بروسکەکانی وەزارەتی دەرەوە دژی پەیامە گەشبینییەکەی ترەمپە لەسەر سوریا
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: ڤۆکس
وەرگێرانی: کاکەلاو عەبدوڵا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەبەردەوامی بەرگری لەبڕیارەکەی دەکات لەمەڕ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریاو داگیرکارییەکەی تورکیا بۆ ناوچەکە بە»باش لەڕووی ستراتیجییەوە» ناودەبات بۆ ئەمریکا.
بەڵام بەمدواییانە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند سەرباس (بروسکە)یەکی ناردووە بۆ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری جیهان کەتێیدا دەردەکەوێت وێنەیەکی تاریکتر هەیە لەوەی سەرۆک و ئیدارەکەی کێشاویانە بۆ رای گشتی.
«لەشکرکێشییەکەی تورکیا بەسەختی هەوڵەکانی دژە داعش لەق دەکات، مەدەنی بێتانوان دەخاتە ژێر مەترسییەوە، بووەتە هەڕەشە بۆ ئاشتی، ئاسایش، سەقامگیری لەهەرێمەکەدا»، ئەمە بروسکەیەکە کە لەلایەن نوسینگەی وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک نوسراوە و دەست «ڤۆکس» کەوتووە.
ئەم نوسینگەیە سەرپەرشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات لەسوریاو بەشەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم ئەم بروسکانەی ناردووە بۆ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری جیهان. باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، کێڵی کرافت زۆر بەنزیکەیی هەمان ئەو قسانەی کرد لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش رۆژێک پێش ئەوەی ئەم بروسکانە بنێردرێن بۆ باڵیۆزخانەکان.
ئەمە ئەوە پیشاندەدات کە لەکاتێکدا ترەمپ ڕەنگە دڵخۆش بێت بەبڕیارەکەی سوریا، بەڵام ئیدارەکەی خۆی نیگەرانە سەبارەت بەدەرهاویشتە و لێکەوتەکانی. ئەمە زیاتر روون دەبێتەوە بەو پێیەی بروسکەکانی تر کە لێیان نوسراوە «هەستیار بەڵام ئاشکرا»، ئاماژە بە روودانی وێرانبوون دەکەن لەناو سوریا.
«وادەردەکەوێت تورکیا لێکەوتە مرۆییەکانی داگیرکارییەکەی هێورناکاتەوە لە باکوری سوریا»، لە بروسکەکەدا واهاتووە، ئەوەش زیادکراوە کەئیدارەی ترەمپ «داوای لەتورکیا کردووە لێکۆڵینەوە بکات لە ئەگەری سەرپێچی لەیاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان، بەتایبەتی هێرشی نایاسایی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و پێگە و رێگەی مەدەنی». ئەو بەشەی تورکیا کە لێکۆڵینەوە لەسەرپێچی مافەکانی مرۆڤ بکات پێناچێت رووبدات بەو پێیەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەرپرسن لە مردنی کۆمەڵە مەدەنییەک، لەنێویشیاندا کوشتنی سیاسەتمەدارێکی کوردی سوریا، (هەڤرین خەلەف).
لەکاتێکدا ئەمریکا وادەردەکەوێت نیگەران بێت لەم رووداوانە بەڵام پلانی نییە شتێکی وای لەبارەوە بکات - تەنانەت حکومەتی وڵاتانی دیکە هان دەدات یارمەتی هەندێ بەشی دیاریکراوی سوریا نەدەن.
بروسکەکانی وەزارەتی دەرەوە دەریدەخەن ئەمریکا بڕیاریداوە کارمەندە مەدەنییەکانیشی بکشێنێتەوە، لەوانە راوێژکارە یارمەتیدەرەکانی بواری مرۆیی و سەقامگیری کە یاریدەدەرن لەکەمکردنەوەی ئازاری ئەو وڵاتانەی بەدەست جەنگەوە دەناڵێنن. هەرچەندە لەبروسکەکاندا هاتووە کەئەمریکا «پابەندی» خۆی دەهێڵێتەوە لەم پرۆگرامانەداو «بەردەوام دەبین لەچاودێریکردنی ئەو پرۆگرامانە لەدوورەوە وەک ئەوەی لەوڵاتە ناسەقامگیرەکانی تردا لە جیهاندا جێبەجێی دەکەین».
کشاندنەوەی کارمەندی رێکخراوەکان هەموو ئەمە سەخت دەکات. بروسکەکانی وەزارەتی دەرەوە جەخت لەو ٥٠ ملیۆن دۆلارە دەکەنەوە کە تەرخانکراوە بۆ یارمەتی مرۆیی کە ئەمریکا لەپلانیدایە دابەشی بکات بۆ «پاراستنی مافەکانی مرۆڤ» لەسوریا، بەڵام نادیارە کە کێ لەڕووی مەیدانییەوە زامنی بەکارهێنانی دروست و کاریگەرانەی ئەم بڕە پارەیە دەکات. هەر لەبەر ئەمەیە کە بروسکەکان داوا دەکەن لە «حکومەتە بەخشەرەکان کەبودجەی زیادە تەرخان بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆگرامە سەقامگیرییەکان تا زامنی تێکشکاندنی داعش بکەین» لەگەڵ هاوکارییە مرۆییەکانی دیکەدا.
سەرەڕای داواکردن لەوڵاتانی دیکە تا بودجە تەرخان بکەن، وادیارە ئەمریکا داوای ئەوەشیان لێدەکات کە بەخشندەیی خۆیان سنوردار بکەن: «جگە لە هاوکاری بەپەلە و یارمەتی مرۆیی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ بودجەیەک دەستەبەر ناکات بۆ سەقامگیری و بونیادنانەوە لەو شوێنانەی تورکیا دەیگرێت و دەچێتە ژێردەستی کۆنترۆڵی رژێمی سوریا؛ داواتان لێدەکەین ئێوەش هەمان کار بکەن». ئەم بەشە باشترە بوترێت کەهەماهەنگە لەگەڵ هەڵویستی ئیدارەی ترەمپ کەهاوپەیمانەکان و هاوبەشەکانی ئەمریکا نابێت پەیوەندیان هەبێت بەڕژێمی سوریاوە.
هەموو ئەمانە گرێبدرێن، ئەمریکا دەڵێت لەشکرکێشییەکەی تورکیا تێکشکاندنی داعش سەختتر دەکات، دۆخی مرۆیی خراپتر دەکات، نابێت هیچ حکومەتێک دەستی هاوکاری دارایی درێژ بکات بۆ زۆربەی ئەو ناوچانەی بەرکەوتوون - تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێت کە بەشێوەیەکی سەرەکی کاریان یارمەتیدان بێت لەجەنگی دژی داعش.
ئەوەی کە روونە لێرەدا کاردانەوەی پایتەختی وڵاتەکانی دیکەیە لەو کاتەی باڵیۆزەکانی ئەمریکا پەیامەکەیان پێ دەگەیەنن، بەتایبەتی کەترەمپ خۆی هەڵدەفشێنێت لەمەڕ بڕیارەکەی، ئەو بڕیارەی بووە هۆی روودانی هەموو ئەمانە.
سیاسەتی ترەمپ لەسوریا لەڕووی رەوشتییەوە مایەپووچە
جێی ئاماژەپێکردنە ئەم بروسکانە چەند کاتژمێریک پێش رێککەوتنی ئاگربەستەکە، بەیارمەتی ئەمریکا، نێردراون. بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە پێی ڕاگەیاندین ئەم بروسکانە هێشتا نوێ نەکراونەتەوە لەوکاتەوەی رێککەوتن لەسەر ئاگربەستەکە کراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم بروسکانە هێشتاش پەیامی سەرەکی واشنتن کەدیپلۆماتکارانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لەگەیاندنیاندا لەسەرتاسەری جیهان.
ترەمپ سێ ساڵی لەبەردەستدابووە لەوکاتەوەی دەسەڵاتی گرتووەتەدەست تا پلانێک دارێژێت بۆ دەرچوون لە سوریا، بەڵام لەبری ئەوەی پێشبینی ئەوە بکات رەنگە تورکیا کشانەوەی هێزە ئەمریکەییەکان بقۆزێتەوە و کردەی سەربازی ئەنجامبدات دژی کوردانی سوریا، سەرۆکی ئەمریکا لەپڕێکدا بێ بیرکردنەوە بڕیارێکیدا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی دوای پەیوەندییە تەلەفونیەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان.
ئەمە وای لەحکومەتی ئەمریکا کرد سەخت بێت بۆی مامەڵە لەگەڵ داگیرکارییە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا بکات دوای ئەوەی کارتە فشارەکانی بەفیڕۆدا بۆ بەرگرتن لەکردەی نەخوازراوی تورکیاو گەشتن بەڕێککەوتنێکی دیبلۆماسی کە لانیکەم، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بوایە، کارەکتەرەکانی دیکەی قایلکردایە لەبارودۆخەکەدا.
بابەتی ویستی ترەمپ بۆ کشانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لەسوریا بابەتێکی جیاوازە لەوەی بیانکشێنیتەوە، ئاژاوەو پشێوی فەراهەم بهێنیت، شتێکی واشی لەبارەوە نەکەیت. ئەمە لەڕووی رەوشتییەوە سیاسەتێکی مایەپوچییە، بەڵام لەم ساتەدا سیاسەتی فەرمی ئەمریکایە.