موسوڵمانە لێبوردەکانی کوردستان خۆیان بێبەری دەکەن لەجنێوی هاوئایینە دەمارگیرەکانیان

هەندێک لەمەلاو بانگخوازەکان بەهۆکار دەزانرێن بەرامبەر سووکایەتیکردن بەمردنی رابەرێکی رۆحیی ئێزیدییەکان

3 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود

شوان عەبدوڵا گەنجێکی دینداری لێبوردەیە، هەفتەی رابردوو لەفەیسبوکی خۆی پۆستێکی کردو داوای لەهاوڕێ موسوڵمانەکانی کرد بلۆکی بکەن ئەگەر پۆستەکەیان بەدڵ نیە

پێنج لەهاوئاینەکانی شوان بلۆکیان کردو چەندین نامەشی بۆ رۆیشت و لەسەر پۆستەکە رەخنەیان لێگرت.

 پۆستەکەی شوان سەرەخۆشی بوو لەکەسایەتیەکی رۆحی ئاینی ئێزیدیەکان کە بەشێک لەموسوڵمانە دەمارگیرەکان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیبوو بەمردنی.

شوان نوسیبووی «هاوڕێیان و ئازیزانم لەئاینزای ئێزیدیان... پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی ئێوە دەکەم و هیوادارم دوا ناخۆشیتان بێت، هەر موسوڵمانێک منی قبوڵ نییە با بلۆکم بکات».

رێبەری روحی ئێزیدییەکان بابەشێخ لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەنەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دوایی کرد، دواتر بەشێک لەموسوڵمانە دەمارگیرەکان خۆشحاڵی خۆیان بەمردنەکەی دەربڕی بوو، هەندێکیشیان سووکایەتیان پێکرد، ئەمە نیگەرانی ئەو موسوڵمانە لێبوردانەی لێکەوتەوە کەبڕوایان بەپێکەوە ژیان هەیە.

شوان یەکیکە لەموسوڵمانە لیبوردەکان، دوای پۆستەکەی پێجن کەس لەهاوئایینەکانی بلۆکیان کرد، بەڵام ئەمە شوانی نیگەران نەکرد، چونکە دەڵێت حەز ناکات ئەو کەسانە لەفەیسبوک هاوڕێی بن کە بیروبۆچوونی جیاوازیان قبوڵ نیە.

شوان بە ھاوڵاتی وت «من خۆم دەستم تێناچێت ئەوان بلۆک بکەم، چونکە بڕوام بەپێکەوەژیان هەیە، چوار پێنج کەس نامەشیان بۆ ناردووم و بلۆکیشیان کردم».

شوان دەڵێت ئامانجی لەپۆستەکەی ئەوەبوو دەبێت هاوئایینەکانی بڕوایان بەپێکەوەژیانی ئاینی و مرۆڤایەتی هەبێت، وتی «نابێت ئایینەکان لەیەکتریمان جیابکەنەوە».

هەروەها شوان وتیشی «ئێمە لەم گەردوونەدا لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە دروستبووین، کە پێکەوەبژین، هەبوونی جیاوازی ویستێکی خودایە، خوا خۆی ئەگەر بیویستایە هەموومانی دەکرد بەیەک ئومەت، بەڵام خوا خۆی هەموو شتەکانی بەڕەگەزی جیاواز دروستکردووە، ژیانیش بەجیاوازییەکانیەوە جوانە، دواتر ئامانجەکە بۆ یەکتر ناسینە  بۆ پێکەوەژیانە».

شوان پێیوایە هەندێک لەموسوڵمانان لەئێستادا جیاوازی قبوڵ ناکەن، پەیوەندی بەئایینەوە نیە، وتی «ساڵانێکە لەگەڵ نەتەوەو ئایینەکانی تر پێکەوەدەژین هیچ کێشەیەکی ئایینیمان نەبووە، بەتایبەتی لەعێراق و کوردستان، «ئەوەی ئەمەی دروستکردووە لەئێستادا بیرو ئایدۆلۆژیای تەسکی ئایینیە دابەشبووە بەسەر حزبیەکان».

بابەشێخ، رێبەری رۆحی ئێزدییەکانی جیهان بوو، هەموو پرسە ئایینیەکانی ئێزیدیەکان لای ئەو یەکلایی دەکرانەوە. پۆستی بابەشێخ، نزیکەی (10) سەدەیە لووتکەی هەرەمی ئایینی ئێزدییە، ئەو پۆستە پشتاوپشت دەمێنێتەوە.

ئەو موسوڵمانانەی وەکو شوان سەرەخۆشییان لەئێزیدیەکان دەکرد، بیبەش نەبوون لەقسەی توندی هاوئایینە دەمارگیرەکانیان.

ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پرسەو سەرەخۆشی لەئێزیدیەکان کرد. یەکگرتوو کە بەحزبێکی میانڕەو ناسراوە، لەسەر ئەم پیرۆزباییەی کەوتە بەر رەخنەی هەندێ لەموسڵمانەکان، بەڵام هاوخەمی موسوڵمانە لێبوردەکان ئێزیدیانی دڵخۆش کرد.

رۆنی سەعید کچێکی ئێزیدیە کاتێک کۆمێنتی هەندێک لەو موسڵمانانەی بینوە کەجنێویان بە رابەرە رۆحییەکەیان داوە، نیگەران بووەو هەستی کردووە رەنگە چیتر کوردستان شوێنێکی پێکەوەژیان نەبێت بۆ ئێزیدیەکان، بەڵام کاتێک سەرەخۆشی موسوڵمانە لێبوردەکانی بینیوە، بۆی دەرکەوتووە هەموو موسوڵمانەکان جنێوفرۆش نین.

رۆنی بە ھاوڵاتی وت «هەندێک لە کۆمێنتی موسوڵمانەکان ئێمەی زۆر نیگەران کرد، چونکە هەمان بیری داعشیان هەبوو، ئەوان داوای کوشتنی ئێمەیان دەکرد، دەیانوت ئێزیدی کافرن و دەبێ بکوژرێن، ئەوە هەمان بیرکردنەوەی داعشە».

کاتێک رۆنی «پەیامی خراپ و سووکایەتی و هەڕەشەئامیز»ی بینیوە، هەستی کردووە کە لەعێراق و کوردستان ئیتر هەست بەئاسایش ناکەن و ژیانیان لەبەردەم مەترسیدایە.

رۆنی وتی «کاتێ ئەو کۆمێنتانەمان دەبینی پێموانوابوو ئەگەر رۆژێ داعش بگەڕێتەوە شەنگال خاوەنی ئەو کۆمێنتانە دەچنە ریزیانەوە بۆ کوشتنی ئێزیدیەکان».

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بینینی کۆمێنتی موسوڵمانە لیبوردەکان ئیزیدیانی دڵخۆشکردووە، رۆنی وتی «کۆمێنتی باشی هەندێک لەموسوڵمانەکان بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشییەکی زۆر بوو، چونکە هەندێکیان پەیامی زۆر جوانیان نارد».

وتیشی «هەندێک لەهاوڕێ موسوڵمانەکانمان پەیامی جوانی هاوئایینەکانیان پیشانی ئێمە دا، ئێمە هەستمان بەدڵخۆشی کرد، کاتێ ئەو پەیامە جوانەمان دەبینی، ئیتر هەستمان دەکرد بەڵێ ئێمە هاوڕێ و هاوکارمان هەیەو ئەگەر رۆژێ تووشی هەر ناڕەحەتیەک بین، ئەوان هاوکارمانن، بەپێچەوانەی ئەوانەی کە وەکو داعش بیردەکەنەوە، کە پیشتر کاتێ کۆمێنتی ئەوانەمان بینی هەستمان بەمەترسی دەکرد لەسەر ژیانمان».

د.حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێمی کوردستان بە ھاوڵاتی وت «لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا دروست نیە سوکایەتی بەهیچ  ئایین و ئاینزاو کەس و کەسایەتی، قورئان دەفەرموێت جوێن مەدەن بەو کەسانەی هەتا شەریکیش بڕیار دەدەن بۆ خودا، چونکە ئەوانیش لەبەرامبەر ئەوە جنێو ئەدەن بەخوای ئێوە کەخوای  گەورە دەگرێتەوە، ئەمە قاعیدەی ئیسلام بەو شێوازەیە» 

 د.حەسەن موفتی وتیشی «کەسێک کەمرد شەیتان وازی لێدێنێت ئەوا دەگەڕێتەوە لای خوا خۆی محاسەبەی دەکات، پێغەمبەریش (د.خ) دەفەرموێت مرۆڤی موسوڵمانی تەواو ئەو کەسەیە تانەو تەشەر نەدات، تەشهیر نەکات و جنێو نەدات. ئێمە پێمان باش نیەو ئیدانەی ئەو سوکایەتی و جنێوانە دەکەین».

بەدرێژایی مێژوو ناوەندی  پێکەوەژیانی ئایینەکان بووە لەوانە؛ ئایینەکانی یارسان، ئێزدی، زەردەشتی، مانی، جوو و کریستیان، موسڵمانی سوننی و شیعی و سۆفیگەری و هەموویان بەیەکەوە بەدرێژایی رۆژگار لەسەر ئەم خاکە ژیاون.

د.حەسەن حوکمی ئەوکەسانەی سوکایەتی بەئاینێکی تر دەکەن رووندەکاتەوەو دەڵێت «بەپێی ئیسلام ئەم کەسانەی سوکایەتی بەئاینێکی تردەکەن پێی گوناهبار دەبن، بۆ تەبایی خەڵکی کوردستانیش کاریگەریەکی خراپی دەبێت، چونکە ئەم کوردستانەی ئێمە تەنها موسوڵمانی تیادا ناژیت، ئایینی تری تێدایە، پێویستە رێزیان لێبگیرێت».

هەروەها وتی «کەسێک موسوڵمان بوو پێویستە خۆی بەئۆمەتی ئەو پێغەمبەرە بزانێت، پێغەمبەری ئێمەش کەحەزرەتی محەمەدە (د.خ) بەڕەحم و بەزەیی و بەسۆز بووە بۆ هەموو جیهانیان کافرو موسوڵمان، ئەگەر خۆمان بەئۆمەتی ئەو بزانین  پێویستە بەسۆز بین بۆ موسوڵمان و غەیری موسوڵمان» .

تووێژەرانی بواری ئایینی بڕوایانوایە ئەو دیاردەی جنێوو سوکایەتیانەی کە بەم دواییانە لەناو هەندێ لەموسوڵمانانی دەمارگیردا دروستبوون، پەیوەندییان هەیە بەپەیدابوونی هەندێک لەمەلاو بانگخوازی «جنێوفرۆشن» لەسەر مینبەرو توڕە کۆمەڵایەتییەکان.

هیوا سیوەیلی، تووێژەرو شارەزای ئاینی وتی «جنێو ئەو پەرچەکردارەیە کەسی بێدەسەڵات و بێهێزو دۆڕاو بەرانبەر کەسی بەرانبەر بەکاریدەهێنێ وا هەستدەکات کەئازارێک بە بەرانبەرەکەی دەگەیەنێت، جنێو بەزۆری لەکەسانی چینی خوارەوەی کۆمەڵگادا دەبینرێت».

هیوا سیوەیلی بەھاوڵاتی وت «بەداخەوە لەم دواییەدا جنێو لەنێوان دیندارەکان سەریهەڵداوە، جنێودەر وادەزانێ بەوە بەرگری لەدینەکەی دەکات، بەڵام نەزانی و بێ تفاقی و قبوڵنەکردنی بەرانبەر هۆی سەرەکی ئەم دیاردەیەیە، جنێودەر وادەزانێت بەجنێوەکەی بەرانبەر سوک دەکات و ناهێڵێ خەڵکی گوێی لێبگرێت».

هیوا سیوەیلی پێیوایە هەندێ مەلاو بانگخواز کەخاوەن بڕوانامەشن بوونەتە چاوساغی ئەو جۆرە لەجنێوانە لەنێو گەنجەکاندا.

وتی «کاتێک گەنجێک گوێی لەمانە دەبێت ئیتر دەتوانێ بەشەرعی مامۆستاکەی جنێو بدات و شانازیشی پێوە بکات، بێگومان کتێبە دیینیە کۆنەکان و بیروباوەڕی سەلەفی و فتوای کافرکردن و کوشتنیش کاریگەرییەکی گەورەی هەیە».

سەرهەڵدانی دیاردەی جنێو بەتەنها لەنێو هەندێ لەو گروپانەدا نەماوەتەوە کەپێشتر لەبارەگای گروپەکانیان یان هەندێکیان مزگەوتیان بەکاردەهێنا بۆ ئاراستەکردنی بیرۆبۆچوونیان، بەڵکو ئێستا بەشێوەیەکی بەرفراوان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بەکاردێنن.

هیوا سیوەیلی وتی «پەیدابوونی کۆمەڵێ مەلاو بانگخوازی جنێوفرۆش کە لەمنبەرو مزگەوتەکانەوە جنێوو سووکایەتی بەکەسانی ناهاوڕایان دەدەین، کاتێک مەلا لەمینبەری مزگەوتەوە سووکایەتی بەکەسێک و لایەنێک دەکات ئیتر گوێگر شتێک زیادی پێوەدەنێت و دەبێتە جنێو لەسەر جادەو لەسۆشیال میدیادا».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار