‌دواى سکاڵاکه‌ى مه‌سرور بارزانى، رێبوار که‌ریم وه‌لی روونکردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌دات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
 مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم سکاڵاى له‌سه‌ر ڕێبوار که‌ریم وه‌لى رۆژنامه‌نوس تۆمارکردوه‌، له‌ رونکردنه‌وه‌یه‌کدا نوسینگه‌ى سه‌رۆکى حکومه‌ت رایگه‌یاند، به‌هۆى کۆرۆناوه‌ سکاڵاى له‌سه‌ر تۆمارکراوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا رێبوار که‌ریم وه‌لى رایده‌گه‌یه‌نێت، "سکاڵاکه‌ سیاسییه‌ و په‌یوه‌ندى به‌و وتارانه‌وه‌ بووه‌ که‌ پێشتر نووسیویه‌تى".

له‌ رونکردنه‌وه‌که‌ى نوسینگه‌ى مه‌سرور بارزانیدا هاتووه‌،"سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سکاڵاى یاسایى له‌ دژى هیچ ڕۆژنامه‌نوسێک تۆمار نه‌کردوه‌ و ئه‌وه‌ى که‌ له‌سه‌ر رێبوار که‌ریم وه‌لى تۆمارکراوه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌بووه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاى بڵاوبونه‌وه‌ى په‌تاى کۆرۆنا و ڕاگه‌یاندنى که‌ره‌نتین، گومانیان ده‌خسته‌ سه‌ر ھه‌بوونى په‌تاکه‌ و خه‌ڵکیان بۆ سه‌رپێچى له‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان ھانده‌دا.  

رۆژنامه‌نووس رێبوار که‌ریم وه‌لى رایگه‌یاند:" رۆژى 22ى ئه‌م مانگه‌ له‌ بنکه‌ى پۆلیسى خانه‌قاوه‌ له‌ شارى هه‌ولێر، داوا له‌ که‌ناڵى روداو کراوه‌ که‌ دۆسیه‌ى منیان راده‌ست بکرێت"

سه‌باره‌ت به‌ هۆکارى سکاڵاکه‌ رێبوار که‌ریم وه‌لى، ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ که‌ "گوایه‌ من چه‌ند مانگێک پێش ئێستا خه‌ڵکم هانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پابه‌ندى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کانى رووبه‌روبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا نه‌بن، به‌ مادده‌ى 2ى خراپ به‌کارهێنانى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندیکردن سکاڵام له‌سه‌ر تۆمارکراوه‌، به‌ڵام من لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نم ئه‌و سکاڵایه‌ سیاسییه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌ کۆرۆناوه‌ نییه‌"

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ ده‌شڵێت:" من له‌ نوسین و وتاره‌کانمدا که‌ هه‌مویان ماون، هانى خه‌ڵکم داوه‌ که‌ خۆیان که‌ره‌نتین بکه‌ن و له‌کاتى تووشبوونیان به‌ ڤایرۆسه‌که‌ خۆیان له‌ ده‌وروبه‌ریان دابڕن، رونکردنه‌وه‌شم داوه‌ که‌ ده‌کرێت که‌سێک تواناى به‌رگرى له‌شى به‌هێز بێت و بتوانێت به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌که‌دا زاڵ بێت، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ هه‌موو که‌سێک هه‌مان تواناى به‌رگرى هه‌بێت، ئه‌وه‌ش وه‌ک خۆپارێزییه‌ک و خۆبه‌دورگرتن له‌ یه‌کتر، بۆیه‌ بابه‌ته‌که‌ دور و نزیک په‌یوه‌ندى به‌ کۆرۆناوه‌ نییه‌ و سکاڵایه‌کى سیاسییه‌".

هاوکات، ئه‌وه‌شى رونیکردووه‌ته‌وه‌ که‌، له‌ماوه‌ى رابردوودا چه‌ند وتار و نوسینێکلى بڵاوکردوه‌ته‌وه‌، که‌" دڵخوازى که‌سانێک نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش وایکردوه‌ که‌ له‌رێگه‌ى سکاڵایه‌که‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ن له‌ نوسین و ده‌ربڕینى راستییه‌کان رامانبگرن، بۆیه‌ ته‌ئکید ده‌که‌مه‌وه‌ سکاڵاکه‌م سیاسیه‌ و له‌سه‌ر خواستى که‌سێکى باڵاده‌ستى هه‌رێم بووه‌".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار