خۆپیشاندانه‌کانى عێراق ئینزارێکه بۆ پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا، ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان بۆ هاوڵاتى
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماژه به‌وه ده‌دات خۆپیشاندانه‌کانى عێراق ئینزارێکه بۆ پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان که‌هه‌مان داواکارى هه‌یه‌و پێویسته پرۆسه‌ى چاکسازى خێراتر بکرێت.
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا، ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ئاماژه بهدۆخى ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌دات که لهخۆڕێکخستهوهدان و له‌سێ مانگى ئاینده‌دا کۆنفرانسى نیشتمانى ده‌به‌ستن.
ده‌رباره‌ى رۆڵى کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا که هه‌ندێک بهرێکخهرى سێبه‌ر تۆمه‌تباریان ده‌کات، ده‌ڵێت «تێڕوانینى جیاواز هه‌یه بۆ ئه‌و مه‌وزوعه، به‌ده‌ر له‌وه کاک عومه‌رى سه‌ید عه‌لى وه‌ک رێکخه‌رى گشتى لێى به‌رپرسه، ئه‌گه‌ر کاک عومه‌ر رازى بێت رێکخه‌ری سێبه‌ر هه‌بێت؛ ده‌بێت ئه‌و پرسیاره له‌خۆى بکه‌یت».
هاوڵاتى: دۆخى گشتى گۆڕان دواى هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌ڕاندن چۆنه؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: دواى هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندن ئێستا ئێمه لهخۆرێکخستنهوهداین، خۆمان ئاماده‌ده‌که‌ین بۆ کۆنفرانسى نیشتمانى و شه‌ش لیژنه دانراون و شه‌ش که‌س سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، که‌تایبه‌تن به(ژووره‌کان، ده‌ستور، به‌رنامه‌ى سیاسى، هه‌ڵسه‌نگاندن، میدیا) بۆ ئه‌وه‌ى خۆمان ئاماده‌بکه‌ین بۆ کۆنفرانسى نیشتمانى پرس و را به‌هه‌موو هه‌ڵسوڕاوان لهمهکۆو بازنه‌و باژێروانه‌کان ده‌که‌ین له‌سێ مانگى داهاتوودا کۆنفرانسى نیشتمانى ببه‌ستین.
له‌ئێستادا خۆمان خه‌ریکى خۆرێکخستنهوهین له‌سه‌ر ئاستى شاره‌کان و باژێروانه‌کان و پڕکردنه‌وه‌ى شوێنه‌کان که به‌تاڵه زائیده‌ن پڕکردنه‌وه‌ى ژووره‌کان.
بڕیارێکمان داوه له‌ناو خانه‌ى راپه‌ڕاندن یه‌ک کارى پێکه‌وه‌یى بکه‌ین و به‌جۆرێک لههارمۆنى به راوێژ پرسه‌کان یه‌کلایبکه‌ینه‌وه.
ئێستا په‌یڕه‌وى ناوخۆى خانه‌ى راپه‌ڕاندن ئاماده‌یه‌و ئیشى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، پلانه‌که‌مان به‌هه‌موو دامه‌زراوه‌کانى گۆران ئه‌وه‌یه که‌هه‌موو ژوورێک په‌یڕه‌وى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ناو دامه‌زراوه‌ى گۆڕان به‌هێز بکات.
هاوڵاتى: واتا خانه‌ى راپه‌ڕاندن په‌یڕه‌وى خۆى ده‌بێت و جڤاتى گشتى و نیشتمانى و هه‌موو ژووره‌کان؟ ئه‌مه به‌ریه‌ککه‌وتن دروست ناکات؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: جڤاتى گشتى و نیشتمانى و هه‌موو ژووره‌کان په‌یڕه‌وى خۆیان ده‌بێت، بۆ نمونه په‌یڕه‌وى خۆم ده‌بێت و ده‌بێت بزانم چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژووره جیاوازه‌کانى گۆڕاندا ده‌که‌م، سکرتێرى ژووره‌کانیش ئه‌م پێکه‌وه‌ییه له پهیڕهوهکهیاندا ده‌بێت و ئاماژه‌ى پێده‌دات، به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێمه‌وه بۆ دکتۆر ده‌رباز که ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و به‌رپرسه له‌ژووره‌کان، ده‌توانم له‌گه‌ڵ ژووره‌کان گقتوگۆ بکه‌م.
وه‌ک ئه‌ندامێکى خانه‌ى راپه‌ڕاندن تایبه‌ت به‌کاروبارى باژێروانه‌کان پلانى دوو ساڵیم ده‌بێت، حه‌قه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان لێپرسینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ بکات بڵێت پلانێکت دانا‌و هیچت جێبه‌جێ نه‌کردو حه‌ق نییه بیرله‌وه بکه‌یته‌وه له‌م شوێنه‌دا بمێنیته‌وه، ئه‌مه مهبدهئى دامه‌زراوه‌یه که په‌یڕه‌وو پلان و پاداشت و سزا هه‌بێت.
هاوڵاتى: پاداشت و سزا جێبه‌جێ ده‌که‌ن له‌ناو گۆڕاندا؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: جا ئه‌گه‌ر نه‌یکه‌ین گۆڕان دامه‌زراوه نییه، له‌ماوه‌ى رابردوودا شتێکى زۆر که‌م پاداشت و سزا هه‌بووه‌و هه‌ندێکیشى به‌شێوازى دامه‌زراوه‌یى نه‌بوبێت
هاوڵاتى: جڤاتى نیشتمانى ماوه‌ى یاسایى به‌سه‌رچووبوو که خانه‌ى راپه‌ڕاندن هه‌ڵبژاردنى بۆ کرا، ئه‌مه کفرى یاسایى نه‌بووه گۆڕان پێى هه‌ستاوه؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: کاک عومه‌ر سه‌ید عه‌لى له‌هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کان ئه‌وه‌ى روونکردۆته‌وه که راسته ئێمه هه‌موو دامه‌زراوه‌کانى گۆڕان شه‌رعییه‌تى نه‌مابوو، ده‌بوایه هه‌ڵبژاردنى ناوخۆمان بکردایه‌و به‌رپرسى ژووره‌کانمان دابنایه‌و خه‌ڵکمان ببردایه بۆ به‌رده‌م جڤاتى نیشتمانى، ئه‌و ره‌خنه‌یه زۆر به‌جێیه‌و ماقوله، به‌ڵام پێویستمان به‌وه‌بوو ده‌ستوور بگۆڕین کێشه‌و که‌موکووڕى تێدایه، ئه‌م خه‌له‌لانه واده‌کات ئه‌م ده‌ستوره‌ى ئێستا پێویستى بهههموارکردنهوهو ده‌ستکارى کردن هه‌یه، تادهستکارى نه‌که‌ین ناتوانین ژووره‌کان رێکبخه‌ینه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنى جڤاتى نیشتمانى بکه‌ین، ئێمه له‌ده‌مه ده‌مى ئه‌وه‌داین کۆنفرانسى نیشتمانى بکه‌ین و ده‌ستوور هه‌موار بکه‌ین، ده‌بێت قیاده‌یه‌ک هه‌بێت سه‌رکردایه‌تى بکات ئه‌ویش خانه‌ى راپه‌ڕاندنه بۆیه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه کرا.
هاوڵاتى: به‌شێک له‌یه‌کێتى گله‌یى له‌کابینه‌ى نۆیه‌م هه‌یه له‌سه‌ر نه‌بوونى ده‌سه‌ڵات، ئێوه‌ش هه‌مان تێبینى و گلهیتان هه‌یه وه‌ک گۆڕان؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: خانه‌ى گۆڕان تازه‌یه‌و مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌کان زۆر نییه، راسته دێته‌وه بۆ ناو خانه‌ى راپه‌ڕاندن، به‌ڵام ته‌قیم کردنى حکومه‌ت بۆ دوو مانگ زووه، نه‌مبیستووه وه‌زیره‌کان بڵێن ده‌سه‌ڵاتمان نییه، وه‌زیر ده‌بێت خۆى ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت و ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌به‌رنامه‌ى چاک بسه‌پێنێت.
به‌پێى ئه‌و رێکه‌وتنه سیاسه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى کردومانه سه‌قفى زه‌مه‌نیمان بۆ کاره‌کان داناوه، له شه‌ش مانگ تا ساڵێک.
بزانین خه‌ت و خاڵى ئه‌وه‌ى ئێمه ده‌مانه‌وێت له چاکسازى ده‌رده‌که‌وێت، له‌شه‌ش مانگى یه‌که‌مدا، ئه‌گه‌ر لهساڵێکیشدا ده‌رنه‌که‌وت ئه‌وکاته ئێمه هه‌ڵوێست و قسه‌مان ده‌بێت، ئه‌وکاته ئه‌گه‌ر نه‌کرا پێیان ده‌ڵێین چاکسازیتان نه‌کردووه و پێتان ناکرێت، قسه‌ى خۆمان نه‌بێت رێکه‌وتنه‌که ده‌بێته شتێکى بێ‌مانا.
بۆخۆم له‌گه‌ڵ چونه ناو حکومه‌ت نه‌بووم، به‌ڵام رێزم له بڕیاره‌که‌ى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان گرتووه، به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ى خراپ بوو به‌رپرسیارێتى هه‌ڵناگرم نه‌ک من خه‌ڵدى دیکه‌ش هه‌ڵیناگرێت.
له‌ماوه‌ی ساڵێکدا ئه‌گه‌ر حکومه‌ت له‌سه‌دا 20 یان 30 چاکسازى کردبوو بۆ ئه‌وه‌ى هیوایه‌کمان هه‌بێت بۆ سێ ساڵى دواى ئه‌وه پشتیوانى حکومه‌ته‌که ده‌که‌ین.
هاوڵاتى: دانانى راوێژکارو به‌رێوه‌به‌رى گشتى و چوار وه‌کیل وه‌زیرى گۆڕان که ئیستحقاقى گۆڕانه یه‌کلاییکراوه‌ته‌وه؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: بەنیسبه‌ت منه‌وه دره‌نگه، چونکه که‌متر له مانگێکه ده‌ستبه‌کاربووین، له‌شارو ژووره‌کان خه‌ڵک خۆى کاندید کردووه‌و چونه‌ته ژورى حکومه‌ت و په‌رله‌مان و لیژنه‌یه‌ک دیارى کراوه لهپارتى و گۆڕان که له‌سه‌دا 12ى پۆسته‌کان وه‌رده‌گرین و رێکخه‌رى گشتى گۆڕان ته‌خویل کراوه بۆ ئه‌و کاره له‌رێگه‌ى جڤاتى نیشتمانییه‌وه و پشکى شاره‌کان دیارى کراوه‌و تهقیمى بۆ کراوه، من که هاتووم ئه‌و پرۆسه‌یه ته‌واو بووه‌و له‌ده‌ستى من ده‌رچووه و هه‌مووى رۆشتووه.
خۆتان ده‌زانن ئه‌م وڵاته چۆنه، خه‌ڵێکى زۆر داواى کردووه‌و خۆیان به موسته‌حه‌ق ده‌زانن پۆسته‌کانیش زۆر دیارى کراون و به‌ر هه‌موو ئه‌و که‌سانه ناکه‌وێت که داوایان پێشکه‌شکردووه.
هاوڵاتى: ترس لهخۆپشاندهکانى به‌غدا نییه بگوازرێته‌وه بۆ هه‌رێمى کوردستان که‌هه‌مان داواکارى هه‌یه؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ئه‌وه کارتێکى زۆر چاکه، ئه‌مه پیشانى پارتى و یه‌کێتى ده‌درێت چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌م داواکاریانه جێبه‌جێ نه‌کرێت که له‌سه‌ره‌تادا داواکان خزمه‌تگوزارى و هه‌لى کار‌و نانه، دواتر ده‌گۆڕێت به داواکارى سیاسى، که بوو به‌داواکارى سیاسى ئه‌مه وهرچهرخانهکهیه، له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رى قورسدایت.
پێویسته پارتى و یه‌کێتى ئه‌مه باش بخوێننه‌وه‌و گۆڕانیش به‌هه‌مان شێوه، ئه‌مه جهرهسێکه و له‌وانه‌یه پرۆسه‌ى چاکسازى خێراتر بکات، حه‌قیشه یه‌کێتى و پارتى و گۆڕانیش ده‌رسى لێوه‌ربگرن.
هاوڵاتى: کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا (چیا، نما) رۆڵیان چییه له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: له‌وه‌تى بووم به ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا ته‌ده‌خولى کاره‌کانى خانه‌یان نه‌کردووه، ئه‌وه‌ى هه‌ستى پێده‌که‌م پشتیوانى بزوتنه‌وه‌که ده‌که‌ن وه‌کو هه‌ڵسوڕاوێکى گۆڕان، وه‌کو هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێکى دیکه مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه پێشنیار بکه‌ن و پڕۆژه‌یان هه‌بێت و حه‌قى ئه‌وه‌شیان هه‌یه کاندیدیان هه‌بێت بۆ پۆسته‌کان، زۆر ته‌بیعییه ئه‌وانه هه‌ڵسوڕاون ببن به به‌رپرسى ژوور ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى و ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێکخه‌رى گشتى به‌پێى پله‌به‌ندى رێکخستن له‌ناو گۆڕاندا به‌م زنجیره‌یه بڕۆن و بێنه سه‌ره‌وه ئاساییه.
هاوڵاتى: باس له‌وه ده‌کرێت کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ک رێکخه‌رى سێبه‌ر وان به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌وه، ئه‌وه‌ى ئه‌وان به‌دڵنیان نه‌بێت ناکرێت؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: تێڕوانینى جیاواز هه‌یه بۆ ئه‌و مه‌وزوعه، له‌چوارچێوه‌ى بزوتتنهوهى گۆڕان وه‌ک کارى رێکخراوه‌یى مافى خۆیانه‌و شتێکى سروشتییه، به‌ده‌ر له‌وه کاک عومه‌رى سه‌ید عه‌لى وه‌ک رێکخه‌رى گشتى لێى به‌رپرسه، ئه‌گه‌ر کاک عومه‌ر لێى رازى بێت رێکخه‌ری سێبه‌ر هه‌بێت ده‌بێت ئه‌و پرسیاره له‌خۆى بکه‌یت.
هاوڵاتى: واتا ئه‌گه‌ر رێکخه‌رى سێبه‌ر هه‌بێت لاوازى عومه‌ر سه‌ید عه‌لی-یه؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: کاک عومه‌ر ئه‌وه قبوڵ ناکات
هاوڵاتى: چوار رێکهوتنتان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى هه‌بووه، چیتان کردووه بۆ زیندوکردنه‌وه‌یان، ئایا موبادهرى نوێتان هه‌یه بۆیان؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ده‌بێت پرسیار له‌یه‌کێتى بکه‌یت چوار ئیتفاقیهو رێکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى هه‌یه له‌چوار کاتى جیاواز‌و له‌سه‌ر چوار ئاست هیچى جێبه‌جێ نه‌بووه.
کاک نه‌وشیروان وتى عیبره‌ت له‌جێبه‌جێکردنیدا هه‌یه، له رێکه‌وتنى ده‌باشان و شارى جوان یه‌ک به‌ندى جێبه‌جێ نه‌کراوه، ئه‌و رێکه‌وتنه ئه‌گه‌ر هه‌ندێ بڕگه‌ى یاسایى تێبکه‌یت و هه‌ندێکى لێ لاببه‌یت وه‌ک پرۆژه‌یه‌کى گرنگ وایه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات، ئێ یه‌کێتى له‌ناو یه‌کدا ناکۆک بوون له‌سه‌ر رێکه‌وتنه‌کان، هه‌ندێکیان به‌ئاشکرا وتیان له‌گه‌ڵیدانین، به‌شێکى دیکه‌یان له‌ژێره‌وه له‌گه‌ڵیدا نه‌بوون و موئامه‌ره‌یان له‌سه‌ر رێکه‌وتنه‌که کرد، ئێستاش کۆک نین که چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و ئه‌و رێکهوتنانهدا بکرێت.
ئێمه بڕیارى خانه‌ى راپه‌ڕاندنمان هه‌یه په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کان باش ده‌که‌ینه‌وه، بۆچى ئێمه له‌په‌رله‌مان دابنیشین و له‌حکومه‌ت پێکه‌وه بین وڵات به‌ڕێوه ببەین بۆ په‌یوه‌ندییه‌کان ئاسایى نه‌که‌ینه‌وه، بۆ یه‌کترى قبوڵ نه‌که‌ین و له‌یه‌کترى نه‌بوورین، ئه‌مه چه‌مکێکى زۆر مرۆڤایه‌تییه.
ئێمه له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌کێتى و پارته ئیسلامییه‌کان خاڵى هاوبه‌شمان هه‌یه‌و مه‌هامى گه‌وره‌ى ئه‌مڕۆو سبه‌ینێمان هه‌یه، دنیابینى گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌کێتى زۆر جیاوازه، به‌ڵام ده‌بێت یه‌کترى قبوڵ بکه‌ین.
چاره‌سه‌ره‌که ئه‌وه‌یه پێکه‌وه دابنیشین و له‌یه‌کترى تێبگه‌ین و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، تائێستا موبادهرهیهکى روون نییه، به‌ڵام موفاتهحهو موبادره ده‌بێت، فۆرمه‌که‌ى نازانم چۆنه.
هاوڵاتى: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان کار له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى که هه‌ر پارێزگایه‌ک بازنه‌ى خۆى هه‌بێت؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: بۆچوونم وایه به‌پێى گه‌وره‌یى شاره‌کان پشکى پارێزگاکان کورسییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شبکرێت، به‌ته‌ئکید ده‌بێت هه‌وڵى بۆ بده‌ین، له‌په‌رله‌مان چۆن ده‌که‌وێته‌وه نازانم.
ئه‌م یاسایه‌ى ئێستا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان نادادپه‌روه‌رى تێدایه، ده‌نگه زۆره‌کانى پارتى له بادینان ته‌حه‌کوم به‌په‌رله‌مانه‌وه بکات، ته‌حه‌کوم به سلێمانى و هه‌ولێره‌وه بکات، ده‌بێت هه‌موو حزبه‌کان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتى بکه‌ن که ئه‌م یاساى هه‌ڵبژاردنه‌ى ئێستا نادادییه‌و له‌خانه‌ى راپه‌ڕاندن ئه‌مه قسه‌م ده‌بێت.
هاوڵاتى: محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم بهتەواوى وازى لهبزووتنهوهى گۆڕان هێناوه؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ده‌ستى له‌خانه‌ى راپه‌راندن کێشاوه‌ته‌وه، ئه‌و خۆى هه‌ر له‌له‌نده‌ن ده‌ژى و بنه‌ى له‌سلێمانى هه‌بووه، ئێستا چۆته‌وه بۆ ئیسراحه‌ت ؟
هاوڵاتى: عوسمانى حاجى مه‌حمود و قادر حاجى عه‌لى ئاشت ده‌که‌نه‌وه یان ئه‌وان وازیان هێناوه‌و نایه‌نه‌وه ناو گۆڕان؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ئه‌وانه هاوڕێى نزیکى ئێمه‌ن و سه‌رکرده‌ى منیش بوون، هه‌ردووکیان دوو پیاوى دڵسۆزى گۆڕان بوون و ده‌بێت گۆڕان سوپاسیان بکات که‌ئه‌و ماوه‌یه ئیشیان بۆ بزووتنه‌وه‌که کردووه، ئێستا قه‌ناعه‌تیان به بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌ماوه‌و ده‌ڵێن گۆڕان نین و ده‌بێت رێز له‌و بڕیاره‌ى ئه‌وان بگرین.