببڕای نه‌یانمان بینییه‌وه. هه‌موو چرکه و له‌حزه‌و سات و ڕۆژه‌کانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه شومه، مه‌رگه‌ساتێکی ترسناک بوو بۆ خۆی، ڕۆژگاره‌کانی پاشیشی ژیانی ناو مه‌رگه‌ساته‌کانی تۆپزاو و نوگره‌سه‌لمان، چاڵ و په‌ناگای گوله‌بارانکردنی به کۆمه‌ڵی ئه‌نفالکراوان، هه‌موو مێژویه‌کی دانه‌بڕاون له یه‌کتر. مێژوویه‌ک بوو پڕ له یادەوه‌ری مه‌رگ و تاوان. جێی خۆیه‌تی، یادی هه‌موو ئه‌و تاوان و کاره‌سات و قوربانیانه بکرێته‌وه که له‌ماوه‌ی ئه‌و حه‌وت مانگه‌دا ئه‌نجام درا. ئه‌وه مێژوییه‌کی ترسناک و پڕ تاوانه، ئه‌وه‌ی له ناوییا نه‌ژیابێت، ئه‌وه‌ی به چاوی خۆی وێنه ترسناکه‌کانی نه‌بینیبێت، ئه‌وه‌ی ئێش و ئازاره‌کانی نه‌چه‌شتبێت، ئه‌وه‌ی ڕۆژی نه‌دابێته ده‌م شه‌وه‌وه بۆ بینینه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌کانی، ئه‌وه‌ی به‌پێی خۆی ڕزگار نه‌بووبێت، ناتوانێت وێنەی چیرۆکه‌کانی ئه‌و مه‌رگه ساته بکێشێت. ئاخر خه‌یاڵدانی بڕ ناکات و ناتوانێت وێنای کاره‌ساته‌کانی، ئێش و ئازار و دڕنده‌ییه‌کانی بکێشێت، ئه‌مه له خه‌ونی شاعیرانه زۆر ئه‌ولاتر و دوورتره، ئه‌وه جیهانی مه‌رگه‌ساتی جینۆساید و کۆمه‌ڵکوژییه که ناوی ئه‌نفاله.

هاوکات ناشتوانرێت هه‌موو ڕۆژه‌کانی ئه‌نفال، بکرێت به شین و شه‌یپوری یاده‌وه‌رییه‌کانی، چونکه فه‌زایه‌ک بۆ ژیان، کاتێک بۆ بیرکردنه‌وه و هه‌نگاو نان بۆ ئاینده و دواڕوژ، زه‌مه‌نێک بۆ ساڕێژکردنه‌وه‌ی زامه‌کان و هه‌ڵسانه‌وه و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی ژیان، چرکه‌ساتێک بۆ ژیانی دوا ڕۆژ و زیندوبونه‌وه نامێنێت، له بیرکردنه‌وه‌ی یادەوهرییهکانیش مانای له بیرکردنی تاوان، له یادکردنی خیانه‌ت، له بیرکردنی مێژووی تاڵ و شکسته‌کانی ڕابردوو دێت. گه‌لێکیش ڕابردووی کاره‌ساته‌کانی له بیر بکات، مانای ڕازییه به کوشت و بڕه‌کانی داهاتووش، مانای ملکه‌چ ده‌کات بۆ زه‌لاله‌ت و قه‌سابیه‌کان. له‌بیرکردنی یادەوهرییهکان، یانی ده‌ست ئاواڵه کردنی داهاتووه بۆ دوباره بوونه‌وه‌ی کاره‌ساته ترسناکه‌کان، یانی نرخ نه‌دانه به زاکیرهکان. یانی هاندانی دوباره بونه‌وه‌ی قهسابخانهکانه، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوو، مه‌رگه سات و قه‌سابی کردنه‌کانی خۆمان له یاد نه‌چێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئێسکه‌کانمان له بیابان و ناو حه‌وزی تێزابه‌کان ده‌رکه‌ینه‌وه‌و تف له حه‌جاج و حهجاجیهکان و هاوڕهفتارهکانیان بکه‌ین، پێویستمان به‌وه هه‌یه له ڕێگه‌ی یادکردنه‌وه‌ی ئه‌نفاله‌وه، خۆمان وه‌ک گه‌لێکی به‌رده‌وام له پرسه و خه‌باتکه‌ر بۆ دواڕۆژێکی ڕۆشن دانێین. گه‌لێک، ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌یه، ڕابردووه‌کان خۆی بخوێنێته‌وه بۆ هه‌نگاوه‌کانی داهاتوو، ئێمه چاومان له داهاتووه، بۆیه ڕابردوو ده‌خوێنینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی داهاتویه‌کی ڕون و گه‌ش دابینبکه‌ین بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو، ده‌نا ده‌زانین رابردوو به خۆشه‌ویستانمانه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه، ده‌بێت نیشتمان له‌سه‌ر شوێنه‌واری گۆڕستانه‌کانی ئه‌نفال بنیات بنێینه‌وه که نه‌کرا. هه‌رچه‌نده، بوونی تاوانبارانی کورد له ناومان به‌رده‌وام ئازاری ده‌روونیمان زیاد ده‌کات و یادکردنه‌وه‌کانمان کاڵ که‌نه‌وه، به‌رده‌وام ئازارمان ده‌ده‌ن، وه‌لێ بێ یادکردنه‌وه‌ش تاوانباران رزگاریان ده‌بێت له‌و رۆژه‌ی تێیایدا نه‌فره‌ت ده‌کرێن. ئه‌و رۆژه بۆ تاوانباران و داڵده‌ده‌ران و گه‌نده‌ڵکاران بووه دۆزه‌خی ئه‌نفال، له‌و رۆژه‌دا دادگایه‌کی نا فه‌رمی ده‌کرێن، له‌و رۆژه‌دا ئه‌نفالکراوان دێنه‌وه چیرۆکی ئه‌نفالکردنیان ده‌گێڕنه‌وه، بۆیه دیاریکردنی ئه‌و رۆژه گرنگ و پێویست بوو.

بۆ 14-4

شێخ وه‌سانان و بادینان و سه‌رده‌شت، یه‌که‌م شار و ناوچه بوون، به‌ر لێدانی چه‌کی کیمییاوی که‌وتن له کوردستان، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه کرا به ڕۆژی شه‌رمه‌زارکردنی چه‌کی کیمیاوی له کوردستان. له جیهانیش وه‌ک یه‌که‌م شاری قوربانیده‌ری چه‌کی کیمیاوی چووه مێژوه‌وه له رێگای په‌رتووکی گینزه‌وه. ده‌شمانه‌وێت بیکه‌ین به ڕۆژی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمیاوی له هه‌موو جیهان له داهاتوو، چونکه قه‌باره‌ی زیانه‌کانی گه‌وره‌تر بوو له هه‌مووان و تاوانه‌کانی تر و ناسراوتر تربوو له‌وانی پێشوتر و دواتر هه‌ر بۆیه‌شه خرایه په‌رتوکی گینسه‌وه له ساڵی 2007 ه‌وه، هه‌موو تاوانێکی مه‌زن له سه‌ر ئاستی گه‌ل، پێویسته ڕۆژێک هه‌بێت بۆ یادکردنه‌وه‌ی. بوونی ڕۆژێکی وا گرنگه بۆ ناوه‌ندیدان به یاده‌وه‌رییه‌که، هه‌روه‌ها گرنگیشه بۆ به‌رده‌وام هێشتنه‌وه‌ی له زه‌ینی نه‌وه‌کانی داهاتوو و باشترکردنی باری ژیانی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌و تاوانه‌وه و قوربانین. ئه‌نفالیش به‌هه‌مانشێوه، ده‌بێت ڕۆژێک تیایدا دیاری بکرێت بۆ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه که زیاتر له 10% ی گه‌له‌که‌مانی تێدا کوشت و بڕکرا. نه یه‌که‌م ڕۆژی و نه دوا ڕۆژی ئه‌و تاوانه، تیایدا ئه‌و زیانه گه‌وره‌یه‌ی نه‌بووه تا دیاری بکرێن به‌و ڕۆژه. گه‌وره‌ترین قه‌باره‌ی کاره‌ساته‌که له پرۆسه‌ی ئه‌نفالی گه‌رمیان ئه‌نجامدرا ( دیاریکردنی ئه‌و ژمارانه‌ی ڕژێم بۆ ئه‌نفاله‌کانی دیاریکردووه به کارێکی باش نازانم، به‌ڵکو ئه‌نفاله‌کان پێویسته به ناوی ناوچه‌کانیانه‌وه ناو زهد بکرێن).

ئه‌نفالی گه‌رمیان که له ڕۆژی ڕه‌شی 7 نیسان یادی دامه‌زراندنی پارتی به‌عس ده‌ستیپێکرد و له 20-4 کۆتایی پێهات، وه‌ک به‌عس ئاسا دڕندانه‌ترین قۆناغی ئه‌نفاله‌کان بوو، هه‌رچه‌نده له‌م شاڵاوه‌یان به لێدانی چه‌کی کیمیاوی ده‌ستی پێنه‌کرد وه‌ک زۆری ئه‌وانی دی «له تازه‌شار به‌کار هات»، که سه‌رجه‌میان به لێدانی چه‌کی کیمیاوی ده‌ستیان پێ‌کرد، وه‌لێ پێده‌شته‌کانی گه‌رمیان ئه‌و جوگرافیایه نه‌بوو بۆ ڕوبهڕوڕوبونهوهی سوپای به‌عس و خیانه‌تی عه‌وام فریوانه‌ی جاشه‌کان بونه هۆی ئه‌وه‌ی زیانه‌کان گه‌وره بن. له‌گوندی تازه شار پێشمه‌رگه‌کانی ینک و حشع قوربانی گه‌وره‌یان دا، به‌ڵام نه‌توانرا پێش به هێرشه‌کان بگرترێت. قه‌باره‌ی  سوپای هێرشبه‌ر گه‌وره‌تر بوو له توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه، که پێشر له دوو پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا تێسره‌واندنی کاریگه‌ریان به‌ر که‌وت. زیانی گه‌وره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئه‌نفال له‌پرۆسه‌ی ئه‌نفالی گه‌رمیان و له ڕۆژه‌کانی 13-14-15—4-1988دا بوو، به تایبه‌تیش ڕۆژی 14-4، زیانه‌کانی ئه‌و ڕۆژانه‌ی کاره‌ساته‌که گه‌وره‌ترین و زۆرترین زیان بوون که به سێیه‌ک بۆ نیوه‌ی کۆی قوربانیه‌کانی هه‌موو تاوانی ئه‌نفال مه‌زه‌نده ده‌کرێت. شه‌وی 13له‌سه‌ر 14 ی 4 بازنه‌ی ئابڵوقه‌دانی خه‌ڵک ته‌سککرایه‌وه، له مله‌سووره زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که ته‌سلیمکرانه‌وه. له ڕۆژی 14 نیساندا له هه‌ردوو گوندی مله‌سوره‌و کوڵه جۆی حاجی حه‌مه‌جان، زۆربه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که پاش ته‌نگکردنه‌وه‌ی بازنه‌ی ئابڵوقه له‌سه‌ریان هه‌موویانیان کۆکرده‌وه و ئه‌نفالیانیان کرد. جاشه‌کان ڕۆڵی کارایان هه‌بوو له ئه‌نفالکردنی ئه‌و خه‌ڵکه و هانیانیان دە دا ته‌سلیم بنه‌وه. له‌و ڕۆژه‌دا نزیک به 20000 خه‌ڵکی ناوچه‌که که به‌شی زۆریان ژن و مناڵ و پیر و په‌ککه‌وته بوون کۆکرانه‌وه و به ئیڤای سه‌ربازی و تراکتۆرو ئۆتۆمۆبێلی هاووڵاتیانی ئه‌نفالکراو گواسترانه‌وه بۆ قۆڕه‌توو (قۆڕه‌توو ده‌که‌وێته سنوری ناحیه‌ی مه‌یدانی شاری خانه‌قین، ئه‌م ناوچه‌یه له دوای ساڵی 1974 ه‌وه ته‌عریب کراوه). پاشماوه‌ی جل و به‌رگه‌کانیان، تا ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانیش مابوون. به‌م هۆیه‌وه 14-4 وه‌ک ڕۆژێک تیایدا دڕنده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئه‌نفال گه‌یشته ترۆپکی تاوان و هه‌ڵبژێردرا به ڕۆژی ڕه‌شی ئه‌نفال. ڕۆژێک ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی پاش ئابڵوقه دان و قه‌تیسکردنه‌وه‌یان له ناو بازنه‌یه‌کی ته‌سک له لایه‌ن جاشه‌کانه‌وه، له پێشیانه‌وه فه‌تاح به‌گی جاف ته‌سلیم به بهعسکرانهوه. بۆیه کاتێک 14-4 دێته پێشه‌وه، ده‌بێت ناوی ئه‌و جاشانه له پێشی پێشه‌وه بن بۆ دادگایی‌کردن، وه مله سووره‌ش ئه‌و جێگه‌یه بێت، تاوانبارانی جاشی لێ سزا بدرێت و تیایدا دادگایی بکرێن.

بڕیاری حکومه‌ت بۆ به فه‌رمی ناسینی 14-4 به رۆژی ئه‌نفال

دیاریکردنی ڕۆژی 14-4 به ڕۆژی ئه‌نفال ههنگاوێکی گرنگ بوو له‌سه‌ر دیاریکردنی ڕاسته ڕێگایه‌کی درووست بۆ به جینۆسایدناسینی ئه‌نفال و به مێژووکردنی و باشترکردنی باری ژیانی به‌جێماوه‌کانی قوربانییه‌کانی، که ساڵانه له‌و رۆژه روو له ناوخۆ داخوازییه‌کانیان دێننه مه‌یدان، روو له ده‌ره‌وه‌ش مه‌زڵومییه‌تی گه‌لێکی جینۆسایدکراو به جیهان ده‌ناسێنن.

هه‌موو کات زیان هه‌تیوه‌و قازانج باوکی زۆره، که بۆ یه‌که‌مجار داواکرا 14-4 بکرێت به ڕۆژی ئه‌نفال، ته‌له‌فزیۆنی ماڵانی بۆ فرۆشرا، فیستیڤاڵه‌کانی تێکدرا، لافیته‌ی پێچرایه‌وه، که‌سێک خۆی ناکرد به خاوه‌نی، وه‌لێ که هه‌وڵی بێپسانهوه ده‌گات به ئه‌نجام. له هه‌موو لایه‌که‌وه یه‌کێک ده‌ڵێت منم، نان و رۆنی پێوه ده‌خۆن، بازرگانی پێوه ده‌که‌ن و پاره‌ی پێ په‌یدا ده‌که‌ن، هه‌موو کات خه‌ڵکانی بهرژهوهندخواست و هه‌لپه‌رست له دوای هه‌وڵه‌کان ئاماده‌ن، به قازانجی خۆیان ده‌سکه‌وته‌کان بدورنه‌وه، به‌تایبه‌ت له ئاو و هه‌وایه‌کی وه‌ک ئه‌مڕۆ، که‌یسی ئه‌نفال باشترین ڕێگایه بۆ بازرگانی پێوه‌کردن و وه‌رگرتنی پله و پۆست.

دوای 19 ساڵ له تاوانی ئه‌نفال، دوای 16 ساڵ له ئازادبوونی کوردستان، دوای 12 ساڵ له نووسینه‌وه‌ی یه‌که‌م به‌یانی فه‌رمی که تیایدا داواکراوه 14-4 به ڕۆژی ئه‌نفال بناسرێت، هه‌مان به‌یان له ڕۆژی خۆیدا له ڕۆژنامه‌و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن به به‌ربڵاوی بڵاوکراوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی که‌س و کاری ئه‌نفالکراوه‌کان و شه‌رمه‌زاری به‌رپرسان له نه‌هێنانه‌وه‌ی ڕوفاتی پیرۆزی که‌س و کاره‌کانمان تۆقاندیانی، له به‌رواری 4-4 -2007بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه درا 14-4 به‌ڕۆژی ئه‌نفال بناسرێت:

«پیشنیوه‌ڕۆی دوێنی 4/4/2007، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تیی نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و عومه‌ر فه‌تاح جیگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن، له ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی کرد. له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی بڕیاری دانانی رۆژی 14/4ی هه‌موو ساڵیک به‌رۆژی ئه‌نفالکراوه‌کان وه‌رگیرا «.

چۆن 14-4 بوو به ڕۆژی ئه‌نفال

ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئه‌نفال جێی گرنگیپێدانی که‌س و لایه‌نه‌کان نه‌بوو، شه‌ڕ له‌سه‌ر کۆنفرانس و کۆنگره و ده‌عوه‌تنامه‌کان و ده‌رچوون له ڕاگه‌یاندنه‌کان له  ئارادا نه‌بوو، شانبادانی سه‌ر شاشه‌کان بوونی نه‌بوو !!!، کێشه‌یه‌کی له بیرکراوی بێ خاوه‌ن و تا بڵێی بێکه‌س بوو. ئه‌وه‌شی کاری له‌سه‌ر ده‌کرد به ئێسک په‌رست ناو ده‌براو گاڵته‌ی پێده‌کرا، ئه‌و باسکردن و کارکردنانه‌ی هه‌بوو په‌رشوبڵاو بوو، له‌و ڕۆژانه‌دا کۆمه‌ڵێک چالاکوانی به‌ڕاستی خۆبه‌خش و رۆشنبیر و هونه‌رمەند و دڵسۆزی ئه‌م گه‌له، به سکی برسی و ماندویه‌تی سه‌ختی ژیانه‌وه، له پاڵ نه‌بوونی و هه‌ژاریی، خه‌می ئه‌نفاله‌کانیان له کۆڵنا و شه‌ویان دایه ده‌م رۆژه‌وه، بۆ به مێژووکردنی ئه‌م تاوانه و دیاریکردنی رۆژێک بۆ یادەوهرییهکه وه‌ک قهرهبوییهکی مه‌عنه‌وی که‌سوکاری و نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌که‌ی، تاکو له‌و ڕۆژه‌دا قورسایی بدرێته یادکردنه‌وه‌ی تاوانه‌که. ساڵانه له کات و ساتی خۆیدا یاد بکرێته‌وه، ئه‌م یادەوهرییه نه‌مرێنرێت، له‌بیری تاکه‌کانی گه‌له‌که‌مان به زیندویی بمێنێته‌وه و ببێته ڕچه‌ی ناساندنی له‌ئاستی جیهانیدا.

پێویسته ئه‌و مرۆڤه دڵسۆزانه‌ی که هه‌وڵه‌کانیان بۆ دیاریکردنی ئه‌و ڕۆژه به ڕۆژی ئه‌نفال، به‌ری گرت، ناویان بچێته مێژووی به‌گژداچونه‌وه‌ی ئه‌نفال و ئه‌نفالچییه‌کان. منیش وه‌ک ئاگادارێکی زۆرتر له هه‌ر که‌سێکی دیکه له به‌شێکی زۆری ئه‌و چالاکییانهو موبادرەی ههوڵهکهو سه‌رپه‌رشتیکردنیان، چه‌ند دێرێک له‌م یاده‌وه‌رییه ده‌خه‌مه سه‌ر کاغه‌ز، به داوای لێبوردن له هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی به بێ هیچ هۆکارێک له یادیانم کردووه، ته‌نها هۆکاریش ئه‌وه‌یه ئاگاداری کار‌و چالاکییه‌کانیان نه‌بوومه یان ئاگادارم و ناویانم له یاد کردووه، چونکه تاوانه ڕه‌نجی که‌سانێک له سه‌ره‌تادا بۆ به‌مێژووکردنی ئه‌نفال هه‌وڵیان داوه و ڕه‌نجیان داوه، چه‌نده هه‌وڵه‌که‌یان بچووکیش بێت له یاد بکرێن. به‌ری ڕه‌نجی که‌سانی دی، هه‌وڵ و ماندوبوونی که‌سانی دی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیانیشدا نه‌بیت له یادبکرێت.

پاش گه‌ڕانێکی ورد به ناو ڕۆژنامه‌کانی دوای ڕاپه‌ڕین، ئه‌وه‌ی که‌وته به‌ر سه‌رنجم، یه‌که‌م وتار له سه‌ر ئه‌و رۆژه نووسرابێت و ته‌ئکیدی له‌سه‌ر کرابێت که ببێته رۆژی ئه‌نفال له داهاتوودا  به ڕێز کاک « ڕ. خ « له کوردستانی نوێ ژ 66 ی 14-4-1992 دا نووسیویه‌تی، که دوایی بۆم ده‌رکه‌وت ناوی به‌رێزی کاک ڕه‌حمان خانییه له شاری ده‌ربه‌ندیخان. هه‌روه‌ها دووه‌م بابه‌ت له په‌رتووکی تونی مه‌رگ که به‌ڕێز زیاد عه‌بدڕه‌حمان «نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵا» نووسیویه‌تی هاتووه (( (c.d.a.w.e) له ساڵی 1993 هه‌مان ڕۆژی 14-4 به ڕۆژی یادکردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌نفال داناوه و یادی کرده‌وه. له هه‌مان ڕۆژی ساڵی 1994 یش دا یادی ئه‌و ڕۆژه له سنووری پارێزگای که‌رکووک له گه‌رمیان کرایه‌وه، پێده‌چێت ئه‌و ڕۆژه له داهاتوودا ببێته یادی قڕ کردنی به کۆمه‌ڵی گه‌لی کورد ( په‌رتووکی تونی مه‌رگ –ل9) لێره‌وه نووسه‌ر ئه‌گه‌رێک داده‌نێت بۆ بوونی ئه‌م ڕۆژه به ڕۆژی یادی قڕکردنی به کۆمه‌ڵی گه‌لی کورد وه‌ک دووه‌م هه‌وڵ، نه‌ک به کردنی به ڕۆژی ئه‌نفال ( کتێبی تونی مه‌رگ یه‌که‌م هه‌وڵی گه‌وره‌و مانفیستۆی کارکردن بوو بۆ ئه‌نفال و ئازایانه ناوی ئه‌نفالچییه‌کانی بڵاوکرده‌وه، بویه سه‌ره‌تایه‌کی ئازایانه‌و جێگای ستایشه).

وه‌لێ کاک شێخ سدیق لێکۆڵه‌ر و چالاک له بواری پرسی ئه‌نفال ده‌ڵێت: له 14-4-1993 به پشتگیری لیژنه‌ی پارێزگای که‌رکووکی حیزبی شیوعی کوردستان و مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، ئه‌و یاده کرایه‌وه له ئۆردوگای سمود (ڕزگاری)، لیژنه‌ی ئاماده‌کار بریتی بوون له: شێخ سدیق، دڵشاد تاڵه‌بانی، هێمن که‌رکووکی «سه‌بوور « ئه‌و یاده ڤیستیڤاڵێکی گه‌وره بوو، به‌شێک له چالاکییه‌کانی بریتی بوو له: ئه‌نجامدانی ڕێپێوانێک له ناو ئۆردوگاکه‌وه بۆ به‌رده‌م قوتابخانه‌یه‌ک. ڕێپێوانه‌که به تراکتۆر و ئۆتۆمبێل نمایشی تاوانی ئه‌نفال بوو، له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌که وتاری لایه‌نه‌کان خوێنرایه‌وه، ڕۆژی دواتریش له که‌لار پیشانگایه‌ک به‌و بۆنه‌یه‌وه کرایه‌وه.

ڕۆژنامه‌کانی ئه‌و ڕۆژانه باشترین به‌ڵگه نامه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌م هه‌وڵانه‌ی دراون بۆ دیاریکردنی ڕۆژی 14-4 به ڕۆژی ئه‌نفال چه‌ند کاریگه‌ر بونه‌و جێگای خۆیان گرتوه‌و گه‌یشتوونه به‌جێی مه‌به‌ست و توانیویانه ئه‌و داواکارییه بسه‌پێنن.

ڕۆژنامه‌کانی کوردستان تاکو ساڵی 1995 ئه‌و ڕۆژه‌یان به ڕۆژی ئه‌نفال نه‌ناساندووه‌و هیچیان له‌باره‌وه نه‌نوسیوه. وه‌ک شایه‌دحاڵێکی زیندووی تاکه راگه‌یاندنی مونه‌زه‌م له‌و رۆژگاره‌دا، با پێکه‌وه بۆ راستی بۆچونه‌که‌مان چاوێک به چه‌پکێک ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامه‌کانی ئه‌وکاتانه بخشێنین.

کوردستانی نوێ ژماره660 ی به‌رواری 14-4-1994، له مانشێته‌که‌یدا هاتووه  (به‌یاننامه‌ی م س ینک به بۆنه‌ی کۆچی دوایی هه‌ڤاڵ ڕه‌سوڵ مه‌مه‌ند)، ئیتحادی ژماره 75 ی به‌رواری 16-4-1994 یش هه‌مان بابه‌ته مانشێته‌که‌ی.

الاتحادی ژماره 127 به‌رواری 15-4-1995 له مانشێته‌که‌ی هاتووه، (امریکا قلقه علی حقوق الانسان خصوصا فی اقلیم الکردی بترکیا).

ڕۆژنامه‌ی یه‌کگرتوو ژماره 86 ی به‌رواری 12-4- 1996 له مانشێته‌که‌یدا هاتووه ( فره‌زمانی و فره ڕه‌گه‌زی نیشانه‌ی گه‌وره‌یی خودان و ده‌بێ بپارێزرێن، ڕیسوا بێت سیاسه‌تی جینۆساید و قڕ کران ).

کوردستانی نوێی ژماره 66 ی به‌رواری 14-4-1992 له مانشێته‌که‌ی هاتووه: (سه‌رکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ڕژێم به‌های ئه‌و کاغه‌زه‌ی نابێت که له سه‌ری مۆر ده‌کرێت ).

کوردستانی نوێ ژماره 962 به‌رواری 14-4-1995 مانشێته‌که‌ی بریتی بوو له: (له ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرته‌که‌ی ئه‌کیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پڕۆژه‌ی فرۆشتنی به‌شێک له نه‌وتی عێراق په‌سه‌ند ده‌کات) (هه‌رچه‌نده له‌م ژماره‌یه‌دا بابه‌تی زۆر له‌سه‌ر ئه‌نفال له لاپه‌ڕه‌کانی ناوه‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه، له ناویشیاندا به‌یاننامه‌ی ڕێکخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌کان له‌سه‌ر 14-4 و چالاکییه‌کانی ڤیستیڤاڵی یه‌که‌می ئه‌نفاله‌کان)ی تێدایه. کوردستانی نوێی ژماره 1262 ڕۆژی یه‌ک شه‌مه‌ی به‌رواری 14-4-1996 له مانشێته‌که‌یدا هاتووه (ته‌نها به دادگایی‌کردنی ئه‌نفالچییه‌کان ڕۆحی شه‌هیدانمان شاد ده‌بێت ).

ئاڵای ئازادی ژماره 68 ی به‌رواری 11-4-1993 دا له مانشێته‌که‌ی ئه‌مه‌ی خواره‌وه هاتووه: به سه‌رخستنی ده‌ستپێشخه‌ری pkk، به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش و هاوکاری سیاسی، ئه‌رکێکی نه‌ته‌وایه‌تییه.

به‌ڵام له ئاڵای ئازادی ژماره 166 ی به‌رواری 16-4-1995 دا هاتووه (ئه‌نفال به‌ڵگه‌ی خۆڕاگری میلله‌ته‌که‌مان و دڕنده‌یی دوژمنانه).

له بۆ پێشه‌وه‌ی ژماره 18 ی نیسانی 1995 (با یه‌کی ئایار بکه‌ینه ڕۆژی به‌رپاکردنی بزووتنه‌وه‌ی شورای جه‌ماوه‌ری بۆ کۆتایی هێنان به‌شه‌ڕ و برسێتی، هاوکات بابه‌تێکی بچوک له سه‌ره‌وه نوسراوه به ناوی (کاره‌ساتی ئه‌نفال و وه‌حشییه‌تی ناسیۆنالیزم).

هه‌رچی ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی ژماره 1920 به‌رواری 14-4-1994 ه له مانشێته‌که‌ی هاتووه (هێژا مسعود بارزانی له پرسه‌ی خوالێخۆشبوو ر‌سوڵ مامه‌ند ئاماده ده‌بێت)، هه‌رچه‌نده په‌یامی برایه‌تی له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفاله، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ک به به‌رواری 14-4 وه‌ک ڕۆژی ئه‌نفال نه‌کراوه. به‌ڵام له ڕۆژنامه‌ی وڵاتی به‌رواری 15-4-1996 ژماره 151 دا هاتووه (یادی ئه‌نفاله‌کان هانده‌رێکه بۆ سووربوون له‌سه‌ر خه‌بات). هه‌رچی ڕۆژنامه‌ی ڕێگای کوردستانی ژماره 2 ی ساڵی 48 ی ساڵی 1992 هاتووه (پڕۆژه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌رنامه‌ی..)، هه‌رچی ژماره 94ی به‌رواری 12-4-1993 هاتووه (هه‌لومه‌رجی کوردستان وا ده‌خوازێ که به په‌له هه‌وڵی به‌ستنی کۆبونه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی کوردستانی بدرێ)، لێ له ڕێگای کوردستانی ژماره 104 ی به‌رواری 19-4-1994دا هاتووه (به بۆنه‌ی یادی شه‌شه‌مین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئه‌نفاله به‌دناوه‌کان پێویسته بایه‌خێکی زیاد به 182000 ئه‌نفالکراو و که‌سوکاره‌کانیان بده‌ین).

سه‌رباری ئه‌وه‌ی بابه‌تی ڕێگامان له‌سه‌ر ئه‌نفاله، وه‌لێ ڕێگای کوردستانی ژماره 152 ی به‌رواری 11-4-1995 له مانشێته‌که‌ی هاتووه (14 ی نیسان ساڵگه‌ردی ئه‌نفاله شوومه‌کان و ڕه‌مزی گه‌وره‌ترین تاوانی سه‌دام دژ به گه‌له‌که‌مان) (ڕۆژی  14نیسان ڕۆژێکی هه‌رگیز له یاد نه‌چووه له بیر‌و هزری رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان، ئه‌م ڕۆژه هێمایه‌که بۆ گه‌وره‌ترین تاوان که ڕژێمه شۆڤینیستیهکهی سه‌دام دژ به گه‌له‌که‌مان ئه‌نجامی دا). به‌م جۆره ده‌بینیین له ساڵی 1994 ه‌وه له مانگی نیسان باسی ئه‌نفال کراوه، به‌ڵام له ساڵی 1995 ه‌وه جه‌خت له‌سه‌ر دیاریکردنی ئه‌م ڕۆژه به ڕۆژی ئه‌نفال کراوه‌ته‌وه له هه‌فته‌نامه‌ی رێگای کوردستان، له هه‌موو رۆژنامه‌کانی ئه‌وکات زیاتر گرنگی به پرسه‌که داوه.

له ساڵی 1994 دا له‌ژێر درووشمی (دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌نفالکراوه‌کان ) کۆمیته‌ی باڵای یادکردنه‌وه‌ی ڕۆژانی ئه‌نفال له یادی 6 همین ساڵه‌ی کاره‌ساتی ڕۆژانی ڕه‌شی ئه‌نفاله به‌دناوه‌کانی به‌عس، له ڕۆژانی 14-15-4-1994 زنجیره چالاکییه‌کی له که‌لار و سمود ئه‌نجامدا، لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی یاده‌که له لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی که‌رکوکی ینک و هاوڕێیانی حشکع- که‌رکووک و یه‌کێتی هونه‌رمه‌ندانی کوردستان سازدرا بوو (کوردستانی نوێ 18-4-1994 ژماره 663).

لێره‌دا پێویسته ئه‌وه ڕابگه‌یه‌نین له ساڵانی 1995 و 1996، به داواکاری ئێمه له ڕاگه‌یاندنه‌کان 14-4 وه‌ک ڕۆژی ئه‌نفال ناسێنرا و چووه مانشێته‌کانه‌وه، پاش سه‌ردانیکردنی هه‌ر هه‌موویان.

 کاک سه‌ردار عه‌بدوڵا یه‌کێک له چالاکوانانی ئه‌وکاتی ئه‌نفال پێی راگه‌یاندم : بۆ ساڵی دواتر مه‌به‌ستی ساڵی 1996 ه، که بینیمان له 14-4 له هه‌ولێر یادی ئه‌نفال به به‌رفراوانی کرایه‌وه، ئێمه‌ش له‌وه به دواوه سور بوین له‌سه‌ر دیاریکردنی 14-4وه‌ک رۆژی ئه‌نفال.

نابێت ئه‌وه‌ش له یاد بکه‌ین له ئایاری ساڵی 1994 شانۆگه‌ری وه‌رزێکی شووم له شاری هه‌ولێر پێشکه‌شکرا که به‌ڕێزان فه‌خره‌دین گه‌رمیانی و خاڵه حه‌مرین (یادی به‌خێر) و لالۆ ڕه‌نجه و کۆمه‌ڵێک دڵسۆزی دیکه ڕۆڵیان تێیدا هه‌بوو، گوزارشتی له تاوانی ئه‌نفال ده‌کرد، وه‌لێ به ئامانجی دیاریکردنی 14-4 نه‌بوو به ڕۆژی ئه‌نفال و هاوکات له‌و ڕۆژه‌شدا نمایش نه‌کرا.

بانگه‌وازی فێستیڤاڵی یه‌که‌می ئه‌نفاله‌کان له 12-3 بۆ ئه‌نجامدانی یه‌که‌م فێستیڤاڵ له هه‌ولێر بڵاو کرایه‌وه، که له 14-4 فێستیڤاڵه‌که بۆ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته له هۆڵی میدیا به‌رده‌وام بوو. ئه‌م به‌ڕێزانه رۆڵیان له ئاماده‌کردن و سه‌رکه‌وتنیدا هه‌بوو ((محمد ملا سدیق –لالۆ ره‌نجده‌ر –سه‌دره‌دین خۆشناو- فاتیح شه‌یدا-که‌ریم غه‌فور « که‌ریمۆک» –قادر نادر-فریاد هیرانی- ئاشتیه سور و هاوسه‌ره‌که‌ی» دارا و پایزه« « رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ»، محه‌مه‌د مشیر- هاوار مسته‌فا- سۆزان مامه- بدرالدین ساڵح- نیهاد دزه‌یی- که‌ریم سه‌رکه‌ش- هه‌ردی سه‌رده‌م –ده‌شتی سه‌رده‌م – فه‌لاح حه‌سه‌ن –عادیل قه‌شقه- -مامۆستا ره‌حیم- عوسمان عمر( عوسمانی خه‌تم ) -رزگار مام بۆره- مامۆستا فرهاد خالید-نهاد جامی –ته‌حسین فایه‌ق-ئاواره خان- که‌ریم مه‌لا- مامۆستا کمال غه‌مبار- هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئیسماعیل- پارێزه‌ر دلێر محه‌مه‌د شه‌ریف -سه‌لاح مه‌زن- مامۆستا عه‌بدالره‌حمان سدیق- ئازاد سلێمان و ره‌وان شاد هاوکار و هێمن حه‌ساری و شه‌فیق حاجی خدر و کنێر جه‌میل و شه‌وقی داره‌توو و جه‌ماڵ شوشه و عه‌دنان کۆچه‌ر و........هتد. هه‌روه‌ها به‌رێزان رزگار شوانی و رزگار حه‌ساری و فواد سدیق له رێگای کوردستان و کاک ستران عبدلله و کاک دلشاد عبدلله و ئیسماعیل عه‌بدالکه‌ریم له کوردستانی نوێ و کاک غازی حه‌سه‌ن و ئیدریس شه‌یداهۆ و کاک بێکه‌س حه‌مه‌د قادر له ئاڵای ئازادی به‌شداری کاریگه‌رییان کرد له ڕێگه‌ی ڕۆژنامه‌کانیانه‌وه، به‌وه‌ی کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕۆژنامه و ڕاگه‌یاندنه‌کانیان دانا بۆ ئه‌وه‌ی 14-4 وه‌کو ڕۆژی ئه‌نفال بناسن و گرنگی پێبده‌ن و مانشێتی له‌سه‌ر دابنێن وێڕای له چالاکییه‌کانیشدا رۆڵیان هه‌بوو.

بۆ ساڵی دواتر واتا 1996، جگه له‌و به‌رێزانه‌ی ناویان له فێستیڤاڵی یه‌که‌مدا هاتووه، به‌ڕێزان سه‌رهه‌د تۆفیق –شوان داودی –غازی حه‌سه‌ن- گرفتار کاکه‌یی- هه‌ردوو مامۆستای هێژاو تێکۆشه‌ر خالید دلێر و سه‌عید ناکام و محه‌مه‌د ساڵه‌یی و هه‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین شه‌قڵاوه‌یی و پاڵه‌ی خالید دلێر و هیوا ناسیح و ئه‌سکه‌نده‌ر جه‌لال و فه‌رحان و خالید کاوێس و ئازاد و،،،، هتد به‌شدار بوون، ئه‌و ساڵه به داواکاری ئێمه‌و به هاوکاری به‌ڕێز کاوه نادر پارت و رێکخراوه سیاسی و رۆشنبیرییه‌کان ده‌یان به‌یاننامه‌یان له 7-4 ه‌وه ده‌رکرد به بۆنه‌ی 14-4 و ناساندنی وه‌ک ڕۆژی ئه‌نفال، له‌وه به دواوه ئیتر 14-4 وه‌ک رۆژی ئه‌نفال بو به ئه‌مری واقیع چ له بواری سیاسی یان جه‌ماوه‌ری.

ساڵی 1995 یه‌که‌م به‌یاننامه به بۆنه‌ی 14-4 ڕۆژی ئه‌نفال، ڕێکخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌کانی کوردستان» من نوسیمه‌وه« ده‌رکرا، دواتر ده‌زگای ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان به‌یاننامه‌یان ده‌رکرد وه‌ک دووه‌م به‌یاننامه بۆ ئه‌نفال ده‌رکرابێت، هه‌رچه‌نده له به‌یاننامه‌که‌ی یه‌کگرتوودا هاتووه (ئێمه له ئاوا ڕۆژێکدا که یادی ئه‌و کاره‌ساته بێ دینییه ده‌که‌ینه‌وه، داوا له هه‌موو ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنمان ده‌که‌ین، که وه‌ک تاوانه جینۆسایدییه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و جه‌نگه جیهانییه‌کان و کاره به کۆمه‌ڵ کوژییه‌کانی ستالین و هیتله‌ر، له قه‌ڵه‌می بده‌ن و گڵاوی نیازی ڕژێم له به‌کارهێنانی وشه‌ی (ئه‌نفال)ڕسوا بکه‌ن و وشه‌و زاراوه‌یه‌کی بۆ به‌کاربهێنن که ڕیسی پیلانی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه – به‌شێک له به‌یاننامه‌ی مه‌کته‌بی ڕاگه‌یاندن به بۆنه‌ی یادی کاره‌ساتی به‌ناو ئه‌نفاله‌وه – یه‌کگرتوو ژماره 37 ). دیاره ئه‌م هه‌وڵه‌ش له لایه‌که‌وه دڵسۆزییه بۆ پرۆسه‌که، له لایه‌کی دیکه‌وه به‌شێک بوو له نه‌خشه‌کانی پارت و لایه‌نه ئیسلامییه‌کان بۆ سڕینه‌وه‌ی وشه‌ی ئه‌نفال و به‌کارنه‌هێنانی و مانه‌وه‌ی به پیرۆزی له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا و نه چه‌سپینی له‌گه‌ڵ تاوانه‌که‌دا، که به بڕوای ئه‌وکاتی ئه‌وان له‌گه‌ڵ به‌ها ئاینییه‌کاندا ناهاته‌وه.

ساڵی 1996 به‌هۆی سه‌رکه‌وتن و ده‌نگدانه‌وه‌ی فێستیڤاڵی یه‌که‌می ئه‌نفاله‌کان هه‌وڵه‌کان گه‌وره‌تره‌وه بوون. به هه‌وڵ و کۆششی ڕێکخراوی ئاواره و ئه‌نفاله‌کان، لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی له هه‌ولێر و شه‌قڵاوه دروست کرا، هه‌روه‌ها داوا له حزب و ڕێکخراوه سیاسی و جه‌ماوه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌کان کوردستان کرا، به‌یاننامه به‌بۆنه‌ی 14-4 ده‌ربکه‌ن و لافیته له‌و یاده‌دا هه‌ڵواسن. بۆ ئه‌وه‌ی  شاری هه‌ولێر سیمای ئازییه‌ت باری گشتی به خۆوه بگرێت، له ساڵی 1996 لیژنه‌ی کاری هاوبه‌شی حیزبه کوردستانییه‌کان له 1-4 ه‌وه به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شیان ده‌رکرد له‌سه‌ر 14-4 و ناساندنی وه‌کو ڕۆژی ئه‌نفال، که له 7 حیزبی کوردستانی پێکهاتبوون، سه‌رباری ئه‌م لایه‌نانه‌ی خواره‌وه : بزوتنه‌وی موسڵمانانی کوردی فه‌یلی –سه‌رکردایه‌تی شۆڕگێڕ -–حزبی اتحادی تورکمانی--کۆمه‌ڵه‌ی جوێلۆجی کوردستان- یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان-یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان-ڕێکخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌کانی کوردستان-حزبی سۆسیالستی کوردستان- یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتی کوردستان-ده‌سته‌یه‌ک له ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری-کۆمه‌ڵه‌ی ڕوناکبیری کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمه‌سێر. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌یان پارت و ڕێکخراوی سیاسی لافیته‌یان به داواکاری ئێمه له‌ناو فێستیڤاڵه‌که‌و شه‌قامه‌کانی هه‌ولێر و به‌رده‌م بنکه‌و باره‌گاکانیان هه‌ڵواسی، ئه‌و بایاننامانه‌ش به سوپاسه‌وه به داواکاری ئێمه ده‌رکراون، به پێ باره‌گا به باره‌گا، به‌نده زۆر جاریش له گه‌ڵ مامۆستا به‌دره‌دین گه‌ڕاوین و پاڕاوینه‌ته‌وه تا به دوای داواکارییه‌کانمانه‌وه هاتن.

له بواری ڕاگه‌یاندندا ڕۆژنامه‌کانی وڵات، ئاڵای ئازادی، یه‌کگرتوو، پاڵه. مانشێته‌که‌یان ئه‌وساڵه له‌سه‌ر ئه‌نفال بوو، ڕێگای کوردستانیش سه‌رتاپای به ڕه‌ش ده‌رچوو و مانشێته‌که‌شی له‌سه‌ر ئه‌نفال بوو.

ئه‌م بروسکه‌ی پشتگیرییانه‌ش گه‌یشتنه فێستیڤاڵه‌که: (ده‌سته‌ی ڕۆژنامه‌نووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی تورکمانی-مکتب سیاسیی-- تیپی شانۆی نیشتمان-مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندیه‌کانی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان-حزب الاخا تورکمانی –مکتب سیاسی-- بزاڤی خوێندکارو لاوانی کوردستان-سکرتاریه‌تی باڵا-- حیزبی ڕزگاری کوردستان-مه‌کته‌بی سیاسی -–مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا-یه‌کێتی پێشه‌نگانی کوردستان-کۆمه‌ڵه‌ی جه‌نگاوه‌رانی پێشه‌نگی کوردستان- کۆمه‌ڵه‌ی جیۆلۆجی کوردستان-یه‌کێتی بێکارانی کوردستان-کۆمه‌ڵه‌ی ئاواره‌کانی کوردستان-ڕێکخراوی جیهانی بۆداکۆکی کردن له‌مافی مرۆڤ(ئه‌مینداری گشتی)-بزوتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-هه‌ولێر—کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد-مه‌ڵبه‌ندی چوار—کۆمیته‌ی ڕێکخستنی هه‌ولێری حیزی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق—کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی باڵه‌که‌یاتی—یه‌کێتی ژنانی کوردستان-مه‌کته‌بی سکرتاریه‌ت—ئه‌نجومه‌نی پارێزه‌رانی کوردستان—تیپی شانۆی ڕۆژی نوێ—بزووتنه‌وی دیموکراتی گه‌لی کوردستان—کۆمه‌ڵه‌ی زیندانیه سیاسیه‌کان—مه‌کته‌بی ته‌نفیزی یه‌کێتی جوتیارانی کوردستان—خوێندکارانی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتی کوردستان—کۆمیته‌ی پارێزگای هه‌ولێری حیزبی شیوعی کوردستان—کۆمه‌ڵێک له ڕۆشنبیرانی شاری هه‌ولێر—کۆمیته‌ی تایبه‌تی مه‌کته‌بی سیاسی ی ن ک—خوێندکارانی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌کان—ڕێکخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌کانی کوردستان—له‌شکری 16 ده‌شتی هه‌ولێر ینک—تیپی شانۆی حه‌مرین—کۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی کوردستان—ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ له کوردستان (کوردستان ۆچ)—ناوه‌ندی هه‌ولێری پارتی کاری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان –ڕادیۆی ڕێگای کوردستان—ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان—ڕێکخراوی ڕه‌وتی به‌لشه‌فیک—یه‌کێتی گشتی قوتابیانی کوردستان).

ئه‌م لایه‌نانه‌ی سه‌ره‌وه ناویان هاتووه، زۆربه‌شیان به هه‌ڵواسینی لافیته له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی فێستیڤاڵ به‌شدارییان کرد. شاری هه‌ولێر تا ئه‌و کاته هیچ بۆنه‌یه‌کی وای تێدا نه‌کرابوو، به‌و ئه‌ندازه‌یه لافیته‌ی تێدا هه‌ڵبواسرێت، به درێژایی چه‌ندین (کم) به‌ملاو ئه‌ولای هۆڵی میدیادا، سیمای تازییه‌باری گشتی، به‌خشی به شار ئه‌و چه‌ند رۆژه.

ئه‌م لایه‌نانه‌ی خواره‌وه‌ش ته‌نها لافیته‌یان له فێستیڤاڵه‌که‌دا هه‌بوو : ( بیرۆی پارتی کاری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان- یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتی کوردستان- ڕۆژنامه‌ی وڵات-ڕۆژنامه‌ی شمس وه‌ته‌ن-حیزبی شیوعی عێراق-پارتی کرێکارانی کوردستان-لیژنه‌ی پارێزگای که‌رکوکی حیزبی شیوعی کوردستان-یه‌کێتی ئافره‌تانی زه‌حمه‌تکێشان-لقی هه‌ولێری حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان-کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی کوردستان مه‌کته‌بی سیاسی-کۆمه‌ڵه‌ی ڕوناکبیری کۆمه‌ڵایه‌تی که‌رکووک- کۆمه‌ڵه‌ی ڕوناکبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمه‌سێر –مه‌کته‌بی مافی مرۆڤی ی ن ک-یه‌کگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان)، هه‌روه‌ها ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ش به تابلۆ به‌شدارییان کرد له پیشانگای کورد قڕان : (جوهه‌ر محه‌مه‌د خدر-دارا محه‌مه‌د عه‌لی-دلێر محه‌مه‌د شه‌ریف—سلێمان شاکر—سه‌ربه‌ست عومه‌ر—سۆران-جعفر محمد غریب-جماڵ مشیر-عبداڵله سه‌راج-فیسه‌ڵ عوسمان-کامران – ڕزگار فقێ عبداڵله-ئازاد ئه‌نوه‌ر-گرفتار کاکه‌یی)(چاره‌نووس ژماره 2 –حوزه‌یرانی 1996) *.

دیاره ئاماژه‌م به زۆر ناو دا، که‌سانی تێدا بوو وه‌ک به‌دره‌دین حه‌مه ساڵه‌ح و کاک نیهاد دزه‌یی و سهرهه تۆفیق  زۆر ماندوو بوون، که‌سانی دیکه‌ش به‌شداریه‌کی ڕه‌مزیان کرد، پشتیوانییه‌کی مه‌عنه‌وی بوون بۆ یادەوهرییهکه.

هه‌رچه‌نده فێستیڤاڵی دووه‌م یاساغکرا و ڕێگه له ئه‌نجامدانی گیردرا له شاری هه‌ولێر ( به‌هۆی به‌رپرسانی ئه‌وکاتی ده‌زگای روناکبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی که‌رکوک، ئه‌و یادکردنهوهیهشیان لێمان به ره‌وا نابینی و دژ به دیاریکردنی 14-4 بوون به رۆژی ئه‌نفال)، وه‌لێ که قەدەغە کرا زیاتر مه‌رغوب بوو و ده‌نگدانه‌وه‌ی زیاتری بوو. فێستیڤاڵه کارتۆنییه‌که‌ی ئه‌وانیش ده‌یان جار ئیمکاناتی زیاتری بۆ ته‌رخانکرابوو چۆڵ و هۆڵ که‌م که‌س به لایدا چوو، له‌سه‌ر پاره‌ش بووه شه‌ڕیان). به داخه‌وه، زۆری ئه‌و چالاکییانه‌ی بۆ ئه‌و بواره ده‌کرێن تا ئێستا شه‌فاف نین و له پاڵ ئه‌و یادەوهریانهوه گیرفانه‌کان پڕه کرێن. تا ئه‌وکات رێکخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌کان چالاکترین رێکخراوی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری بوو له کوردستان، وه‌لێ یه‌ک فلس بودجه‌ی نه‌بوو هه‌موو کاره‌کانی له‌سه‌ر گیرفانی به‌نده بوو.

گرنگ ئه‌وه‌یه په‌یامه‌کانی یاده‌که چه‌سپی و له کۆتاییدا ڕۆژێک دیاری‌کرا به ڕۆژی ئه‌نفالکراوه‌کانمان که 14-4 بوو دیریکرا. له‌و ڕۆژه‌دا خه‌م و داواکارییه‌کانمان یه‌ک ده‌خه‌ین، به چاو بۆ ئازیزانمان ده‌گرێین، به بیر ڕێگایه‌ک ده‌دۆزینه‌وه بۆ به به مێژووکردنی، به ده‌ست و ده‌نگێکی به‌رزیش ئازایانه ده‌ڵێین، سه‌رجه‌م تاوانکاران بێ جیاوازی بۆ به‌رده‌م دادگا، په‌یامه‌کانی 14-4 له به‌جینۆساید ناسینی ئه‌نفال و به دادگایی گه‌یاندنی تاوانباران و باشترکردنی باری ژیانی قوربانیان هه‌ر ده‌گاته به‌ر، به هاتنه مه‌یدانی بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان.

له کۆتایدا ده‌مه‌وێت رایبگه‌یه‌نم بۆ ئه‌نجامدانی یادەوهرییهکه، فێستیڤاڵی یه‌که‌م یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان و حیزبی شیوعی و ینک» حاکم قادر» هاوکاری مادییان پێشکه‌ش کرد. بۆ دووه‌میش هه‌مان دوو حیزب و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان « به‌ڕێز فوئاد مه‌عسوم». فێستیڤاڵی شه‌قڵاوه‌ش پارتی دیموکرات مه‌سره‌فی کێشا ئێمه ده‌ستمان له پاره‌که‌ی نه‌دا. فێستیڤاڵی یه‌که‌م زۆربه‌ی خه‌رجییه‌کانی له ئه‌ستۆی به‌نده بوو. هاوکارییه‌کان که‌م بوون، پاره‌و داهاته‌کانی زۆر شه‌فافانه وهرگرتران و خه‌رجکران. مامۆستایه‌کی ده‌ستپاک ره‌وانشاد خالید دلێر سه‌رپه‌رشتی ده‌کرد، به دهستنوێژیشهوه ده‌ستی له پاره‌کان نادا. له شه‌قڵاوه‌ش مامۆستا ره‌وان شاد مامۆستا سمکۆ ناکام هه‌مان ته‌سه‌ڕوفی ده‌کرد. ته‌نها به چاوه‌کانیان ئاگاداری بوون روحیان شاد. ده‌توت دوژمندارییان له‌گه‌ڵ شتێک هه‌یه ناوی پاره‌یه. سه‌رجه‌م هاوڕێیانی دیش هه‌مان ته‌سه‌ڕوفیان هه‌بوو، به‌سکی برسییه‌وه کاره‌کانیان راده‌په‌ڕاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار