پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەکوێ گەیشت؟

کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی ئایا گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە؟

4 ڕۆژ لەمەوپێش



کەڵەکەبوونی کێشە و قەیرانەکانی هەرێم و خەمساردی یەکێتی و پارتی، هەرێم بەرەوکوێ دەبات؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

ماوەی زیاتر لە دوو مانگ و دە رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەرێت تا ئێستا ئاسۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دیارنییە، ئەوەش لە کاتێکدایە هەڵبژاردنەکە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە وادەی ئاسایی خۆی دواکەوتبوو، لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێشووی پەرلەمان بە شێوەیەکی نایاسایی و هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، شەرعییەتی کۆی پرۆسەی سیاسی و دەسەڵاتی هەرێم مەترسی گەورەی لەسەر درووستبووە، بەڵام هەردوو حزبی باڵادەستی هەرێم زۆر بێ باکن و بە ئێستاشەوە لەسەر پۆست و پلەوپایە ناکۆکن و چارەنوسی هەرێمیان بە ئاسۆیەکی نادیار گەیاندووە.

لەگەڵ ئەوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دووچاری چەندین جۆری قەیران بونەتەوە هەر لە نەبوون و دواکەوتنی زیاتری موچەوە بیگرە تا نەبون و کەمی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەڵام تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکنایەن و تەنانەت تاکە هەنگاوێکی سەرەتاییشیان لەو بارەیەوە نەناوە، دیارە ناکۆکی قوڵیان هەیە و هەریەکەیان تێڕوانینیان بۆ داهاتووی هەرێم و ناوچەکە جیاوازە، ئەو جیاوازیی و ناکۆکییە قوڵەش بە روونی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەدەرکەوت کە هێندە توند بوو بە جۆرێک هەردوولا گەیاندیانە مریشکەرەشە.

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان تەنها هەنگاوێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم نرابێت کۆبوونەوەیەکی چەند سەعاتی پەرلەمان بوو کە تیایدا پەرلەمانتارە دەرچووەکان سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی بونە پەرلەمانتار، بە واتایەکی تر ئیتر لەو رۆژەوەی کە سوێندی یاساییان خواردووە بونەتە خاوەنی مووچە و دەرماڵەی باش، کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بە کراوەیی ماوەتەوە تا ئەو کاتەی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکدەکەون، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا هەردوولا چەند کۆبونەوەیەکی چەند سەعاتییان کردووە لەنێوان خۆیان و حزب و لایەنە سیاسیەکانی تری کوردستاندا، کە پێشتر خۆیان رایانگەیاندبوو شاندی تایبەتیان بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت ئامادەکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا پارتی و یەکێتی تەنانەت لەسەر پۆستی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمانیش ناکۆکن و پەرلەمان لەلایەن بەتەمەنترن پەرلەمانتارەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، زۆرکەسیش پێیوایە پەکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوادەخرێت، تا پشکی کورد لە کۆی پۆستەباڵانی عێراق لە پۆستی سەرۆککۆمار و وەزیر و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تێکەڵ بە پۆستە باڵاکانی هەرێم دەکرێن و بەیەک پاکێچ و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە نێوان خۆیاندا دابەشیدەکەن.

کۆی ئەو خەمساردی و ناکۆکییانەی پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە ناوچەکە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕدەبێت و ئەگەری دارشتنەوەی نەخشەیەکی نوێ لە لایەن زلهێزەکانی دنیاوە بۆ ناوچەکە لە ئارادایە و بەرپرسانی باڵای هەرێمیش بە نیازن کورد بەم پەرتەوازەییەوە ببەنە نێو ئەو قۆناغ و نەخشە نوێیەوە کە ناوچەکە چاوەرێی دەکات.

لەناو عێراقیش بە کاریگەری گۆڕانکارییەکانی سوریا تەرازووی هێز بەرەوگۆڕانکاری دەچێت، پێکهاتەکان خۆیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڕەورەوەی گۆڕانکارییە چاوەروانکراوەکان ئامادە دەکەن، ئەوەی تەنها وەک خۆی ماوە و لەسەر شێوازی ڕابردووی بەردەوامە دەسەڵاتدارانی هەرێمە کە بەنیازن بۆ 30 ساڵی داهاتووش لەسەر سیاسەت و شێوازی بەرێوەبردنی ئێستای هەرێم بەردەوام بن، پلانیشیان ئەوەیە کە ئەزموونی هەرێم بۆ رۆژئاوای کوردستان بگوازنەوە، بێ ئاگا لەوەی کە لە رۆژئاوای کوردستان بە بوونی هێزێکی تۆکمەی یەکگرتوو توانیویانە سەرنجی هەموو جیهان بەلای خۆیاندا ڕاکێشن، زلهێزێکی وەک ئەمریکا ئەوان بە هاوپەیمانی ستراتیجی خۆی دەزانێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تا ئێستاش هێزی پێشمەرگە یەکگرتوو نییە، ئەوەش دوای چەندین جار لە هۆشداری ئەمریکا بۆ یەکگرتنەوە و  ئەگەرە خراپەکانی یەکنەگرتنەوەیان دێت، کە هێندەی تر هەرێمی کوردستان بە چارەنوسێکی نادیار دەسپێرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار