رێژەی بێکاری لەئێران لە ٢٠٢٠ دەگاتە لەسەدا ١٦
کاریگەری سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئابووری ئێران زیاتر دەردەکەوێت
5 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرتی: زە باڵانس
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
بەپێی پێشبینی سندوقی دراوی نیودەوڵەتی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ئێران لەسەدا 60% دەبێت بۆ ساڵی ٢٠١٩، کە ئەمەش بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو ئابوریی وڵاتەکە زیاتر داڕووخاوە کاتێک ٢٠١٨ بەهای تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی یەک ترلیۆن و ٦٣ ملیۆن دۆلار بوو، واتە لەسەدا ٣.٥%.
ئابوری ئێران ساڵی ٢٠١٥ بوژانەوەی بەخۆیەوە بینی کاتێک ئەمریکا سزاکانی سەری هەڵگرت دوای ئەوەی بەهاوبەشی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، روسیا، چین لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و دوورکەوتنەوە لەدروستکردنی چەکی ئەتۆمی. لەشوباتی ٢٠١٦، ئێران بۆ یەکەمجار دوای سێ ساڵ دەستیکردەوە بەناردنی نەوت بۆ ئەوروپا. لەیەکەم کاروانیدا چوار ملیۆن بەرمیلی بۆ فەرەنسا، ئیسپانیا، روسیا گواستەوە. نەوت لەسەدا ٨٠%ی تێکرای هەناردەی ئێران پێکدەهێنێت. زۆربەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ وڵاتەکانی چین، هندستان، کۆریای باشور، تورکیا، یابان دەڕوات.
بەڵام لە ٨ی ئایاری ٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند وڵاتەکەی دەکشێتەوە لەڕێککەوتننامەی ٢٠١٥ی چەکی ئەتۆمی ئێران و دەستدەکاتەوە بە سەپاندنی سزا لەسەر تاران، ئەمەش بەجدی ئابوری ئێرانی پەکخست.
ئێران چوارەم وڵاتی جیهانە لەیەدەگی نەوتدا، بەڵام سزاکانی ئەمریکا نەیهێشتووە قازانج لەو سامانە بکات. بۆیە ئێران بووەتە حەوتەمین وڵات لەبەرهەمهێنانی نەوتدا، بەبەرهەمهێنانی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا بۆ ساڵێ ٢٠١٨ و دوو ملیۆن و ٢١ هەزار بەرمیلی رۆژانە لەتەمموزی ئەمساڵدا. بەبێ سەپاندنی سزاکان، ئێران بەئاواتی ئەوەوە بوو ئەو ڕێژەیە دوو هێندە زیادبکات هەر کە توانی ژێرخانی پێویست پێکبهێنێت بۆی. لەنیسانی ٢٠١٨ پێش دەرچوونی ئەمریکا لەڕێککەوتنەکە بەمانگێک، هەناردەی نەوتی ئێران دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بوو لە ڕۆژێکدا، بەڵام تێکڕای هەناردەی هەمان ساڵ ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار بەرمیلی نەوتی خاوی ڕۆژانە بوو. بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لەسەر کەرتی نەوت، مانگ بەمانگ هەناردەی نەوتی ئێران لە کەمبونەوەدایە. لەکۆتایی ٢٠١٨ پێشبینیکرا هەناردەی نەوت بۆ ٩٤٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمببێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، هەناردەی نەوتی ئێران ٤٠٠ - ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە بووە لە ئایاری ٢٠١٩ لەکاتێکدا ئەو ڕێژەیە کەمتربوەوە بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەمانگی داهاتوو، واتە حوزەیرانی ٢٠١٩. لەمانگی تەمموزیشدا، واتە مانگی ڕابردوو هەناردەی وڵاتەکە نزمبوەوە بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیلی نەوتی خاوی ڕۆژانە.
هەفتەی ڕابردوو مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بڕینی نەوتی خاوی ڕۆژانەی ئێران لە بازاڕەکاندا ڕایگەیاند: «توانیومانە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ئێران ببڕین لەبازاڕەکاندا، ئەمەش بێبەشکردنی ئێرانە لەو سامەنەی بەکاریدەهێنێت بۆ دروستکردنی کەمپینی تیرۆر لەسەرتاسەری جیهاندا».
بەپێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نیودەوڵەتی، ڕێژەی بێکاری لەئێران لەساڵی ٢٠١٨ لەسەدا ١٣.٨% بوو. ڕاپۆرتەکە پێشبینی دەکات ئەو ڕێژەیە بەرزببێتەوە بۆ لەسەدا ١٥.٤% و ساڵی ٢٠٢٠یش بگاتە لەسەدا ١٦.١%.
سزا قورسەکانی ئەمریکا بەهای دروای ئێرانی بەسەختی دابەزاندووە بەجۆرێک هەڵئاوسانی دروستکردووە بەڕێژەی لەسەدا ٣١.٢% بۆ ٢٠١٨ و لەسەدا ٣٧.٢% بۆ ٢٠١٩و چاوەڕێ دەکرێت بگاتە لەسەدا ٤٠% یان زیاتر. لەوکاتەوەی ئەمریکا کشاوەتەوە لەڕێککەوتننامەی ٢٠١٥، ریالی ئێرانی لەسەدا ٦٠%ی بەهای خۆی لەدەستداوە. کاتێک ڕێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی ئێران لەساڵی ٢٠١٥ ئیمزاکرا، دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر ٣٢ هەزار ڕیاڵی ئێرانی بوو، لەکاتێکدا لەئێستادا دۆلارێک بەرامبەر ١١٦ هەزار و ٥٠٠ ریاڵە.
چوارشەممەی ڕابردوو حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران پڕۆژەیاسایەکی رەوانەی پەرلەمان کرد کە تێیدا هاتووە ڕیاڵی ئێرانی ٤ سفری لێبکرێتەوە بەمەبەستی تەواو بەهادارکردنی دراوەکە، ئەمەش درواێکی نوێ دێنێتە کایەوە. دراوە نوێیەکە هەر ناوی «تمەن»ی لێدەنرێت کە لەساڵی ١٩٣٠ەوە بەفەرمی ئەو ناوە بەکارنەهاتووە بەڵام هەر لەناو خەڵکدا بەکاردەهێنرێت بۆ گوزارشت لەڕیاڵ.
ئێران ئابورییەکی دەوڵەتی هەیە چونکە حکومەت لەسەدا ٦٠%ی ئابوری وڵاتەکەی کۆنترۆڵ کردووە لەلایەن کۆمپانیاکانییەوە، بەڵام ئابورییەکەی داڕووخاوە. بەرزی نرخی نەوت لە ٢٠٠٨ەوە بۆ ٢٠١٤ وایکرد ئێران ١٢٨ ملیار کۆبکاتەوە لەیەدەگی ئاڵوگۆڕی دەرەوە. لەو کاتەوە لەدوای ساڵی ٢٠١٥ یەدەگی ئاڵوگۆڕی کەمبوەتەوە بۆ ١٠٨ ملیار دۆلار.
سزاکانی ئەمریکا
ترەمپ لەئایاری ٢٠١٨ەوە یەکەم سزای سەپاند بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا کەپێیوابوو سەرپێچی لە ڕێککەوتنەکەی ٢٠١٥ کردووە. هەندێک لەشارەزایان باس لەوە دەکەن هۆکارێکی تر هەیە بۆ سزاکانی سەر وڵاتەکە. ئیدارەی ترەمپ و سعودیە و ئیسرائیل دەیانەوێت ڕژێمی ئێران کۆتایی پێ بهێنن.
لە ٦ی ئابی ٢٠١٨، ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند چاوەڕوانی ئەوە دەکات کڕیارانی نەوتی ئێران ڕێژەی کڕینیان بە ملیۆنێک بەرمیل کەمبکەنەوە. لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ ئیدارەی ترەمپ مۆڵەتی بەهەشت وڵاتدا کە بەردەوامبن لە کڕینی بەرهەمە نەوتیەکانی ئێران، ئەوانیش ئەو وڵاتانەی تێدابوو وەک کۆریای باشور، هندستان، یابان، چین، تورکیا، عێراق. بەڵام چین و هندستان تائێستاش بەدەوامن لەکڕینی بەرهەمە نەوتیەکانی ئێران، تەنانەت بە نایاسایش.
لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩ ئەمریکا مۆڵەتی هەر هەشت وڵاتەکەی هەڵگرت بەمەبەستی جێبەجێکردنی «زۆرترین گوشار» لەسەر ئێران و گەیاندنی هەناردەی نەوتی وڵاتەکە بە سفر.
لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩ واشنتۆن سزای خستەسەر کەرتی پترۆکیمیاوی ئیران کەدووەم گەورەترین کەرتە لەئابوری ئێراندا دوای کەرتی نەوت.
واشنتۆن جگە لەسەپاندنی سزا بەسەر ئابووری ئێراندا، لەماوەی ڕابردوودا سزای بەسەر سوپاو کەساییەتییەکانی ئێرانیشدا سەپاندوە. لەدوایین هەڵمەتیدا سزای بەسەر رابەڕی وڵات، ئایەتوڵا خامنەیی و موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەپاند بەڕاگرتنی هەموو چالاکییە ئابوریەکانیان و داخستنی هەژمارە بانکیەکانیان لەگەڵ قەدەغەکردنی گەشت لێیان.