لێکەوتەکانی ڤیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لەرووی ئابووریی و گەشتیارییەوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



م.ی. غریب علی سلیم 

خوێندکاری دکتۆرا لەبواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزار / زانکۆی سلێمانی
ڤیستیڤاڵی هەنار ساڵانە لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ ناساندن و پێگەیشتنی ئەو میوانەی کە پارێزگاکە پێی بە ناوبانگە بەڕێوەدەچێت، لەوانە هەنار  و جۆرەکانی، ساڵەخانی، ساوا، سورە هەنار، لا رەشە، مەلەسی، شیرین کاراڵی، کەوە هەنار، عەبابەیلێ دیارترین جۆرەکانی هەنارن لە هەڵەبجە، بە گشتیی نزیکەی (10) جۆر بەرهەمی هەنار لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام هەناری ساڵەخانی (%80)ی کۆی بەرهەمی هەنار پێکدەهێنێت و کۆنترین جۆری هەنارە لە هەڵەبجە. هەروەها بەرهەمە ناوخۆییەکان وەک گوێز و هەنگوین و زەیتی زیتوون هەناری وشکراوە و بەرهەمە شیرەمەنیەکان نمایش دەکرێن، کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەر و سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر دەست پێدەکات، بۆ ناساندنی بەرهەمی ناوخۆیی و خۆماڵی جوتیاران  هەڵەبجە. ئەمساڵیش ڤیستیڤاڵی ناوازی هەنارە لە پارك و شاری یاری هەڵەبجە، (11)یەمین ڤیستیڤاڵ لەبەرواری (2025/10/30)لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری هەڵەبجە بەهەماهەنگی تۆڕی ڕێکخراوە هەڵەبجە و میدیا و میدیاکاران ئەنجام دەدرێت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، کە زیاتر لە 250 جووتیار و باخەوان بە بەرهەمەکانیان بەشداری بکەن، کە تیایدا زیاتر (550)کەپر ئامادەکراون، (250)کەپر تایبەتن بە فرۆشتنی هەنار و بەرهەمەکانی، ئەوانی دیکەش بەرهەمەکانی شیرەمەنی، هەنگوین و خۆراک و شیرینی و کاری دەستی خانمانی تێدا دەفرۆشرێت.ئامانج لەم ڤیستیڤاڵە بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و پشتگیری لە جووتیارانی ناوچەکە دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمی تازە و پاکی و گونجاوی  نرخ و بەهێزکردنی ئابوری ناساندنی بەرهەمی هەناری ناوچەکە، لەبەرئەوەی بەبازارکردنی ڕاستەوخۆی بەرهەمەکە بۆ بەکاربەران و بەهێزکردنی ئابووری و بوژانەوەی ناوچەکە لێدەکەوێتەوە، دواجار دەبێتە هۆی  تێکهەڵکێشکردنی لایەنە باشەکانی هەردوو کەرتی  گەشتیاریی و کشتوکاڵی هەمەچەشن کردنی چالاکییە بازرگانییەکانی جووتیار و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ تاکەکانی ناوچەکە لە بواری کشتوکاڵی و گەشتیاریی. 

هەروەها بەهۆی باشی جۆرەكەی ساڵانە لە ڕێگەی كۆمپانیای ناوخۆوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی بازاڕەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیمارات دەکرێت. ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی خاکی هەڵەبجە و سازگاریی ئاو و هەواکەی، زۆربوونی خواست و کڕیار لەسەر بەرهەمی هەنار، ساڵ لەدوای ساڵ رووبەر و بڕی بەرهەمی هەنار روو لەزیادبوونە،  زیاتر لە (30) هەزار تەن بەرهەمی ساڵــانەی پارێزگای هەڵەبجەیە و ڕووبەری دەهەزار دۆنم باخی هەنار هەیە و بەردەوام لەزیادبووندایە. بەپێی ئامارەکان لەساڵی (2025)دا زیاتر لە (10)هەزار دۆنم زەوی بە هەنار چێنراوە بڕی بەرهەمەکەی زیادیکردووە بۆ (31000)تەن لە ناوچەکە.

سوودەکانی لەرووی ئابووریی و گەشتیارییەوە:
1.    زیادبوونی جوڵەی گەشتیار، بەجۆرێک لەساڵی (2024)دا (285)هەزار گەشتیار و سەردانیكەر ئامادە بوون، بەمجۆرە رۆژی یەكەم (80)هەزار، رۆژی دووەم (110)هەزار و رۆژی سێهەم نزیكەی (100)هەزار بووە شێوەی (1)،بەگوێرەی پلانەکان، ئەم ساڵ چاوەڕێ دەکرێت ژمارەکە  (300)هەزار گەشتیار تێپەڕێنێت. ئەمە جگە لە ناساندن و ئاشنابوونی گەشتیاران بە شوێنە گەشتیارییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە.

2.    زیادبوونی داهات:  جوڵە و جموجۆڵی بازاڕ بەگشتی و چێشتخانە و مارکێت و چایخانە و خزمەتگوزاری مانەوە و خواردن و خواردنەوە بەتایبەتی، بەهۆی هاتنی میوان و گەشتیار و سەردانیکەرانی بۆ ڤیستیڤاڵەکە، بەشێوەیەک لە ساڵی (2015) بڕی داهاتی ڤیستیڤاڵی هەنار تەنها (10)ملیۆن دینار بووە، بەڵام لەساڵی (2024) بڕی داهات زیادیکردووە بۆ یەک ملیار (435)ملیۆن دینار.

3.    ڕەخساندنی هەلی کار: لەگەڵ هاتنی هەرتاکێکی گەشتیار بۆ هەر وڵاتێک (23) پیشە قازانج دەکات، واتە بەڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەم کەرتە بەلێشاو هەلی کار درووست دەکات و بازاڕ و دەستی کاری ناوخۆیی دەبووژێنێتەوە، بە نموونە ژمارەی بەشداربوان (فرۆشیار) لە ساڵی (2015)دا تەنها (50)بەشداربووە، بەڵام ژمارەکە لەساڵی (2024) زیادیکردووە بۆ (600-550)بەشدار بووە شێوەی (4)، واتە  ئەم ئامار پێدەڵێت کە نابێت رۆڵ و کاریگەری ئەم کەرتە پشتگوێ بخرێت . 
هەروەها فرۆشتنی بەپێی جۆری بەشدار بوان، بەمشێوەیە بووە: 

1.    جووتیار (فرۆشیار هەنار و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان)، بە ڕێژەی  60-70%.
2.    پیشەوەران و دەستڕەنگینان (بەرهەمی دەستی)، بەڕێژەی  15-20%.
3.    فرۆشیارانی خواردنی کوردی و شیرینی،  بە ڕێژەی 10-15%.
4.    کارگە و بڕاندی خۆماڵی، بە ڕێژەی 5%

4.  ناساندنی کەلتور و میوانداری ناوچەکە: ئەم ڤیستیڤاڵە چەندین چالاکی جۆراو جۆری تریش لەخۆ دەگرێت لەوانە گۆرانی و مۆزیکی کوردی و خستنەرووی وێنەکان و هونەری شێوەکاری هیتر کە گوزارشت لە دەوڵەمەندی کلتوری خەڵکی ناوچەکە دەکات بەشداریکردنی کۆمەڵێک لە خانمی دەستڕەنگین بە بەرهەمی جیاواز، لە بەشە جیاوازەکانی ئەم ڤیستڤاڵەدا نمایشدەکرێن بۆ ڕاکێشانی زیاتری گەشتیار و میوانی ڤیستیڤاڵەکە. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابوری  کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و کەلتوری و تێکەڵاوبوونی سۆرانی، کرمانجی هەورامی، تورک و کریستیان لە زاخۆ تا خانەقین، عەرەب و فارس و بیانی هیتر، بەهۆی هاتنی هەزاران هاووڵاتی و سەدان خێزان لە ناوچە جیاوازەکانەوە دێنە هەڵەبجە و بەهۆی نەبوونی هۆتێلی و مۆتێل پێویست و شوێنی مانەوە و حەوانەوەی گەشتیار، ماڵەکانی هەڵەبجە دەبن بە شوێنی مانەوەی میوان، ئەوەش خزمەتێکی باشی کردووە لەڕووی زیندوکردنەوەی زیاتری کۆمەڵایەتی و کەلتووریشەوە، دەرئەنجام پێشکەوتنی ئابوریی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری روو دەدات.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار