هەدەپە لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا رۆڵی یــەكلاكەرەوە دەبینێت

ئاكشەنەر بەربەستی رێككەوتنی هەدەپەو شەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكەیە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

 لەكاتێكدا كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بە ١٤ی ئایار كرد وەك وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا، بەڵام ئەگەر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە بە پارتی «كلیل» ناوزەند دەكرێت، كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا دیاری بكات، پێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنەكە بكەوێتە خولی دووەمەوە.

هەدەپە كە رۆڵێكی گرنگی هەبووە لەسەركەوتنی كاندیدەكانی هاوپەیمانی گەل بەسەرۆكایەتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، بە دیارینەكردنی كاندیدی خۆی لەهەندێك لەشارە گەورەكان لەهەڵبژاردنەكانی شارەوانی ٢٠١٩دا، رایگەیاند كە دەرگاكانی كراوەیە بۆ دیاریكردنی كاندیدی هاوبەش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا.

بەڵام هەڵسوكەوتی مێزی شەشقۆڵی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بەپەیوەندی لەگەڵ هەدەپە، هەندێك گوتاری دژبەیەك و نەبوونی هەڵوێستی ئاشكرا لەو بەرەیەوە دژی دۆسیەی داخستنی هەدەپەو بڕینی بودجەی هەدەپە، هیواكانی رێككەوتنی هەدەپەو شەش لایەنەكەی لاواز كردووە.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەئاشكرایی رایگەیاند كەئەوان پاشكۆی هیچ لایەنێك نین و پێویستە كەس بەبێ بەرامبەر چاوەڕوانی دەنگی ئەوان نەكات و وتی: « هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە زووترین كات كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا ئاشكرا دەكات.»

دوابەدوای قسەكانی بوڵدان، میدحەد سانجار هاوسەرۆكی هەدەپە قسەی كردو ئاماژەی بەوەكرد كە هەدەپە كراوەیە بۆ دانوستان و بەو شێوەیە دەرگاكانی بە رووی شەش لایەنەكە دانەخستوەو بە ناڕاستەوخۆیی وتی، ئەگەر رێكبكەون، دەتوانن دەنگ بەكاندیدی شەش لایەنەكە بدەن.

 

ئاكشەنەر سەری ئۆپۆزسیۆن دەخوات

وادەردەكەوێت كە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و هاوبەشە بچووكەكانی دیكەی، مەیلێكیان بەلای هەدەپەوە هەبێت، بەڵام ئاستەنگە گەورەكەی نێوانیان پارتی باش-ە بەسەرۆكایەتی مەڕال ئاكشەنەر. پارتی باش لەساڵی ٢٠١٧دا لە ئەنجامی دروستبوونی درزێكی گەورە لەنێوان پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بەسەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی دوژمنە سەرسەختەكەی كورد دامەزرێنرا.

بەگوێرەی راپرسییەكان، پارتی باش لەهەڵبژاردنەكاندا دەتوانێت زیاتر لەسەدا ١٥ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و ئەوەش وەها لەجەهەپە و هاوپەیمانەكانی دیكەیان دەكات كە پشتی پێببەستن و دڵی رابگرن. بەڵام لەلایەكی دیكەوە كە بەهیچ شێوەیەك هەدەپە قبوڵ ناكات، بووەتە بەربەستێكی گەورە لەبەردەم هەدەپەو لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن و ئەم كێشەیەش ئەگەر چارەسەر نەكرێت، دوور نییە، جەهەپە لەخەونی گەیشتن بەدەسەڵات دووربكەوێتەوە و ئاكشەنەر سەری ئۆپۆزسیۆنی توركیا بخوات.

بەگوێرەی یاساكانی هەڵبژاردن، كاندیدی سەرۆكایەتی پێویستە بۆ سەركەوتن لەهەڵبژاردنەكاندا لەسەدا ٥١ی كۆی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، بەڵام بەگوێرەی هەموو ئەو راپرسیانەی كەتاوەكو ئێستا ئەنجامدراون، وادیارە كەهیچ هاوپەیمانێتیەك ناتوانێت ئەو رێژەیە بەدەستبهێنێت، بەتەنیا لەحاڵەتێكدا نەبێت كە هەدەپەو هاوپەیمانەكانی بچنەپاڵ یەكێك لەهاوپەیمانێتیەكانی دیكە. بەڵام دۆخەكە ئاماژە بەوەدەكات كەهەدەپە كاندیدی سەربەخۆی دەبێت و ئەوەش وادەكات كە لەخولی یەكەمدا، هیچ كاندیدێك سەرنەكەوێت و لەخولی دووەمدا بەتەنیا كاندیدی هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی كۆمار بمێننەوە و لەو حاڵەتەشدا، هەدەپە كە ئیدی مافی كاندیدكردنی نامێنێت، دەتوانێت رۆڵی یەكلاكەرەوە یاخود «كلیل» ببینێت و بەو شێوەیە داواكاریەكانی پێشكەش بكاتەوەو لەو حاڵەتەدا، ئەگەری جێبەجێكردنی داواكاریەكانی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە زیاترە، بەهۆی ئەوەی بەبێ هەدەپە، شكستی ئەردۆغان مەحاڵ دەبێت.

 

كاندیدی هاوپەیمانی گەل

لە ٢٦ی ئەم مانگەدا، یەكێك لەگەورەترین كۆبوونەوەكان لەلایەن شەش لایەنەكەی هاوپەیمانی گەل (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، دواڕۆژ، سەعادەت و پارتی دیموكرات) بەڕێوەدەچێت. لەو رێككەوتەوە تاوەكو ٣٠ مانگ زنجیرە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام دەبن.

لەم بارەیەوە كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، لە ٣٠ مانگدا لەكۆبوونەوەیەكی فراوانی كراوەدا، ئۆپۆزسیۆن، بەرنامەی كاری حكومەتەكەی و پرۆژەكانی بۆ هاووڵاتیانی ئاشكرادەكات.

هەروەها میدیاكانی نزیك لەجەهەپە و لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنیش ئاماژە بەوەدەدەن كە لەو زنجیرە كۆبوونەوەیەدا، ئۆپۆزسیۆن خۆی لەسەر كاندیدە هاوبەشەكە یەكلایی دەكاتەوەو لەسەرەتای مانگی شوباتدا ناوی كاندیدەكەیان ئاشكرادەكەن.

لەنێو ئۆپۆزسیۆندا، باسی چەند كەسایەتییەك بۆ كاندیدی هاوبەش دەكرێت كە جەهەپە سوورە لەسەر كاندیدیكردنی كلچدارئۆغلۆ. بەوپێیەی جەهەپە گەورەترین لایەنی ئۆپۆزسیۆنە و تاوەكو ئێستاش لەنێو ئەو پارتەدا، هیچ كەسایەتییەك ركابەرایەتی كلچدارئۆغلۆی نەكردووە. بەڵام مەڕال ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش، هەرچەندە كاندیدی جەهەپە پەسەند دەكات، بەڵام تێبینی لەسەر كەمال كلچدارئۆغلۆ هەیەو زیاتر مەیلی بەلای ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵە كە لەئێستادا مەترسی جێبەجێكردنی سزای دوو ساڵ و پێنج مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی لەسەرە كەدەسەڵات بەبیانووی سووكایەتیكردن بەسەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان راپێچی دادگای كردبوو.

لەلایەكی دیكەوە، مەڕال ئاكشەنەر چەندین جار ناوی مەسنوور یاڤاش سەرۆكی گەورەشارەوانی ئەنقەرەی هێناوە كەدوای ئیمامئۆغلۆ پێدەچێت رەزامەندی لەسەر ئەو بدات. كەسایەتییەكی دیكە كەئامادەیی خۆی دەربڕیوە، ئەگەر لەلایەن ئۆپۆزسیۆن پەسەندبكرێت بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتی، عەلی باباجان سەرۆكی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتنە (دەڤا).

كاندیدی بەرەی دەسەڵات

بەرەی دەسەڵاتیش كە لەپارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە)و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) پێكدێت، هەرچەندە تاوەكو ئێستا بەفەرمی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا دیاری نەكردووە، بەڵام وردە وردە كار بۆ كاندیدكردنەوەی ئەردۆغان دەكات.

كاندیدكردنەوەی ئەردۆغان مشتومڕێكی زۆری لەنێوان بەرپرسانی بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا دروستكردووە كەئۆپۆزسیۆن پێی وایە، پێشێلكردنی دەستووری توركیایە و نابێت هیچ كەسێك لەدوو جار زیاتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری كاندید بكاتەوە، بەڵام دەسەڵات پێی وایە هەنگاوێكی یاساییە.

مستەفا شەنتۆپ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا كە لەلایەن ئاكەپەوە لەو پۆستەدا دانراوە، بابەتێكی یاسایی وروژاند كەپێدەچێت، دەسەڵات بتوانێت جارێكی دیكە، ئەردۆغان كاندید بكاتەوە. شەنتۆپ وتی: « ئەردۆغان جارێك لەساڵی ٢٠١٤دا وەك سەرۆككۆمار هەڵبژێردراوە، بەڵام چەند مانگێك بەر لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ كە سیستمی توركیا لەڕێگەی ریفراندۆمێكەوە لەسیستمی پەرلەمانیەوە بۆ سیستمی سەرۆكایەتی گۆڕا، ماددەی ١٠١ی دەستووری بنەڕەتی توركیا گۆڕا كەتایبەتە بەهەڵبژاردنەكان و كاندیدی سەرۆكایەتی توركیا. بەگوێرەی ئەو یاسایە یەك جار ئەردۆغان خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەڵبژاردووە، بەڵام یاساكە رێگەدەدات، كەسێك دوو جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كاندید بكاتەوە. بۆیە لەساڵی ٢٠١٤دا، یاسایەكی دیكە هەبوو كە لەچوارچێوەی سیستمی پەرلەمانی بوو، بەڵام دوای ریفراندۆمەكە سیستم گۆڕاوە و مافی ئەردۆغانە كە خۆی كاندید بكاتەوە.

هەرچی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستیشە كەوەك هاوبەشە بچووكەكەی ئاكەپە ناوی دەهێندرێت، بەئاشكرا پشتگیری لەكاندیدكردنی ئەردۆغان دەكات، لەدوایین قسەكانیدا دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتەكە رایگەیاندبوو كە داوا لەلایەنگرانی دەكات، لەدەوری ئەردۆغان كۆببنەوە و كاری بۆ بكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار