بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی: پلازماى توشبوانى کۆرۆنا ژیانى هاوڵاتیان رزگار ده‌کات

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن 

به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى  جمهوری سلێمانى زانیارى ورد له‌سه‌ر به‌خشینى پلازماى خوێن بۆ هاوڵاتى ئاشکراده‌کات و ده‌ڵێت"تا سێ جار ده‌توانرێت پلازماى خوێن بۆ نه‌خۆشێکى کۆرۆنا هه‌ڵواسرێت".

داهات حه‌وێزى پسپۆری هەناوی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى خسته‌روو هه‌موو که‌سێکى چاکبوه‌وه‌ له‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا ده‌توانێت پلازماى خوێنه‌که‌ى بداته‌ توشبویه‌کى دیکه‌ و ژیانى رزگاربکات ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که‌ نه‌خۆشى درێژخایه‌ن و که‌مخوێنیان هه‌یه‌.

هاوڵاتى: پلازماى خوێن چییه‌ و کێ ده‌توانێت پلازماى خوێن ببه‌خشێت؟

 داهات حه‌وێزى: پلازماى خوێن به‌شێکه‌ له‌ خوێن واته‌ که‌ که‌سێک بتڵێک خوێن ده‌به‌خشێت، خرۆکه‌ سوره‌کانى لێ جیاده‌کرێته‌وه‌ و دواتر پلازماکه‌ جیاده‌کرێته‌وه‌ که‌ شله‌یه‌کى زه‌رد باوه‌ پێى ده‌وترێت ئاوى خوێن، ده‌کرێته‌ ناو که‌سى توشبووى کۆرۆناوه‌.

هاوڵاتى: کێ ده‌توانێت پلازماى خوێن ببه‌خشێت؟

 داهات حه‌وێزى: هه‌موو که‌س ده‌توانێت پلازماى خوێن ببه‌خشێت، له‌کاتێکدا ئه‌و که‌سه‌ پێشتر ڤایرۆسى کۆرۆناى گرتبێت و دواى 14رۆژ له‌ چاکبونه‌وه‌ى ده‌توانێت پلازماى خوێنه‌که‌ى ببه‌خشێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ نه‌خۆشى درێژخایه‌نیشى هه‌بێت، به‌مه‌رجێک که‌سه‌که‌ خۆى که‌مخوێن نه‌بێت، بۆیه‌ که‌ که‌سێک خۆى که‌مخوێن بێت ناتوانێت خوێنه‌که‌ و پلازماکه‌ش ببه‌خشێت واباشتره‌ که‌ که‌مخوێن نه‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێک میکانیزم هه‌یه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ که‌مخوێنن پلازماکه‌یان لێوه‌رده‌گیرێت و دواتر خوێنه‌ خه‌سته‌که‌یان لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌.

هاوڵاتى: چ که‌سێک سود له‌ پلازماى خوێن وه‌رده‌گرێت؟

 داهات حه‌وێزى: ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ که‌ گه‌نجن و که‌ زۆر ته‌مه‌نیان نیه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ى جمورى سلێمانى له‌سه‌ر هه‌ندێک نه‌خۆش تاقیمان کردۆته‌وه‌ که‌ ته‌مه‌نیشیان هه‌بوو، به‌ڵام زۆر سودیشیان لێبینیوه‌، که‌واته‌ هه‌موو که‌س ده‌توانێت پلازما وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ى که‌ گه‌نجه‌ زیاتر سودى لێوه‌رده‌گرێت.

هاوڵاتى: هه‌موو که‌س که‌ پلازماى خوێنه‌که‌ى بۆ به‌کارده‌هێنرێت سودى لێوه‌رده‌گرێت? دواى چه‌ند کاتژمێر سودى ده‌بێت؟

 داهات حه‌وێزى: زۆر له‌و نه‌خۆشانه‌ى که‌ پلازماى خوێنمان بۆ هه‌ڵواسیون سودیان لێبینیوه‌ به‌ڵام هه‌ندێک جار سوده‌که‌ى دواى 48کاتژمێر یان 72کاتژمێر ده‌رده‌که‌وێت وه‌ هه‌ندێک نه‌خۆشیش هه‌بوه‌ و پلازماى یه‌که‌ممان بۆ هه‌لواسیوه‌ زۆر سودى لێوه‌رنه‌گرتووه‌ بۆیه‌ پلازماى دووه‌ممان بۆ هه‌ڵواسیوه‌ وتا سێ جاریش ده‌توانرێت بۆى هه‌لواسرێت ئه‌وکات زۆرتر سودى لێوه‌رده‌گرێت وه‌ دواى وه‌رگرتنى پلازماکه‌ ده‌بێت ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ چاره‌سه‌رى کۆرۆنا وه‌ربگرێت ئه‌نجا ده‌توانین بڵێین ڤایرۆسه‌که‌ له‌ جه‌سته‌یدا نه‌ماوه‌ چونکه‌ پلازماى خوێنه‌که‌ چاره‌سه‌رى ته‌واوه‌تى ناکات، بۆیه‌ پێویسته‌ که‌سه‌که‌ له‌دواى وه‌رگرتنى خۆى بپارێزێت.

هاوڵاتى: ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ پلازماى خوێن وه‌رده‌گرن دواى چاکوبنه‌وه‌یان ئه‌وانیش ده‌توانن پلازماى خوێن ببه‌خشن؟

 داهات حه‌وێزى:ئه‌و که‌سه‌ى که‌ پلازماى خوێن وه‌رده‌گرێت، دواى دوو هه‌فته‌ له‌چاکبونه‌وه‌یى و نه‌مانى نیشانه‌کانى ڤایرۆسه‌که‌ تیایدا یان که‌ ده‌چێت پشکنین ده‌کات و ده‌رده‌که‌وێت ڤایرۆسه‌که‌ له‌جه‌سته‌یدا نه‌ماوه‌ ئه‌وکات ده‌توانێت جارێکى دیکه‌ ئه‌ویش پلازما ببه‌خشێت.

هاوڵاتى: رۆژانه‌ چه‌ند که‌س پلازماى خوێنى بۆ ده‌کرێت؟

 داهات حه‌وێزى: به‌نزیکه‌یى رۆژانه‌ زیاتر له‌ 5نه‌خۆش پلازماى بۆ هه‌ڵده‌واسرێت رۆژانه‌ ئێمه‌ پلازماى خوێن بۆ 10نه‌خۆشى ڤۆرۆما ده‌نوسین، ئه‌و که‌سانه‌ ده‌بێت خۆیان بچن به‌دواى پلازماکه‌دا بگه‌رێن، که‌ ده‌ستیان که‌وت بۆیان هه‌ڵده‌واسرێت و رۆژانه‌ چاودیریان ده‌که‌ین، تا چاکده‌بێته‌وه‌.

رونیکرده‌وه‌ و تى" نه‌خۆشخانه‌ى جمهورى تایبه‌ت کراوه‌ به‌ کۆرۆنا رۆژانه‌ هیچ نه‌خۆشێکى دیکه‌ وه‌رناگرین به‌ده‌ر له‌توشبوى کۆرۆنا، رۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامى 100نه‌خۆش داخڵى نه‌خۆشخانه‌ ده‌بن، هه‌ندێکیان ده‌مێننه‌وه‌ و هه‌ندێکیان که‌ چاکبونه‌وه‌ ده‌یانێرینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و نه‌خۆشى دیکه‌ دێته‌ شوێنیان واته‌ به‌به‌رده‌وامى 90بۆ 100نه‌خۆش داخڵ ده‌بن.

لەهەرێمی كوردستانیش كۆی گشتی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 گەیشتوەتە 3 هەزار و 865 تووشبوو، لەنێویاندا 110 مردن هەیە و هەزار و 392 نەخۆش چاكبووەتەوە، هەروەها 2 هەزار و 363 نەخۆشیش لەژێر چاودێری پزیشكی دان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار