هێزه‌ ئه‌منیه‌کانى هه‌ولێر له‌ په‌رله‌مانتارێکى کۆمه‌ڵ ده‌ده‌ن و پاسه‌وانێکى له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌

کۆمه‌ڵى ئیسلامى: هێزه‌ ئه‌منیه‌کان و وه‌زاره‌تى ناوخۆو حکومه‌ت به‌رپرسیارن له‌و رووداوه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌ڵێت هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى هه‌ولێر له‌ په‌رله‌مانتار(عوسمان کانى کورده‌یى) دراوه‌و پاسه‌وانێکیشى له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌و ده‌شڵێت:" هێزه‌ ئه‌منیه‌کان و وه‌زاره‌تى ناوخۆو حکومه‌ت به‌رپرسیارن له‌و رووداوه‌".

روپاک ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى هه‌ولێر هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر مامۆستا(عوسمان کانى کورده‌یى) په‌رله‌مانتار، ته‌نها یاداشتێکیان هه‌بووه‌ که‌ بیگه‌یه‌نن، پاسه‌وانه‌کانیان رفاندوون دواتر به‌هه‌ولێکى زۆر ئازاد کراون و ئێستا یه‌کێکیان له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌".

ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ کۆمه‌ڵى ئیسلامى"بێده‌نگ" نابێت و "به‌رپرسیارێتى ئه‌و رووداوه‌ قێزه‌ونه‌ له‌ئه‌ستۆى هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى هه‌ولێرو وه‌زاره‌تى ناوخۆو حکومه‌تى هه‌رێمدایه‌و پێویسته‌ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان بێته‌ ده‌نگ که‌ په‌رله‌مانتار حه‌سانه‌ى هه‌یه‌".

دوا به‌دواى رووداوه‌که‌ عوسمان کانى کورده‌یی، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مان کوردستان رایگه‌یاند"هێزه‌ ئه‌منیه‌کانى هه‌ولێر لێیانداوه‌ و پاسه‌وانه‌که‌م و ژماره‌یه‌ک مامۆستاى ئاینى ده‌ستگیرکراون".

عوسمان کانى کورده‌یی، ئه‌ندامى په‌رله‌مان کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى به‌هۆى بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسه‌ بۆ سه‌لامه‌تى گیانى هاوڵاتیان و موسڵمانان مزگه‌وته‌کان داخران، ئێستا مزگه‌وته‌کان بۆ نوێژه‌کان کراونه‌ته‌وه‌،‌ ژماره‌یه‌کى زۆرى نوێژخوێنان داوا ده‌که‌ن مزگه‌وت بۆ خوتبه‌کانیش بکرێنه‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، ئه‌مڕۆ هه‌ندێک له‌ مامۆستایانى ئاینى شارى هه‌ولێر گردبونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى داوا له‌ وه‌زیرى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینى و پارێزگار و ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به‌و بابه‌ته‌، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و مامۆستا ئاینیانه‌ به‌هۆى فشارى خه‌ڵک هاتن بۆ مزگه‌وتى سه‌وفا بۆ ئه‌وه‌ى گردبونه‌وه‌یه‌کى هێمنانه‌ ئه‌نجام بده‌ن، که‌ هیچ کامیان نه‌ک نه‌ک چه‌ک گۆچانیشیان پێ نیه‌، هێزێکى زۆرى ئاسایش و هێزه‌کانى ناوخۆ و دژه‌تیرۆر هه‌ڵیانکوتایه‌ سه‌ریان.

عوسمان کانى کورده‌یى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕو، "تا ئێستا پاسه‌وانه‌که‌م ده‌ستگیرکراوه‌ و زۆریشیان له‌من داوه‌، خه‌ڵکى به‌ هه‌ڵویستى شارى هه‌ولێر منیان ده‌رباز کرد، ئه‌گه‌رنا ئێستا منیش وه‌ک پاسه‌وانه‌که‌م شوێنم بزر ده‌بوو".

 

عوسمان کانى کورده‌یى: ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ داواى موچه‌ ده‌که‌ى هه‌ر توڕه‌یه‌ و داواى خوا ئه‌که‌ى هه‌ر توڕه‌یه‌

 

رونیشیکرده‌وه‌، "به‌داخه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ داواى موچه‌ ده‌که‌ى هه‌ر توڕه‌یه‌ و داواى خوا ئه‌که‌ى هه‌ر توڕه‌یه‌، لێره‌وه‌ داوا له‌ سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و هه‌مو ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌ خه‌مخۆر و به‌رپرس ده‌زانن، داوا ده‌که‌ین ئه‌و مامۆستا ئاینیانه‌ و پاسه‌وانه‌ى من که‌ ده‌ستگیرکراون ئازاد بکرێن".

جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌، "ئه‌و مامۆستا ئاینیانه‌ى له‌ مزگه‌وت سه‌واف مابونه‌وه‌ هه‌مویان ده‌ستگیرکراون، خۆشم سکاڵا له‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منیه‌کانى هه‌ولێر تۆمار ده‌که‌م".

بڕیاربو ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ک مامۆستاى ئاینى له‌ مزگه‌وتى سه‌وافى شارى هه‌ولێر گردبونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بده‌ن بۆ داواکردنى کردنه‌وه‌ى مزگه‌وته‌کان بۆ وتارى نوێژى هه‌ینی،‌ به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌کان رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و گردبونه‌وه‌یه‌ نه‌درا، دواتر ژماره‌یه‌ک مامۆستاى ئاینى بۆ گه‌یاندنى په‌یامه‌که‌یان یاداشتێکیان له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینى حکومه‌تى هه‌رێم خوێنده‌وه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار