پرسی یەکگرتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سووریا چۆن جێبەجێ دەکرێت؟
مەرامی تورکیا لە هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات چییە؟
3 ڕۆژ لەمەوپێش
تا ئێستا سووریا میلیشیا چەکدارەکان بەرێوەی دەبەن، هەسەدە چۆن لەگەڵ سوپایەکدا یەکدەگرێت کە داهاتووی دیارنییە؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە و یەکگرتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریا روو لە فراوانبوون دەکات، هەرچەندە بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەردەوام ئامادەیی هەسەدە بۆ یەکگرتن لەگەڵ سوپای سوریا نیشاندەدەن بەو مەرجەی بگەنە رێکەوتنێکی گونجاو، بەڵام کام سوپا و کام یەکگرتن؟ تا ئێستا هەنگاوەکان بۆ ئەو مەبەستە تەنها کۆبوونەوەیەکی چەند سەعاتی ئەحمەد شەرع بوو لەگەڵ فەرماندەی میلشیا چەکدارەکانی سووریا لە دیمەشق، کە نزیکەی ١٥ میلیشیای چەکدار لەو وڵاتەدا هەیە و هەریەکەیان بەرژەوەندی تایبەت و مەرجەعی تایبەت و پەیوەندی ژێربەژێری تایبەتی خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رووی دەمیان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە تا خۆی هەڵوەشێنێتەوە و لەگەڵ سوپای سوریا یەکبگرێت.
راستە لە حکومەتی کاتی سوریادا کەسێک هەیە بە ناوی "مورهیف ئەبو قەسرە" کە بووەتە وەزیری بەرگری سووریا، ئەم مورهیفە پێشتر یەکێک بووە لە فەرماندە سەربازییەکانی دەستەی تەحریر شام و وەزارەتەکەی تا ئێستا چۆڵوهۆڵە و میلیشیاکانی سەرقاڵی تۆڵەسەندنەوە و راوەدونانی پاشماوەکانی رژێمی ئەسەدن و بۆ پێکهێنانی سوپای سووریاش هیچ هەنگاوێکی جدی نەنراوە.
لای خۆیەوە دلیار جزیری رۆژنامەنوس لە رۆژئاوای کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سکای نیوز دەڵێت: بەبێ دارشتنەوەی دەستووری نوێی سووریا و دیاریکردنی هێڵە گشتییەکان؛ ناکرێت باس لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریا بکرێت، دەشڵێت لە ئێستادا بەربەستی زۆر لە بەردەمی هێزەکانی سووریای دیموکرات دروستبووە، لەلایەک بەرەنگاربوونەوەی شانە نووستووەکانی تیرۆریستانی داعش و لەلایەکی تریشەوە پەلامارەکانی تورکیا و بەکرێگیراوانی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، ئیتر چۆن میکانیزمی یەکگرتنەوە جێبەجێ دەکرێت!
لەوبارەیەوە "محەمەد حەبەش" ئەکادیمیست و پەرلەمانتاری پێشووی سوریا دەڵێت: لێدوانی بەرپرسانی باڵای تورکیا مایەی قبوڵکردن نییە، چۆن دەتوانن بڵێن کۆتایی بە بوونت دەهێنین ئەگەر چەک دانەنێیت یان خۆت هەڵنەوەشێنیتەوە، دەشڵێت تورکیا بۆی هەیە تەنها پێشنیار پێشکەشبکات نەک راستەوخۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریادا بکات.
هاوکات "ساڵح معاییتە" شارەزای سەربازی و ستراتیجی، پێی وایە هێزە کوردییەکان لەرووی جوگرافییەوە %٢٠ خاکی سووریایان کۆنترۆڵکردووە و لەماوەی ١٣ ساڵی رابردووشدا دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە و چاویان لە دەستوری داهاتووی سووریایە، ئەگەر بە روونی دان بە پێکهاتەی کورد و مافەکانی لە سووریا بنێت، ئەوکات دەتوانرێت سوریا یەک سوپای یەکگرتووی هەبێت.
لە ساڵانی رابردوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات کە جگە لە کورد، عەرەب و کریستیان و نەتەوەکانی تریش لە پێکهاتەکەیدا بەشداربوون، نمونەیەکی سەرکەوتوویان لە ئازایەتی و پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و تۆکمەیی نیشانی تەواوی جیهاندا، سەرەتای دروستبوونی ئەو هێزەش بۆ پاراستنی ناوچەکانیان بوو لە پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش کە تا ئێستاش ئەو تیرۆریستانە مایەی مەترسین بۆسەر سووریا و تەواوی ناوچەکە و جیهان، جگە لەوەش پیلانگێرییە بەردەوامەکانی سەرانی تورکیاش هیچی لە مەترسییەکانی داعش کەمتر نییە و پێویستی بە بوونی هێزێکی تۆکمەی وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە تا بەرژەوەندیبە باڵاکانی ئەو وڵاتە بپارێزێ و رووبەرووی پیلانگێری و داگیرکرییەکانی تورکیا لە ناو خاکی سوریادا بوەستێتەوە.