شەڕی حەشیشخۆر هەر بە حەشیشخۆر دەکرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت 

ترەمپ مارک ساڤایایەی بەرەگەز کلدانی عێڕاقی وەک نێردەی تایبەتی خۆی لە عێڕاق دیاری کرد.

مشتومڕی پشت لێکەوتەی ئەو بڕیارە هێندەی دەرهەق بە دەنگۆی حەشیشخۆریی ئەو نێردەیەیە، هێندە دەرهەق بە بڕیارە  سەرەکی و بنەڕەتیەکە نییە، کە ناردنی نێردەی تایبەتییە.

ناردنی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هەر وڵاتێک بەمانای بوونی کێشە و پرسگەلێکی گەورە و قووڵن کە لەتوانا و دەسەڵات و ئەرکی  باڵوێزخانەدا نییە.

باڵوێزخانەکان، لانی کەم لە تیۆردا، کار لەسەر پەیوەندئە دیپلۆماسی و بەرژەوەندیە هاوبەشەکان دەکەن و جوڵە و ئەرکەکانیان سنووردارە بە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکانیان و دەستوەرنەدانە کاروباری ناوخۆی وڵاتی خانەخوێش.

نێردەی تایبەتی هەنگاوێک یان چەند هەنگاوێک لەسەرووی ئەم عورف و پێوەندیە  رۆتینیەدایە، واتە هی باڵوێزخانەکان،کە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و سیستەمی جیهانی لەسەر دامەزراوە.

زۆربەی جارەکان، نێردەی تایبەتی ئەمریکا راستەوخۆ پەیوەندی بەسەرۆکی وڵاتەکەیەوە هەیە. ئەمەش دەسەڵاتێکی سەرووی سرووشتی و ناهاوسەنگ هەم دەداتە نێردەکە لە وڵاتی خانەخوێ و هەم ئەمریکاش.

ئەرکی نێردە چارەسەری کێشە و قەیرانە قووڵەکانی وڵاتی خانەخوێیە کە کاریگەری لەسەر ئاساییشی ناوچەکە و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا هەیە.

تەرکیزی نێردە لەسەر مەترسی جەنگ و ئاژاوەی کۆنترۆڵ نەکراو و شەڕی تیرۆر  یان راستکردنەوەی هاوسەنگی و پەیوەندیە هەرێمیەکانی وڵاتەکەیر لە بەرژەوەندی ئەمریکا.

  پێدەچێت هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانە بکەوێتە سەر شانی سەڤایای نێردەی تایبەتی ئەمریکا  بۆ عێڕاق. 

ئەمەش لە سادەترین پێناسەیدا، عێڕاق دەگێڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، چوارگۆشەی دوای روخانی رژێمی سوننەکان و سەرلەنوێ ئاراییشدانەوە و بونیادنانەوەی ئەم وڵاتە دەسکردەی دەستی ئیستیعمار.

ئەگەر ئەو خەمڵاندن و شیکاریە راست بێت، ئەوا ئەرکی مارک سەڤایە تەواو کردنی ئەو ئەرکەیە کە پۆل بریمەر شکستی تێدا هێنا و بۆی تەواو نەکرا.

ئایا ئەم ئەرکە بە کەسێک ئەنجام دەدرێت کە گومانی ئاڵودەبوونی بە حەشیشلەسەر بێت؟

ئەگەر تۆمەتی حەشیش خۆریەکەی سەڤایا راست بيت، ئەوا دیاریکردنی ئەو وەک نێردە دەبێتە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لەسیاسەتی ئەمریکا دەرهەق  بە عێڕاق.

بەواتایەکی دی، ئەمریکا لە ئێستاوە سیاسەتی زبر و پێشێلکرنی  عورف و رێسا دیبلۆماسیەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ رایەدارە عێڕاقی و میلیشیاکانیان پەیڕەو دەکات.

بەتایبەتیش لە کایەی سنووردانان بۆ پاشکۆیی و پڕۆکسی لایەنە شیعەلان بۆ ئيران.

رەنگە دواجار ئەمریکا بەو قەناعەتە گەییشتبێت کە چارەی ئێران لە عێڕاق بەکەسێک دەکرێت کە زۆرترین لەیەکچونی لەگەڵ ئێرانیەکان هەبێت. 

ئێرانیەکانیش لە پرسی حەشیشەدا یەکەمی بێ رکابەرن و ئەگەر راست بێت سەڤایاش  ئەو گیایە بەدەرمان دەزانێت، ئەوا لەوە تێدەگەین کە بۆچی  ئەو وەک باشترین دکتۆری پەتای ئێران لە عێڕاق کە لە زمانی ئێرانیەکان تێدەگات، دەستنیشان کراوە.

لێرەدا بەسەرهاتێکی کاپیتان حەمەدی مەولودی، پێشمەرگەی قارەمانی کۆماری مەهاباد، بەرچاوڕونیەکمان دەداتێ کە بۆچی سەڤایا و ئێرانییەکان لەیەکتری دەچن و لەیەکتریش دەگەن.

دوای ڕوخانی کۆمار، کاپیتان روو دەکاتە باشور و دواجار ئاشکرا دەبێت و لەسەر خواستی ئێرانیەکان بۆ رادەستکردنەوەی لەلایەن داگیرکەری عێڕاقیەوە دەگیرێت.

کاتێک کاپیتان  دەخرێتە بەردەم نوێنەری ئێرانیەکان تا دەسبەسری بکەن و بیبەنەوە بۆ ئيران، کاپیتان ئینکاری دەکات ئێرانی بێت.

دەلیلی کاپیتان بۆ ئێرانی نەبوونی ئەوە بوو کە ئەو حەشیشخۆر و تلیاکخۆر نییە بەڵام ئێرانیەکان، واتە عەجەمەکان، هەموویان تلیاکخۆرن.

کاپیتان بە کوردیەکی پاراو دەڵێت ئەگەر باوەڕیش ناکەن تەماشای ملی ئەستور و تێکسمڕاوی من بکەن و هی ملی باریکی ئەفسەر و دیبلۆماتە ئێرانییەکانیش بکەن و خۆتان حەکەم بن ماقوڵە من و  ئەو حەشیشخۆرانە خەڵکی هەمان وڵات بین؟ 

عەجەمەکان لە زمانی حەمەد نەگەییشتن، بەڵام پێدەچێت لە هی سەڤایا تێبگەن.

مانگ و ساڵانی داهاتوو لەوە تێدەگەین کە ئایا بەجدی شەڕی حەشیشخۆرەکان هەر بە حەشیشخۆر دەکرێت؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار