هەڤرین ئەو گوڵەی نەوەی عوسمانییەکان هەڵیانوەراند
میدیای تورکی شاگەشکە بووە بەکوشتنی ژنێک کەکاری بۆ پیکەوەژیان دەکرد لەگۆڕەپانە شێواوەکەی سوریادا
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هەڤرین خەڵەف، ژنە چالکوانی سیاسی کوردی رۆژاڤاو سکرتێری گشتی پارتی سوریای دواڕۆژ، لەکەمینێکی چەکدارە توندڕەوەکانی سوڵتان موراد کەتورکیا پاڵپشتیان دەکات ١٢ی ئۆکتۆبەر شەهید کرا کاتێک بەرەو قامیشلۆ چوە چەکدارە توندڕەوەکان کەمینیان بۆ داناوە.
روانگەی سورى بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەی ئاشکراکردووە، هەڤرین تەنها کەس نەبوە لەو پڕۆسەیەدا کوژراوە، بەڵکو لەگەڵ ئەودا نۆ هاوڵاتی دیکەی سیڤیل لەلایەن ئەو چەکدارانەوە لەهەمان کات و ساتدا گولەباران کراون.
لەکاتێکدا هێزە تایبەتییەکانی تورکیا رێبەری هێرشەکە دەکەن، دەیان هەزار چەکداری تری گروپە توندڕەوەکانی سوریا کە دابەشبوون بەسەر چنەد گروپێکدا پاڵپشتی دەکەن لەبەرەکانی پێشەوە، کەیەکێک لەو گروپانە گروپی سوڵتان مورادن.
لیوای سوڵتان موراد ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە. شارەزایان باس لەوە دەکەن پشتیوانی راستەوخۆی دارایی، سەربازی، لۆجیستی سوپای تورکیای پێدەگات. زۆربەی چەکدارەکانی لەنەژادی تورکمانن. ناوی گروپەکە بەناوی سوڵتان مورادی دووەمی سوڵتانی عوسمانییەوە ناونراوە.
ئایدۆلۆجیای ئەم گروپە عوسمانیزمی نوێ و ناسیۆنالیزمی تورکییە. ژمارەیان نزیک دەبێتەوە لە دوو هەزار بۆ سێ هەزار چەکدار. بەشێوەیەکی بەرفراوان بنکەیان لە حەلەب بوو پێش ئەوەی رژێمی سوریا لەساڵی ٢٠١٦ شارەکە بگرێتەوە.
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند “حاتم ئەبو شەقرا 9 هاووڵاتی مەدەنی رۆژئاوای کوردستانی بەچەکی ئێم فۆڕ کوشتووە، جگە لەوەش بکوژی هەڤرین خەڵەف، سەرۆکی پارتی داهاتووی سوریاشە».
ئاشکراشی کردووە، “حاتم ئەبو شەقرا پێشتر یەکێک بووە لەچەکدارەکانی رێکخراوی قاعیدەو ئێستاش لەڕیزی سوپای بەناو نیشتیمانی سوریایە (لەگروپی سوڵتان موارد). کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پشتگیرییان دەکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو هێزە بانگەشەی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە دەکات».
مەکگۆرک رەخنە لەمیدیای تورکی دەگرێت لەسەر هەڤرین
برێت مەکگۆرک نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا لەهاوپەیمانێتی دژی داعش، سەبارەت بەتیرۆرکردنی هەڤرین خەلەف، ئەمینداری گشتی حزبی سوریای ئایندە، رایگەیاند «راگەیاندنە تورکیەکان کەدەوڵەت پشتیوانییان دەکات، باس لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو دەکەن، بەڵام خۆیان دەبوێرن لەباسکردنی تیرۆرکردنی ئافرەتێکی مەدەنی بێچەکی 35 ساڵ».
گرتە ڤیدیۆیی ساتەوەختی کوشتنی هەڤرین خەلەف و دوو یاوەرەکەی بڵاوبوەتەوە، تیایدا یەکێک لەچەکدارەکان هاواردەکات و دەڵێت “من کوشتم ئێمە، لیوای سولتان مورادین».
“یەنى شەفەق”ى تورکى ئەوەى یەکلاکردەوە کە میلیشیاکانى سەر بەتورکیا ئەمینداری گشتی پارتی سوریای ئایندەیان شەهیدکردوە، یەنی شەفەق ئاماژەى بەوەکردووە، “پرۆسەى کوشتنى هەڤرین پڕۆسەیەکی سەرکەوتو بووە».
برێت مەکگۆرک لەتویتێکیدا دەڵێت «هەڤرین خەلەف کاری دەکرد بۆ یەکخستنی کوردو عەرەب و مەسیحییەکان لەباکووری سوریا، خاتوو هەڤرین خەڵەف لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەستڕێژی گوللەی لێکرا، هەتا گیانی سپارد، ئەوەی روویداوە تاوانی جەنگە».
ئەمەریکا لەبارەی شەهیدکردنی هەڤرین خەڵەفەوە چی وت
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاگاداری ئەو راپۆرتانەیە کە باس لەشەهیدبوونی سیاسەتمەداری کورد «هەڤرین خەلەف»دەکەن و وتی سەبارەت بەگولەبارانکردنی دیلە کوردەکان لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەواو نیگەرانە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلێدوانێکیدا ئاشکرایکردوە، ئەو راپۆرتانە مایەی نیگەراییەکی گەورەیە، رەنگدانەوەی تێکچوونی ئەو هەلومەرجەیە کە لەدەستپێکی شەڕو کوشتارەکانەوە لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا سەری هەڵداوە.
هەروەها وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی کەوڵاتەکەی بەتوندی سەرکۆنەی ئەو پێشێلکردن و کارانە دەکات کە لەدەرەوەی یاسا خەڵکی سڤیل و دیلەکان دەکوژرێن، بەوردیش بەدواداچوون دەکەن.
هەڤرین خەلەف، لەڕۆژی شەممە 12ى تشرینی یەکەمی 2019، بەشداری لەکۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا کردووە لەشاری حەسەکە، دوای تەوابوونی کۆبوونەوەکەش لە رێگای گەڕانەوەدا لەنزیک شاری قامیشلۆ کەوتوەتە ناو بۆسەیەکی گروپە میلیشیاکانى سەر بەتورکیا و دەستبەجێی لەگەڵ شۆفێرەکەی و پاسەوانێکی لەلایەن ئەو چەکدارانەوە گولەباران کراون و شەهید بوون.
پڕۆسەی کوشتنی هەڤرین خەلەف لەڕێگەی بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلەکەیەوە بوە، لەڕێگەی تەقاندنەوەی بۆمبێکی چنێردراو لەسەر رێگای نێودەوڵەتی نێوان شاری حەلەب و قامیشلۆ، ئەمەش وایکردووە شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵ لەدەستبدات و لە ئاکامدا لەلایەن چەکدارانی گروپە میلیشیاکانى سەر بەتورکیاوە بەدیلبگیرێن و لەدواییشدا گولەبارانیان بکەن.
هەڤرین خەلەف، لەدایکبووی ساڵی 1984ەو کۆلێژى ئەندازیاری کشتوکاڵی تەواوکردووە، لە هەرێمی جزیرە چەندین پۆستی پێدراوە، لەساڵی 2016 بوەتە سەرۆکی دەستەی وزە، لە 27ی ئاداری 2018 لەلایەن هەسەدەوە هەڵبژێردراوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی پارتی سوریای دواڕۆژ.
نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی گولـەبارانکردنی دەخاتە ئەستۆی تورکیا
رۆبەرت کۆڵفیل وتەبێژی نوسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەپرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، پێدەچێت ئەو کارەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەتورکیا لە باکورو خۆرهەڵاتی سوریا ئەنجامیاندا بە گولەبارانکردنی چەند کەسێک و هەڤرین خەلەف سەرۆکی پارتی ئایندەی سوریا، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بخرێتە ئەستۆی تورکیا.
وتەبێژی نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی، گرتەی ڤیدیۆییان بەدەستگەیشتووە کە ئەو کوشتارو گولـەبارانکردنانەی تێدا تۆمارکراوە و پێدەچێت لەلایەن چەکدارانی گروپی (ئەحرار شەرقیە) ئەنجامدرابێت.
رۆبەرت کۆڵفیل راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی تورکیا کۆنترۆڵی ئەو گروپە چەکدارانەی سوریای بەدەستەوەیە، بۆیە پێدەچێت ئەنکەرە بە بەرپرس بزانرێت لەو گولەبارانکردنانە.
داواشی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن و بەپەلە لەسەر ئەو رووداوانە بکەن.
هەڤرین خەڵەف کێیە؟
هەڤرین ساڵی 1984 لەشارۆچکەی دێرک-ی رۆژئاوای کوردستان لەخانەوادەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایکبوە.
خوشکێکی شەهیدەو دایکی یەکێک بوە لەو کەسانەی لە ریزەکانی پەکەکەدا کاری کردوە و چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان کەوتوە.
هەڤرین کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی لەحەڵەب تەواو کردوە.
لەساڵی 2012 لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوادا، هەڤرین چالاکانە بەشداری لەشۆڕشەکەدا کردوەو بەرپرسیارێتی رێکخستنی گەنجانی لەئەستۆ گرتوە.
دواتر بۆتە بەرپرسی رێکخستنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.
پاشان بۆتە بەرپرسی ئەنجومەنی ئابوری لەشاری قامیشلۆ.
دواتر پاش راگەیاندنی پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەریی، بۆتە جێگری دەستەی وزە لەهەرێمی جزیرەو پاشان بۆتە هاوسەرۆکی دەستەی ئابوری لەهەرێمەکە.
لەسەرەتای ساڵی 2018 لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی دیکەی سوری دەستی کردوە بەدامەزراندنی حزبێکی سوری.
رۆژی 27ی مارسی 2018 لەکۆنگرەی دامەزراندنی پارتی سوریای دواڕۆژدا لە رەققە بە بەشداری چەندین کەسایەتی کوردو عەرەب و سریانی بەڕێوەچوو، هەڤرین خەڵەف وەک سکرتێری گشتی پارتەکە هەڵبژێردرا.
هەڤرین لەکۆبوونەوە جەماوری و حزبیەکاندا چەندین جار رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرتوەو رایگەیاندوە کە ئەردۆغان رێزی ئیرادەی گەلان و ئەخلاقی دراوسێیەتی نازانێت.