ئەمریکا رەزامەندیی دەردەبڕێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی عێراق بە ئێران

رۆیتەرز: واشنتۆن بۆ دانەوەی قەرزەکانی غاز و کاربا لێخۆشبون بۆ عێراق دەردەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئاژانسێکی هەواڵ ئاشکرای دەکات واشنتۆن بڕیاری لێخۆشبونی بۆ عێراق دەرکردوە کە بە شێوەیەکی سنوردار بڕێک لە پارەی قەرزەکانی غاز و کاربا رادەستی ئێران بکات.

ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردوەتەوە؛ واشنتۆن رەزامەندیی دەربڕیوە بە رادەستکردنی دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار لە قەرزەکانی غاز و کارەبا بۆ ئێران.

پێشتر سەرۆکی ژوری هاوبەشی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران ئاماژەی بەوە کردبو کە ئەمریکا لێخۆشبونی لە سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ عێراق دەرکردە بۆ ئەوەی قەرزەکانی غاز و کارەبا رادەستی ئێران بکرێت.

رۆیتەرز لەهەواڵێکی مانگی رابردودا ئاشکرای کردبوە کە هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق بەهۆی رادەست نەکردنەوەی قەرزەکانی رۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردوە و ئەوەش بەرهەمهێنانی کارەبای لە عێراق کەم کردوەتەوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاندوە؛ قەرزەکانی غاز و کارەبای عێراق دەگاتە 11 ملیارد دۆلار و ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش ئەو قەرزانەی بە نزیکەی 18 ملیارد دۆلار خەمڵاندوە.

بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە رەانەکردن یان گواستنەوەی پارە بۆ سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران لە دەرەوە قەدەغە کراوە و پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی سزاکانەوە بە زیاتر لە 120 ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار