قەرەیلان: ئەم دۆخە بۆ گەلی کورد هەم دەرفەتێکەو هەمیش مەترسییە
«ئێمە دەستکەوتنی باشوور وەک دەستکەوتی خۆمان دەبینین»
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل رایگەیاند پێویستە بتوانێت رای گشتی جیهان لەدژی دەستدرێژیەکانی تورکیا هەستێنێتە سەرپێ، راشیگەیاند « ئەم دۆخە بۆ گەلی کورد هەم دەرفەتێکە و هەمیش مەترسیە»
قەرەیلان لە پەیامێکدا وتی «لەکاتێکدا کە لەچوارپارچەی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووداوی نائاسایی روودەدات، ئێمە ١٩مین کۆنگرەی کەنەکە ئەنجامدەدەین. بەهۆی بارودۆخەکە ناتوانین وەک شەخس بەشدار ببین. سڵاومان بۆ هەموو بەشداربووان هەیە».
هەروەها وتی «شۆڕشی رۆژئاوا دەستکەوتی نەتەوەیە، شەرەفی نەتەوەیە، نرخی ئازادی جیهانە، پاراستنی ئەرکی نەتەوەیى هەموو کوردێکە».
وتیشی «گەلی کورد و رای گشتی جیهان و دۆستەکانمان لە دەوری جەنگی رۆژئاوادا بوونەتە یەکدەنگ و بەم شێوەیە رێگە بەسەرکەوتنی فاشیزمی دەوڵەتی تورک نادەن. ئێمە ئامادەین بۆ ئازادی گەلەکەمان بە هەموو شێوەیەک گیانمان بەخت بکەین و باج بدەین. بەپێشەنگایەتی گەلە قارەمانەکەمان لە باکوورو رۆژهەڵاتی سوریا و گەلەکەمان لەهەموو کوردستان و دەرەوەی وڵات بەتێکۆشانەکەیان مێژوویەکی نوێ دەنووسنەوە».
موراد قەرەیلان سەبارەت بەوانەی کە دەڵێن پەکەکە دەیەوێت شەڕ بباتە باشوور، دەڵێت «ئێمە دەستکەوتی باشوور وەک دەستکەوتی خۆمان دەبینین.»
وتیشی «ئێمە شەڕمان نەهێناوەتە باشوور بەڵکو دەوڵەتی تورکە کەشەڕی هێناوەتە باشوور. لە لایەکی تر هەڵەیە پارچەکانی کوردستان لەیەکتری جیابکەینەوە. هەروەها هەڵەیە هەموو پارچەکان وەک یەکتری ببینین. ئێمە وەک پەکەکە شەڕی نێوان کوردەکانمان بەشێوەیەک کەدووبارە نەبێتەوە، داخستبوو. لە ئێستاشدا هەمان رامان هەیە بۆچی؟ بەهۆی ئەوەی ئێمە نەتەوەیەکین، چارەنووسمان یەکە. داوا لەحکومەتی باشووری کوردستان و پارتە سیاسیەکان ئەوەیە لەسەر ئەو بناغەیە».
سەبارەت بەو دۆخەی کەئێستا هاتۆتە ئاراوە وتی «ئەم دۆخە بۆ گەلی کورد هەم دەرفەتێکە و هەمیش مەترسیە. بەتایبەتی دەوڵەتی تورکی کەسەرکێشی دوژمنەکانی گەلی کورد دەکات، لەم جەنگەی جیهانی سێیەمیندا بەهەموو شێوەیەک لەدژی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بەشێوەیەکی قێزەون دەجووڵێتەوە. ئێمە باش دەزانین تەنها یەک ستراتیژی دەوڵەتی تورک هەیە، ئەویش قڕکردنی کورد و بڵاوەپێکردنی نەتەوەی تورک لەناو خاکی کوردستانە».