کۆبوونهوهى پهرلهمان بۆ تاوتوێى دۆخى رۆژئاوا نادیاره
5 ساڵ لەمەوپێش
ماردین نورهدین
پهرلهمانى کوردستان دهیهوێت کۆبونهوهیهک ئهنجامبدات بۆ تاوتوێکردنى دۆخى رۆژئاواى کوردستان، دواى لهشکرکێشیهکهى تورکیا، بهڵام هێشتا وادهکهى دیاری نهکراوه.
سەلمە فاتیح ئەندامى فراکسیۆنى یهکێتى لهپەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتىراگەیاند «داوای کۆبونەوەمان کردوە سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوا، بەڵام بڕیارهکه لاى دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە بۆیە تائێستا هیچ کاتێک دیارینهکراوه«.
وتیشى «ئاگادارنەکراوینەتەوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە دەکرێت یان نا، وەک پەرلەمانتاران ئەم کۆبوونەوەیە بەزۆر زۆر زەرورو پێویست دەزانین».
هەفتەى رابردوو، پەرلەمانی کوردستان لەبەیاننامەیەکدا دەربارەی لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا رایگەیاندبوو، بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو دۆخە دەکات و ئامادەکاریی بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
دابان محەمەد ئەندامى فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتىوت «داوای کۆبونەوەی نائاساییم کردووەو بە پێویستیشی دەزانین بۆ ئەو بارودۆخ و پێشهاتەی ئێستای رۆژئاوای کوردستان هەیە، بۆ تاوتوێکردنى بارودۆخی ئەو خەڵکەی کەئێستا لەژێر فشاری ئاوارەیدان، بۆ ئەوەی باشوری هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دارایی، سەربازی، ئیستیخباراتی، لەهەمو روویەکی ترەوە هاوکاری رۆژئاواى کوردستان بکات».
وتیشی «لەخولی پێشودا ئەو ئەزموونەمان هەبوو، ئەمجارەشیان پێویستە باشوری کوردستان لەڕێگەی پەرلەمانەکەیەوە چاودێری ئەو رەوشە بکات و کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات، کۆمەڵێک بڕیار لەبەرژەوەندی خەڵکی ئەوێ و لەبەرژەوەندی ئەو پڕۆسەیەو ئەو دۆزەی کە لەوێ هەیە بدات».