عارف قوربانی: پۆڵ بریمه‌ر سێ ملیار دۆلارى بۆ هه‌رێم نارد و پارتى و یه‌کێتى به‌شیانکرد
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
عارف قوربانی، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس له‌نوسینێکدا باسى سێ حاڵه‌ت ده‌کات که به‌شى مووچه‌ى دوو ساڵى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات و ده‌شڵێت:" پۆڵ بریمه‌ر سێ ملیار دۆلارى بۆ هه‌رێم نارد و پارتى و یه‌کێتى به‌شیانکرد".
عارف قوربانى له‌نوسینه‌که‌یدا ده‌ڵیت "هه‌موو له‌بیرمانه دواى که‌وتنى سه‌دام، پۆڵ بریمه‌ر به چه‌ند هه‌لیکۆپته‌رێک سێ ملیار دۆلارى له پاره‌ى عێراق هێنا و دایه کوردستان. ئه‌مانیش نه‌خستیانه خه‌زێنه‌ى حکومه‌ته‌وه و نه دایانه خه‌ڵکى کوردستان، به دوو رێژه‌ى جیاواز به‌شیان کرد بۆ پارتى و یه‌کێتى و هه‌ردوولایان پاره‌که‌یان برده ده‌ره‌وه‌ى کوردستان".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "له کۆتایى ساڵى 2011 ئه‌و کاته‌ى پاره له به‌غداوه زۆر ده‌هات و له پێویستیى هه‌رێم زیاتر بوو، بڕى چوار ملیار دۆلار پاره‌ى شیرینیى نه‌وتى کۆمپانیا بیانییه‌کان که‌ڵه‌که بووبوو، له ترۆپکى هه‌ردوو حیزبه‌که‌وه که‌وتنه که‌ینوبه‌ینى چۆنیه‌تیى خۆش و به‌شکردنى ئه‌و پاره‌یه و ئه‌وه‌شیان له‌نێوان خۆیان به‌شکرد و بووه سه‌رمایه‌ى پارتى و یه‌کێتى له بانکه‌کانى ده‌ره‌وه".
ده‌قى نوسینه‌که‌ى عارف قوربانی:
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له هه‌وڵه‌کانى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانى دارایى خه‌ریکه ده‌گاته بنبه‌ست و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌قه‌تى پێدانى مووچه‌ى مووچه‌خۆره‌کانى نایه‌ت. هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌شى که ده‌یویست له رێگه‌ى به‌غداوه به‌شێک له داهاتى پێ ده‌سته‌به‌ر بکات، بێ‌ئاکام ده‌بن. چونکه ستراتیژى به‌غدا ئه‌وه نییه پشتیوانى له کوردستانێکى به‌هێز بکات، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و به‌دواى ئه‌و رێگایانه‌وه‌یه که زیاتر چۆک به کوردستان دابدات. ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش له داهاتووى کوردستان نه‌ڕوانێت، له ئێستادا قه‌یرانى دارایى به‌رۆکى خۆیشى گرتووه، ئه‌وه‌ى مانگانه ده‌ستیده‌که‌وێت نیوه‌ى ئه‌وه نییه که بۆ خه‌رجییه‌کانى پێویستییه‌تی، بۆیه هیچ لۆژیکێک ئه‌وه ناسه‌لمێنێت که به‌غدا له دۆخێکى دارایى وه‌ک ئێستایدا بچێته ژێر بارى پێدانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان.
ئه‌گه‌رچى ئه‌و سازشانه‌ى ئێستا هه‌رێم کردوونى زۆر له‌وه زیاترن که پێش کۆرۆنا به‌غدا داوایده‌کرد، به‌ڵام بۆ به‌غداش ئێستا هه‌لومه‌رجێکى دیکه‌یه. له باشترین دۆخدا به‌غدا کاتێک ئه‌وه ده‌کات که نرخى نه‌وت زۆر به‌رز بووبێته‌وه، ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وتیش به‌رز ببێته‌وه ئه‌و کات کوردستان به‌و ئه‌ندازه‌یه پێویستى به به‌غدا نابێت.
که‌واته بۆ هه‌ردوولا دۆخه‌که به نرخى نه‌وته‌وه په‌یوه‌سته. تاوه‌کو زیاتر داببه‌زێت، هه‌ردوولا ده‌باته دۆخێکى مه‌ترسیدارتره‌وه. هه‌ر کات نرخى نه‌وتیش به‌رز ببێته‌وه، ده‌بێته ئاسۆى تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌که. بۆیه ده‌کرێت وه‌ک قۆناخێکى کاتى ته‌ماشاى قه‌یرانه‌که بکرێت.
به‌غدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ته و متمانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌یه، ده‌توانێت به به‌ده‌ستهێنانى قه‌رز له بانکه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئه‌م قۆناخه تێبپه‌ڕێنێت. به‌ڵام هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى ناگاته ئه‌و که‌ناڵه داراییانه‌ى جیهان تاوه‌کو قه‌رزیان لێبکات. به‌غداش وه‌ک ئه‌زموونى پێشووتر ئاماده نییه له‌و قه‌رزه ده‌ره‌کییانه به‌شى هه‌رێمى کوردستان بدات.
که‌واته چاره‌سه‌ر چییه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان به‌شێک پاره‌ى بکه‌وێته ده‌ست تاوه‌کو له‌وه دڵنیا بێت وه‌ک ده‌ستمایه‌یه‌ک له به‌رده‌ستیدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ داهاتى ناوخۆ و هه‌وڵه‌کانى چاکسازى به‌سه‌ر قه‌یرانه‌که‌دا زاڵ ده‌بێت؟
پارتى و یه‌کێتى وه‌ک دوو هاوبه‌ش له پێکهێنانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و به‌ڕێوه‌بردنى له 28 ساڵى رابردوودا وه‌ک حیزب و به‌شێک له کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کان و بنه‌ماڵه‌کانیان له ترۆپکى ئه‌م دوو حیزبه له رێگه و که‌ناڵى جۆراوجۆره‌وه زۆر له حکومه‌ت سوودمه‌ند بوونه. به‌هۆى ئه‌وه‌ى له سه‌رده‌مى شۆڕش و له‌ژیانى شاخیشدا خاوه‌نى گومرگ و رێکارى تایبه‌ت به خۆیان بوون له وه‌رگرتنى سه‌رانه، کاتێک حکومه‌تى هه‌رێمیش پێکهات، له‌پاڵ کاره‌کانى حکومه‌تدا تاوه‌کو ئێستاش به‌شێک له‌و داهاتانه هه‌ر ده‌چنه خه‌زێنه‌ى حیزبه‌وه. به‌هۆى ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه به ملیۆنان مه‌تر زه‌وى له شوێنه گرنگ و ستراتیژییه‌کانى ناو شاره‌کان له‌سه‌ر کۆمپانیاکانیان تاپۆ کراون و دواتر فرۆشراون و پاره‌که‌یان بۆ حیزبه‌کان چووه. له پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌کان و تا ده‌گاته شیرینیى نه‌وت و پشکیان له کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان، هه‌روه‌ها له بردنى نه‌وت به قاچاخ و زۆر شتى دیکه، ئه‌م دوو حیزبه و هه‌ندێک له بڕیاربه‌ده‌سته‌کانیان سه‌روه‌ت و سامانێکى زۆریان له سایه‌ى ئه‌م حکومه‌ته پێکه‌وه ناوه.
ئه‌مه جیا له‌وه‌ى تا داهاتى حکومه‌ت زۆر بوو پشکى دیاریکراویان له داهاتى گشتیى حکومه‌تیش بردووه و له پشکى فرۆشى نه‌وتیش هه‌ردوولا به رێژه‌ى جیاجیا مانگانه پاره چووه‌ته سه‌ر ژماره‌ى بانکییان. به ئێستاشه‌وه که قه‌یرانى دارایى به‌رۆکى حکومه‌ت گرتووه و خه‌ریکه به‌چۆکیدا دێنێت، هێشتا پارتى و یه‌کێتى داهاتیان که‌مى نه‌کردووه و هه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن و ئێستا هه‌ردوو حیزبه‌که له رووى سه‌رمایه‌ى که‌ڵه‌که‌بوو، له موڵک و کۆمپانیا، له حکومه‌ته‌که‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندترن. بۆ داهاتووش به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌وره و زۆرى ئه‌م دوو حیزبه به‌ستراوه‌ته‌وه به حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه. که‌واته تاوه‌کو ته‌مه‌نى ده‌سه‌ڵاتیان درێژتر بێت، زۆرتر سوودمه‌ند ده‌بن و له ئه‌گه‌رى تێکچوونى هه‌رێمى کوردستانیشدا پێش هه‌رکه‌س ئه‌م دوو حیزبه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن. بۆیه کاتێک دۆخى ژیانى خه‌ڵک ده‌گاته ئاستێک خۆزگه‌ى رووخانى قه‌واره‌که‌ى کورد بخوازێت، به هه‌موو پێوه‌رێک ده‌بێت ئه‌م دوو حیزبه ده‌ستبکه‌ن به گیرفانیاندا و هه‌ریه‌که‌و به‌شێک له‌و پارانه‌ى به رێگه‌ى ره‌وا و ناڕه‌وا له‌م حکومه‌ته ده‌ستیان که‌وتووه بیده‌نه‌وه به حکومه‌ت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر وه‌ک هاوکاریى تێپه‌ڕاندنى قۆناخى قه‌یرانیش بێت، وه‌ک چۆن ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌یان له ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌کان هه‌یه. که ئه‌مه‌ش ساکارترین پابه‌ندبوونى ئه‌خلاقى و نیشتمانییه ئه‌م دوو حیزبه بیکه‌ن و هه‌ریه‌که‌ى ئه‌وه‌نده پاره بده‌نه‌وه حکومه‌ت که حکومه‌ت بتوانێت بۆ لانیکه‌م شه‌ش مانگێک دڵنیایى ده‌سته‌به‌رى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌بێت.
جا ئه‌مه جیاواز له‌و که‌ناڵانه‌ى دیکه که له رێگه‌یه‌وه پاره‌یان پێ کۆکردوونه‌ته‌وه. ئه‌م دوو حیزبه به بڕى زۆر قه‌به پاره‌ى کاشى ئه‌م میلله‌ته‌یان لایه. من لێره‌دا باسى سێ حاڵه‌ت ده‌که‌م، دڵنیام له‌وه‌ش زۆرتر براوه که من ده‌یزانم یان که لێره‌دا باسیده‌که‌م.
هه‌موو له‌بیرمانه دواى که‌وتنى سه‌ددام، پۆڵ بریمه‌ر به چه‌ند هه‌لیکۆپته‌رێک سێ ملیار دۆلارى له پاره‌ى عێراق هێنا و دایه کوردستان. ئه‌مانیش نه‌خستیانه خه‌زێنه‌ى حکومه‌ته‌وه و نه دایانه خه‌ڵکى کوردستان، به دوو رێژه‌ى جیاواز به‌شیان کرد بۆ پارتى و یه‌کێتى و هه‌ردوولایان پاره‌که‌یان برده ده‌ره‌وه‌ى کوردستان.
له کۆتایى ساڵى 2011 ئه‌و کاته‌ى پاره له به‌غداوه زۆر ده‌هات و له پێویستیى هه‌رێم زیاتر بوو، بڕى چوار ملیار دۆلار پاره‌ى شیرینیى نه‌وتى کۆمپانیا بیانییه‌کان که‌ڵه‌که بووبوو، له ترۆپکى هه‌ردوو حیزبه‌که‌وه که‌وتنه که‌ینوبه‌ینى چۆنیه‌تیى خۆش و به‌شکردنى ئه‌و پاره‌یه و ئه‌وه‌شیان له‌نێوان خۆیان به‌شکرد و بووه سه‌رمایه‌ى پارتى و یه‌کێتى له بانکه‌کانى ده‌ره‌وه.
سه‌ره‌تاى ساڵى 2013 به‌هۆى پێشهاتێکى سیاسییه‌وه پاره‌ى بانکه‌کان که پاره‌ى هاووڵاتییان، پاره‌ى پرۆژه، پاره‌ى لقى هه‌رێمیى بانکه عیراقییه‌کان بوون، هه‌مووى گوازرایه‌وه. ئه‌وه‌ى تاکه که‌سێک ئازایه‌تیى ئه‌وه‌ى تێدا بوو باسى بکات، مه‌لا به‌ختیار له رۆژنامه و ماڵپه‌ڕى چاو‌دێر وتارێکى نووسى و هاوارى کرد کوردستان به‌ره‌و قه‌یرانێکى دارایى ترسناک ده‌ڕوات به‌هۆى ئه‌وه‌ى پاره له بانکه‌کان نه‌ماوه و ژێرزه‌مینه‌کان پڕکراون له فه‌رده دۆلار. په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى و داواکارى گشتى و ته‌نانه‌ت خه‌ڵک و میدیاکانیش خۆیان لێ که‌ێ کرد.
ئه‌وه‌ى مه‌لا به‌ختیار نووسیى و ئاماژه‌ى مه‌ترسیى قه‌یرانى دارایى خسته‌ڕوو، 11 مانگ پێش ئه‌وه بوو که مالیکى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بڕی. ئه‌و قسه و باسانه‌ش که له‌باره‌ى ئه‌وه‌وه ده‌کران مالیکى خرایه سه‌ر ئه‌و رێیه‌ى بودجه‌ى هه‌رێم ببڕێت، بۆ شاردنه‌وه‌ى شوێنه‌وارى فه‌رده دۆلاره‌کانى ژێرزه‌مینه‌کان بوو، ئه‌وه‌ى مه‌لا به‌ختیار ئاشکراى کرد و که‌سى دیکه زاتى ئه‌وه‌ى نه‌کرد به‌دواداچوونى بۆ بکات.
جا پاره‌ى ئه‌م سێ حاڵه‌ته به‌شى مووچه‌ى دوو ساڵى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات و ئه‌مه‌یان هه‌ر به ئاشکرا موڵکى ئه‌و میلله‌ته‌یه. بۆیه ده‌بێت په‌رله‌مانتاران له جیاتى ئه‌و زێده‌ڕۆییه‌ى له شه‌ڕى یه‌کدى و پینه‌وپه‌ڕۆى عه‌یب و عارى ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یکه‌ن، شه‌ڕى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌م پارانه بکه‌ن. پێویسته داواکارى گشتى له‌سه‌ر ئه‌مه به‌ده‌نگ بێت، نه‌ک ئه‌وه‌ى ئێستا پێیده‌که‌ن. هاووڵاتییانى کوردستان ده‌بێت داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م پاره دزراوانه بکه‌ن. به‌مه کۆتایى به قه‌یرانى دارایى دێت و رێ له چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ى تاڵانکردنى کوردستان ده‌گیرێت.
له ماوه‌ى ڕابردوودا، شاندى باڵاى دانوستانکارى هه‌رێم له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى فیدڕاڵ، به سه‌رۆکایه‌تیى جێگرى سه‌رۆکوه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی، سه‌ردانى به‌غدادى کرد، سه‌ره‌ڕاى کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆککۆمار، به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆکوه‌زیران، مسته‌فا کازمی، له‌گه‌ڵ شاندى عێراقیشدا بۆ گفتوگۆکردنى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان کۆبوونه‌وه.