ناپاکیکردن لەکوردەکان کاری سوپای ئەمریکا لەهەموو شوێنێک سەختتر دەکات
5 ساڵ لەمەوپێش
وتاری: جێری مایرڵ لەپێگەی دیفێنس وەن
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
متمانە ئامرازێکی بەهێزە کەچەندەها ژیانی پاراستووە لەشەڕە تەمومژاوییەکانی سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ماوەیەکی زۆری دەوێت تا بنیادبنرێت و تەنها چەند ساتێکی کەمی پێویستە تا لەناوببرێت. کشانەوە لەپڕەکەی ئەمریکا لەسوریاو فەرامۆشییە شوومەکەی کوردەکان بۆ بەشداریان لەجەنگی دژی داعش ئەو متمانەیە بێهێز دەکات و هێزەکانی ئەمریکا و ئەرکەکانیان دەخاتە بەردەم مەترسی.
بۆ ماوەی ٢٠ ساڵە - هەر لەداگیرکاری ئەفغانستان و بەدواداچوونی ئوسامە بن لادنەوە بۆ ململانێ سەربازییەکانی لیبیا، یەمەن، عێراق و سوریا - راوێژکارانی جەنگ و هێزە تایبەتییەکان لەنزیکەوە لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکاندا لەبارودۆخی سەخت و مەترسیداردا کاریان کردوە.
زۆرجار ئەم ئەرکانە وادەخوازن کەئەندامانی تایبەتی سوپاو راوێژکاران ژیانی خۆیان بدەنە دەست هاوبەشە بێ وڵاتەکان. تیمی بچوکی ئەمریکی بەشێوەیەکی رۆتینی بەتەنها و بەبێ ترس زۆر دوور لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و لەدەرەوەی مەودای پاڵپشتی هێزی ئاسمانی و هێزی کاردانەوەی خێرا کاریان لەگەڵ گروپە چەکدارە ئەفغانی و سورییەکان کردووە.
هاوبەشە ناوخۆییەکان بەرگریان لەبنکە سەربازییەکان کردووەو هاوشانی هێزەکانی ئەمریکا شەڕیان کردووە. زانیاری هەواڵگرییان کۆکردوەتەوەو وەک وەرگێڕ لەو ئەرکانەدا کاریان کردووە کەپەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا گرنگ بووە. لەنمونەی دەگمەندا کاتێک ئەم هێزانە روویان وەرگێڕاوە لە راوێژکارەکانیان، لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە کارەساتبار بووە بۆ ئەو ئەمریکییانەی لەوێ بوون.
لەگەڵ ئەوەی سەربازانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان هاوشانی یەکتر شەڕیان دەکرد، پەیوەندی نێوانیان بەپشتبەستن بە متمانە بنیادنا کە نەک هەر گرنگە بۆ بەرهەمی سروشتی ئەزمونی هاوبەشیان لەدۆخە مەترسیدارەکاندا، بەڵکو پێویستیشە بۆ مانەوەیان لەکاتێکدا لەئەرکدان لەپشتی هێڵەکانی دوژمنەوە.
یەکێک لەلایەنە باشەکانی ئەندامانی سوپای ئەمریکا توانای هەستکردنیانە بەباشی خەڵک سەرەڕای بەربەستە کلتورییەکان و تەرخانکردنی ئەمە بۆ سوودی ئەرکەکەو وڵاتەکە. توانیویانە ئامانجی هاوبەش بنیاد بنێن و هاوڕێ پەیدا بکەن و بەردەوامی بەهاوڕێیەتییەکە بدەن، تەنانەت کاتێک کە بەرژەوەندییەکانیان بەئاراستەی جیاوازدا رۆیشتووە.
هەندێکیان بەرچاو روون بوون دەربارەی هاندەرە شاراوەکانی دانیشتوانەکانی ناوچەی ئەرکەکانیان، لەکاتێکدا هەندێکی تریان بەجۆرێک ساویلکە بوون. بەڵام ئەگەر پشتگیرییان لەو گومانە گشتی و چەتەئامێزیانە بکردایە کە لەئێستادا سیاسەتی کۆشکی سپی تەنیووە، سەرجەم چەمکی ئەم ئەرکانە دەکەوتنە مەترسییەوە.
وەک راوێژکارێک بۆ هێزە ئەمریکییەکان لەناوچە دوورەدەستەکانی ئەفغانستان، لەو گەڕانەو دەورییانەدا بەشداریم کردووە کەسەلامەتیم کەوتوەتەوە سەر چەکدارە هاوبەشەکانی هێزەکانی ئەمریکا. لەبنکەی وەهادا بووم کەئەفغانییەکان پاسەوانی چواردەوریان کردووە. هەروەها بەبێ ترس خەوتووم لەو گوندانەی کەشوێنی ململانێ بوون و تێیدا تیمی بچوکی ئەمریکی تەنها پشتیان بەئیرادەی باشی شەڕکەڕە ناوخۆییەکان بەستووە. تیمە سەرکەوتووەکان (وە ئەوانەی کەناوچەکانیان زۆر پارێزراو بوون) ئەوانە بوون کە ئەو پەیوەندییەیان بەپشت بەستن بەمتمانە بنیادناو هەرگیزیش بەچاوی کەمەوە لەهاوڕێکانیان نەڕوانیوە.
سەربازەکانی ئەمریکا - کە لەلایەن سەرکردەکانی واشنتنەوە پشتیوانییان لێدەکرێت - چوار ساڵیان بەدەستەوەیە بەڵێن بدەن بەهاوبەشە ناوخۆییەکان بۆ کۆکردنەوەی چەکدار، بەهێزکردنی پەیوەندی و سەرکردایەتیکردنی کردەی کاریگەر دژی تیرۆریستان. بۆ ماوەیەکی درێژ، ئەمریکا هەوڵی رێکخراوی داوە، هەرچەندە هەمیشە سەرکەوتوو نەبووە، تا ئەو بەڵێنانە بەجێبهێنیت و هاوشانی هێزە هاوبەشەکان بێت کەڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە لەئەرکە هەستیارەکانداو ژیانی چەندین ئەندامی سوپای ئەمریکیان پاراستوە.
کشانەوە لەپڕەکەی سوریا، فەرامۆشکردنە ئاشکرا ناشرینەکە لەبەرامبەر پەیوەندییە پتەوەکە لەگەڵ هێزە کوردییەکان و قسەوباسە گاڵتەجاڕییەکان لەسەر نەوتی سوریا وەک ئەوەی ئامانجەکە هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەوە بووە، راست و دروستی ئەو بەڵێنانە لەداهاتوودا بێهیز دەکات. زۆر سەختتر دەبێت بۆ راوێژکاران و سەربازە تایبەتییەکانی سوپای ئەمریکا کەهاوپەیمانی ناوخۆیی بدۆزنەوە ئامادەییان تێدابێت و ئەو متمانەیە بنیادبنێن کەخاڵی جەوهەرییە بۆ لەناوبردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا و لەو ناوچانە رزگاریان ببێت کەشوێن پێی قورسی ئەمریکا تێیدا بوونی کەمە.
"هەرگیز نیاز وانەبووە ئەمریکا پشتگیری لەسەربەخۆیی کوردەکان بکات"
ئەوە راستە کەهەندێک لەو متمانەیە لەو بەڵێنانەوە سەرچاوەی گرتووە کەئەمریکا ناتوانێت بیانپاریزێت یان لەو هیوا ناواقیعیانەی کە دەربارەی پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئەو ئامانجانەی لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمریکادا یەکناگرێتەوە. هەرگیز نیاز وانەبووە ئەمریکا پشتگیری لەسەربەخۆیی کوردەکان بکات یان بۆ هەمیشە لەسوریادا بمێنێتەوە. هاوبەشە ناوخۆییەکان زۆر لەم راستییە ئاگادارن بەتایبەتی کوردەکانی سوریا کەدەسەڵاتدارانی رۆژئاوا چەندین جار فەرامۆشیان کردوون.
بەڵام هەرگیز ئەو پەیوەندییە متمانەییە رووینەدەدا، چونکە هاوبەشە ناوخۆییەکان بڕوایان وابوو کە ئەو ئەمریکیانەی ئەوان دەیانناسن خەڵکانی شەرەفمەندو بەڕێزن کە لەچرکەساتێکدا فەرامۆشیان ناکەن و لانیکەم دان دەنێن بەو قوربانیانەی داویانەو هەوڵدەدەن کارە دروستەکە بکەن.
خۆبێبەریکردنە ئاشکراکەی ئەمریکا لەئاست ئەرکەکانی بۆ هێزە کوردییەکان، لەگەڵ هەوڵێکی زۆر کەم بۆ هێشتنەوەی، متمانەی هاوپەیمانە هاوبەشەکانی تر بێهیز دەکات کەئێستا لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لەمەیدانی جەنگدان لەناوچەکەدا، لەوانە ئەفغانستان کەتێیدا تاڵیبان لەبەرەی پێشەوەیە. ئەمە بەربەستیش دروستدەکات بۆ هێزەکانی ئەمریکا لەداهاتوودا لەگەڵ ئەوەی هەوڵی دروستکردنی هێزی هاوبەشە ناوخۆییەکان دەدەن و ئەرکی هەستیار بەهیوای سەرکەوتن بە هێزەکانیان دەسپێرن - سەرەڕای ئەوەی ژیانی خۆشیان پێ دەسپێرن.