کوشتنی بەرپرسێکی باڵای قاعیدە لەتاران چەند پرسێکی نوێ بۆ ئێران دێنێتە ئاراوە

کوشتنی کەسی دووەمی قاعیدە لەئێران و دەنگۆی مردنی زەواھیری کێشەی جێگرتنەوە بۆ کەسی یەکەمی قاعیدە دروستدەکات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ھێشتا ئێران ئەو راپۆرتانە رەتدەکاتەوە کە بڵاوبوونەوە تایبەت بەکوشتنی عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵا ناسراو بە ئەبو محەمەد میسری کەسی دووەمی قاعیدە کە بەشێوەیەکی نهێنی لەتاران لەلایەن رێکخراوە ئیسرائیلیەکانەوە کوژرا، بەڵام ئەوە بووەتە پرسێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە کەبۆچی بەرپرسانی ئێران میسرییان لەگەڕەکێکی دەوڵەمەندی تاران بۆ ماوەی چەندین ساڵ پاراستووە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەینی (13ی تشرینی دووەم) رایگەیاند کە میسری  لەئەمریکا تۆمەتبارکراوە بەتێوەگلان لە تۆمەتەکانی 1998ی پەیوەندیدار بەتەقینەوەکانی باڵیۆزخانەکانی لەتەنزانیا و کینیا، ئەم هاوینە بەنهێنی لەتاران تەقەی لێکراو کوژرا لەلایەن بەکرێگیراوانی ئیسرائیلەوە لەسەر ماتۆڕێک بەفەرمانی واشنتۆن.

بەپشتبەستن بەچەندین سەرچاوەی هەواڵگری، رۆژنامەکە رایگەیاند کە سەرکردە باڵاکەی قاعیدە لەگەڵ کچەکەی، مریەم، کوژران کە ژنی پیشووی حەمزەی کوڕی ئوسامە بن لادن بوو.

بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا بە تایمزیان وت، میسری  لەژێر «سەرپەرشتی» ئێراندا بوو لەساڵی 2003وە، بەڵام لانیکەم لە 2015وە ئازادانە دەژیا لەگەڕەکێکی دەوڵەمەندی سەرەوەی تاران.

چیرۆکێکی کوشتنەکەی

لەبەرەبەیانی 8ی ئاب، میسری ئۆتۆمبێلێکی جۆری رینۆی سیدانی لێدەخوڕی لەگەڵ کچەکەی لەنزیک ماڵەکەی خۆی، کاتێک دوو چەکدار بەسواری ماتۆڕێکەوە پێنج جار تەقەیان لێکردن.

دوو ئاژانسی هەواڵی ئێران -- ئاژانسە فەرمییەکانی ئیرناو میهر -- لەوکاتەدا رووداوێکی هاوشێوەیان راگەیاندو قوربانییەکەیان وەک حەبیب داود ناساند، مامۆستایەکی لوبنانیی وانەی مێژوو، تەمەن (58) ساڵ، لەگەڵ مریەمی کچی، تەمەن (27) ساڵ ، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر بڵاوبکەنەوە.

کەناڵی هەواڵی لوبنانی ئێم تیڤی و چەند هەژمارێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران رایانگەیاند کە داود ئەندامی حزبوڵا بووە، کە رێکخراوێکی میلیشیای سەر بەئێرانە لە لوبنان.

نیویۆرک تایمز رایگەیاند کە راپۆرتەکان پەسەند دەردەکەون، بەڵام راستییەکە ئەوەیە هیچ حەبیب داودێک بوونی نییە.

رۆژنامەکە رایگەیاند کە چەند لوبنانییەک کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێراندا هەیە هیچ شتێکیان دەربارەی داود یان کوژرانەکەی نەبیستووە. هیچ راپۆرتێک نییە کە مامۆستایەکی لوبنانیی مێژوو لەهاوینی رابردوودا لەئێران کوژرابێت، لێکۆڵەرێکی پەروەردەییش کە لیستی هەموو مامۆستاکانی مێژووی ئێرانی لەبەردەستدایە وتی هیچ کەسێک بە ناوی حەبیب داود لەتۆماری ئەواندا نییە.

بەرپرسێکی هەواڵگری وتی لەڕاستیدا «حەبیب داود» نازناوێکە بەرپرسانی ئێران داویانەتە پاڵ ئەبو محەمەد میسری.

نەبیل نەعیم، سەرکردەی پێشووی جیهادی ئیسلامی لەمیسر، کە سەر بەقاعیدەیەو هاوڕێیەکی لەمێژینەی میسرییە، هەمان شتی بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی سعودی وت لەتشرینی یەکەمدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوەو بە «زانیاریی ساختەو دروستکراو» لەقەڵەمیدان.

بوونی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی ئێران

میسری  یەکێک بوو لە سەرکردە دامەزرێنەرەکانی قاعیدەو پێدەچێت یەکەمین بووبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی رێکخراوەکە دوای سەرکردەکەی ئێستای، ئەیمەن زەواهیری.

دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر لەئەمریکا لە 2001، میسری  و سەیف عادل و حەمزە بن لادن بەشێک بوون لەگروپێک لەسەرکردە باڵاکان کە لەئەفغانستان هەڵهاتوون و لەئێران بەدوای پەناگەیەکدا گەڕاون.

بەگوێرەی تایبەتمەندانی بواری تیرۆر، لەئێران میسری  وەک راوێژکارێکی باوەڕپێکراوی حەمزە بن لادن کاری کردووە، کەئامادەدەکرا بۆ سەرکردایەتیکردنی رێکخراوەکە، حەمزە بن لادن ساڵی رابردوو کوژرا لەئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆردا لەناوچەی ئەفغانستان-پاکستان.

لە 2017، حکومەتی ئەمریکا کۆگایەکی بەڵگەنامەی ئاشکراکرد لەشوێنەکەی ئوسامە بن لادن لە ئابۆت ئابادی پاکستان، کە لەوێ لەلایەن هێزی دەریاوانیی ئەمریکاوە لە 2011 کوژرا.

بەڵگەکان تیشکێکی نوێ دەخەنە سەر پەیوەندییە نهێنییەکەی قاعیدە لەگەڵ ئێران، کە ڤیدیۆی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی حەمزەشیان تێدابوو لەئێران.

ئەو بەڵگانە، لەگەڵ کوشتنەکەی ئەمدواییەی میسری و چەندین بەڵگەی دیکە لەم ساڵانەدا، دەریدەخەن کە رژێمی ئێران، بەتایبەتی سوپای پاسداران، پەیوەندییەکی تووندی لەگەڵ قاعیدەدا هەیە.

گوماندەکرێت سوپای پاسداران ژمارەیەکی زۆر چەکداری قاعیدە لەخۆبگرێت کە لەلایەن بەرپرسە نێودەوڵەتییەکان رادەکەن.

بەگوێرەی نەبیل نەعیم ، سەرکردەی پێشووی جیهادی ئیسلامی لەمیسر، کە دژی تووندڕەوی وەستاوەتەوە، لیوا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەوکاتەی هێزی قودسی سوپای پاسداران کە لەکانوونی دووەم لە بەغدا کوژرا، «ئەندازیاری پەیوەندیی نێوان قاعیدە و ئێرانە».

نەبیل نەعیم وتی پێشئەوەی لە 2008 لەسوریا بکوژرێت، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵا عیماد موغنییە «رۆڵێکی گرنگی گێڕا لەمەشقپێکردنی چەکدارانی [قاعیدە]، بەتایبەتی شێوازی بۆمبڕێژکردن و ئەنجامدانی تەقینەوەکان».

پەیوەندیی قاعیدە لەگەڵ هەردوو سوپای پاسداران و هەواڵگریی ئێران پەیوەندییەکی بەهێزەو ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە «هێماکانی ئەو پەیوەندییە روون بوون کاتێک ئێران میوانداریی کرد لەخێزانی سەرکردەی قاعیدە ئوسامە بن لادن».

نەعیم وتی هەردوولا بۆ ماوەی چەندین ساڵ هاندەری شەڕی مەزهەبی بوون، لەگەڵ ئەوەی «سوپای پاسداران خۆی وەک پارێزەری مافەکانی شیعەو بەرگریکردن لێیان دەرخستووە، قاعیدەش هەمان تاکتیک لەگەڵ سوننیەکان بەکاردەهێنێت».

ئێران بەردەوام نکۆڵیی کردووە لەوەی پێشوازیی کردبێت لەبەرپرسانی قاعیدە، بەڵام بەهۆی ئاشکرابوونەکانی ئەمدواییەوە، سەختە بڕوا بەو سیاسەتە بکرێت.

شرۆڤەکارێکی دژەتیرۆر لەناوەندی سوفان، کۆلین پی کلێرک، بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئێران جیاوازی مەزهەبی بەکاردەهێنێت وەک کوتەکێک کاتێک بەسوودی خۆی بشکێتەوە، بەڵام دەشخوازێت چاوپۆشی بکات لەجیاوازیی نێوان سوننەو شیعە کاتێک لەبەرژوەندی ئێراندا بێت.»

مردنی زەواھیری و کێشەی جێگرتنەوەی کەسی یەکەمی گرووپەکە

رۆژنامەی ‹عەرەب نیوز›ی پاکستانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، سەرچاوەکانی نێو پاکستان و ئەفغانستان گیانلەدەستدانی زەواهیرییان بۆ دووپاتکردووەتەوە کە زەواهیری مردووە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەڵێن کوژراوە.

زەواهیری تەمەن (69) ساڵ، لە نامەیەکی تۆمارکراوی ڤیدیۆییدا ئەمساڵ لەساڵیادی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریکادا، دەرکەوت.

نەتەوەیەکگرتووەکان، لەڕاپۆرتێکی خۆیدا لەحوزەیرانی رابردوو، لەبارەی چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکان ئاشکرایکردبوو، قاعیدە بەنهێنی لە (12) ناوچەی ئەفغانستان جموجووڵی هەبووەو زەواهیری سەرکردەشی، لەئەفغانستان دەژی.

نەتەوەیەکگرتووەکان پێیوایە کۆی ژمارەی چەکدارەکانی قاعیدە لەئەفغانستان، لەنێوان (400) تاوەکو (600) چەکداردایە.

کەسی دووەمی رێکخراوەکە (ئەبو محەممەد میسری) کەتۆمەتباربوو بەپلاندانان و جێبەجێکردنی تەقینەوەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لەنایرۆبی و دارولسەلام لەئەفریقیا، لەمانگی ئابی ئەمساڵدا، لەتارانی پایتەختی ئێران کوژرا.

 بۆیە کوژرانی زەواهیری، کێشە بۆ جێگرتنەوەی کەسی یەکەمی قاعیدە دروستدەکات، چونکە لەماوەی رابردوودا، ئەو رێکخراوە دوو لەگەورەترین پاڵێوراوەکانی بۆ جێگرتنەوەی زەواهیری لەسەرۆکایەتی رێکخراوەکەدا لەدەستداوە.

زەواهیری دووەم کەسایەتی دیاری رێکخراوی قاعیدە بوو دوای بن لادن، ئەو ساڵی 2011 لەپاش کوژرانی ئوسامە بن لادن سەرۆکایەتی رێکخراوەکەی لەئەستۆ گرت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار