‌په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى بۆ هاوڵاتى: له‌دواى ریفراندۆم و 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ ناو به‌ناو عه‌ره‌بى هاورده‌ ده‌هێننه‌وه‌

"10 خێزانى عه‌ره‌بى هاورده‌ رێگریان لێکرا له‌ گونده‌ کورده‌کان نیشته‌جێببن"

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
سه‌ره‌ڕاى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆنا، 10 خێزانى عه‌ره‌بى هاورده‌ به‌ پشتوانى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ده‌هێننه‌وه‌ گونده‌کانى جه‌بورى یه‌ک و دوو له‌ هه‌فته‌غار، په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى ده‌ڵێت:" له‌دواى ریفراندۆم و 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ ناو به‌ناو عه‌ره‌بى هاورده‌ به‌نوسراوى پارێزگارى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت ده‌هێننه‌وه‌".

10 خێزانى هاورده‌ى عه‌ره‌ب چووبونه‌ گونده‌کانى جه‌مبوورى یه‌ک و دوو له‌ناوچه‌ى هه‌فته‌غار و به‌و هۆیه‌وه‌ کورده‌کان له‌ گونده‌کان رێگریان لێکردوو دواتر دوو په‌رله‌مانتار چووبونه‌ ناوچه‌که‌.

مه‌ریوان نادر، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ هه‌یه‌ به‌هۆى کۆرۆناوه‌، 10 خێزانى هاورده‌ى عه‌ره‌ب به‌هاوکارى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان چوبونه‌ گونده‌کانى جه‌مبوورى 1 و 2، ئێمه‌ش چووین و به‌ به‌رچاوى ئێمه‌ عه‌ره‌به‌کان نێردرانه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ى لێى هاتبوون، چونکه‌ ئه‌مه‌ کێشه‌یه‌کى ده‌ستورییه‌و به‌ ئاسانى چاره‌سه‌ر نابێت".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد 272 خێزانى عه‌ره‌ب که‌ گرێبه‌تیان هه‌یه‌ قه‌ره‌بوو کراونه‌ته‌وه‌ به‌پێى مادده‌ى 140ى ده‌ستور، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌"له‌دواى ریفراندۆم و 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ پارێزگارى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت نوسراوى ژێربه‌ژێریان بۆ ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى دیمۆگرافیاى ناوچه‌که‌ بگۆڕێت و ژماره‌ى عه‌ره‌ب زیاتر بکه‌ن له‌ پارێزگاى که‌رکوک و ده‌وروبه‌ریدا".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ له‌دواى ده‌ستبه‌کاربوونى راکان سه‌عید، پارێزگارى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت "به‌رده‌وامى به‌ ته‌عریب و هاورده‌و تیرۆر دراوه‌ له‌ که‌رکوکدا".

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ 10 خێزانى عه‌ره‌بى هاورده‌ به‌نیازى نیشته‌جێبوون به‌ هاوکارى هێزێکى حکومه‌تى عێراق به‌نیازبوون دووباره‌ زه‌وى جووتیارانى کورد داگیر بکه‌نه‌وه‌، سوپاى عێراقیش، بۆ پشتیوانى له‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان، ته‌قه‌ى به‌سه‌ر دانیشتوانى کوردى ناوچه‌که‌دا کردبوو، به‌ڵام خێزانه‌ کورده‌کان رێگریان لێکردبوون له‌وه‌ى نیشته‌جێ ببن له‌و ناوچانه‌داو به‌رگریان کردبوو له‌ خۆیان و زه‌وییه‌کانیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار