«له‌کۆنگره‌ى یەکێتیدا ئه‌نجومه‌نى ناوهندو سه‌رکردایه‌تى نامێنێت»
زوبێر عوسمان جێگرى یه‌که‌مى سکرتێرى ئه‌نجومه‌نی ناوەند
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: پشتیوان سه‌عدوڵڵا
زوبێر عوسمان، جێگرى یه‌که‌مى سکرتێرى ئه‌نجومه‌نی ناوەندى یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت له‌کۆنگره‌ى داهاتوودا ئه‌نجومه‌نى ناوهندو ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى نامێنێت و ئه‌نجومه‌نی گشتیش سێ که‌س بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى هه‌ڵده‌بژێردرێت.
زوبێر عوسمان، له‌چاوپێکه‌وتنێکى هاوڵاتىدا، ئاماژە بەوەدەکات کە له‌هه‌وڵدان بۆ کۆنگره‌ى چواره‌م ئەندامە زوویربووهکانیان بگه‌ڕێننه‌وه ناو یه‌کێتى.
جێگرى یه‌که‌مى سکرتێرى ئه‌نجومه‌نی ناوەند دەڵێت «ده‌بووایه ئێستا یه‌کێتى کۆنگره‌ى یانزه‌یه‌مى خۆى گرێبدایه. نه‌ک له‌سه‌ر به‌ستنى کۆنگره‌ى چواره‌م کێشه‌ی هه‌بێت».
کۆنگره‌ى سێی ئەو حزبە لە 1/6/2010 به‌ڕێوه‌چوو، کەتێیدا واده‌ى کۆنگره‌ى چواره‌مى دیاریکرد که‌ده‌بوو له‌مانگى ده‌ى 2013 کۆنگره‌ى چوارەم ببه‌سترایه.
هاوڵاتى: دواکەوتنی کۆنگرەی یەکێتی چ کاریگەریەک لەسەر حزبەکە بەجێدێڵێت ؟
زوبێر عوسمان: ئێمه حزبێکى سۆسیال دیموکراتین، که‌ناکرێ موخالف بین له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وو پرۆگرام و به‌رنامه‌ى خۆمان. کاته‌که‌ى زۆر تێپه‌ڕیوه، ده‌بووایه ئێستا یه‌کێتى کۆنگره‌ى یانزه‌یه‌مى خۆى گرێبدایه. نه‌ک له‌سه‌ر به‌ستنى کۆنگره‌ى چواره‌م کێشه‌مان هه‌بێت،
بۆ خۆ نوێکردنه‌وه، بۆ گۆڕینى فۆرمى یه‌کێتى، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى قۆناغه‌کانى ئێستا بده‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌راورد بکه‌ین به‌ڕابردوو یه‌کێتی وه‌ڵامى هه‌موو قۆناغه‌کانى داوه‌ته‌وه، کۆنگره بۆ ئه‌وه‌یه حۆمان نوێبکهینهوهو به‌رنامه‌ى نوێ دابنێین، گه‌نج و ژن و لاو بهێنینه پێشه‌وه، هاوکات ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى توانایان نه‌ماوه خۆیان کاندید نه‌که‌نه‌وه، یان ئیشی تر وه‌ربگرن، ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى ئێستا پێگه‌یشتوون و توانایان هه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانى تر، هه‌موومان پێکه‌وه بتوانین درێژه به‌و قۆناغه بده‌ین که‌کۆنگره ئه‌رکى نوێمان ده‌خاته سه‌رشان و به‌رنامه‌ى نوێی ده‌بێت بۆ هه‌موو کایه‌کانى حزب.
هاوڵاتى: ده‌توانین بڵێین کێشه‌و ململانێى نێوخۆیی هۆکارى دواخستنى چواره‌م بووه؟
زوبێر عوسمان: ئێمه له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندا فره مینبه‌ر بووین، یه‌کێتى تا ِاپهڕین حزب نه‌بووه‌و چه‌ند رێکخراوێک بووه، کۆنگره‌ى یه‌که‌م که له‌ساڵى 1992 به‌سترا له‌وێوه یه‌کێتى بووه به‌حزب و به راستى موقهصیربووین، ده‌بوایه کۆنگره‌ى زیاتر ببه‌ستین، به‌ڵام کۆنگره ئامرازه له‌پێناو ئامانجێک.کۆنگره‌ى دووه‌م کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارى روویاندا، به‌هه‌مان شێوه له‌کۆنگره‌ى سێیه‌میشدا گۆڕانکارى ڕوویاندا، واتا ئه‌وه ده‌ڵێت، له‌هه‌رسێ کۆنگره‌که‌ى یه‌کێتیدا گۆڕانکارى گه‌وره ڕوویانداوه له‌ژیانى رێکخراوهییماندا، ئێستاش کاتى به‌ستنى کۆنگره‌ى چواره‌مه، گۆڕانکارى گه‌وره له‌ئاستى ناوخۆى حزب و کوردستان و ناوچه‌که چاوه‌ڕێمان ده‌کات. راسته به‌شێک له‌هۆکاره‌کانى دواکه‌وتنى به‌ستنى کۆنگره کێشه‌ى ناوخۆیی بووه، نه‌خۆشکه‌وتن و مردنى مام هۆکاری نه‌به‌ستنى کۆنگره‌بوو، راى جیاوازى نێو یه‌کێتى له‌سه‌ر شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى هۆکارێکى تر‌ى دواکه‌وتنى به‌ستنى کۆنگره‌بوو، چه‌ند رووداوێک روویاندا، بۆ نمونه ناوه‌ندى بڕیار دروستبوو، دوواتر به‌شێک له‌هه‌ڤاڵانمان جیابوونه‌وه‌و هاوپه‌یمانیان دروستکرد. جگه له‌وانه ساڵى 2018 دوو هه‌ڵبژاردنى تێدا ئه‌نجامدراو ده‌بوو خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌بکردایه.
ئێمه له‌هه‌وڵداین بۆ کۆنگره‌ى چواره‌م هه‌موو هه‌ڤاڵه زوویربووهکانیش بگه‌ڕێنینه‌وه ناو یه‌کێتى، بۆئه‌وه‌ى هه‌موومان به‌دوو رووى سور بچینه نێو کۆنگره‌و به دوو رووى سور بێینه ده‌ره‌وه، واتا کۆنگره‌ی کۆکه‌ره‌وه بێت.
هاوڵاتى: تاچه‌ند مه‌ترسی جیابوونه‌وه (ئینشقاق) له‌کۆنگره‌ی چواره‌مدا له‌ئارادا هه‌یه؟
زوبێر عوسمان: هیچ هۆکارێک نه‌ماوه بۆئه‌وه‌ى ئێمه کۆنگره دووابخهین، به‌دیلى کۆنگره هه‌ر کۆنگره‌یه، ئه‌و ترسانه ئه‌گه‌ر هه‌بن یا نه‌بن، نابێ ئێمه بترسین، بۆیه پیموایه جیابوونه‌وه (ئینشقاق) له‌م کۆنگره‌یه‌دا روونادات، راسته به‌شێک له‌لایه‌نه‌کان چاویان له‌سه‌ر ئه‌م کۆنگره‌یه‌یه بۆئه‌وه‌ى بارودۆخى یه‌کێتى زیاتر تێکبده‌ن. به‌ڵام کۆنگره‌ى داهاتوو کۆنگره‌ى کۆکه‌ره‌وه‌و سه‌رکه‌وتن ده‌بێت دوور له‌گیانى رق و تۆڵه‌کردنه‌وه‌و یه‌کتر سڕینه‌وه، ده‌مانه‌وێت کۆنگره‌یه‌کى یه‌کێتییانه به‌گیانێکى هه‌ڤاڵانه بۆ هه‌موو یه‌کێتییه‌کان ببه‌ستین. ئه‌گه‌ر تاکاتى کۆنگره گۆڕانکارییه‌ک روویدا، ئه‌و کاته قسه‌مان ده‌بێت، به‌ڵام له‌ئێستادا ترسمان نه‌ماوه‌و تاڕاده‌یه‌کى باش ناو ماڵمان رێکخراوه.
هاوڵاتى: ده‌وترێت پێش کۆنگره رێکه‌وتن بۆ دابه‌شکردنى پۆسته‌کان ده‌کرێت، ئایا ئه‌م قسانه راستن؟
زوبێر عوسمان: ئێمه وه‌کو ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى لایه‌نێکى گرنگى یه‌کێتین و له‌کۆنگره هه‌ڵبژێردراوین، هه‌موومان ئه‌ندامى کۆنگره‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ى بچینه ناو هیچ پرۆسه‌یه‌ک، هیچ که‌سێکیش نه‌هاتووه بۆ لای ئێمه بۆئه‌وه‌ى باسی رێکه‌وتن بکات، ئه‌وه‌ى تۆ باسى ده‌که‌یت، ئێمه‌ش له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه بیستوومانه، رێکه‌وتنى پێشوه‌خته بۆ دابه‌شکردنى پۆسته‌کان و پشک پشکێنهو دانانى که‌سی یه‌که‌م و دووه‌مى یه‌کێتى دووره له‌ڕاستییه‌وه‌و کۆنگره بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌دات.
هاوڵاتى: به‌ڵام بابه‌تى رێکه‌وتنى پێشوه‌خته بۆ دابه‌شکردنى پۆسته باڵاکانى یه‌کێتى به‌شێوه‌یه‌کى به‌ربڵاو باس ده‌کرێت؟
زوبێر عوسمان: پێشتریش وتم، له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه گوێمان له‌وه بووه که‌ئه‌م کۆنگره‌یه کۆنگره‌یه‌کى ته‌وافوقى پشک پشکێنه ده‌بێت، هه‌موومان دژى ئه‌وه‌ین، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێت، کۆنگره له‌سه‌ر بنه‌ماى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ببه‌ستین، نامانه‌وێت کۆنگره‌ى باڵ باڵێن و پشک پشکێنه بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌مانه‌وێت کۆنگره له‌که‌شێکى دیموکراسی و به‌وپه‌ڕى ئازادییه‌وه ئه‌ندامانى کۆنگره نوێنه‌رانى راسته‌قینه‌ى خۆیان ده‌ستنیشان بکه‌ن.
هاوڵاتى: ره‌خنه‌ى ئه‌وه له‌حزبه‌کان ده‌گیرێت به‌وه‌ى بۆ گۆڕینى ده‌موچاوه‌کان کۆنگره ده‌به‌ستن، نه‌ک بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌و نوێبوونه‌وه، ئه‌م بۆچوونه بۆ یه‌کێتیش دروسته؟
زوبێر عوسمان: به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بیرمان له‌وه نه‌کردووه‌ته‌وه، ئه‌م کۆنگره‌یه بۆ ئه‌وه بێت، ده‌موچاوى فڵان ده‌گۆڕێت بهکهسێکى تر، به‌شێک له‌هه‌ڤاڵان خۆیان کاندیدناکهنهوه، هه‌م ته‌مه‌نیان، هه‌م ته‌ندروستییان، هه‌موو تواناى جه‌سته‌ییان به به‌رییه‌وه نه‌ماوه، ئه‌گینا ئه‌م کۆنگره‌یه بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌و یه‌کتر سڕینه‌وه‌و کێشه‌ى گه‌نجه‌کان و پیره‌کان نییه، ئێمه له‌ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند پێمانوایه هه‌ر هه‌ڤاڵێک که تائێستا له‌سه‌رکردایه‌تى یا مه‌کته‌بی سیاسى کاریکردووه، ئه‌گه‌ر بتوانێت له‌گه‌ڵمان درێژه پێبدات، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه مافى خۆیهتىو ئه‌و هه‌ڤاڵه باشانه‌ی خاوه‌ن ئه‌زموونن و تواناى کارکردنیان ماوه ده‌نگیشیان پێ ده‌ده‌ین، ده‌مانه‌وێت هه‌موومان پێکه‌وه سه‌رکردایه‌تى ئاینده‌ى حزبه‌که‌ى خۆمان بکه‌ین و بیگه‌یه‌نینه که‌نارى ئارامتر، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌موچاوه‌کان ده‌گۆڕێن، ئه‌وه به‌شێکه له‌گۆڕانکارى، که (خوێنى نوێ، گه‌نج ، ژن ، لاو) هه‌موو ئه‌وانه بێنه پێشه‌وه، له‌هه‌مانکاتدا پێویستمان بهههڤاڵه کۆنه‌کان که‌خاوه‌ن ئه‌زمونن هه‌یه، به‌ڵام به‌شه سه‌ره‌کییه‌که‌ى بۆ نوێبوونه‌وه‌یه، بۆ دانانى به‌رنامه‌ى نوێیه، به‌تایبه‌ت پێداچوونه‌وه به‌په‌یوه‌ندییه‌کانمان، ئه‌گه‌ر یه‌کێتى که‌مێک لایدابێت، بخرێته‌وه سه‌ر شا رێگا راسته‌قینه‌که‌ى خۆى.
