داعش و گروپه جیهانییهکانى تر یهکتر"مورتهد" دهکهن
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەندامانی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لەئەفغانستان ناکۆکیی زۆریان کەوتۆتە نێوان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر ئەوەی کێ بەهەڵگەڕاوە لەقەڵەمدەدەن، بەگوێرەی ئاخاوتێنێکی ئەمدواییانەی سەر تەلەگرام کە لەلایەن بڵاوکراوەی سەلام تایمزەوە بینراوە.
پەیامەکان، کە لە 20 ئەیلولەوە پۆستکراون، ناکۆکی دەردەخەن لهسهر ئەوەی گروپە میلیشیاکانی دیکەی جگە لە داعش هەڵگەڕاوەن یان نا، کەئەوان پێی دەڵێن «مورتەد».
یەکێک لەو گروپانە بزوتنەوەی تەحریکی تاڵیبانی پاکستانیە بەناوی (تەحریک).
تەحریک، لەدامەزراندنیەوە لەکانونی یەکەمی 2007، پەیوەندیی هەبووە بە تاڵیبان و قاعیدەی ئەفغانستانەوە، کههەردووکیان رکابەری داعشن کەکێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی شوێنکەوتووان و هەندێکجاریش دهکهونه پێکدادانهوه.
لەتشرینی یەکەمی 2018، تەحریک نامیلکەیەکی رێنمایی (12) لاپەڕەیی بڵاوکردەوە کە بەشێکی تێدابوو رایدهگهیاند کهئەندامانی داعشی خوراسان هەڵگەڕاوەن.
ئەندامانی داعش لەپێگەکانی تاڵیبان لەئەفغانستان لەتشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا. زۆر لهئەندامانی داعش ئەندامی پێشووی تەحریکی تاڵیبان پاکستان (تەحریک) بوون.
لەئاخاوتنێکی ئەلەکترۆنیی ئەمدواییانەدا، ئەندامانی داعش دەبینرێن مشتومڕ دەکەن دەربارەی ئەوەی ئاخۆ تەحریک کافرن یان نا.
لەهەوڵێکدا بۆ کپکردنەوەی مشتومڕەکە، بەکارهێنەری ئهکاونته ئەلەکترۆنیەکەی داعشی خوراسان «محەمەد بن قاسم» دواتر وتارێکی بڵاوکردەوە هۆشداریدەدات لەوەی تەحریک لەڕاستیدا هەڵگەڕاوەن.
وتارەکە پرسیاری ئەوە دەکات و دەڵێت «هەڵگەڕاوەکانی تاڵیبان لەپاکستان ... بەموجاهیدینی رێزداری داعش دەڵێن کافرو خەواریج، کەواتە جیاوازی چییە لەنێوان تاڵیبانی ئەفغانی و تەحریکی پاکستانیدا؟»
دەشڵێت «داوا لەئەندامانی داعش دەکەم ئامانجە سەرەکیەکە لەبیرنەکەن و رێ بەو دووڕووانە نەدەن گومان لە دڵەکانتاندا دروستبکەن و خوا نەکات گومڕاتان بکەن.»
فەرمانیکرد بەوەی کە «ئەوەی پێتان دەکرێت تەنیا جێهێشتنی ئەم ئهکاونته ئەلەکترۆنیانەیە. موسڵمانانی دیکەش لەم پیلانانە ئاگاداربکەنەوەو هەرگیز ئەو بابەتانە تاوتوێ مەکەن لەلایەن ئەوانەوە هێنراونەتە گۆڕێ.»
بەکارهێنەرانی نێو گروپەکەی داعشی خوراسان لەسەر تەلەگرام بەشێوەیەکی ئاسایی باس لەبوونی «سیخوڕ» دەکەن لەنێو ئهکاونت و گروپەکانداو ئەو راستییە دەردەخەن کە کارگێڕانی ئەلکترۆنی داعش ماوەیەکی خراپ بەسەردەبەن بەهۆی ئەوەی نازانن متمانە بەکێ بکەن.
ئەمینوڵا شارق، شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی لەکابوڵ وتی «سەرکردەکانی داعش هەوڵدەدەن ئەندامانیان پێکەوە بهێڵنەوەو وادەربخەن کەهەموویان یەکگرتوون، بەڵام بۆچوونە جیاوازەکانیان دەربارەی ئەوەی تاڵیبانی پاکستان بەکافر لەقەڵەمبدەن و تەفسیری جیاوازیان بۆ ئیسلام دەریدەخات ناکۆکی نێوخۆییان هەیە.»
چەکداری داعش بەرەو پەرتەوازەیی زیاتر چوون لەوکاتەوەی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی داعش، لە 27ی تشرینی یەکەم کوژرا لەئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ئەمریکادا لەسوریا.
شارق وتی «لەکاتێکدا بەیەکتر دەڵێن کافر، دەرکەوتووە ململانێ لەگروپەکەدا هەیە. جیا لەوەش، زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەمینیەکان دەکرێت ناکۆکییهکانی نێوان چەکدارانی داعشی فراوانترکردبێت.»
ئەکبەر جان فولاد شرۆڤەکاری سیاسی لەکابوڵ وتی «هەندێک راپۆرت و بەڵگە ئەوە دەردەخەن کەژمارەیەک ئەفغانی کە بەڵێنی دڵسۆزییان دابوو بەداعش، لەوان جیابوونەتەوە بەهۆی ستراتیژە زۆر دڕندەکەیانەوە.»
وتی «پێشتر، وادادەنرا کەچەکدارانی داعش لەیەک گروپدا رێکخرابوون لەژێر سەرکردایەتییەکی یەکگرتوودا، بەڵام پێگە جیاوازەکانی ئەندامانی گروپەکە دەریدەخات کە یەک سەرکردایەتییان نییە.»
فولاد وتی «ناکۆکیەکانی نێو ئەندامانی داعش ئاماژەیە بەدەستپێکی دابهشبوون لەنێو گروپەکەدا.»
بەگوێرەی قسەی نیعمەتوڵا کەریاب نوێنەری پارێزگای کونار لە (خانەی نوێنەرانی پەرلەمان) ، کەپێشتر لەگەڵ سەرکردەکانی داعش قسەیکردبوو لەکاتێکدا رۆژنامەوان بوو، ئەو ناتەباییە لە رابردووی ئەندامانی داعشی خوراسانەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، نزیکەی لهسهدا (70)ی چەکدارانی داعش لەئەفغانستان ئەندامی پێشووی تەحریک بوون کەپەیوەندییان پێوەکردووە دوای ئەوەی لەپاکستان دەرکراون بەهۆی هەڵمەتی بەردەوامەوە.
کەریاب وتی «ژمارەیەک لەئەندامانی داعش سووربوون لەسەر ئەوەی سەرکردایەتی داعش لەئەفغانستان بدرێتە تاڵیبانی پاکستان، بەڵام کاتێک چەکدارانی داعش لەعێراق و سوریا و شوێنەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و چیچانەوە هاتن بۆ ئەفغانستان، قایلنەبوون بەو بۆچوونەو ئەمەش وایکرد ناکۆکییەکە دەربکەوێت لەنێو چەکدارانی داعشدا.»
بەئاماژەکردن بەپشتێنەی خێڵەکیی پاکستان، کهریاب وتی «زۆربەی چەکداران و فەرماندەکانی داعش کە لەئەفغانستان کاردەکەن خەڵکی ناوچەکانی ئۆراکزای، باجوور، موهمەند و وەزیرستانن.»
وتیشی «پێموایە داعش بەتاڵیبانی پاکستان دەڵێن کافر بەهۆی هاوسۆزیی [تەحریک]ەوە لەگەڵ تاڵیبانی ئەفغانستان -- وەک دەبینین، داعش و تاڵیبانی ئەفغانستان چالاکن لەشەڕکردن بەرامبەر یەکتردا.»
ئەو تۆماری ئاخاوتنە ئەلەکترۆنیەی (20)ی ئەیلول نیشانی دەدات کەئەندامانی داعشی خوراسان یاساکانی گروپەکە دەشکێنن دەربارەی باسکردنی زیانەکانی شەڕو قسهکردن لهسهر بابەتی مۆڵەت پێنەدراو.
عەزیز ئوستانکوزی شرۆڤەکاری سەربازی و سیاسی لەکابول وتی «بەگوێرەی سیاسەت و پرێنسیپەکانی داعش، ئەندامانی گروپەکە رێیان پێنادرێت بۆچوونیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبوک و تەلەگرام و ئەوانهی دی دەرببڕن. ناوبردنی یەکتر یان گروپێکی دیکە بەکافرو بڵاوکردنەوەی وێنەی نافەرمی لەسەر پەیجە فەرمییەکان نەبوونی یەکێتی و دیسپلین دەردەخات لەنێو ئەندامانی داعشدا.»
ئوستانکوزی وتی «نووسین دەربارەی ژمارەی قوربانیان لەلایەن ئەندامانی داعشەوە لەسەر پەیجە تایبەتەکانیان و دەربڕینی بۆچوون دەربارەی قوربانیەکانیان لەشەڕەکاندا شکاندنی پرەنسیپەکانی داعشن.»
توێژەرێکی دانیشتووی کەراچی کەچاودێریی چالاکییەکانی چەکداران دەکات لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەمجەد حسێن وتی «هەڵمەتێکی دەزگا یاساییەکان لەئەفغانستان و پاکستان بەشێوەیەکی زۆر داعشی خوراسانی لاوازکردووەو دوای کوشتنی زۆربەی فەرماندەکانیان، پشتیوانانی گروپەکە نائومێد بوون و ناڕەزایی دەردەبڕن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەرنامەی گۆڕینەوەی پەیامی ئەلەکترۆنی خێرای وەک تەلەگرام.»
حسێن وتی «پشتیوانانی داعشی خوراسان بەشێوەیەکی ئاشکرا پێشێلی سیاسەتە تووندەکانی گروپەکە دەکەن لەباسنەکردنی ناکۆکی نێوخۆیی بەشێوەیەکی ئاشکراو پشتیوانانی گروپەکانی دی بەهەڵگەڕاوە لەقەڵەمدەدەن.»
وتیشی «وادیارە داعش لەلێواری دابەشبووندایه لەناوچەکەو شەڕی نێوان پشتیوانانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکرێت لەسەر زەمین دەستپێبکات.»
بەرپرسانی ئەفغانی دەڵێن داعش لەئەفغانستان تووشی چەندین پاشەکشە بووەو ئەو گروپە تیرۆریستیە ناتوانێت رووبەڕووی هێزە ئەمنیەکان ببێتەوە.
جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، فهواد ئامان، وتی «جیاواز لەچەند ساڵی رابردوو، داعش تێکشێنراوە ... ههروهها ئەم گروپە لەئێستادا تەنانەت لهدۆخی ساڵێک لەمەوبەری خۆشیدا نییە.»
وتیشی «هەر رۆژێک تێپەڕدەبێت، ئاستی هێرش و فشارەکان زیاتر دەبن بۆ سەریان و لەچەند مانگێکی کەمی رابردوودا، سەدان چەکداری داعش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لەناوبراون.»