پلانی چاکسازی لەحەشدی شەعبیدا؛ سنوردارکردنیانە، یاخود پتەوکردنی پێگەیان
5 ساڵ لەمەوپێش
لەئێستادا حەشدی شەعبی بەسەر ٦٠ یەکەدا دابەشکراوە، بەڵام کاتێک دەبنە بەشێک لەسوپا کاری رابەرە سەرەکییەکەیان ئاسانتر دەبێت و دەسەڵاتی بەسەریاندا زیاتر دەبێت
کاکەلاو عەبدوڵا
بەمدواییانە حکومەتی عێراقی بڕیارێکی دەرکرد بۆ هەموو هێزە میلیشیاکان کە بەپێی یاسا تێکەڵی نێو سوپای عێراقی بکرێن بۆ سنوردارکردنی هەژمونیان بەڵام دەگونجێت بڕیارەکە بەسەر حکومەتی عێراقیدا بشکێتەوە و ئێران ببێتە سوودمەندی یەکەم لەم هەنگاوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بۆ تێکەڵکردنی هێزە میلیشیاکان بۆ ناو سوپای عێراقی کە دەبێت هەتا کۆتایی ئەم مانگە لەلایەن هەموو هێزەکانەوە پەیڕەو بکرێت. دەکرێت دیسان ئەم بڕیارە عێراق بکاتەوە بە وڵاتێکی بەهێز بەڵام ئەمجارە بەهەبوونی هێزی دڵسۆزی ئێرانی لەناو سوپادا.
بڕیارەکە دەڵێت «هەموو یەکەکانی حەشدی شەعبی دەبێت وەک بەشێکی جیانەکراوە لە هێزەکانی سوپا کاربکەن و هەمان یاسای سوپای عێراقییان بەسەردا جێبەجێبکرێت.» هەرچەندە پێشتر یاسایەک دەرچوو کە موچەی حەشدی شەعبی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دابین بکرێت، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیە پێگەیان پتەو دەکات لەناو سوپادا، هەروەها ملکەچیان دەکات کە وەک دامەزراوەیەکی جیا ڕەفتار نەکەن بەڵکو وەک کەتیبە بچنە نێو سوپای نیشتمانییەوە.
بڕیارەکە لەڕواڵەتدا بەشێکی بۆ ئەوەیە توانا و پێگەی حەشدی شەعبی کەمبکرێتەوە چونکە ئەم هێزە توانیویەتی دەست بەسەر زۆرێک لەپیشەسازییە وزەییەکان بگرێت و زۆرێک ڕێڕەوی قاچاغ دابمەزرێنێت بەهۆی ئەوەی کە بنکەو بارەگای زۆری هەیە لە سەرتاسەری عێراقدا.
مایکڵ نایتس، لێکۆڵەری واشنتۆن ئینستیتوت بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، «سەرکردە عێراقییەکان هەست بەوە دەکەن کە حەشدی شەعبی ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت لە مەترسی لەکەدارکردنی ناوبانگی خۆی نزیک دەبێتەوە بەتایبەتی لەڕووی چالاکییە ئابورییەکانی و ئەو هێرشانەی دەیکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و وڵاتە دراوسێکان.”
مەبەست لە چالاکییە ئابوریەکان چالاکییەکانی حەشدی شەعبیە لە دوای ئازادکردنی موسڵ لەلایەن سوپای عێراقییەوە کە بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی ڕۆیتەرز حەشدی شەعبی چەندین ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە لە فرۆشتنی پاشماوەکانی داعش و چەندین مەیدانی سکرابی داناوە لەشارەکەدا بۆ ساغکردنەوەی ئەو پاشماوانە کە زۆربەیان ئاسنن و لە کوردستان ساغدەکرێنەوە.
دواین چالاکی سەربازیش کە نایتس ئاماژەی بۆ دەکات ئەو هێرشە بوو کە کرایە سەر بۆرییەکی نەوتی سعودی لە عێراق لە ١٤ی ئایاری ٢٠١٩ و ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند هێرشەکە لە ناوخۆی عێراقەوە کراوە و هەروەها هێرشە موشەکیەکەی ناوچەی سەوز نزیک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئایاری ڕابردوو کە دیسان ئیدارەی ترەمپ بەدەستی حەشدی شەعبی دەزانێت.
مایکڵ نایتس لەکۆتایی مانگی حوزەیران لە عێراق بووە و چاوی بە خودی سەرۆک وەزیران کەوتووە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکە و بەوردی باسی پلانی تێکەڵکردنی هیزە میلیشیاکانی بۆ کراوە بۆیە دەڵێت «پلانەکە لەتوانایدایە یان مەترسی هێزی میلیشیا کەمبکاتەوە یان مەترسیدارانە دەسەڵاتیان زیاتر بکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چۆن پلانەکە جێبەجێ دەکرێت.”
پلانەکە داوا لە هەموو یەکەکانی حەشدی شەعبی دەکات هەموو بنکە و بارەگا و ئۆفیسەکانیان دابخەن لەگەڵ لابردنی هەموو نازناوەکانی وەک کەتیبە و کەرت و دەستە، هەروەها خۆ بەدورگرتن لەهەموو لایەنێکی سیاسی و تەنها لەژێر دەستوری عێراقیدا بن.
هەرچەندە ئەمە بەفەرمی بڵاونەکراوەتەوە تا ئێستا، بەڵام مایکڵ نایتس ئاماژە بەوە دەکات کە پلانەکە ئەوەشی تێدایە کاتێک حەشدی شەعبی بنکە بچوکەکانی خۆیان لابرد، دەگوازرێنەوە بۆ کانتۆنی گەورە بەواتای ئەوەی لە نزیک سنورەکانی سوریا نامێنن و بەرەو سنورەکانی سعودییە دەکشێن کە لەهەمان کاتدا پشتێنێکی بەرگری دروستدەکات لەنێوان ناوچە شیعە نشینەکان و سوننە نشینەکان لەنێوخۆی عێراقدا.
مایکڵ پرێگنت، شارەزای سیاسەتی عێراقی لە هەدس ئیستیتوت دەڵێت، «حکومەتی عێراق یان ناتوانێت یان نایەوێت میلیشیاکانی ئێران لە عێراق دەربکات و توانای ئەوەشی نییە ڕایبگرێت لەهێرشکردنە سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا. حکومەتی عێراقی دەسەڵاتی نییە دژی میلیشیاکان بوەستێتەوە بۆیە بڕیاریدا هاوپەیمانی لەگەڵیان پێکبهێنێت، ئەنجامەکەشی ئەوەیە هەردوو لایەن بە سوپایەکی بەهێزەوە دەردەکەون.”
پلانی تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی سەرکردەکانی لەوانە جەمال جەعفەر، عەلی ئیبراهیمی، ناسراو بە ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس کە سەرکردەی ئۆپەراسیۆنەکانە و لەهەمان کاتیشدا لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە. لەئێستادا حەشدی شەعبی بەسەر ٦٠ یەکەدا دابەشکراوە بەڵام کاتێک دەبنە بەشێک لە سوپا کاری ئەلموهەندیس ئاسانتر دەبێت و دەسەڵاتی بەسەریاندا زیاتر دەبێت.
یەکێکی تر لە خراپییەکانی پلانەکە ئەوەیە بە چوونە نێو سوپاوە، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بەفەرمی پێگەی حکومیان دەبێت و دەبنە سەرمەشقی سوپای عێراقی بەشێکی بەهۆی ناڕێکخراوەی و ناکارامەیی سوپاوەیە کە ئەمەش دەبێتە ئەوەی کۆنترۆڵی سیاسەتی سوپای عێراقی بەدەست ئێرانەوە بێت و هێزەکانی راهێنراو لەسەر دەستی قاسم سولەیمانی بە جلوبەرگی فەرمی سوپای عێراقییەوە ببینرێن.
مایکڵ پرێگنت دەشڵێت، «بڕیارەکە شەرعیەت دەدات بە میلیشیاکانی سەر بە هێزەکانی قودسی قاسم سولەیمانی و کاریگەریان لەپێشووتر زیاتر دەکات. ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ سولەیمانی لە بڕیارەکانیاندا و لەلایەن هادی عامری و ئەلموهەندیسەوە فەرماندەیی دەکرێن. هەموو ئەمانە بردنەوەیە بۆ سولەیمانی و ئێران.”
بەزیادکردنی ١٤٠ هەزار سەربازی حەشدی شەعبی سەرکردەکانی ئەو میلیشیایە بەئاسانی دەستیان دەگات بە هەموو بابەتە هەستیارەکانی حکومەت. جگە لەوەش دەستیان دەگات بە هەموو ئەو هاوکارییە دارایی و کەلوپەلی سەربازی و زنیارییە هەواڵگرییە ئەمریکیانەی کە واشنتۆن بۆ سوپای عێراقی دەستبەر کردبوو لەکاتی جەنگی دژی داعش.
لەوکاتەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان گەراونەتەوە بۆ عێراق لەساڵی ٢٠١٤ەوە سوپای عێتراقییان پڕچەک کردووە و جگە لەدەستەبەرکردنی ڕاهێنانی سەربازی. لەساڵی ٢٠٠٨، عێراق ١٤٠ تانکی ئەبرامزی ئەمریکی کڕی بە بەهای ٢ ملیار دۆلار. بەدرێژایی ئەم ساڵانەی دوایی هەندێکیان کەوتونەتە دەست ئەم میلیشیایانەوە و جگە لەوەی بەم بڕیارە بەبێ ئەوەی سەرپێچی لە هیچ یاسایایەکی عێراقی بکەن دەستیان دەگات بە ئەبرامزەکانی تریش و هەموو کەلوپەلە سەربازییەکانی تری سوپا کە لەلایەن ئەمریکا یاخود هاوپەیمانانەوە دابین کرابێت.
سەرەڕای ئەمانەش، پلانی تێکەڵکردن پێگەیەکی سەلامەتی دەبەخشێتە حەشدی شەعبی. هێزەکانی ئەمریکا ناتوانن میلیشیاکان بە ئامانج بگرن بەبێ ئەوەی هێرش نەکەنە سەر سوپای عێراقی. میلیشیاکانی سەر بە ئێران تەنانەت بە چوونە نێو سوپای عێراقیشەوە دەتوانن بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆڵە ببنەوە.