هاوڵاتى: ده‌وترێت، ئه‌نجومه‌نێکى راوێژکارى دروستده‌کرێت بۆ ئه‌و به‌رپرسه به‌ته‌مه‌نانه‌ى که له‌کۆنگره ههڵنابژێردرێنهوه، ئه‌م ده‌نگۆیانه راستن؟
زوبێر عوسمان: به‌ڵێ له‌ئارادا هه‌یه، به‌پێى ماده‌ى (46)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتى له‌کۆنگره‌ى سێ، ئه‌رکى نووسینه‌وه‌ى پرۆژه‌ى ره‌شنووسی په‌یڕه‌وى ناوخۆ لای ئێمه‌یه، ئێمه فۆرمى حزببمان گۆڕیوه له‌و فۆرمه کلاسیکییه ته‌قلیدییه لینینییه‌وه بۆ فۆرمێکى سه‌رده‌م که ته‌نها به‌و فۆرمه گۆڕانکارى له‌ناو حزبدا رووده‌دات، ئه‌و فۆرمه هه‌موو شتێکى نوێیه، ئێمه ده‌سه‌ڵاتى بهڕێوهبهربردنى حزبمان گۆڕیوه بۆده‌سه‌ڵاتى ده‌سته‌جه‌معى، نیزامێکى تایبه‌ته له‌نێوان هاوسه‌رۆک و کۆنسه‌ى سه‌رۆکایه‌تى، نامانه‌وێت مه‌کته‌بى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى و سکرتێرو جێگره‌کان و ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى به‌جیا له‌کۆنگره هه‌ڵبژێردرێن، ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى به‌کۆى گشتى و ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى نه‌مێنێت، له‌ناو کۆنگره یه‌ک ئه‌نجومه‌نى گشتى هه‌ڵبژێردرێت که له (121) که‌س پێکدێت، له‌ناو ئه‌و ژماره‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى هه‌ڵببژێردرێت بۆ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن، ئه‌وه‌ش ده‌شمێنێته‌وه جێى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى ده‌گرێته‌وه‌و ده‌بێته چاو‌دێر به‌سه‌ر کاروبارى رۆژانه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردنه‌وه، واتا ئه‌نجومه‌نى ناوهندىو ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى نامێنێت، به‌ڵکو ئه‌و ئه‌نجومه‌نی گشتییە ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى هه‌ڵده‌بژێردرێت و دواتر سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى گشتى و جێگرێک و یاریده‌ده‌رى ئه‌نجومه‌نى گشتى هه‌ڵده‌بژێردرێن، دواى کۆنگره ئه‌نجومه‌نی گشتی له‌ناوخۆى سێ که‌س بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى هه‌ڵده‌بژێردرێن، یه‌کێکیان ده‌بێته به‌رپرسى کاروبارى رێکخراوه‌یی و یه‌کێکیان به‌رپرسى کاروبارى سیاسى و ئه‌وى تریان به‌رپرسى کاروبارى مه‌کته‌به‌کان ده‌بێت. واتا به‌پێى په‌یڕه‌وه‌که کۆى جومگه‌کانى کارکردن دیاریکراوه‌و ده‌سه‌ڵاته‌کان پێکه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه.
هاوڵاتى: ئه‌م گۆڕانکارییه‌ى باستکرد، جێگیربووه‌و بڕیاری له‌سه‌ردراوه؟
زوبێر عوسمان: لای ئێمه جێگیربووه، ئێمه لیژنه‌یه‌کى حه‌وت که‌سیمان هه‌بووه، کۆى ئه‌و بیرۆکه پرۆژه‌و سه‌رنج و تێبینییانه‌ى گه‌ڵاڵه‌بوون یهکمانخست و دواتر له‌کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند به‌کۆى ده‌نگ په‌سه‌ندکراو نێردرا بۆ لیژنه‌ى باڵاى ئاماده‌کارى کۆنگره، که‌ئه‌وانیش لیژنه‌یه‌کى فهرعییان هه‌یه به‌ناوى لیژنه‌ى پرۆگرام و په‌یڕه‌وى ناوخۆ، لاى ئه‌وانیش په‌سه‌ندکراوه، واتا ئه‌و ره‌شنووسه‌ى ئێمه ده‌خرێته به‌رده‌م ئه‌ندامانى کۆنگره.
هاوڵاتى: واتا پۆستى سکرتێرى گشتى نامێنێت؟
زوبێر عوسمان: سکرتێرى گشتى کاتێک بوونى هه‌بوو که‌یه‌کێتى فره‌مینبه‌ر بوو، یه‌کێتى نیمچه به‌ره‌یی بوو، جگه له‌وه پۆستى سکرتێرى گشتى تایبه‌ته به (مام)، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین، له‌سه‌ر مه‌زارى مام بنووسرێ سکرتێری گشتى یه‌کێتى، زۆرینه‌ى زۆرى هه‌ڤاڵانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ناو ماڵى خودى مام جه‌لال، واتا پۆستى سکرتێرى گشتى کۆتایی هاتووه.
هاوڵاتى: که‌واته یه‌کێتى چۆن به‌ڕێوه‌ده‌برێت؟
زوبێر عوسمان: باس له‌وشه‌ى «سکرتێر» ده‌کرێت، به‌ڵام ئێمه پیمانوایه نابێت سکرتێریش هه‌بێت، جگه له‌وه بیرۆکه‌ى سه‌رۆک و جێگر له‌ئارادایه، دوو را هه‌یه، رایه‌ک ده‌ڵێت یه‌ک جێگرى هه‌بێت، رایهکى تر ده‌ڵێت دوو جێگرى هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش لای ئێمه مردووده، چونکه پێمانوایه سه‌رۆک بۆ حزبێکى نیمچه دکتاتۆرى راستڕه‌و ده‌بێت، سه‌رۆک له‌گه‌ڵ مۆدێلى یه‌کێتى ناگونجێت، ئێمه ده‌مانه‌وێت مۆدێلى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌کێتى له‌و سێ هه‌ڤاڵه بێت.
هاوڵاتى: به‌ڵام باسى ئه‌وه ده‌کرێت، به‌ڕێز کۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌کرێته سکرتێرى یه‌کێتى.
زوبێر عوسمان: ئه‌و ره‌شنووسه‌ى ئێمه دامانناوه، باسی هیچ ئهشخاسێکى تێدانه‌کراوه، کاک کۆسره‌ت و کاک به‌رهه‌م و کاک پاڤڵ و هه‌ر کاکێکى تر ده‌توانێت به‌رنامه‌ى خۆى له‌کۆنگره پێشکه‌ش بکاو ئه‌و کاته له‌کۆنگره ئه‌نجومه‌نى گشتى هه‌ڵبده‌بژێردرێت، ئێمه دژى ئه‌وه‌ین یه‌کێتى که‌سی یه‌که‌مى هه‌بێت، ده‌مانه‌وێت ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردن هه‌بێت، کاک کۆسره‌ت رهمزو خه‌باتگێڕێکى یه‌کێتییه، به‌ڵام کۆنگره بڕیارده‌دات.