بێگەرد تاڵەبانی: ماڵی مام جەلال قەت نایانەوێ دەست بەسەر یەکیتیدا بگرن
7 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: بنار هیدایهت
لهچاوپێکهتنێکی رۆژنامهى هاوڵاتی دا ، بێگهرد تاڵهبانی ئهندامی سهرکردایهتی یهکێتی نیشتیمانی کوردستان، باس لهدۆخی ناوخۆی حزبهکهى دهکات و دهڵێت « ههر ئهندامێکی سهرکردایهتی و مهکتهب سیاسیی خۆی لهبانگهشهی ههڵبژاردن دزیبێتهوه پێویسته لێکۆڵینهوهى لهگهڵ بکرێت، ئاشکراشیدهکات تا ئێستا لهناو سهرکردایهتی یهکێتی دا ههیه پشتیگری لهبهرههم ساڵح دهکات».
هاوڵاتی: دوای ئەوەى لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک کورسیتان بەدەستهێنا، ئەوە لەچاوەڕوانی یەکێتیدا بوو؟
بێگەرد تاڵەبانی: بەر لەهەڵبژاردنەکان دۆخی ناوخۆی یەکێتی لەئاست خواستی هیچ ئەندامێکی یەکێتیدا نەبوو، بەڵام پێموایە لە هەر خاڵێکی چارەنووسسازدا یەکێتی توانیویەتی ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە و گوتاری بۆ جەماوەرەکەى هەبێت، بەڕاستی یەکێتی خاوەنی جەماوەرێکی بەوەفایە و قاعیدەى یەکێتی لەهەموو رووداوە چارەنووسسازەکان توانیویەتی دەست بەحزبەکەى خۆیەوە بگرێت، لەبەر ئەوە ئەوەندەى گوێمان لەجەماوەرەکەى خۆمان دەگرت گەشبین بووین بەوەى جەماوەری یەکێتی دەتوانێت یەکێتی لەهەموو ئەگەرەکان رزگاربکات و لەئاستی ئەو کورسیی و دەنگانەدا بووین جەماوەری یەکێتی بۆ حزبەکەیان بەدەستیان هێنا، لەگەڵ ئەوانەشدا یەکێتی رێژەى کورسییەکانی کەمیکردووە، ئێمە 21 کورسیمان هەبووە و هاتوینەتە سەر 18 کورسی، قاعیدەى یەکێتی بەهێزە و دەیانەوێت دەست بە رێبازەکەى جەنابی مام جەلالەوە بگرن،
لەناو یەکێتی کێشە و گیروگرفت زۆر هەیە و ناتوانین نکوڵی لێبکەین،
کێشەمان هەبووە و بەشێک لەکێشەکان لەکاتی هەڵبژاردن راوەستێنران و لەدابەشبوونی سەرکردایەتی ئەم حزبە بەسەر ناوچە جیاجیاکانەوە ئەوەی نیشاندا سەرکردایەتی هاتۆتە ژێر باری ئەوەى جەماوەری یەکێتی چی لێ داوا دەکات.
هاوڵاتی : بەڵام بەشێک لە سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسییەکان خۆیان لەبانگەشە نەدزییەوە؟
بێگەرد تاڵەبانی: دەبێت لەکۆبوونەوەى سەرکردایەتی هەڵوەستە لهسهر ئهو بابهته بکرێت و هۆکارەکەى بخرێتە روو، چونکە هەیە تا ئێستا لەناو سەرکردایەتی پشتیوانی لە کاک بەرهەم دەکات، وە لەناو سەرکردایەتی هەیە نەیویستووە بچێتە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییەی حزب پێی سپێردراوە، دیارە کێ کاریکردووە و کێ کاری نەکردووە، دەبێت سەرکردایەتی لەکۆبوونەوەى خۆی قسەى لەسەربکات.
هاوڵاتی: چەند کەس بەژمارە لەناو سەرکردایەتی پشتیوانی لەبەرهەم ساڵح دەکەن؟
بێگەرد تاڵەبانی: من ناتوانم بڵێم چەند کەس، خۆتان بینیتان لەکاتی رۆیشتنی بەرهەم ساڵح لەیەکێتی کەسیان لەگەڵی نەرۆیشتوون، بۆچی نەڕۆیشتوون ئەوەیان نازانم، دیارە دەبێت خۆیان وەڵامی ئەوە بدەنەوە، بەڵام هەیە لەناو سەرکردایەتی پشتیوانیان لەبەرهەم ساڵح کردووەو دەکات.
هاوڵاتی: بەناو نا بەڵکو بەژمارە چەند سەرکردایەتی هەیە پشتیوانی لەبەرهەم ساڵح بکات؟
بێگەرد تاڵەبانی: ناتوانم ژمارە بڵێم، راشکاو دەبم لەگەڵت بەر لەهەڵبژاردن بەجۆرێک بووە و رەنگە ئێستا بەجۆرێکی تر بێت.
هاوڵاتی: بەرز بوونەوەى باڵانسی هێزی یەکێتی گەڕانەوەى ئەو سەرکردانەى بەدواوە بووە؟
بێگەرد تاڵەبانی: وەکو خۆم وای دەبینم، بەهێزبوونەوەى یەکێتی رێگریی کردووە لەچوونە دەرەوەى ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی بۆلای بەرهەم ساڵح.
هاوڵاتی: ئەم هەڵبژاردنە ئەوەى دەرنەخستووە یەکێتی قاعیدەیەکی بەهێز و سەرکردایەتیەکی تا رادەیەک ئیهمالی هەیە؟
بێگەرد تاڵەبانی: ناکرێت بڵێی سەرکردایەتییەکی ئیهمالی هەیە، لەناو هەموو سەرکردایەتییدا کێشە نیە، لەناو ناوەندی ململانێیەکەدا نیە، هەیە لەناو سەرکردایەتیی بەرژەوەندی خۆی وەلاناوە و کار بۆ یەکێتی دەکات، ئێمە بەقۆناغی دوای جەنابی مام جەلال تێپەڕیوین کە قۆناغێکی سەخت بووە، ماوەیەکی زۆر نیە جیاوازییەکان لەسەردەمی مام جەلال هەبووە بەڵام مام جەلال پیاوێکی حەکیم بووە و ئەگەریش ناکۆکییەکان گەیشتبنە لووتکە رەنگە مام جەلال لە داوەتێکدا هەمووی چارەسەرکردبێت و هەموو سەرکردایەتی یەکێتیش حورمەتی جەنابی مام جەلالی لابووە، بەڵام لەدوای جەنابیان ئەوەى گرفت بوو کەسێک نەبوو ببێت بەچەتر و کۆکەرەوەى جیاوازییەکان، هەمووی لەپێگەى خۆیەوە تەماشای کێشەکانی دەکرد و ئاساییە رێبەرەکەت لەدەست دەدەیت ئەم حزبە لەناو سەرکردایەتی ململانێ بۆ شوێنگرتنەوەى مام جەلال بۆ بەرژوەندی تایبەت دروستبێت، ئەمە حاڵەتێکە دروست بوو لەناو یەکێتیدا، بەڵام لەناو قیادەى یەکێتی کەسانێک هەبووە کاری بۆ نزیککردنەوەى بیرورا جیاوازەکان کردووە.
هاوڵاتی: ئەوەى باسی دەکەیت کێیە بۆتە هۆی کۆکەرەوەی ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی؟
بێگەرد تاڵەبانی: لەماوەکانی رابردوو کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی وەستێنرا، بەڵام بافڵی مام جەلال توانی ئەو بەستەڵە بشکێنێت و توانی مەکتەبی سیاسیی لەسەر مێزی کۆبوونەوەى ماڵی مام جەلال کۆبکاتەوە، پێشتر ناوەندی بڕیار دروستبوو، بەهاوکاری ماڵی مام جەلال توانرا هەموو کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن بڕۆن لەو کاتەدا، توانرا ئەو بارودۆخە تێپەڕێنرێت، ئەگەر بڵێم سەرکردایەتی یەکێتی لەئاست داواکارییەکانی جەماوەر و پێگەکەى خۆی بووە نەخێر نەبووە، پێویستە دوای ئەو سەرکەوتنەى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا هەنگاوی پێویستر بنێت ئەویش بەستنی کۆنگرەیە.
هاوڵاتی: ئهوهندهى ئاگاداربن یەکێتی کوتلەى تێدایە یا رقی تاکە کەسی؟
بێگەرد تاڵەبانی: ئەوەى من دەیبینیم لەناو یەکێتیدا لەسەر فکری یەکێتی رێبازی یەکێتی ململانێ نیە
بەڵکو لەسەر بەرژەوەندی تایبەتە
لێرەدا ناتوانم هەموو تایبەتمەندێکانی حزبەکەم باس بکەم، بەڵام هەر یەکێکمان لەسەرکرایەتی ئەم حزبەداین و بمانەوێت ئەو پێگەیە بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاربهێنین خیانەتە لەمێژووی یەکێتی و رێبازی مام جەلال، لەبەر ئەوە پێویستە هەر کەسێک لەسەرکردایەتی یەکێتیدایە پێویستە لەئاست متمانەى ئەو جەماوەرە بەهێزە و ئەو رێبازە پیرۆزەدا بێت، یەکێتی زۆری بۆ هەمووی هەبووە بەڵام ناکرێت سەرکردایتییەکان هیچ بۆ یەکێتی نەکەن، کەدەڵێم سەرکردایەتییەکان بێگومان جیاوازی هەیە لەنێوان سەرکردایەتی کۆن و نوێ، ئەو سەرکردایەتییانەى ئێستا هەموو شتێکیان بەپێگە و دەسەڵاتەوە جیاوازە لەو سەرکردایەتییانەى سەردەمی شاخ.
هاوڵاتی: کهواته کام عەقڵیەتە باشە، نوێ یا عەقڵی شاخ بۆ یەکێتی؟
بێگەرد تاڵەبانی: من ئەو بەراوردییە ناکەم، هەردوولا تەواوکەری یەکترین و دەبێت هەردوولا بەرژوەندی تایبەت بەلاوە بنێین.
هاوڵاتی: بۆ یەکێتی لەکۆنگرەی چوار دەترسێت، مەترسی لەسەر یەکێتی چی هەیە، ماڵی تاڵەبانی، کۆسرەت رەسوڵ، یاخوود لایەنگرانی بەرهەم ساڵح؟
بێگەرد تاڵەبانی: یەکەم کاک بەرهەم کە هەڵبژاردن کرا چەند کورسی هێنا، کاک بەرهەم و هەموو ئەو کاکانەى تر لەدەرەوە و ناوەوەى یەکێتی بەیەکێتییەوە گەورە بوون و گەورەن، هەموو درکی ئەوە دەکەین لە دەرەوەى یەکێتی کەسێکی ئاسایین، ماڵی مام جەلال قەت دەست بەسەر یەکێتی ناگرن، بەڵام ماڵی مام جەلال دەیانەوێت یەکێتی بپارێزن لەهەر تێکشانێک و بردن بەلاڕێیەکدا، کاک کۆسرەت یەکێکە لەرەمزەکانی یەکێتی و پێکەوە لەگەڵ ماڵی مام جەلال پێویستە یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزن و بەدووریخەن لەهەر ئەگەرێک بۆ شکستی یەکێتی، بێهێز بوونی یەکێتی کەمبونەوەى ئازادی و کەمبوونەوەى ئاسایش و دیموکراسییە، ئێستا هاوڵاتیان درکیان بەوەکردووە کە یەکێتی دەتوانێت هەرێم ئیستقرار دروستبکات، دەرکەوت چەند حزب لێمان جیابۆوە بەڵام ناڕەواییەتیمان بەرامبەر هیچ حزبێک نەکردووە لەهەناوی یەکێتییەوە دەرچوون، یەکێتی لەکۆنگرە ناترسێت، پێش هەڵبژاردن دۆخی یەکێتی بەجۆرێک بووە و ئێستا بەجۆرێک بووە، ئەگەر ئێستا یەکێتی کۆنگرە ببەستێت لەو پەڕی بەهێزییەوە کۆنگرە دەبەستێت و خاڵی لاوازی خۆی دیاریدەکات و دەزانێت هەم سەرکردایەتی و هەم جەماوەرەکەى چی دەوێت.