ترەمپ باجێکی سیاسی دەدات لەبەرامبەر ناپاکی لەکوردەکان
تاکە روونکردنەوەی فرۆشتنە زەقەکەی کوردەکانە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
وتاری شیکاری:
ستیڤن براین لەپێگەی ئاسیا تایم
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
لەئەوروپاو ئەمریکا هەنگاوەکەی ترەمپ ئیدانە دەکرێت بەسەرکردایەتی لیندزی گراهامی سیناتۆری کۆمارییەکان و نیکی هەیڵی سیاسەتمەداری دیاری کۆمارییەکان. گراهام دەڵێت پڕۆژەیاسایەک پێشکەش دەکات لەئەنجومەنی پیران کە وادەردەکەوێت پاڵپشتییەکەی بەهێزی هەردوو پارت کۆبکاتەوە. بەڵام گرنگ نییە چونکە پرۆژەیاسای ئەنجومەنی پیران سەرۆک نابەستێتەوە.
لەڕاستیدا یەکێک لەئامانجەکانی تۆمەتبارکردن (پرۆسەی تۆمەتبارکردنی بەرپرسێکی باڵا کەئەگەر تۆمەتەکان بەسەریدا ساغ بویەوە پۆستەکەی لێدەسەنرێتەوە) بۆ ئەوەیە پرۆژەیاسای لەم جۆرە باس بکرێت تێیدا بەڵام سیستەمی تۆمەتباری کەسانی باڵا لەئەمریکا بەتەواوی گرنگی دەدات بەکێشە سیاسییە ناوخۆییەکان. هەرچەندە ترەمپ لەئێستادا تۆمەتبارە بەەوەی داوای لە ئۆکرانیا کردووە تا لێکۆڵینەوە بکات لەکێشەیەک پەیوەدندیدار بەجێگری سەرۆکی پێشوو جۆ بایدن و کوڕەکەی، بەڵام ئەوە ئۆکرانیا نییە لەم بابەتەدا گرنگە، بەڵکو ئاماژە تۆمەتبارکردنە سیاسییە ناوخۆییەکانە و ئەو راستییەی کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پشتگیری لێدەکرێت و ترسی ئەوەیان هەیە هەڵبژاردنی داهاتوو لەبەرامبەر ترەمپ بدۆڕێنن.
ئایا کشانەوەی ئەمریکا دەچێتە بازنەی سەرپێچیکردنەوە تا بەتۆمەت هەژمار بکرێت؟ لەڕووی یاساییەوە، نەخێر، لەبەرئەوەی ئەمریکا رێککەوتنی سەر کاغەزی نییە لەگەڵ کوردەکان کە بڵێت دەبێت بەرگریان لێبکات. هیچ پەیماننامەیەکی ئەمریکی-کوردستانی بوونی نییە (بەڵام نەتەوەی کورد وڵاتیان نییە بۆیە پەیماننامە ئەگەر نییە)و هیچ رێککەوتنێکی نوسراو نییە لەگەڵ سەرکردە کوردەکان. لەڕاستیدا، ئەوەی هەبووە تەنها چەند کارێک بووە ئەمریکا لە ئەستۆی گرتووە بەناوی کوردەکانەوە. بەشێوەیەکی سروشتی، ناتوانین بەڵێنی دەمی بخەینە دەرەوەی بازنەکە کە دراوە بەسەرکردە کوردەکان بەڵام بناغەی یاسایی بۆ ئەم بەڵێنانە ئەرکێکی لێپرسراویەتی یاسایی لەخۆناگرن.
بەڵام ئەوە سەرپێچییەکی سیاسییە کە لێکەوتەی فراوان و گەورەی دەبێت لەسەر ئاشتی جیهانی.
ترەمپ پێشتر هەوڵیدا بەنیوەیی لەڕێککەوتنەکەی بکشێتەوە تا رێ بۆ سوپای تورکیا خۆشبکات باکوری سوریا داگیربکات. دوای راگەیەندراوی سەرەتا، ترەمپ لەتویتێکدا وتی «وەک پێشتر وتومە ئەگەر تورکیا هەر شتێک بکات، کە بەلێکدانەوەی دانایانەی بێ هاوتاو مەزنی من لە سنوور دەرچوون بێت ئەوا بەتەواوی ئابوری تورکیا تێکدەشکێنم و لەناوی دەبەم». پیناچێت تورکیا هیچ رێنماییەکی تر جگە لەمە بداتە سوپاکەی، وتەکەی ترەمپ خۆشی رێککەوتنەکەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا هەڵناوەشێنێتەوە کەداگیرکردنی باکوری سوریایە یان فەرامۆشکردنی کوردەکانە.
کارەکەی ترەمپ نەدەبوو بۆ کەس شۆکهێنەربایە. ئەو دەیویست لە ئەفغانستان بکشێتەوەو دەستی یارمەتیشی بۆ سعودیە درێژ نەکرد دوای ئەوەی دامەزراوە نەوتییەکانی لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان کرایەسەر کە بەدڵی وڵاتەکە دادەنرێن.
ترەمپ بێ جووڵە بووە لەکاتێکدا ئێران دەسەڵاتی فراوانکردووە لە یەمەن، عێراق، لوبنان، سوریا. هیچ شتێکی نەکردووە دەربارەی ناردنی لێشاوی هاوکاری سەربازی بۆ حزبوڵا یان رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە. لەکاتێکدا ترەمپ سزاکانی تووندتر دەکردەوە بۆ سەر ئێران، هەموان دەزانن کە ئەو سزایانە هەناردەی نەوتی ئێرانیان رانەگرتووە بۆ چین یان وڵاتەکانی تر، بەسوریاشەوە، هەروەها ناردنی چەکی روسی، چینی، کۆریای باکوریشیان نەوەستاندووە کە دەگاتە دەستی ئێرانییەکان. لەڕاستیدا هەندێک هۆکار هەیە تا باوەڕ بەوە بکەین وڵاتە ئەوروپییەکان بەشدارن لەفراوانخوازی سەربازی ئێران. ئەگەر کێشەکە بەدروستی لێی بکۆڵرێتەوە ئەوا رەنگە ئەوە دەرکەوێت تەکنەلۆجیای ئەتۆمی ئەوروپی بەکارهێنراوە بۆ پشتیوانیکردنی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی ئێران. (ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و نەتەوەیەکگرتووەکان پەردەیان داوە بەسەر سەرچاوەی کەلوپەلی رۆژئاوا بۆ ئێران).
ئەمریکا دەبێت ئاگاداربێت لەوەی سعودیە بڕوایوایە وەلانراوەو بەجێهێڵراوەو لەهەوڵی ئەوەدایە دانوستان لەگەڵ ئێران بکاتەوە. زۆری پێناچێت سعودیەکان رووبکەنەوە روسیا بۆ داوای یارمەتی، لەبەرئەوەی روسیەکان پردێکی سیاسین بۆ ئێرانییەکان. ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی روسیا پێشتر بیرۆکەی فرۆشتنی سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی پێشکەشی سعودیە کرد. دەگونجێت ئۆڤەری زیاتریان پێشکەشبکات بەئامانجی ئەوەی ئەمریکا دەربکات لەهەرێمی کەنداوی فارس.
ئاماژەکانی ترەمپ روون و راشکاون لەسەر ئەم بابەتە. وەک ئەوەی بەمیدیاکانی وت دوای هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، کە ئەمریکا سەربەخۆیە لەوزەدا. بەواتایەکی تر، هێرشەکە بۆ ئەمریکا گرنگ نییە. ئەو جەنگ بەو جۆرە نابینێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لێدان بێت لەبەرژەوەندی ئەمریکا، ئەو راستییەی کە دووپاتی کردەوە لە تویتێکیدا سەبارەت بە بڕیارەکەی لەسەر کێشەی کورد.
رووسیاش سەربەخۆیە لەوزەدا بەڵام مۆسکۆ سوودی گەورەی ئابوری، سیاسی، ستراتیجی دەبینێت لە قایلکردنی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەرەو لای ئەم بێن.
نابێت هیچ گومانێک هەبێت کە ئەوەی بەرامبەر کورد کرا ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەیە بۆ حکومەتە هاوپەیمانەکان کەپشتبەستن بەدەسەڵاتی سەربازی ئەمریکا یارییەکی دۆڕاوە.
لەهەنگاوێکی سەرسووڕهێنەردا، بەرپرسانی کۆریای باکور کشانەوە لە کۆبوونەوەی ستۆکهۆڵم؛ بۆچی؟ تۆ بڵێی لەبەرئەوە بێت کەدیکتاتۆری کۆریای باکور، کیم جۆنگ ئون، لێکدانەوەی ئەوەی کردبێت ترەمپ بۆ ماوەیەکی درێژ سەرۆک نابێت، بڕواکردن بەهەر بەڵێنێکی کە دەیدات هەڵەیەکی ئازاربەخش بێت؟
بەدڵنیاییەوە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ فەرامۆشکردنی کوردەکان سەردەکێشێت بۆ کوشتارییەکی زۆرو هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەئیسرائیل، کە لەئێستادا لە قەیرانی هەڵبژاردندایە، کشانەوەی ئەمریکا ئاماژەیەکی خراپە و کاردەکاتە سەر ئاسایشی وڵاتە جووەکە بەشێوەیەکی نەرێنیانە. پێدەچێت وا لەسەرکردەی هەموو بەرەکانی ئیسرائیل بکات کە ئەمریکا وەک «ئەمریکای لاواز ببینن» نەک «ئەمریکای بەهێز». رەنگە دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ لاوازتر بێت بەبڕیارەکانی ترەمپ لەسەر سعودیەو کوردەکان وەک لەوەی بەو تۆمەتانەی لەسەریەتی لەسەر گەندەڵی. ئەنجامەکە هەرچییەک بێت، ئیسرائیل رووبەڕووی کاتێکی سەخت دەبێتەوە.
هەموو ئەمانە تۆپەکە دەخنە نیوە یاریگای روسیاوە ئەگەر پۆتین بتوانێت بیانقۆزێتەوە و لەکۆنترۆڵکردنی ئێران بەردەوام بێت. ئەمە بۆ داهاتوو دەمێنێتەوە.
ئەمانە مانای ئەوەشن کە درامای تۆمەتبارکردنەکە لەئێستادا رەهەندێکی تری وەرگرتووە چونکە کۆمارییەکان کە پێشتر ریزیان بەستبوو بۆ پشتگیری کردنی ترەمپ لەئێستادا رەنگە بکشێنەوە. هەندێکیان بە بێدەنگی پێی دەڵێن رێگا «شەرەفمەندانەکە» بگرێتەبەرو دەست لەکاربکێشێتەوە. کەواتە، لەکاتێکدا پشتکردن لەکوردەکان رەنگە خۆی لەخۆیدا سەرپێچی نەبێت لەسیستەمی تۆمەتبارکردن، بەڵام کار دەکاتەسەر پشتگیری سیاسی ترەمپ لەگەڵ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تۆمەتبارییەکەی لەئەنجومەنی نوێنەراندا لەکۆکردنەوەی هێزدایە. ئایا ئەمریکا پێویستی بەسەرۆکێکی بریندار هەیە کەهەڵەی زەبەلاحی تەکتیکی و ستراتیجی دەکات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێس لەخۆیانی بکەن.