دەریاچەی ورمێ لە لێواری وشكبوندایە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وشكبوونی دەریاچەی ورمێ ژیانی 14 ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوەو رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لە نزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ.
بەوتەی شارەزایانی ژینگەیی ئەو دەریاچەیە كە گەورەترین دەریاچەی كوردستانە پێویستی بە دوو ملیار دۆلارە بۆ رزگاركردنی لەوشكبوون ئەگەرچی لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بەناوی پاراستنی دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە، بەڵام 95٪ی ئەو دەریاچەیە وشكبووە.
ئاوی دەریاچەی ورمێ بەهۆی خراپ بەكارهێنانی بەكشتوكاڵ و كارگە پیشەسازییەكانی تەبرێز و چەند ناوچەیەكی دیكە لەئێران رووبەڕووی وشكبوون بووەتەوە.
ساڵانە یەك ملیۆن و 200 تۆن سێو لەپارێزگای ورمێ بەرهەمدەهێنرێت كەسەرچاوەی ئاودانی باخە سێوەكانی ئەو سنورە، دەریاچەی ورمێیە لەكاتێكدا بەوتەی بەرپرسانی پارێزگای ورمێ نزیكەی 500 تۆن لەو سێوە لەژێر دارەكاندا دەمێنێتەوەو دەڕزێ و خراپ دەبێت.
بەسیستمی كشتوكاڵی ئێستای ئێران هەر كیلۆیەك سێو زیاتر لە 100 لیتر ئاوی پێویستە كەئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەمبوونەوەی ئاوەكە هەیە.
دەریاچەی ورمێ وەك گەورەترین دەریاچەی كوردستان كە لەساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان ئەژماردەكرا لەئێستادا 95٪ی ئاوەكەی وشكبووەو بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە خەرجكراوە.
روحەڵڵا موتەفەكر ئازاد، نوێنەری پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ وشكبونی ورمێ بەواتای سەرهەڵدانی گەردەلولی خوێیە بە بازنەی 600 كیلۆمەترو ئەوەش ژیانی زیاتر لە 14 ملیۆن مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە.
مەسعود پزیشكیان، نوێنەرێكی دیكەی پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمان وتوویەتی: ئەو گەردەلولە مەترسیدارە جگە لەناوچەكە شاری تارانی پایتەختی ئێران دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی پێست و رەبوو دروستكردنی كێشە لەكۆئەندامی هەناسەدا.
ئەگەر دەریاچەی ورمێ بەتەواوەتی وشك ببێت رووبەری پێنج هەزارو 257 كیلۆمەتر دووجا لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای تەبرێزو دەوروبەری دەبێتە بیابانێك لەخوێ، ئەو رووبەرە حەوت هێندەی رووبەری تارانی پایتەختی ئێرانە كەنزیكەی 18 ملیۆن كەسی تێدا دەژی.
حكومەتی ئێران لەساڵی 2012ەوە ناوەندی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێی دروستكردووەو بڕیاربوو لەچوارچێوەی پلانێكی 10 ساڵیدا كێشەی وشكبوونی دەریاچەكە چارەسەر بكرێت.
بەوتەی بەرپرسی پلان و بەرنامەی پارێزگای تەبرێز هەوڵدەدرێت ئاوی رووباری ئاراس بۆ پارێزگاكە بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لەو سەرچاوانە نەكرێت كە پێشتر دەڕژانە دەریاچەی ورمێ.
بەوتەی بەرپرسانی ئێران تەنها رێگەی زیندووكردنەوەی دەریاچەی ورمێ و رزگاركردنی ناوچەكە، بەكارهێنانی ئاوی زاپە كەئەویش دەبێتە هۆی بێئاوی و وشكبوونی تەواوەتی زێی بچوك لەهەرێمی كوردستان، بۆیە لەئێستادا تاران ناتوانێت ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر چونكە نایانەوێت ناكۆكی و ناسەقامگیری سیاسی لەنێوان ئێران و عێراق رووبدات.
ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ لەماوەی چەند ساڵێكدا نزیكەی 11 ملیار مەتر سێجا كەمیكردووەو مەترسی وشكبوونی تەواوەتی لەسەرە، ئەوەش ناڕەزایەتی دانیشتوانی پارێزگای ورمێی لەڕۆژهەڵاتی كوردستانی لێدەكەوێتەوە. 
دەریاچەی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كە بەگەورەترین دەریاچەی كوردستان ئەژمار دەكرێت، بەهۆی وشكەساڵی و خراپ بەكارهێنانی ئاوەكەی بۆ كشتوكاڵ، بەنزیكەی 95٪ی وشكبووە.
رۆژی شەممەی رابردوو خەڵك و دانیشتوانی ورمێ و دەوروبەری وەك ناڕەزایەتییەك  لەبەرامبەر كەمتەرخەمیی بەرپرسانی حكومەت لەئاست وشكبوونی دەریاچەی ورمێ خۆپیشاندانیان ئەنجامداو خۆپیشاندانەكەش بەهۆی بەكارهێنانی هێزەوە توندوتیژیی تێكەوت.
دەریاچەی ورمێ 22 ساڵە رووبەڕووی وشكەساڵی دەبێتەوەو ساڵی 2015 لەوێنەكانی مانگی دەستكرددا دەركەوتووە  نزیكەی 88٪ی ئاوی دەریاچەكە وشكبووە و ئەمساڵیش بەپێی خەمڵاندنەكان و وێنەكانی مانگی دەستكرد زیاتر لە 95٪ی ئاوەكەی وشكبووە و دەریاچەكە بووەتە رووبەرێك لەخۆڵ و خوێ.
دەریاچەی ورمێ كە بەدەریاچەی خوێ ناودەهێنرێت ئەگەر بێئاویی بەردەوام بێت لەو دەریاچەیە ئەوا مەترسیی روودانی خوێبارین هاوشێوەی خۆڵبارین هەیە لەناوچەكانی نزیك  لەدەریاچەكە.
لەسەرەتای بەهاری ئەمساڵدا تەنها 25 سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەرزبووەتەوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما 22 سانتیمی بووە بەهەڵم و تەنها سێ سانیتم لەئاوی ئەمساڵی تێدا ماوە.
ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیارو 480 ملیۆن مەترسێجایە، ئەو بڕە لەساڵی رابردودا یەك ملیارو 440 ملیۆن سێجا بووە.. لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لەحاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدابێت
لەڕاپۆرتەكانی تیمی كۆنتڕۆڵی قەیرانی دەریاچەی ورمێ دەركەوتووە ئەو دەریاچەیە پێوییستی بەپێنج تا 11 ملیار مەترسێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی كارەساتی سروشتیی لەو ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەوروبەری روونەدات.
بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی قەیرانەكانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: 95٪ی ئاوی دەریاچەكە كەمیكردووەو دەریاچەی ورمێ لەهەموو كاتێك زیاتر مەترسیی وشكبوونی لەسەرە.
دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین دەریاچەی كوردستان و بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان لەقەڵەمدەدرێت .
 پلانی هەڵەی بەكارهێنانی ئاوو گۆڕینی رێڕەوی ئەو سەرچاوانەی پێشتر دەڕژایە دەریاچەی ورمێ ، هۆكاری سەرەكی وشكبوونی ئەو دەریاچەیە بوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار