جه‌بار یاوه‌ر: مه‌ترسى هه‌یه‌ جارێکى تر داعش جموجۆڵى زیاتر بێت و کۆنتڕۆڵ نه‌کرێت

 ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ هاوڵاتى:

5 ساڵ لەمەوپێش



 

سازدانى: ئارا ئیبراهیم

ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر دۆخى رۆژئاواى کوردستان به‌رده‌وام بێت، مه‌ترسى هه‌یه‌ جارێکى تر داعش جموجۆڵى زیاتر ببێت و کۆنتڕۆڵ نه‌کرێت.

جه‌بار یاوه‌ر، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باس له‌وه‌ده‌کات، پێشمه‌رگه‌ به‌هه‌مان شێوازى جارانى تائێستا له‌هێڵه‌کانى به‌رگرى خۆى ماوه‌و هه‌شت میحوه‌ره‌که‌یان هه‌ر ماوه‌.

 ده‌شڵێت "به‌درێژایى 40 کیلۆمه‌تر بۆشایى ئه‌منى هه‌یه‌و لێکتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌ بۆ دروستکردنى هێزى هاوبه‌ش، به‌ڵام هێشتا نه‌چۆته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌".

له‌ساڵى 2018 داعش 456 کرده‌ى تیرۆرستى ئه‌نجامداوه‌، له‌ناوچه‌کانى دیاله‌و سه‌ڵاحه‌دین و که‌رکوک و مه‌خمور تاموسڵ، ئه‌و پێنج پارێزگایه‌ که‌ له‌ناوچه‌کانى مادده‌ى 140دان له‌و کرده‌ تیرۆرستیانه‌، هه‌زارو 726 شه‌هیدو بریندار و رفێندراو هه‌بووه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ساڵى 2019، له‌مانگى یه‌که‌وه‌ تائێستا نزیکه‌ى 925 که‌س شه‌هیدو بریندار و رفێندراو به‌ده‌ست داعش هه‌بووه‌و  به‌به‌رده‌وامیش کرده‌ى تیرۆرستیان هه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌

هاوڵاتى: چه‌کدارانى داعش مه‌ترسین له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، به‌تایبه‌ت دواى رووداوه‌کانى سوریا باسى ئه‌وه‌ ده‌کرێت دزه‌یان کردووه‌ته‌ عێراقه‌وه‌؟  

جه‌بار یاوه‌ر: داعش هه‌ر هه‌بووه‌و  هه‌ر مه‌ترسیه‌ و مه‌ترسیه‌که‌ى به‌رده‌وامه‌ و پێش شه‌ڕه‌کانى تورکیاش هه‌ر مه‌ترسى بوون، داعش هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ بووه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌کانى عێراق به‌گشتى، له‌م دواییەدا کاره‌کانیان زۆر گه‌شه‌ى کردووه‌، له‌ناوچه‌کانى کوردستانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، ناوچه‌کانى مادده‌ى 140، له‌قه‌ره‌چوغ بنکه‌ى جێگیریان هه‌بووه‌ و چه‌ندینجار پرۆسه‌ى سه‌ربازى ئه‌نجامدراوه‌و له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ یان پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان پێکه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا بنکه‌یان له‌قه‌ره‌چوغ هه‌یه‌، له‌حه‌مرین و له‌نێوان دوزو له‌ناوچه‌کانى کفرى هه‌یه‌و ناوچه‌ى خانه‌قین هه‌یه‌، هۆکاره‌کەى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بۆشایى ئه‌منى له‌و ناوچانه‌دا هه‌یه‌، له‌نێوان دابه‌شبونى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و له‌خانه‌قینه‌وه‌ تاکو سنورى ره‌بیعه‌، واته‌ سه‌رسنورى ئێران تا سوریا، له‌نێوان ئه‌وان و هێزه‌کانى سنورى عێراق چونکه‌ شوێن هه‌یه‌ چل کیلۆمه‌تره‌ نه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى تێدایه‌، نه‌ هێزى حکومه‌تى فیدڕاڵى عێراقى تێدایه‌.

هاوڵاتى: ئایا ئامارێک له‌به‌رده‌ستاندا هه‌یه‌ که‌چه‌ند کرده‌وه‌ى توندوتیژییان ئه‌نجامداوه‌؟

جه‌بار یاوه‌ر: به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى که‌ئێمه‌ کردومانه‌ له‌ساڵى 2018 داعش 456 کرده‌ى تیرۆرستى ئه‌نجامداوه‌، له‌ناوچه‌کانى دیاله‌و سه‌ڵاحه‌دین و که‌رکوک و مه‌خمور تاموسڵ، ئه‌و پێنج پارێزگایه‌ که‌ له‌ناوچه‌کانى مادده‌ى 140دان له‌و کرده‌ تیرۆرستیانه‌، هه‌زارو 726 شه‌هیدو بریندار و رفێندراو هه‌بووه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ساڵى 2019، له‌مانگى یه‌که‌وه‌ تائێستا نزیکه‌ى 925 که‌س شه‌هیدو بریندار و رفێندراو به‌ده‌ست داعش هه‌بووه‌و  به‌به‌رده‌وامیش کرده‌ى تیرۆرستیان هه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌، به‌و پێیه‌ داعش هه‌ر ماوه‌و کۆتایى نه‌هاتووه‌، به‌ڵکو چالاکى که‌متر بۆته‌وه‌، خه‌لافه‌ته‌که‌ى نه‌ماوه‌ وه‌کو ده‌وڵه‌ت ناوچه‌ى نیه‌، به‌ڵام کرده‌ى تیرۆریستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

شڵه‌ژانى هه‌لومه‌رجى سوریا ده‌بێته‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى جارێکى تر بوترێت داعش جموجۆڵى زیاتر ده‌بێت کۆنتڕۆڵ نه‌کرێت

هاوڵاتى: زانیاریتان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ى چه‌کدارانى داعش له‌قه‌ره‌چوغ و ئه‌و ناوچانه‌ى که‌بوونیان هه‌یه‌؟

جه‌بار یاوه‌ر: ژماره‌یان دیاریناکرێت، هه‌ندێک داموده‌زگاى هه‌واڵگرى ده‌ڵێن ره‌نگه‌ پێنج هه‌زار که‌س بن، هه‌ندێک ده‌ڵێن زیاتره‌ و نزیکه‌ى بیست هه‌زار که‌س ده‌بن، ژماره‌یان دیارنیه‌.

به‌گشتى شێوازى شه‌ڕیان گۆڕیوه‌، له‌شێوازى به‌ره‌ییه‌وه‌ بۆ شه‌ڕى پارتیزانى، زۆر گرنگى ده‌ده‌ن به‌که‌مین و به‌په‌لاماردان و کشانه‌وه‌، به‌دانانى بۆمب و خۆته‌قاندنه‌وه‌و ئسلوبه‌کانیان وه‌ک قاعیده‌ى جارانه‌و ناوچه‌یان به‌ده‌ست نه‌ماوه‌و سه‌رچاوه‌ى داراییان که‌متره‌، به‌ڵام هه‌ر ماون و کۆتایی نه‌هاتووه‌.

پێشمه‌رگه‌ به‌هه‌مان شێوازى جارانى تائێستا هێڵه‌کانى به‌رگى خۆى ماوه‌و هه‌شت میحوه‌ره‌که‌مان هه‌ر ماوه‌

هاوڵاتى: تێکچونى دۆخى سوریا مه‌ترسى له‌سه‌ر دزه‌کردنى چه‌کدارانى داعش بۆ ناو عێراق ناکات؟

جه‌بار یاوه‌ر: ئه‌م وه‌زعه‌ رۆڵى ده‌بێت بۆ زیاترکردنى کرده‌ى تیرۆریستى و زیادبونى داعش بێگومان که‌ به‌رده‌وام بێت ده‌بێته‌هۆى شڵه‌ژانى هه‌لومه‌رجى سوریاو ده‌بێته‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى جارێکى تر بوترێت داعش جموجۆڵى زیاتر ده‌بێت کۆنتڕۆڵ نه‌کرێت.

ده‌بێت بنکه‌ى هاوبه‌ش هه‌بێت له‌نێوان هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و  هێزه‌کانى سوپا ، که‌ده‌بێت عه‌مه‌لیاتى هاوبه‌ش هه‌بێت و به‌یه‌که‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌ بۆشاییانه‌ پربکه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌مووى لێکتێگه‌یشتن بووه‌و هێشتا به‌عه‌مه‌لى و پراکتیکى جێبه‌جێنه‌کراوه‌

هاوڵاتى: قه‌ره‌جوغ نزیکه‌ له‌سنورى مه‌خموره‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ره‌ یان نا؟

جه‌بار یاوه‌ر: پێشمه‌رگه‌ به‌هه‌مان شێوازى جارانى تائێستا هێڵه‌کانى به‌رگى خۆى ماوه‌و هه‌شت میحوه‌ره‌که‌مان هه‌ر ماوه‌، پێشمه‌رگه‌کان له‌ناوچه‌کانى خۆیان ماون، به‌ڵام ئه‌و کرده‌ تیرۆرستیانه‌ له‌ناوچه‌ى سنورى ده‌سه‌ڵاتى هێزى پێشمه‌رگه‌ روینه‌داوه‌، له‌سنورى ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌کانى حکومه‌تى فیدراڵ رویداوه‌، هه‌موو ئه‌م کرده‌ تیرۆرستیانه‌ و هه‌موو ئه‌و شه‌هید و بریندار و رفێندراوه‌ له‌سنورى ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى  ئه‌وان بووه‌، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌هێزى پێشمه‌رگه‌ ناوچه‌کانى ژێر ده‌ستى خۆى پاراستووه‌ به‌هه‌مان شێوازى جاران، به‌ڵام حکومه‌تى فیدراڵى عێراق ناتوانێت ناوچه‌کانى خۆى کۆنترۆڵ بکات و هیچ  هه‌ماهه‌نگییه‌کیان نیه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنى ئه‌و ناوچانه‌.

هاوڵاتى: گفتوگۆکانتان له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراقى گه‌یشتووه‌ به‌ کوێ؟

جه‌بار یاوه‌ر: مه‌سه‌له‌ عه‌سکه‌ریه‌که‌ هه‌وڵى زۆرمان داوه‌و وه‌ک پێش 2014 هه‌ماهه‌نگى و کارى هاوبه‌شمان هه‌بێت، بتوانین له‌ناوچه‌کانى جێناکۆکى به‌یه‌که‌وه‌ عه‌مه‌لیاتى عه‌سکه‌رى بکه‌ین و هێزى هاوبه‌ش دروستبکه‌ین وه‌ک جاران که‌هه‌بووه‌ و بازگه‌ى هاوبه‌ش دروستبکه‌ین و له‌و پێناوه‌دا دووجار کۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، جارێک له‌مانگى دووى ئه‌مساڵ و جارێکى دیکه‌ له‌مانگى حوزه‌یران له‌و دوو کۆبونه‌وه‌دا، هه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌ک دروستکراوه‌و شه‌ش لیژنه‌ له‌وه‌زاره‌تى به‌رگرى و شه‌ش لیژنه‌ له‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ که‌لیژنه‌یه‌کى باڵا و پێنج لیژنه‌ى لاوه‌کیه‌، له‌سه‌ر هه‌ندێک خاڵ هاوبه‌ش بووین و هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بووه‌، که‌ده‌بێت بنکه‌ى هاوبه‌ش هه‌بێت، له‌نێوان هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و  هێزه‌کانى سوپا هه‌بێت، که‌ده‌بێت هێزى هاوبه‌ش و عه‌مه‌لیاتى هاوبه‌ش هه‌بێت و به‌یه‌که‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌ بۆشاییانه‌ پربکه‌ینه‌وه‌ به‌هێزى هاوبه‌ش، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌مووى لێکتێگه‌یشتن بووه‌و هێشتا به‌عه‌مه‌لى و پراکتیکى جێبه‌جێنه‌کراوه‌.

هاوڵاتى: پرسى موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ چى به‌سه‌ر هات که‌ ده‌بێت به‌غدا مانگانه‌ 68 ملیار دینار ره‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان بکات؟

جه‌بار یاوه‌ر: تائێستا هیچ ئاڵوگۆڕێکى به‌سه‌ردا نه‌کراوه‌ و موچه‌ى هیچ مانگێک خه‌رج نه‌کراوه‌و تائه‌م کاته‌ش که‌کۆتایی مانگى تشرینى یه‌که‌مه‌و بودجه‌ى 2019 به‌ره‌و کۆتایى ده‌ڕوات و دوو مانگى ماوه‌، به‌ڵام تائێستا موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ خه‌رج نه‌کراوه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار