«منداڵە شەڕفرۆشەکە» ترەمپی چاوبەست کرد

وردەکاری تەلەفۆنەکەی ترەمپ و ئەردۆغان

تەلەفۆنەکەی ترەمپ و ئەردۆغان

5 ساڵ لەمەوپێش




راپۆرتی: نیوز ویک

وەرگێرانی: کاکەلاو عەبدوڵا

دۆناڵد ترەمپ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە «هەڵخەلەتێنرا» لەپەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، بەپێی وتەی سەرچاویەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە زانیاری راستەوخۆی هەیە لەسەر پەیوەندییەکە.

لەپەیوەندییەکی تەلەفونی وادە بۆدانراودا لەدوانیوەڕۆی یەکشەممەی رابردوو لەنێوان ترەمپ و ئەردۆغاندا، سەرۆکی ئەمریکا بەهاوتا تورکیەکەی وت هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا دەکشێنێتەوە. کاتی پەیوەندییە تەلەفونییەکە دوای ئەوە هات کەتورکیا رایگەیاند لەپلانیدایە باکوری سوریا داگیربکات و چەند کاتژمیرێکیش دوای ئەوەی ئەردۆغان یەکەکانی سوپای توندوتۆڵ کرد لەسەر سنوری تورکیا-سوریا و بەهێزترین هەڕەشەی کرد لە پەلاماردانێکی سەربازی، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە بۆ «نیوز ویک»دوا بەو مەرجەی ناوی نەهێرێت.

کشانەوەی ئەمریکا تۆپەکە دەخاتە یاریگای گروپی خەلافەتی ئیسلامی، دیمەشق، مۆسکۆ، لەگەڵ ئەمەشدا بەیاننامەکەی واشنتن تەنانەت وەزارەتی بەرگری ترەمپیشی تووشی «شۆکی تەواوەتی کرد»، بەرپرسەکانی پنتاگۆن وایان وت.

«بەدڵنیاییەوە سەرۆک ترەمپ هەڵخەڵەتێنراو تەنها کشانەوەی سەربازەکانی پەسەندکرد بۆ ئەوەی وا دەریبخات کە ئێمە شتێک بەدەستدەهێنین، بەڵام هیچ بەدەستناهێنین»، بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وای وت. «ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا چووەتە نێو حاڵەتێکی مەترسیداری گەوەرەوە بۆ چەند دەیەیەکی داهاتوو لەبەرئەوەی  سەرۆک بوێری نییەو ئەوەش قسەی کۆتاییە».

هەمان سەرچاوە بە «نیوزویک»ی وت کەسەرسوڕهێنەر نابێت ئەگەر پەلاماری تورکیا لە ٢٤ بۆ ٩٦ کاتژمێری داهاتوو ببینین.

لەمێژە تورکیا چەکدارە کوردەکانی سوریا بەتیرۆریست ناوزەند دەکات سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا هاوکاری دارایی و چەکداری پێشکەشدەکرد بۆ شەڕی دژی داعش. جەنگێک لەگەڵ سوپای تورکیا رەنگه کوردەکان ناچار بکات بچنە ئامێزی بەشار ئەسەدەوەو دواتریش هاوپەیمانی پێکبهێنن لەگەڵ روسیا و ئێران، ئەو دوو نەیارە سەرسەختانەی ئەمریکا کەهێزیان لەسوریا هەیە.

کۆشکی سپی لە درەنگانی یەکشەممەی رابردوودا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند تورکیا بەمزووانە باکوری سوریا داگیردەکات، بەڵام هەم وەزارەتی بەرگری و هەم ترەمپ خۆشی لەتویتەر دووشەممەی رابردوو وتیان بەڕوونی تورکیایان ئاگادارکردووەتەوە ئۆپەراسیۆن بۆ نێو باکوری سوریا پەسەند ناکەن.

«ئەگەر تورکیا هەر شتێک بکات، کە بەلێکدانەوەی دانایانەی بێ هاوتاو مەزنی من لە سنوور دەرچوون بێت ئەوا بەتەواوی ئابوری تورکیا تێکدەشکێنم و لەناویدەبەم»، لەتویتێکدا ترەمپ ئەمەی وت. «ئەوان دەبێت لەگەڵ ئەوروپاو ئەوانی دیکە چاودێری دیلە داعشەکان و خێزانەکانیان بکەن».

بەپێی وتەی بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کەگوێی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکە بووە، ترەمپ هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیای پەسەند نەکردووە دژی هێزە کوردییەکان، بەڵام هەڕەشەشی نەکردووە بە سەپاندنی سزای ئابوری لەکاتی پەیوەندییەکەدا ئەگەر تورکیا بڕیاربدات ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات.

لەبەیاننامەیەکدا، ستیفانی گریشام، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی، «هێزەکانی ئەمریکا پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن و بەشداریش ناکەن، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا، بەوپێیەی خەلافەتی ئیسلامی تێکشکاوە، چیتر لەناوچەکەدا نامێنن».

رۆژنامەی «نیویۆرک تایمز» لە راپۆرتێکیدا دووشەممەی رابردوو بڵاویکردەوە نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ سەربازی ئەمریکی لەباکوری سوریا دەکشێنەوە بەڵام نەک بەتەواوی لەوڵاتەکە بڕۆن. «نیوز ویک» راپۆرتەکەی «تایمز»ی پشتڕاستکردەوە بەڵام بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش وتی ژمارەکە نزیکە لە ٢٣٠ سەرباز کەهێزە تایبەتییەکان و یەکە هەواڵگریەکانیشی تێدایە.

هەروەها «تایمز» ئەوەشی بڵاوکردەوە  چەند شایەتێک شایەتحاڵی هێزەکانی ئەمریکا بوون کشاونەتەوە لە دوو پێگەی چاودێری لەگرێ سپی و سەرێکانی لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا. دووشەممەی رابردوو «نیوزویک» ئەمەشی پشتڕاستکردەوە بەو پێیەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری پێی راگەیاندین هێزەکانی ئەمریکا بەنزیکەیی لەسەدا ٩٠% تەواوبوون لەکشانەوەکە.

یەکێک لەکێشە سەرەکییەکانی نێوان دوو سەرکردە جیهانییەکە لە پەیوەندییەکەدا دەربارەی ٢٠٠٠ سەربازی دەستبەسەرکراوی خەلافەتی ئیسلامی بوو کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە راگیراون لەزینداندا.

بەپێی بەیاننامەکەی کۆشکی سپی و وتەی بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، ترەمپ بە ئەردۆغانی وتووە هیچ پەیوەندی بەزیندانییەکانی داعشەوە نییەو ئەردۆغانیش پێی وتووە کەئەو زیندانییانە لەخۆدەگرێت.

«هەندێک لە بەندکراوە داعشەکان دواجار لەسەروبەندی ئاژاوەکەدا ئازاددەبن و لەو ناوچەیە دەمێننەوە یان دەچنە شوێنی تر تا بەشداری بکەن لەشەڕدا»، بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش گومانی کرد ئەوە رووبدات.

بەیاننامەکەی یەکشەممەی کۆشکی سپی گلەیی و بێزاری ترەمپیشی دەربڕی سەبارەت بەوەی چۆن وڵاتەکانی تری ناتۆ مامەڵەیان لەگەڵ شەڕکەرە دیلەکانی داعش کردووە. بەیاننامەکە ناوی «فەرەنسا، ئەڵمانیاو وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپا›› دەهێنێت «بۆ رەتکردنەوەی وەرگرتنی هاوڵاتییەکانی خۆیان کە چووبونە نێو داعشەوە».

بەرپرسەکەی ئەجومەنی ئاسایش وتی ناتوانێت قسە بکات سەبارەت بەوەی فەرماندەکان و جەنەراڵەکانی ترەمپ پلانی چی دادەنێن بەڵام ئاشکرای کرد کەچاوەڕێی هیچ شتێکی بەدەر لە پێوانەی عادەتی ناکات، چونکە وەزارەتی بەرگری پەیڕەوی فەرمانەکان دەکات بەزانیاری یان بێ زانیاری گشتگیرەوە.

ئەگەر ئەمریکا دەرچوونی رەتبکردایتەوە لەئاسۆی جەنگی تورکیا، ئەوا بژاردەکانی تەنها مەترسی پێکدادان نەبوو لەگەڵ سوپای وڵاتەکانی دیکە، بەڵکو فشار خستنەسەر ئابووری تورکیاش دەبوو، بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش پێیوابوو.

بەڵام ئەمریکا بڕیاریدا کە نەمێنێتەوە بۆ پاراستنی هێزە کوردییەکان دژی پەلاماری تورکیا ئەمەش وەک بەشێک لە «سیاسەتی یەکەمجار ئەمریکا»ی ترەمپ و دیدگا لەمێژینەکانی دەربارەی جەنگ کەخراپە بۆ بازرگانی، بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش وای وت.

لەیەکشەممەی رابردوودا، ئەردۆغان یەکەکانی سوپای توندوتۆڵ کرد لەسەر سنوری تورکیا-سوریا دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی بەهێزترین هەڕەشەی لە ناردنی سەربازانی تورکی بۆ سەر سنورو نێو «ناوچەی ئارام»، لەنێوان رووباری دیجلە و فورات.

ناوچەی ئارام - کە هەندێک جار پێی دەوترێت رێڕەوی ئاشتی - بۆ ئەوە دامەزرا تا رێ لەتورکیا بگرێت داگیرکارییەکی دیکە ئەنجامنەدات لەباکوری سوریا. ئەمریکا لەمێژە خەریکی دامەزراندنی  ناوچەیەکی لەچەکداماڵراوی بەپێزە تەنانەت پێش رازیبونی ترەمپ بەپلانە سەربازییەکانی تورکیا.

بەپێی وتەی بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش ئەگەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ووینەدابا، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیتوانی بەردوامبایە لەبەرەوپێشبردنی ناوچە ئارامەکە لەسنوری سوریا-تورکیا.

«ئەگەر راستگۆ بم لەگەڵت، باشتردەبێت بۆ ئەمریکا پاڵپشتی نەتەوەی کورد بکات لەسەرتاسەری تورکیا، سوریا، عێراق. ئەو پاڵپشتییە دەبێتە ئیسرائیلێکی دیکە لەناوچەکەدا».

هەر ئەم کارەساتەی ئێستاکەی سیاسەتی دەرەوە بوو کە وای لە وەزیری پێشووی ترەمپ، جەیمس ماتیس،  کرد دەست لەکاربکێشێتەوە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا کتوپڕ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دەرکرد لەکانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە سوریا. ماتیس دواهەمینی جەنەڕالەکان بوو کە بەکەسێکی «پیگەشتوو» دادەنرا لەئیدارەکەی ترەمپدا.

لەکانونی دووەمی ٢٠١٩ بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری بە «نیوزویک››ی راگەیاند هیچ لەجەنەڕاڵەکانی ئەمریکا رازینەبوون بەبڕیاری کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لەسوریا، چونکە بەرپرسانی پینتاگۆن ترسی ئەوەیان هەبووە ئەو کشانەوەیە داعش هەڵبستێنێتەوە بەهەمان شێوەی هەژموونی لەسەرخۆی تاڵیبان لەئەفغانستان.

لەهەمان مانگدا  بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە «نیوزویک»یان وت فەرمانی ترەمپ بۆ کشانەوەی لەناکاوی هێزەکان رەنگە ستراتیجیەتی هاوپەیمانی ئەمریکا لاوازبکات لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکان، روسیاو ئێران دەستکراوەتربن بۆ دامەزراندنەوەی پێگەیەکی بەهێزی سەربازی لەناوچەکەدا، هەروەها جێهێشتنی چەکدارانی کوردی بەلاوازی تا خاپور بکرێن لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکییەوە.

کشانەوەیەکی تەواو ەنگە دەستبەرداربوونیش بێت لەپێگەیەکی هەرێمی گرنگ کەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە لەناوچەکەدا، لەوانە بەرژەوەندییەکانی هاوپیەیمانانی وەک ئیسرائیل و بەجۆرێک لەجۆرەکانیش، ئەردەن.

بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەکۆتاییدا تورکیای بە «منداڵێکی شەڕفرۆش» ناوزەند کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار