کوردەکان؛ «بەڕێزترین کەسانێکن تائێستا ناسیبێتمن»

ئەو ئەفسەرە ئەمریکیانەی لەسوریا جەنگاون دەڵێن تووشی شۆک و شەرمەزاریی بوونەتەوە بەهۆی بڕیاری فەرامۆشکردنی هەسەدە لەلایەن ترەمپەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: فۆرن پۆلیسی   

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

لە٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨، رۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لەناکاو لەڕێی تویتەرەوە رایگەیاند ئەمریکا هەموو هێزەکانی لەسوریا دەکشێنێتەوە، کۆمەڵێک سەربازی ئەمریکی خەریکی دەستپێکردنی دەورییەیەکی رۆتینی بوون لە شاری مەنبج.

ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چووە لای سەربازە ئەمریکییەکان و قوڵپی گریان بەرۆکی گرت، بە چاوی فرمێسکەوە سوپاسی سەربازە ئەمریکییەکانی کرد بۆ پشتیوانیەکەیان، بەپێی وتەی ئەفسەرێکی سوپا کە لەو رۆژەدا لەدەورییەیەکدا بەشداربوو، قسەی بۆ فۆرن پۆلیسی کرد بەمەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت.

«ئەو نیشانەی یەکەکەی لێکردەوە و بەمنیدا. ئەو ساتە سۆزەکی (عاتفی)ترین سات بوو کەهەستم پێکردبێت لەژیانمدا»، ئەفسەرەکە وای وت کەهاوشانی چەکدارانی هەسەدە لەجەنگی دژی داعش جەنگاوەو یەکێکە لەلێشاوی سەربازەکانی ئێستا و خانەنشینەکان کەدەڵێن شۆک بوون بەدوایین بڕیاری ترەمپ سەبارەت بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسنوری سوریا، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ تورکیا تا هێرشێکی بەرفراوان ئەنجامبدات بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.

بینینی کاردانەوەی چەکدارەکانی هەسەدە لەبەرامبەر تویتەکەی هەسەدە لەبەرەکانی پێشەوەی مەنبج «ئەوکاتەبوو کە بە راستی هەستمپێکرد بەڕێزترین کەسن تائێستا ناسیبێتمن».

لەکۆتاییدا، ترەمپ بەنیوەیی لەبەڵێنەکەی کشایەوە بەوپێیەی کە تەنها نیوەی سەربازانی ئەمریکای کەمکردەوە دوای چەند مانگێک لەتویتەکەی. بەڵام بەنزیکەیی دوای ساڵێک ئەمریکا جارێکی تر هاوپەیمانەکەی بێهیوا کردەوە. هەسەدە، کە زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعشی ئازادکرد، ئێستا لەژیر هێرشێکی بێبەزەییانەی هێزەکانی تورکیادایە دوای ئەوەی دەرکەوت ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنقەرە هەڵکردووە تا بەرەو باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بجوڵێت. بەپێی رێکخراوە چاودێریەکانی جەنگ، تائێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار مەدەنی ئاوارەبوون بەهۆی ئەم ململانێیەوە.

ئەو ئەفسەرانەی لەلایەن فۆرن پۆلیسیەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، هەندێکیان لەخزمەتدان و هەندێکی تر خانەنشینن،  بەبێ ئەوەی ناویان بهێنرێت باس لەوەدەکەن کەسانی ناو هەسەدە بەئافرەت و پیاویانەوە جەنگاوەری نەترس و پەرۆشن کە هەمان بەها ئەمریکییەکانیان هەیەو بەدڵسۆزی دەمێننەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان تەنانەت دوای بێهیوابوونی چەند جارەکی. ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا جەنگاوەرە کوردەکان وا پێناسە دەکەن کە مۆدێلێکی هاوبەشی سەرکەوتووبن لەهەرێمێکی بەشێوو پەرتوبڵاودا. یەکێک لەئەفسەرە خانەنشینکراوەکان  وتی ئەو گروپە یەکێکن  لەگروپە هەرە کەمە رەسەنەکان کەئەمریکا دوای ١١ی سێپتەمبەر کاری لەگەڵ کردوون و متمانەی ئەمریکایان بەدەستهێناوە.

«چەندین جار زیرەکیان لەجەنگداو پابەندیان لەئەرکی لەناوبردنی داعشدا سەلماندووە بۆمان»، ئەفسەرە خانەنشینەکە وای وت.

هەموو ئەوانەی چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کردن وتیان تووشی شۆک و غەمباری بوون بەهەواڵی رێ چۆڵکردنی ئەمریکا تائەوەی تورکەکان کۆمەڵکوژی سەربازە کوردەکان بکەن، هەروەها زیاتر لەیەکێکیان هەستی شەرمەزارییان دەربڕی.

«هەست بەتێکچوون دەکەم لەگەڵ نیگەرانی و غەمباری سەرەڕای ئەوەی بەقوڵی شەرمەزارم کەوڵاتەکەم رێ بەچارەنوسێکی وا دەدات بەسەر هاوپەیمانە نزیکەکەماندا بێت، ئەو هاوپەیمانەی هەموو جەنگەکەیان ئەنجامدا لەبری ئێمە لەکاتێکدا دەسەڵاتی ئەوەمان هەبوو کەخۆمان کۆتایی پێ بهێنین»، سەربازێک وای وت کە ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ لە سوریا خزمەتی کردووە.

ئەنقەرە هەسەدە بە لقێکی پەکەکە دەزانێت. تورکیاو ئەمریکاش پەکەکە بەتیرۆریست لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئەو ئەفسەرانەی بۆ فۆرن پۆلیسی دوان ئەو وتەیەی تورکیا رەتدەکەنەوە کەهەسەدە هەڕەشەیەکی تیرۆر بێت.

«شتێکی قبوڵ نەکراوە کەپشتیان لێبکەین بۆ ستەمکارێکی وەک ئەردۆغان کەهەموو کورد بەتیرۆریست دەزانێت»، ئەفسەرە خانەنشینکراوەکە وای وت. «نەوەیەکی سوپای ئەمریکا پەیدا دەبێت کەهەرگیز ئەم ناپاکیە بیر ناکەن و ناشوەستن لەپۆزش هێنانەوە بۆی».

ئەو ئەفسەرەی دەورییەی مەنبجی کرد باسی لەپەیوەندی نزیکی لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە کرد لەو کاتەی لە سوریادا بوون پێکەوە. شوێنی ژیان و پشوودانیان پێکەوە بووە، سەرەڕای ئەوەی دەروییەی هاوبەشیان پێکەوە ئەنجامداوە. دوای بڕیارەکەی ترەمپ لە کانونی یەکەمی ٢٠١٨، هیزەکانی هەسەدە «بەڕوونی نیگەران بوون» بەڵام «زۆر تێگەشتوو بوون» لە پێگەی سەربازانی ئەمریکا، ئەفسەرەکە وای وت.

دوای چەند هەفەتەیەک لەتویتەکەی ترەمپ، هێزە بریکارەکانی تورکیا - کە ئەفسەرەکە بە گروپێکی بێسەروبەرەی «چەتە» ناویبردن - هەڕەشەی سنور تێپەڕاندنیان دەکرد، ئەفسەرەکە وای وت.

هێزەکانی ئەمریکاو هەسەدە لە ١٦ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا تووشی زیانێکی تێکشکێنەر بوونەوە کاتێک خۆکوژێک خۆی تەقاندەوەو بازارێکی قەرەباڵغی مەنبجی کردە ئامانج کە بەوە ناسراوبوو سەربازی ئەمریکی زوو زوو سەردانیان دەکەن. هێرشەکە ١٩ کەسی کوشت کە ١٥ جەنگاوەری هەسەدەو چوار ئەمریکی بوون.

«دەستبەجێ هەسەدە گەشتنە ئەوێ. ئەوان لەوێدا یارمەتیان دەداین هەرچەندە ئەو هەموو گرژییە روویدابوو»، ئەفسەرەکە وای وت.

ئەفسەرێکی تر (دووەم)ی سوپا کە لەگەڵ چەندین هاوبەشدا لەساڵی ٢٠٠١ەوە کاری کردووە و خزمەتی سەربازی هەبووە لەسوریا وتی کەهەسەدە لەهەموو هاوبەشەکانی تر زەقتر دەرکەوتووەو باشتر بووە لەهەموویان. لەو چوار ساڵەی دامەزراندنیدا لەلایەن هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ەو گروپە ناوخۆییەکانی تری وەک عەرەب و ئاشوریەکان، هەسەدە هێزێکی گشتگیری ١٠٠ هەزار ئەندامی پێکهێناوە، ئەفسەرەکە وای وت. هەروەها تۆڕێکی ئەنجومەنی ناوخۆیی بنیادناوە بۆ بەڕێوبردنی ئەو هەرێمانەی لەدەستی داعش ئازادکران، کە حکومەتێکن «لەدەوری جەماوەر دەخولێنەوە».

کوردەکان «کارامەییەکی رێکخراوەییان هەیە کەهەرگیز پێشتر لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست نەمبینیوە»، ئەفسەرەکە وای وت.

هەسەدە و پارتەکەی، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، باوەڕیان بەمافی یەکسان هەیە بۆ ئافرەتان لەگەڵ ئازادی رادەربڕین و ئایین، ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوە کرد. گروپەکە بایەخی پەروەردەش دەزانن و سیستەمێکی دادوەریان هەیە کە «دادپەروەرانە و شەفافە».

«ئەوە یەکەم دەرفەت بوو کە بەڕاستی ببینم ئامانجە کۆتاییەکانی سەربازیمان بەدەستهێناوە، چونکە ئێمە هاوبەشێکمان هەبوو کە بەنزیکەیی هەمان بەها ئەمریکییەکانیان هەیە»، ئەفسەرەکە وای وت و  بەجەختکردنەوە لەڕاگەیاندراوەکەی ٦ی تشرینی یەکەم ئاماژەی بەوەکرد: «ئێمە دواجار دۆڕاین لەکاتێکدا وادەردەکەوت بردومانەتەوە».

ئەفسەرەکە باسی لەو سەختایانە کرد کەسوپای ئەمریکا رووبەڕووی بوویەوە لەئەفغانستان لەبنیادنانی هێزە ئەمنییەکاندا، بەتایبەتیتر ئاماژەی بەو هێرشە زۆرانە کرد کە بوونە هۆی کوشتنی زۆرێک لەسەربازانی ئەمریکی. بەبەراوردکردن بەمە، «دەتوانم دوو دەست کەمتر بژمێرم» لەژمارەی لەدەستچوانی هێزە هاوپەیمانەکان کە لەسوریا کوژراون لەکەمپینی پێنج ساڵەی دژی داعش.

جەنگاوەرەکان خۆیان «تەواو چاونەترسن»، ئەفسەرەکە وا دەڵێت و بەشێوەیەک وەسفیان دەکات کە تەنها چەکی سووک و کڵاشینکۆفیان پێیە بەبێ بەکارهێنانی زرێپۆش (درع). «ئەوان باوەڕپێنەکراوانە دڵ سافن ... پێیان باشترە خۆیان ببنە قوربانی وەک لەوەی زیان بەمەدەنییەک بگات».

دوای ئەوەی ئەمساڵ سوریای بەجێهێشت، ئەفسەری یەکەم هیوای بەوەمابوو ئەمریکا بەتەواوەتی هەسەدە فەرامۆش ناکات، بەڵام ئێستا ئەو هیوایە زەبرێکی کوشندەی بەرکەوتووە. ئەفسەرەکە باس لەوە دەکات کاتێک گوێبیستی راگەیەندراوەکەی ترەمپ بووە سەبارەت بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، «بەتەواوی لەنیگەرانیدا تێکشکاوە».

ئەفسەری دووەم وتی کە «باوەڕی نەکردووە» بە بەیاننامەکەی ٦ی تشرینی یەکەمی کۆشکی سپی.

«هەر کەتورکیا هێرشی دەستپێکرد نەمتوانی خۆم بگرم لەشەرمەزاریدا، یەکەم بەهۆی ئەوەی بەشێک بووم لەوەو دووەم بەهۆی ئەوەی کەئێمە ئەمریکا، بەبۆچوونی من سەرپێچیمان لەبەهاکانمان کردووە»، ئەفسەرەکە وای وت. « بەبۆچوونی من هێشتا ئەمریکا چرا رێنیشاندەرەکەیە، بەڵام لەئێستادا لەئاست ئەوەدا نین».

سەبارەت بەو چەکدارانەی هەسەدە کەئەفسەری یەکەم ناسینی لەمەنبج ، جەختی لەوەکردەوە کە «نەمتوانیوە  پەیوەندی بەهیچ کامیانەوە بکەم».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار