وەزارەتی پێشمەرگە: دەستبردن و سوکایەتیکردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "دەستبردن و سوکایەتیکردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و دەبێت ئەنجامدەرانی بەزووترین کات روبەڕوی یاسا بکرێنەوە."

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم راگەیاندراوێکی بەناوی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سوتاندن و بێڕێزیکردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لە ژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، بەتوندی ئیدانە دەکەین."

دەشڵێت، "ئاڵای کوردستان، سیمبولی باڵای بەرخودانی نەتەوەی کوردو رەمزی ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە"، ئەوەش هاتووە، "پەلاماردانی بارەگای هەر حزب و لایەنێك، دواتر سوکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان، پەیامێکی روونە و دەخوازێت هەرچی زووە ململانێ حزبییەکان و گرژییە سیاسیەکان بەلاوە بنرێن و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن، بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی ئێستا و ئایندە."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەی جددی لەو بارەیەوە بکەن و رێگری لەو جۆرە پێشێلکارییانە بکەن، کە دواجار مینبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتییەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە عێراق دەخاتە مەترسییەوه."

باس لەوەشکراوە، "دەستبردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و دەبێت ئەنجامدەرانی بەزووترین کات روبەڕوی یاسا بکرێنەوە و ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگه، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین و راشیدەگەیەنین، وەك هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو ئان و ساتێکدا، پارێزەری خاك و ئاڵای پیرۆزی کوردستانین، وەك بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا سوتێنرا و لە دوای هێرشەکەشەوە باس لەوەدەکرێت، "لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبیەوە سوتێنراوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار