چیرۆکی ڕۆستەمی زاڵ پاڵەوانی مێژوویی کورد
فارس و تورک ڕۆستەمی زاڵ بە هی خۆیان دەزانن
6 كاتژمێر لەمەوپێش
چی لەبارەی ئەو پاڵەوانە کوردەوە دەزانیت، کە فارس و تورک بە هی خۆیانی دەزانن؟
ڕۆستەمی زاڵ پاڵەوانی مێژوویی کورد، چیرۆکی پاڵەوانیەتییەکەی چییە؟
ئەو بەڵگانە چین، کە کوردبوونی ڕۆستەمی زاڵ دەسەلمێنن؟
گوێ لەم ڕاپۆرتە بگرە تا ئەو ناوە ئاشنا و چیرۆکە بزرەی مێژووی کوردانت پێ ئاشنا بکات.
لەنێو کورداندا، ناوی ڕۆستەمی زاڵ، هەمیشە وەک هێمایەک بۆ نەبەردی و ئازایەتی کەسێک بەکاردەهێندرێت، بۆ ئەوەش سەدان چیرۆک، هۆنراوە و بەیت و بالۆری بۆ داتاشراوە، خەڵکیش لە کۆن و ئێستادا چیرۆکە پر لە چێژ و سەرنجڕاکێشەکانی لە کۆڕ و دانیشتنەکاندا بۆ یەکتری باس دەکەن، بەبێ ئەوەی ڕیشەی چیرۆکەکە و خودی کەسەکە بناسن، باسکردنی خودی ئەم ناوە و تایبەتمەندییەکانی، لەوساوە تا ئێستا لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان گێڕدراوەتەوە.
ڕۆستەمی زاڵ کێیە؟
ڕۆستەم کوڕی زاڵ کوڕی سام:
لەبارەی مێژوو و شوێنی لەدایک بوونییەوە، بیروبۆچوونی جیاواز هەن، بە گوێرەی "شانامە"ی فردەوسی بێت، ئەم پاڵەوانە کوردە و بنەچەشیان دەگەڕێتەوە بۆ پاشای مادەکان، کە شانشینێکی کوردی بووە و لە هەزارەی یەکەمی پێش زایندا لە ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان فەرمانڕەواییان کردووە، بەگوێرەی ئەم بۆچونەش بێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زاین.
لە کتێبی "جوگرافیای وردی شانشینەکانی عوسمانی"دا، کە ساڵی ١٨٨٧ لە ئیستەنبوڵ چاپکراوە، بەم شێوەیە باس لە کوردبوونی ڕۆستەمی زاڵ کراوە:
کورد، بە سرووشت خەڵکێکی ئازا و بوێرن، پیاوی ئازای وەک ڕۆستەمی کوڕی زاڵ و بەهرام چۆپین و سەڵاحەدینی ئەیوبی و فەرهادیان تێدا هەڵکەوتووە.
ئەم ئەفسانەیە لەناو ئەدەبیات و چیرۆکی چەند نەتەوەیەکی ناوچەکەدا بە شێوەی جیاواز باسکراوە، لەناو کوردانیشدا ئەم پاڵەوانە هەمیشە وێردی سەر زمانی چیرۆکخوانان و بەیت و حەیرانبێژان بووە.
وەک لە یەکێک لە ئەفسانەکاندا دەوترێت، کاتێک ڕۆستەمی زاڵ، لەدایک دەبێت، ١٠ دایەن، شیریان پێداوە و تێرنەبووە، کە گەورەش بووە هێندەی ١٠ کەس نانی خواردووە، کاتێک بە ڕێگاشدا ڕۆیشتووە چێپێیەکانی چاڵ بوون.
ڕەخش، ئەسپەکەی ڕۆستەم
بەهۆی کەڵەگەتی و زەبەلاحییەوە، هیچ ئەسپێک نەیتوانییەوە (ڕۆستەمی زاڵ) لەخۆی بار بکات، چونکە هێندە کێشی قورس بووە، کاتێک چووتە سەر پشتی هەر ئەسپێک، سکی بەر زەوی کەوتووە، تەنها یەک ئەسپ نەبێت، کە ئەویش ناوی "ڕەخش" بووە، لەبارەی ئەو ئەسپەشەوە دەوترێت: کە توانایەکی سەرسوڕهێنەر و جەستەیەکی گەورەی هەبووە، ئەم ئەسپە لە زۆربەی شەڕەکاندا لەگەڵ ڕۆستەمی زاڵ بووە و هەرگیز نەکەوتووە و نەشیهێشتووە سوارەکەی بکەوێت.
گورز، چەکەکەی ڕۆستەمی زاڵ
ڕۆستەمی زاڵ، لە گۆرەپانی شەڕدا، ڕمێکی پۆڵاینی بەکارهێناوە، کە کێشی ١٠٠ کیلۆگرام بووە، دەیتوانی بە یەک جار چەند سەربازێکی پێ بکوژێت، ئەم ڕمە ناوی "گورز" بووە و لەنێو ئەفسانەکاندا دەیان و بگرە سەدان چیرۆکی لەسەر وتراوە، ئەگەر سەرنج بدەینە ناوی ڕمەکە، ئەوا دەبینین ئەم ناوە تا ئەمڕۆش لەناو کورداندا بەکاردەهێندرێت. لە زمانی ئێستای کوردیدا، کاتێک لە شەڕدا سوپایەک هێرش دەکات سەر سوپاکەی تر، دەڵێن: ئەم سوپایە گورزی لە دوژمنەکەی وەشاند. بەمەش دەردەکەوێت، وشەی "گورز"ی ئەمڕۆ ڕەنگە لە ناوی ڕمە پۆڵاینەکەی ڕۆستەمی زاڵەوە هاتبێت.
ڕۆستەمی زاڵ و زۆرابی کوڕی
بەگوێرەی چیرۆکەکان بێت، ڕۆژێک رۆستەم لە دەشتاییەکانی ناوچەی سامانکۆی، کە سنووری نێوان دەوڵەتی میدیا و تۆران بووە، خەریکی ڕاو دەبێت، دوای ڕاو بۆ پشودان دێتە ژێر سێبەری دارێک و ئەسپەکەشی لە دارێک دەبەستێتەوە، لەو کاتەدا کە ڕۆستەم سەرخەو دەشکێنێت، ئەسپەکەی لەلایەن چەند کەسێکەوە دەدزرێت، کاتێک هەڵدەستێت و ئەسپەکەی نەماوە، گومان دەکات کە تۆرانییەکان بردبێتییان، هەر بۆیە بەدوایدا دەگەڕێت و بۆ دۆزینەوەی ئەسپەکەشی دەچێتە لای پاشای تۆران، کە پێشتر دەیناسی و ڕێزێکی زۆر لەنێوانیاندا بوو، دەستبەجێ پاشا فەرمان بە سەربازەکانی دەکات، تا بچن ئەسپەکەی بۆ بدۆزنەوە، لەو سەروبەندەدا وەک نیازپاکی، کە ئەوکاتە هەردوو شانشینەکە لە ئاشتیدابوون، پاشا کچەکەی خۆی کە ناوی "تامینە" بوو دەداتە ڕۆستەم، کە تەنها یەک شەو لەگەڵی مایەوە، ئەوشەوە تامینە بە رۆستەم دەڵێت: دەمەوێت کچێک یان کوڕێکم پێ ببەخشیت، ڕۆستەمیش ملوانکەکەی ملی دەداتە تامینە و دەڵێت: ئەگەر کچێک یان کوڕێکت بوو، ئەوا ئەم ملوانکەیە بکە ملی و با بزانێت باوکی کێیە.
پاش ئەوەی سەربازانی پاشای تۆران، ئەسپەکەی دەدۆزنەوە و ڕۆستەم دەگەڕێتەوە شانشینەکەی، دوای چەند ساڵێک شەڕێکی گەورە ئاشتی نێوان هەردوو شانشینەکە تێکدەشکێنێت، دواجار لەنێوان بەرەی (کەی کاوس) پاشای مادەکان، بە سەرکردایەتی ڕۆستەمی زاڵ و بەرەی (ئەفراسیاب) پاشای تۆران، بە سەرکردایەتی زۆراب، شەڕ هەڵدەگیرسێت.
زۆراب، کوڕی ئەو ژنەیە، کە چەند ساڵێک پێشتر، لەلایەن پاشای تۆرانەوە بە ڕۆستەمی زاڵ بەخشرابوو، کە تەنها یەک شەو لەگەڵی مایەوە و دواتر منداڵێکی لێی بوو.
شەڕ دەستیپێکرد و دەبوایە سەرەتا سەرکردەی هەردوو سوپاکە، لە گۆرەپانی جەنگدا بە تەنها شەڕ بکەن، لە ڕۆژی یەکەمدا، هیچ کامیان نەیانتوانی ئەوەی تریان ببەزێنن، هەر بۆیە ڕۆستەم کەوتە ڕاڕایی و دڕدۆنگی، پرسیاری پیری و کەنەفتی مێشکی دەخوارد، کە ئاخۆ ئەو جەنگاوەرە بوێرە کێیە کە من نەتوانم بیبەزێنم؟!
ڕۆژی دووەم، شەڕی نێوانیان دەستیپێکردەوە و دواجار زۆراب توانی سەربکەوێت، بەڵام ئامادە نەبوو ڕۆستەم بکوژێت، هەر بۆیە شەڕەکە بەردەوام بوو و جاری دووەم ڕۆستەم سەرکەوت و ڕمێکی لەسەر سنگی زۆرابدا، زۆرابیش لە کاتی ئاوزینگی مەرگدا، رووی کردە ڕۆستەم و پێێ وت: کەسێک هەیە لە تۆ بەهێزترە، ئەویش ڕۆستەمی باوکمە، بڕۆ ڕابکە و خۆت بشارەوە.
کاتێک ڕۆستەمی زاڵ ئەمەی بیست، هاواری لێ هەستا و بۆی دەرکەوت ئەوە ئەو کوڕەیەتی کە هەرگیز نەبینیووە.!
تەڵەی شوغادی برای ڕۆستەمی زاڵ، بۆ کوشتنی براکەی
لە شانامەی فردەوسیدا، ئەم چیرۆکە وەها گێردراوەتەوە، ڕۆژێک لەسەر داوای پاشا، دەبوو ڕۆستەمی زاڵ و شوغادی زڕبرای، پێشبڕکێی ئەسپ بکەن، لەسەر بازدان بەسەر چاڵێکدا، کە سەد شمشێری ژەهراوی تێدا چەقێندراوە.
ئەم پێشبڕکێیە پێشتر لەنێوان پاشا و شوغاد بە مەبەستی لەناوبردنی ڕۆستەمی زاڵ ڕێکخراوە، چونکە لەوکاتەدا ئەسپەکەی ڕۆستەم پیر و کەنەفت بووە و توانای بازدانی گەورەی نەبووە، هەر بۆیە ویستویانە لەو ڕێگەیەوە لەناوی ببەن، تا شوغادی زڕبرای جێگەی بگرێتەوە.
پێشبڕکێ دەستیپێکرد و سەرەتا ڕۆستەم ئەسپەکەی خۆی هەڵدا، بەڵام لموزی ئەسپەکەی بەر لێواری چاڵەکە کەوت و ڕۆستەم کەوتە سەر شمشێرە ژەهراوییەکانەوە، لە سەرەمەرگدا ڕۆستەم بیری کردەوە، کە ئەمە تەڵەیە، بۆیە بە دەنگێکی نزم بە شوغادی زڕبرای وت: بۆچی براگەورەکەی خۆت بە پاشا فرۆشت؟، شوغادیش بە پێکەنینەوە پێی دەڵێت: تۆ وا خەریکە دەمریت، وەسیەتی خۆتم پێ بڵێ تا وەک برایەک بۆت جێبەجێ بکەم، لەو کاتەدا ڕۆستەم داوا دەکات تیروکەوانێکی پێبدات، تا نەهێڵێت قەلەڕەشەکان بە زیندوویەتی جەستەی بخۆن، شوغادیش تیروکەوانێکی پێدەدات و دەمودەست پەشێمان دەبێتەوە، چونکە دەزانێت بۆ ئەوەی نییە، بەڵکو دەیەوێت پێش ئەوەی خۆی بمرێت، ئەوی پێ بکوژێت، لەو کاتەدا ڕۆستەم تیرێک ڕادەوەشێنێت و برا ناپاکەکەی دەکوژێت.
لەوبارەیەوە، حەسەن مەحمود حەمەکەریم، مامۆستا و مێژووناس، لەبارەی ئەو ڕوداوەوە دەڵێت: شوێنی ئەم پێشبڕکێیە لە پەنا دارێکی گەورە و تەمەنداری گوندی (قاپڵانتو)ی سەر بە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە تا ئێستاش ئەم دارە و چیرۆکی کوشتنی ڕۆستەمی زاڵ، لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە، وەک دوانەیەکی لێکدانەبڕاو سەدان چیرۆک و شیعر و شانامەی لەبارەوە دەوترێت.