ئێران بە داهاتی عێراق هاوکاری سوریا و لوبنان و غەززەی کردووە!

لە دوای گۆڕانکاریەکان عێراق هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ غەززە و لوبنان و سووریا ڕاگرت.

3 ڕۆژ لەمەوپێش



هەناردەکرنی ئەو نەوتە ڕاگیرا کە میلیشیاکان بە قاچاغ بۆ سووریای بەشار ئەسەدیان دەنارد.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد و کۆتاییهاتنی بەرەی مقاوەمە و هیلالی شیعی، زۆر نهێنی ئاشکرا دەبێت کە چۆن داهاتی عێراق بۆ بەرژەوەندی ئەجیندا و سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە بەکارهێنراوە و دوای لاوازبوون و نەمانی هەژموونی حزبوڵا لە باشووری لوبنان و هەڵهاتنی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ، پەرلەمانتارێکی عێراق بە ناوی مستەفا سەنەد داوای کرد عێراق هەناردەکردنی نەوتی ڕەش بۆ سوریا رابکرێت کە بڕەکەی لە ساڵێکدا ١٢٠ هەزار تۆن بوو، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە داهاتی یەک مانگی ئەو نەوتە بەشی موچەی یەک ساڵی ١٩ هەزار فەرمانبەری گرێبەستی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی بەسرە دەکات.

دواتر دەرکەوت عێراق هیچ گرێبەستێکی فەرمی لەگەڵ سوریادا نییە و ئەو نەوتە لەلایەن میلیشا شیعەکانەوە بە شێوەی قاچاغ  بۆ سووریا هەناردەکراوە، لەوبارەیەوە رۆژنامەی "العربی" لە زاری بەرپرسێکی عێراقەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بڵاویکردەوە ئەو نەوتەی بۆ سووریا هەناردەکراوە بەشێک نەبووە لە گرێبەستە فەرمییەکان و ئۆپیک ئاگاداربێت، بەڵکو لە رێگەی تانکەرەوە بە قاچاغ و لە دەروازەی نافەرمییەوە گواستراوەتەوە بۆ وێستەگەکانی کارەبای ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەددابوون.

سەبارەت بە راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ کەرتی غەززە و لوبنان، زێدان خەڵەف عەتوانی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مافی مرۆڤ، دەڵێت: راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و لوبنان دەگەرێتەوە بۆ نەمانی رێگەی وشکانی و ئاسمانی، گوایە ئیتر ناتوانن هاوکاری مرۆییان بۆ رەوانە بکەن، دەشڵێت پێشتر عێراق هەزاران تۆن هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە و لوبنان ناردووە، بێ ئەوەی ئاشکرای بکات بۆ لە ئێستادا رێگەی وشکانی و ئاسمانی نەماون تا هاوکارییان بۆ ڕەوانە بکرێت، تاکە گۆڕانکاری روخانی دەسەڵاتێکی عەلەوی بوو لە سوریا کە بە تەواوی لەلایەن ئێرانەوە کۆنتێۆڵکرابوو، بە روخاندنیشی ئیتر پێویستناکات عێراق داهاتی خۆی لە هەناردەکردنی نەوت و هاوکاری مرۆیی بەکاربهێنێت کە نەچێتە خزمەتی ئەجیندا و سیاسەتی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا.

کۆی ئەو راستیانە ئەوە دەسەلمێنن تەنانەت لە هاوکاری مرۆییشدا ئەجیندا و سیاسەت باڵادەستبووە و ئەو هاوکاریانە بۆ مەبەستی پاراستن و بەهێزکردنی بەرژەوەندی مەزهەبی بەکارهاتوون، بە کۆتاییهاتنی هیلالی شیعی لە ناوچەکە کۆی هاوکارییەکانیش راگیران بێ ئەوەی هەستی مرۆیی کاریگەری هەبێت کە بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و هاوکارییە مرۆییەکان،  ئێستا بە ملیۆنان هاوڵاتی سوریا و کەرتی غەززە و  باشووری لوبنان بێ خۆراک و بێ کارەبا و سوتەمەنی ماونەتەوە.

ئێرانیش کە لە سوریای بەشار ئەسەددا بە گوتەی خۆیان دەیان ملیار دۆلاریان خەرجکردوە، بەڵام بە رووخانی رژێمی ئەسەد دەستبەجێ هەناردەی نەوتی بۆ سوریا ڕاگرت، تەنانەت لەو رۆژەی کە بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ هەڵهات کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی ئێران گەیشتبووە بەندەرەکانی سووریا، بەڵام بە بڵاونەوەی هەواڵی هەڵهاتنی ئەسەد کەشتییەکە بە نەوتەکەیەوە بۆ ئێران گەڕایەوە، ئێستا دەردەکەوێت چۆن نەوت وەک چەکێک بۆ پشتیوانی لە دەسەڵاتی دۆست و بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی نەیار بەکاردێت، بێ گوێدانە میللەت و ئەو قەیران و کارەساتانەی سیاسیەکان بەسەریاندا هێناون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار