ئایا ترەمپ کوردی بەئوتێلێک فرۆشت؟
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: نیوز ویک
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
سەربازانی ئەمریکی لەپێگەکانیان لە باکوری سوریا کشێنرانەوە پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ ناوچەکە، ئەمەش سەربازانی ئەنقەرەی دژی کوردە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا وەستاندووەتەوە کە زۆربەی سەختی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان دژی داعشیان کێشا لەسوریا.
ماوەیەکە ترەمپ کەڵکەڵەی ئەوەی لە مێشکدابوو کە سەربازە ئەمریکییەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکشێنێتەوە، هەرچەندە بەئاشکرا پشتگیری خۆی دەردەبڕی بۆ دەسەڵاتی کوردی لەوێ، کەناوچەکەیان رزگارکرد لەدەستی هێزە داگیرکەرەکانی داعش.
بەڵام لەیەکشەممەی رابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا لەناکاو رایگەیاند کە سەربازانی ئەمریکی رێگە ناگرن لەپەلاماری سەربازی تورکیا دژی کوردەکان، سەرەڕای ئاماژەکانی پێشوو کە ئەمریکا ئاگاداری بەرژەوەندییەکانی کورد دەبێت.
لەوکاتەی جیهان کاردانەوەی دەربڕی لەبەرامبەر فەرامۆشکردنە لەناکاوەکەی ئەمریکا لە ئاست هاوپەیمانە کاریگەرو هەرە متمانەپێکراوەکەی، تویتێکی کچەکەی ترەمپ، ئیڤانکا، هاتەوە بەرباس کە خاڵی بەرژەوەندی پەیوەندیدار دەردەخات سەبارەت بەپەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا.
«سوپاس جەنابی سەرۆک وەزیران ئەردۆغان بۆ بەشداریکردنت لەگەڵمان دوێنێ بۆ کردنەوەی باڵەخانەکانی ترەمپ (ترەمپ تاوەرس) لەئیستەنبوڵ!» ساڵی ٢٠١٢ ئیڤانکا ئەمەی نووسی. باڵەخانەکان دوو باڵەخانەی پێکەوە بەستراون کە یەکێکن لەحەوت باڵەخانەکانی ترەمپ لەئێستادا.
ترەمپ بەڵێنیدا کە ئیمپراتۆریەتیەتە بازرگانییەکی دابماڵێت لەخۆی ئەویش بەوەی کە کۆنترۆڵی کارەکانی بازرگانی دایە دەستی کوڕەکانی، ئیریک و دۆناڵدی بچووک، هەتا ئەو ماوەیەی کە وەک سەرۆک کار دەکات. بەڵام ترەمپ بەتەواوی خۆی دوورەپەرێز نەگرت لە ئیمپراتۆریەتەکەی ئەمەش رەخنەگرانی والێکرد بڵێن کە ئەو کارەی سەرپێچییە لە بڕگەیاسایی داهاتی دەستوور.
کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەو راپۆرت باس لەوە دەکەن ترەمپ لەڕووی شەخسییەوە قازانجی کردووە لەسەرۆکایەتییەکەی، بەبەکارهێنانی پلەکەی بۆ زیادکردنی داهات لە شوێنە گەشتیارییەکانی، ئوتێلەکان و بزنسەکانی تریدا. بۆ نمونە، بەرپرسانی بیانی بڕی زەبەلاحیان خەرج کردووە لەشوێنەکانیدا لەهەوڵی ئەوەی سوودیان پێبگات لەئیدارەکەیدا.
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەوەی بەرژوەندییە بازرگانییەکانی ترەمپ لەتورکیا لانیکەم کەم کاریگەری یان هانی بڕیارەکەی دابێت بۆ رێگەچۆڵکردن بۆ ئەردۆغان تاپەلامارە سەربازییەکەی ئەنجامبدات.
رایان لیز، بەرپرسی نوسینگەی پەیامنێرانی پێگەی پۆلەتیکۆ لەواشنتن لەتویتەر روونیکردەوە کەحاڵەتی لەمجۆرەیە کە «سەرۆکەکان دەبێت خۆیان داماڵن (لەسەروەت و سامانی تایبەتی)».
«شتێکی شێتانەیە کە سەرۆکێک بڕیاری ئاسایشی نیشتمانی دەدات وەک ئەوەی ئەمشەو لەکاتێکدا کەپەیوەندی بازرگانی قازانجبەخشی لەمەترسیدایە لەولاتێکدا سوودی لێ دەبینێت».
جۆن سیفەر، کەماوەی ٢٨ ساڵ لە سی ئای ئەی کاریکردووە نیگەرانی خۆی لە راگەیەندراوەکەی ترەمپ دەربڕی. «لانیکەم ئیدارەی ترەمپ نەگۆڕە، ئێمە خەریکە فێڵ لەهاوپەیمان، هاوبەش، هاورێکانمان دەکەین. متمانە بە ئەمریکا مەکەن تەنانەت ئەگەر لەجێی ئەوانیش خوێنت بڕێژیت. ئەگەر بەرژەوەندی و سوودت ئەوێت ئەوا باڵەخانەیەکی ترەمپ دروستبکە». جۆن سیفەر وای وت لە تویتەر.
نە ترەمپ و نە کۆمپانیاکەی خاوەنی باڵەخانەکە نین. ساڵی ٢٠١٠ ترەمپ رووخسەتی بە خاوەنە تورکییەکاندا کە ناوی بەکاربهێنن بۆ باڵەخانەکە لەبەرامبەر پێدانی باج پێی. بەڵام ئاشکرایە کە پەیوەستی ناوەکەی بە باڵەخانەکەوە بەشێکە لە براندە جیهانییەکەی.
هەر لەسەرەتاوە ئیڤانکا بەشداربوو لەپڕۆژەکەی ئەستەنبوڵ. ئەو گفتوگۆی بەردەوامی سازدەدا لەگەڵ، محەمەد عەلی یالچینداغ، هاوبەشە بازرگانییەکانی کۆمپانیای ترەمپ بۆ بنیادنانی باڵەخانەکان لە ساڵی ٢٠٠٨.
پێشتر باڵەخانەکان وەک خاڵێکی فشار خزمەتیان بەئەردۆغان کردووە بۆ کاریگەری خستنەسەر سیاسەتی کۆشکی سپی. دوای پێشنیارەکەی ترەمپ کە چوونی موسوڵمانە کۆچبەرەکانی بۆ نێو ئەمریکا قەدەغەکرد، ئەردۆغان داوای کرد ناوی ترەمپ لە باڵەخانەکاندا بهێنرێتە خوارەوە.
بەڵام کاتێک ترەمپ پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ پاکتاوەکەی ئەردۆغان دوای کودەتاکەی ٢٠١٦، ئەردۆغان چیتر داوای گۆڕینی ناوی باڵەخانەکانی نەکرد.
ترەمپ پێشتر خۆشی دانی بەوەدا ناوە کە باڵەخانەکان تێکهەڵچوونێکی بەرژوەندی دروستدەکەن لەمامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا. لەچاوپێکەوتنێکی ٢٠١٥دا ترەمپ دەڵێت «کەمێک تێکهەڵچوونی بەرژەوەندیم هەیە چونکە باڵەخانەیەکی گەورە گەورەم هەیە لەئەستەنبوڵ، ناوی تاوەرەکانی ترەمپە. دوو تاوەرن نەک یەک دانە، بەهۆی ئەوەوە تورکیام زۆر باش ناسیوە».
راگەیەندراوەکەی ترەمپ دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە بوو کە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامیدا کە لەمێژە هەڕەشەی پەلاماری سەربازی دەکات بۆ نێو سوریا تاهێزە کوردییەکان وەدەربنێت کە پێیوایە هەڕەشەن بۆ سەر تورکیا.
دوابەدوای ئەمە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، «هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکردو لەناوچە سنوریەکانی تورکیا کشانەوە... تورکیا ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ داگیرکردنی باکورو رۆهەڵاتی سوریا».