دواهەمین پەرەسەندنەکانی سوریا و هاوکێشەکانی پەیوەندیی و هێز

21 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی هاوڵاتی
لەگەڵمان بن بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە:
لە دوای کەوتنی رژێمەکەی ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سوریا چووەتە قۆناغی ناجێگیریی سیاسیی و تەناهیی و لە هەمان کاتدا پڕ لە گۆڕانکاریی. بەدەسەڵات گەیشتنی ئەحمەد شەرع بە لوتکەی دەسەڵاتی وڵاتەکە بە پشتیوانی بەرەی ڕزگاریی شام بە ڕابردوویەکی دینی توندڕەوانە و توندوتیژەوە، هەوڵ بۆ لە قاڵبدانی جیاوازیی و داینامیکییەتی ناوخۆیی وڵات و پەیوەندییەکانی دەرەوە دەدات.
یەکێک لە ڕووداوە گرنگە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانی ئەو ماوەیە، ڕێککەوتنە گرنگەکەی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەتنەکە باس لە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی یەکپارچەیی خاکی سوریا و نوێنەرایەتی کەمینە و پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا دەکات.
ڕێککەوتنەکە کە بە نێوەندگیریی و پشتیوانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، باس لە یەکخستنی دامەزراوە مەدەنیی و سەربازییەکانی کورد لە دەوڵەتی سوریادا دەکات. کۆنترۆڵی ژێرخانی سەرەکی لە باکووری ڕۆژهەڵات، لەوانەش کێڵگە نەوتییەکان، فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان بە دیمەشق دەبەخشێت و لە هەمان کاتدا دان بە سەربەخۆیی کولتووری و ئیداریی کورددا دەنێت.
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، لەلایەن فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، بە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکا بۆ واژۆکردنەکە ڕەوانەی دیمەشق کرا، ئەمەش هێمای جەختکردنەوە بوو لەسەر بەشداریکردنی ستراتیژیی واشنتۆن لە ڕێککەوتنەکەدا.
ئەمەریکا ئەم ڕێککەوتنە وەک ڕێگایەک بۆ سەقامگیرکردنی سوریا و ئاسانکاری بۆ ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی بەبێ دەستپێکردنی ململانی و جەنگی نێوخۆیی دەبینێت. لە کاتێکدا مشتومڕە ناوخۆییەکان بەردەوامن، هەندێک لە لێپرسراوە باڵا ئەمریکییەکان لەگەڵ ئۆتۆنۆمی کوردەکانن، بەڵام هەندێکیش هەرچەندە کەمن دژی فیدرالیزمن بۆ کوردەکان.
کۆدەنگیی لە دیدگای سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا ئەوەیە کە یەکگرتنەوەیەکی نەرم و بە گفتوگۆ و دانوستانی بونیادنەرانە باشترە لە پارچە پارچە بوون. مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کرد و جەختی لە ڕۆڵی ئەم ڕێککەوتنە کرد لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەرەوپێشبردنی یەکگرتوویی نیشتمانی.
کاردانەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێشوازیی و گەشبینیی بوو بۆ ڕێککەوتننامەکە. فەرەنسا و ئەڵمانیا چالاکانە پاڵپشتی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان دیمەشق و دەسەڵاتدارانی کوردیان کردووە و جەختیان لەسەر گرنگیی مافی کەمینەکان و پێکهاتەکانیان لە چوارچێوەی حوکمڕانییەکی گشتگیر کردووەتەوە.
لێرەدا باشترە ئاماژە بەوە بدەین، کە ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی کە پێشوازییەکی نێودەوڵەتی لێکرا، لە دوای کوشتاری بێڕەحمانە و دڕندانەی عەلەوییەکانەوە بوو بە کۆمەڵکوژکردنی ١٥٠٠ کەس. بنەماڵەی ئەسەدی دەسەڵاتداری پێشووی سوریا سەر بە پێکهاتەی عەلەوییەکان بوون و ئەمەش دەسەڵاتداریی و هەژمونی بەخشیبوو بەو پێکهاتەیە.
دیپلۆماتکارانی یەکێتیی ئەورووپا هۆشدارییان داوە لەوەی کە پابەندنەبوون بەو پرەنسیپانە، دەکرێت ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی سزاکان، ئەمەش لە دوای هەڵگرتنی سزاکانەوە دێت لەسەر سوریا. هەروەها ووڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و لێپرسراوە باڵاکانی پەرلەمانی ئەوروپا جەختیان کردەوە بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە پرۆسەکە بە سەرۆکایەتی سوریا بە مەرجی ڕێزگرتن لە هەمەچەشنەیی کۆمەڵایەتی و فرەیی لە پێکهاتەی وڵاتەکەدا.
توندوتیژی تائیفی ئەم دواییە لە سوەیدا، دیمەنەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە. شەرعیەتی حکومەتی نوێ پەیوەستە بە توانای پاراستنی ئاسایش و ئازادیی کەمینەکان و ڕێگریکردن لە پارچە پارچە بوونی زیاتر. بەرپرسانی ڕۆژئاوا داوایان لە دیمەشق کردووە کە میکانیزمەکانی دادپەروەری قۆناغەکانی ڕاگوزەریی جێبەجێ بکات و ئەو گروپە چەکدارییە دینییە توندڕەوانەی هاوپەیمانن لەگەڵ بەرەی ڕزگاریی شام لە چەک داماڵن.
سەرکردە کوردەکان بەدوای گەرەنتیکردنی ئۆتۆنۆمی کولتووریی و دابەشکردنێکی ڕێژەیی داهات لە سەرچاوەکانی نەوت و گازەوە دەگەڕێن. دیمەشق پێداگری لەسەر توانەوەی تەواوەتی هێزە چەکدارە ڕاهێنراو بە دیسپلینە کوردییەکان لە ناو سوپای نیشتمانی دەکات، کە لەمەدا لە پشتی پەردەوە داواکاریی تورکیا ئامادەیە.
ئێستا لە دوای ڕووبەروونەوەی درووزییەکان بە دڕندایەتیی و توندوتیژییەکی زۆرەوە، پرسیار لەسەر دەسەڵاتی نوێی سوریا و حکومەتە کاتییەکەی دیمەشق دروستبووە لە پابەندبوونی بە پاراستنی ئاسایش و ئازادیی پێکهاتە جیاوازەکانەوە وبەرپاکردنی دادپەروەریی، ئەمەش کوردەکانی گەیاندە ئەو بڕوایەی چەکدانان و توانەوە لە نێو دەزگا ئەمنییەکانی سوریادا دەشێت هەڕەشە بێت لەسەر بەڕێوەبردنە خۆسەرییەکەیان و تەنانەت تا ڕاددەی توندوتیژیی و سەرکوتکردنیان یان تەنانەت ئەگەری کۆمەڵکوژکردنیشیان.
حکومەتە نوێیەکەی سوریا لەژێر زەبری پەیوەندییە سیاسییە دەرەکییەکان و دیپلۆماسییەتیی نێودەوڵەتیدایە و لە بەرامبەردا کوردەکان و هەسەدە لە پێشوازییەکی دیپلۆماسیی و سیاسیی و نێودەوڵەتییدان.
مەزڵوم عەبدی، ئێستا بە سەردانێک، بە بانگهێشتێکی فەرمی لەلایەن سەرۆک کۆماری وڵاتەکەوە، لە فەڕەنسایە و کۆبوونەوە لە نێوان مەزڵوم عەبدیی و ئیمانوێل ماکرۆن ئەنجام دەدرێت لەبارەی دواهەمین پەرەسەندنە نێوخۆییەکانی سوریا و پەیوەندیی کوردەکانەوە بە حکومەتی دیمەشقەوە.
دۆخی هەستیاری نێوخۆیی و سوریا و هەڵوێستی کوردەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکێشەکانی پەیوەندیی و هێز لە سوریا دیاریدەکەن.
ماکرۆن پشتیوانی گفتۆگۆکانی نێوان کوردەکان و دیمەشقە بەشێوەیەکی نەرم و ئاشتییانە و هەروەها بەشداریکردنی کوردەکانە لە داهاتووی سوریادا. بەڵام ڕووداوە توندوتێژیی و خوێناوییەکانی سوەیدا، هەسەدە و کوردەکانی پاڵپێوەنا کە چەکدانان بە هێڵی سوور بزانن و توانەوەیان لە نێو سوپای سوریا بەبێ هیچ گەرەنتییەک ڕەتبکەنەوە.
سێ تەوەرەی سەرەکی لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە، بریتین لە یەکگرتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریا، کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە.
ئەی بۆچوونی تۆ چییە لەبارەی ئایندەی حکومەتەکەی شەرعەوە؟
ئایندەی هەسەدە و کوردەکانی سوریا لە نێو هاوکێشەکەدا بە کوێ دەگات؟
