کورد لەسوریا پێگەی خۆی بەهێز دەکات دوای پەلامارەکانی تورکیا

پەیمانگای توێژینەوەی جەنگ: یەپەگە یاری بەتورکیا دەکات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تورکیا ناتوانیت بەردوامبێت لەهێرشی بەربڵاوی سەربازیی بۆ رۆژاڤا، ئەوەش بەهۆی زۆری رەخنەو فشارەکان لەسەری و رێگەپێنەدانی لەلایەن روسیاوە کەئێستا لەناوچە سنورییەکان بڵاوبۆتەوە. بەپێی بڕوای شارەزایان یەپەگەش نایەوێت تەواوی ناوچەکە بکەوێتە دەست میلیشیاکانی نزیک لەتورکیا.

 پەیمانگای توێژینەوەی جەنگ رایگەیاند یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەقووڵایی 30 کیلۆمەتری باکووری سووریا نەکشاونەتەوەو مەبەستیانە لەڕێگای پاراستنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ روسیا و ئەمریکاش پارێزگاری لەپێگەکەی خۆیان بکەن.

هێزەکانی کوردی سووریا ناسراو بە یەپەگە لەچوارچێوەی رێککەوتنی نێوان روسیاو تورکیا بڕیاربوو تاقووڵایی (30) کیلۆمەتری هێڵی سنووریی باکوری سوریا بکشێنەوەو لەبەرانبەردا پارێزراوبن لەهێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان.

پەیمانگای توێژینەوەکانی جەنگ لەشرۆڤەیەکدا بۆ رەوشی سووریا نووسیویەتی بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبوو کوردی سوریا تاڕێککەوتنی 29ی تشرینی یەکەمی 2019 بۆ مەودای (30) کلیۆمەتری باکوری سوریا پاشەکشەیان کردبا، بەڵام ئێستاش هێزە کوردییەکان لەناوچەکەن و لەو هێڵە دیاریکراوە نەکشاونەتەوە.

پەیمانگاکە نووسیویەتی بوونی روسیاو ئەمریکاو تورکیا لەباکووری سوریا شێوەیەک لەڕکابەریی ئەو وڵاتانەیە بۆ زیادکردنی هەژموونی و دەسەڵاتی خۆیان لەسوریاو کوردیش مەبەستیەتی لەو مەسەلەیە کەڵک وەربگرێت بۆ ئەوەی پێگەکەی خۆی بپارێزێت و بگرە بەهێزتریشی بکات.

پەیمانگای توێژینەوەکانی شەڕ دەشنووسێت هێزە کوردییەکانی سوریا دەیانەوێت هاوکات بەشەراکەت لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئەمریکاو روسیا پارێزراو بێت لەهێرشەکانی تورکیا.

 ئەو پەیمانگایە لەخوێندنەوەکەی خۆیدا ئەوەشی نووسیوە «ئەمریکا پاش ئەوەی لەباکوری سوریا کشایەوە دیسان گەڕایەوە پارێزگای حەسەکەو بەهاوکاریی هێزە کوردییەکانی سوریا کێڵگە نەوتییەکان دەپارێزێت و دەوریەی هاوبەش بەڕێوەدەبات. لەولاشەوە روسیا هاوکات لەگەڵ کوردیش و لەگەڵ تورکیاش دەوریەی هاوبەش ئەنجامدەدات».

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی پەیمانگای توێژینەوەکانی جەنگ، هێزەکانی ئاسایش کە بەشێکن لەهێزە کوردییەکان بەردەوام هاوکاری و یاوەریی هێزەکانی روسیایان لەگەڵەو بەشێوەی بەرچاو لەناوچەکە دەردەکەون.

پەیمانگای توێژینەوەی جەنگ بڕوای وایە لەداهاتوودا تورکیا ئەم سیاسەت و تاکتیکەی کورد قبووڵ ناکات، بەڵام ئێستاکە هەر بەوە رازییە کە بەشێوەی رواڵەتی دەوریەی هاوبەشی لەگەڵ روسەکان بێت.

هەروەها خوێندنەوەکەی پەیمانگای توێژینەوەی جەنگ نووسیویەتی هێزەکانی سوپای سوریاش دەوریەی سەربەخۆی خۆیانیان لەو ناوچانە بەڕێوە بردووە کەهێزە ئەمریکییەکانی لێیە. هەر بۆیەش دوور نیە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان روسیاو ئەمریکاو تورکیاو سوریا رووبدات.

دوای دوو رێکەوتنی نێوان تورکیا لەگەڵ ئەمەریکاو روسیا بۆ ئاگربەست، بەڵام هێشتا پەلاماری هێزە میلیشیاکانی سەر بەتورکیا بۆسەر چەند شارۆچکەیەکی رۆژاڤا بەردەوامە.

ههسهده رایدهگهیهنێت، دواى راگهیاندنى ئاگربهست، سوپاى تورکیا میلیشیا ئیسلامییهکانى هاوپهیمانى به (١٩٠) هێرشى زهمینى و (٨٢) هێرشى ئاسمانی، ئاگربهستیان پێشێلکردووه.

رۆژی دووشهممه 11ى تشرینى دووهمى 2019 ناوهندى راگهیاندنى هێزهکانى سوریاى دیموکرات (ههسهده) لهڕاگهیهندراوێکدا ئامارى پێشێلکارییهکانى سوپاى تورکیاو میلیشیا ئیسلامییهکانى هاوپهیمانى دواى ئاگربهست ئاشکراکرد.

ههسهده لهڕاگهیهندراوهکهدا جهختیکردووهتهوه، دواى رۆژى ١٧ى مانگى رابردوو، گروپه چهکدارهکان و سوپاى داگیرکهرى تورکیا، (١٩٠) جار بههێرشى زهمینى و (٨٢) جاریش بههێرشى ئاسمانى لهڕێگهى فڕۆکهى جهنگى و فڕۆکهى بێفڕۆکهوانهوه، ئاگربهستیان پێشێلکردووه.

تورکیاو میلیشیاکانى سەدان جار ئاگربهستیان پێشێلکردووهو شهڕڤانانى ههسهدهش بهردهوامن لهبهرخودان و بهرگرى لهخاکى رۆژئاواى کوردستان

جهنهراڵ مهزڵوم کۆبانێ لهچاوپێکهوتنێکى تهلهفزیۆنیدا رایگهیاند کهتورکیاو میلیشیاکانى سەدان جار ئاگربهستیان پێشێلکردووهو شهڕڤانانى ههسهدهش بهردهوامن لهبهرخودان و بهرگرى لهخاکى رۆژئاواى کوردستان.

پاش رێککەوتنی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، هێرشی (نۆ) رۆژەی تورکیا بۆ سەر کوردانی سوریا کۆتایی پێهات و پاش ئەوەش رێککەوتنی نێوان روسیا و تورکیا درێژەی بەئاگربەستەکە داو ئێستا ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی تورکیا دژ بەکوردەکان کۆتایی هاتووە.

دوو شارەزای بواری تورکیا بەئاژانسی شینۆڤایان وتووە، ئەگەری نییە جارێکی دیکە تورکیا هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر کوردانی باکوری سوریا رێکبخات، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی کەژمارەیەک لەهێزە کوردیەکان لەناوچەی ئەمنی نەکشاونەتەوە.

نیهاد عەلی ئوزجان بەم هەواڵدەرییەی وتووە ئێستا هەڵمەتەکان بەگوێرەی دانوستانی نێوان سەرکردەکان دەدرێن، نەک بەپێی ئەوەی لەواقیعدا روودەدات.

حەسەن کانی کارناسێکی دیکەی پرسەکانی تورکیا بەشینۆڤا دەڵێت ئەگەری هەیە روسیا مۆڵەت بەتورکیا بدات ئۆپەراسیۆنی وردو سنووردار دژ بەهێزە کوردیەکان کە لەناوچەی ئارام ماونەتەوە ئەنجامبدات، بەڵام ئۆپەراسیۆنی بەربڵاو چاودێریی جیهانی لەسەرە. هێرشی پێشووی تورکیا رەخنەی زۆری لێگیردرا.

حەسەن کانی و نیهاد عەلی ئوزجان رایدەگەیەنن «بەئاوڕدانەوەی پاڵپشتیی روسیا لەکوردانی سوریاو زیاتربوونی چاودێریی جیهانی لەسەر بابەتی کوردەکان، تورکیا چیدی ناتوانێت بەئاسانی هێرش بکاتەسەر باکوری سوریا».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار