په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى: عێراق و هه‌رێم بۆ چه‌ند مانگێک رێککه‌وتن ده‌که‌ن و نه‌وتیش راده‌ست ده‌کرێت

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم بۆ چه‌ند مانگێک رێککه‌وتن ده‌که‌ن و ده‌بێت هه‌رێمیش نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 1ى ئایارى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم به‌سه‌رۆکایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت و وه‌زیرانى دارایى و پلاندانان و سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆکى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ولێر پاش ئه‌‌نجامدانى زنجیره‌‌یه‌‌ک کۆبوونه‌‌وه‌‌.

شیروان زرار، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم هه‌فته‌ى ئاینده‌ جارێکى دیکه‌ ده‌چنه‌وه‌ به‌غدا بۆ گه‌یشتن به‌ رێککه‌وتن له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه‌، چاوه‌روان ده‌کرێت بۆ چه‌ند مانگێک رێکه‌وتن بکرێت، به‌ڵام ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وت راده‌ست بکات".

ناوبراو ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌مێکه‌ ئاماده‌یى نیشانداوه‌ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات که‌ رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌، به‌ڵام به‌هۆى کێشه‌و ئاڵۆزى سیاسیى عێراقه‌وه‌ نه‌توانرا جێبه‌جێ بکرێت.

حکومه‌تى هه‌رێم کوردستان دووپاتى ده‌کاته‌وه‌ که‌ چۆن پابه‌ند بوو به‌ ته‌واوى بڕگه‌کانى یاساى بودجه‌ى 2019 پابه‌ندیش ده‌بێت به‌و خاڵانه‌ى که‌ له‌ لێگگه‌یشتنى که‌ له‌ رۆژى 12 کانوونى یه‌که‌مى 2019 له‌ نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى فیدراڵ رێککه‌وتنى له‌سه‌ر کراوه‌.

به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونانه‌ى هاوڵاتى کردوویه‌تى، به‌غدا ئاماده‌ نییه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ره‌وانه‌ بکات به‌بێ راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ حکومه‌تى هه‌رێم بۆ هاوڵاتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم کۆمه‌ڵێک پێشنیارى له‌به‌غدا وه‌رگرتووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌رێککه‌وتن و بریاره‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کۆى پێشنیارو خاڵه‌کان تاوتوێ بکرێت و جارێکى دیکه‌ وه‌فدى هه‌رێم هه‌فته‌ى ئاینده‌ بچێته‌وه‌ به‌غدا.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر رێککه‌وتن له‌نێوان به‌غداو هه‌ولێردا بکرێت حکومه‌تى هه‌رێم به‌م زوانه‌ ده‌ست ده‌کات به‌ دابه‌شکردنى موچه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار