درۆنەكانی توركیا گورزێكی نوێیان بەركەوت

3 ساڵ لەمەوپێش



هەڵۆ سەربەست

 

لە (10) ساڵی رابردوودا توركیا بووە یاریزانێكی سەرەكی لەبواری دروستكردن و بەكارهێنانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانداو بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (لاڕیپۆبلیكا)ی ئیتاڵی بەرهەمهێنانی ئەو فڕۆكانە ساڵانە سێ ملیار دۆلار قازانج دەخاتە خەزێنەی ئەو وڵاتەوە، بەڵام كەنەدا گوورزێكی توندی لێوەشاندو چیتر پێداویستییەكانی ئەو فرۆكانەی پێ نافرۆشێت.

بۆ یەكەمجار توركیا لەسەرەتای هەزارەی سێیەمدا درۆنی بەكارهێناو تەنیا بۆ كاری هەواڵگری و زانیاریی بوو، بەڵام دوای ئەوەی تێگەیشت كڕینی درۆن لەئەمریكا و ئیسرائیل كارێكی سەختە، خۆی دەستیكرد بەدروستكردنی و ئێستا دوای زیاتر لە (٢٠) ساڵ بووەتە هەناردەكەرێكی سەرەكیی و كێبڕكێی چین دەكات لەبازاڕەكانی ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ئاسیادا، چونكە یاساكانی هەناردەكردنی چەك لەئەمریكادا زۆر توندن و بەهۆیەوە واشنتن ناتوانێت لەو بازاڕانەدا چەكەكانی بفرۆشێت.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، ئاردا میڤلوتوغلو، شارەزای بواری بەرگری لەئەنقەرە، بەڕۆژنامە ئیتاڵییەكەی راگەیاند، ئەنقەرە سەركەوتوو بووە لەفرۆشتنی درۆنەكانیدا بەقەتەر و لیبیاو ئازەربایجان و ئۆكرانیاو ئێستاش لەگفتوگۆدایە بۆ ئەوەی لەئاسیاشدا بیفرۆشێت، بەتایبەتی بەكازاخستان و ئەندەنوسیاو ئاماژەی بەئەوەشكرد وڵاتی تونس داوای كڕینی درۆنەكانی لەئەنقەرە كردووە.

دوو كەس لەتوركیادا پایەی سەرەكیی بەرەوپێشبردنی پیشەسازیی سەربازیین، سلجوقی بیرقدار، ئەندازیاری گەردوونیی تەمەن (41) ساڵ كەهاوكات مێردی كچەكەی ئەردۆغانەو  كۆمپانیای (بایقار)ی دامەزراند كە درۆنی (بیرقدار) بەرهەمدەهێنێت، لەگەڵ ئیسماعیل دەمیر، كە یەكێكە لەكەسە هەرە نزیكەكانی ئەردۆغان و ساڵانێكی زۆر لەئەمریكا خوێندوویەتی و دواتر گەڕایەوە و سەرۆكایەتی پیشەسازی سەربازیی توركیای گرتەدەست و لەم دواییانەشدا بەهۆی رۆڵبینینی لەكڕینی سیستمی (  S-400)ی روسییەوە لەلایەن توركیاوە، رووبەڕووی سزای ئەمریكا بووەوە.

بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی سەربازیی، توركیا رێككەوتننامەیەكی لەگەڵ ئۆكرانیادا واژۆكرد، بەپێی ئەو رێككەوتننامەیە توركیا هاوكاریی ئۆكرانیا دەكات لەبەرەوپێشبردنی پیشەسازییە سەربازییەكانیدا، بەتایبەتی درۆنەكانی و لەبەرامبەردا ئۆكرانیا ئەو بزوێنەرو بەرهەمە ئەلكترۆنییانە دەدات بەتوركیا كەوایلێدەكان پیشەسازییەكەی پێشبخات، وەك ئەوەی لەدرۆنی (ئاكینشی)دا كردی.

چاودێرانی سەربازیی دەڵین درۆنەكان بوونەتە مایەی شانازیی و خۆبەزلزانییەكی گەورە بۆ ئەردۆغان و لەڕووی سەربازیی و جیۆ-سیاسییشەوە، بوونەتە خاڵێكی بەهێزو سەركەوتن كە وایكردووە ئەردۆغان بیەوێت وڵاتەكەی رۆڵێكی گەورەتر ببینێت لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ئاسیایی.

هەروەها بەتوانابوونی سوپاكەی ئەردۆغان لەڕووی ئاسمانییەوە، وایكرد بەدەر لەبەكارهێنانی بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی خۆی لەسوریا و عێراق، بەهێرشكردنەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان( پەكەكە) و هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەزۆر وڵات و ناوچەی تریش بەكاری بهێنێت و هاوسەنگیی هێزیان پێ بگۆڕێت.

ئەوەبوو لەلیبیا دوای ئەوەی پەرلەمانی توركیا رەزامەندی نیشاندا هێزە چەكدارەكانی بەشداریی شەڕەكە بكەن و تەرابلوسی رۆژئاوا داگیربكەن، درۆنەكان رۆڵی گەورە و سەرەكییان بینی لەوەی هێزەكانی جەنەراڵ حەفتەر، كە لەلایەن میسرو روسیا و فەڕەنسا و چەند شوێنێكی تریشەوە پشتیوانیی دەكرا، ناچارببن زۆر بەخێرایی بەرەو رۆژهەڵات بكشێنەوە.

لەوبارەیەشەوە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی:»درۆنەكانی توركیا سەركەوتوبوون لەوەی یاساكانی یارییەكە لەجەنگی لیبیاو سوریادا بگۆڕن».

رۆژنامە ئیتاڵییەكە دەڵێت پێدەچێت ئەو وەزیرە لەكاتی قسەكانیدا درۆنە بیرقدارەكانی توركیای، هاتبێتنەوە یاد، كاتێك مووشەكی (پانتسیر)ی روسییان هەڵدەدایە خوارەوە.

دواتریش لەجەنگی ناگۆرنۆ كەرەباغدا، بەهەمان شێوە، فاكتەری سەرەكی بوون لەوەی ئازەرییەكان جەنگەكە ببەنەوە و ئەرمینییەكان ناچاری كشانەوە بكەن، لەو كاتەشدا ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئەزەربایجان بەئاشكرا سوپاسی توركیای كرد كەهۆكاری سەركەوتنیان بووە بەسەر ئەرمینیاداو وتی:»ئەگەر درۆنەكانمان لەتوركیاوە دەستنەكەوتایە، نەماندەتوانی بەئاسانی سەربكەوین».

توركیا بۆ دروستكردن و پەرەپێدانی درۆنەكانی، بەدەر لەئۆكرانیا، بەشێكی كەرەستەو تەكنەلۆجیای ئەلكترۆنیی پێویستی لەئەڵمانیا و كەنەدا دەكڕی، پێشتر لەكاتی دروستبوونی گرژییەكانی دەریای ناوەڕاستدا لەنێوان ئەنقەرە و ئەسیناداو لەسەر داوای یۆنان ئەڵمانیا بڕیاریدا چیتر ئەو كەرەستە و تەكنەلۆجیایانە بەتوركیا نەفرۆشێت و لەوكاتەدا هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی:»پێشتر توركیامان تاقیكردووەتەوە، ئەو سیستمی بەرگریی موشەكیی لەڕوسیا كڕی بەمەرجێك ئەو هاوپەیمانمانە لەناتۆ، بیانووەكەشی ئەوەبوو واشنتۆن مووشەكی زیرەكی پێنادات»

مانگی یەكی رابردووش كەنەدا فرۆشتنی كەرەستەو تەكنەلۆجیای بەتوركیا هەڵپساردو رۆژی ١٧ی ئەم مانگەش بڕیاریدا بەتەواوی فرۆشتنی ئەو پێداویستییانە بەتوركیا رابگرێت، چونكە لەگرێبەستەكەی نێوان كەنەداو توركیادا بەندێك هەیە تایبەتە بە بەكارهێنەری كۆتایی، واتە ئەو لایەنەی دوای دروستكردن، درۆنەكە بەكاردەهێنێت و لەو بەندەدا ئەو بەكارهێنەرانە دیاریكراون كە نابێت توركیا درۆنەكانیان بداتێ یان پێیان بفرۆشێت و بەوتەی  ئارۆن شتاین بەڕێوەبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەكی لەویلایەتی فیلادیلفیای ئەمریكا، رێككەوتنەكەیان بەوجۆرە بووە كەئەو درۆنانەی تەكنەلۆجیا كەنەدییەكانی تێدا بەكارهاتووە نابێت توركیا بیفرۆشێت بەلایەنی سێیەم و دەبێت خۆی بەكارهێنەری كۆتایی بێت.

لەوبارەیەشەوە مارك گارنو وەزیری دەرەوەی كەنەدا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند:»ئەو بەكارهێنانە نە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی كەنەدا و نە لەگەڵ گرەنتییەكانی توركیا داویەتی سەبارەت بە بەكارهێنەری كۆتایی هەماهەنگ نییە».

پێشتریش لەساڵی ٢٠١٩دا كەنەدا كەئەندامی هاوپەیمانیی باكوری ئەتڵەسیی (ناتۆ)یە لەبەرامبەر بەكارهێنانی درۆنەكاندا لەسوریا لەلایەن توركیاوە، بۆ ماوەیەك فرۆشتنی كەرەستەكانی هەڵسپارد كە سەرەكیترینیان سیستمی كامێراو بەئامانجگرتنە كە لەلایەن كۆمپانیای (ئێڵ 3 هاریس ویسكام) بەرهەمدەهێنرێت.

سەبارەت بەكاریگەریی بڕیارەكەش لەسەر توركیا، ئارۆن شتاین ئاشكرایكرد لەمەودای كورتدا ئەو بڕیارە كاریگەریی دەبێت لەسەر توانای توركیا بەوەی درۆنەكان بەلایەنی سێیەم بفرۆشێت، بەڵام لەمەودای درێژدا، پێناچێت كاریگەرییەكی وێرانكەری هەبێت.

لەوەڵامی ئەو راگرتنەشدا باڵیۆزخانەی توركیا لەئۆتاوای پایتەختی كەنەدا بەیاننامەیەكی دەركردو وتی:»پێشبینیی ئەوە لەهاوپەیمانەكانی هاوپەیمانیی باكوری ئەتڵەسیمان دەكەین كەخۆیان لەئەو هەنگاوە نادروستكەرانە بەدوور بگرن كە بەنەرێنی كار دەكاتەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەكانمان و پتەویی هاوپەیمانێتییەكە لەق دەكات».

مەولود چاوش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا، هانی كەنەدایدا كە چاو بەئەو كۆتانەدا بخشێنێتەوە كە لەپیشەسازی بەرگرییدا بەسەر توركیادا سەپاندویەتی.

لێرەدا پرسیارە سەرەكییەكە دەمێنێتەوە، ئایا ڕێوشوێنەكانی رۆژئاوا بەرامبەر توركیا، دەبنە مایەی وێرانكردنی پیشەسازییە سەربازییەكەی؟ یاخود توركیا پەندی لەگەمارۆكانی ساڵی ١٩٧٥ و ١٩٩٠ی ئەمریكا وەرگرتووەو جێگرەوەی مسۆگەر كردووە؟

پارتەكەی ئەردۆغان لەبودجەی ساڵانەی وڵاتەكەیدا بودجەیەكی گەورەی بۆ پرۆسەی سەربازیی و كرینی چەك و پێداویستییەكانی تەرخانكردووە تا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك وڵاتێكی بەهێز رۆڵ بگێڕێت و دەستتێوەردانە سەربازییەكانی بۆ وڵاتان بەردەوام بێت،ئەوەش لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە رەخنەی توندی رووبەڕوو كراوەتەوە، بەڵام بەوپێیەی ئەندامی ناتۆیە چاوپۆشی زۆری لێكراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار