بەرەی گەل: گیانی لاهور شێخ جەنگی لەئەستۆی سەرۆکی یەکێتیە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرەی گەل داوا لە کۆنسووڵخانە، نوێنەرایەتییەکان و حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات لەبەرامبەر ئەو "کردەوە تیرۆریستییە" بێدەنگ نەبن و دەڵێت، گیانی لاهوور شێخ جەنگی لە ئەستۆی سەرۆکی یەکێتییە.
شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای نزیکەی چوار کاژێر لە شەڕ کردن، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، ئاسۆ و پۆلادی برای دەستگیر کران.
بەرەی گەل راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە داوا دەکات، کۆنسووڵخانە، نوێنەرایەتییەکان، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان "لە بەرامبەر ئەم کردەوە ناشارستانی و تیرۆریستییە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی راشکاویان هەبێت."
لەبارەی لاهوور شێخ جەنگی و ئەو کەسانەی لە روداوەکە دەستگیر کراون بەرەی گەل دەڵێت، "گیانی هەڤاڵ لاهوور و تەواوی هەڤاڵانمان لە ئەستۆی خودی سەرۆکی خۆسەپێنی یەکێتی دایە."
لە شەڕەکەی لالەزاردا چوار کەس کوژراون. سێیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن و یەکێکیان لایەنگرێکی لاهوور شێخ جەنگیە. بەگوێرەی زانیارییەکان 10ـی دیکەش بریندار بوون.
جگە لە زیانە گیانییەکان، شوێنە گەشتیارییەکان، خانوو و ئۆتۆمبێلێکی زۆر لە شوێنی رووداوەکە زیانیان بەرکەوتووە.

