نێچیرڤان بارزانی: ئاڵای کوردستان پەیامی هیوا و ئومێدە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستان رایگەیاند: "ئەم ئاڵایە نیشانەی گۆڕاگریی گەلەکەمانە." جەختی کردەوە کە "هێزی راستەقینەی کوردستانییان لە تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیماندایە."
17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک لە کوردستان یادی ئاڵای کوردستان دەکرێتەوە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە، لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایە دەبێ هەموو پێکەوە کاربکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کوردستان بە زانست و ئاشتی ئاوەدان دەکرێتەوە."
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان
رۆژی ئاڵای کوردستان لە هەموولایەکتان پیرۆز بێت، ئەمڕۆ کە یادی رۆژی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە، تەنیا یادکردنەوەی رۆژێک نییە، لە ساڵنامەدا، بەڵکو ئەمڕۆ رۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە، بۆ ئەو هێمایەی کە ناسنامەی بوون، مێژوو، خەبات و ئاواتەکانمان بۆ ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە بەرجەستە دەکات
ئاڵای کوردستان ناسنامە و کۆکەرەوەی گەلی کوردستان و یادەوەرییەکی زیندووە، ئەم ئاڵایە شاهێدی رێگەیەکی دوور و درێژی پشوودرێژی و خۆڕاگریی گەلەکەمانە.
لە رۆژانی سەختی خەبات دا، لەسەر لووتکەی چیاکان و لەناو شار و گوندەکاندا، رۆڵەکانتان ئەم ئاڵایەیان بە بەرزی راگرت و بەخوێن و خەباتی خۆیان پارێزگارییان لە مافی مانەوە و ژیانی گەلەکەیان کرد.
ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەبینین، لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانە و ناوەندەکان دەشەکێتەوە، ئەمە بەڵگەی ئەو سەرکەوتنەیە کە بەخوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەدەستهاتووە.
کوردستانیانی ئازیز..
لە رۆژی ئاڵادا پەیامی ئێمە روونە، هێزی راستەقینەی کوردستانییان لە تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیماندایە، ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە بە جیاوازیی بە جیاوازیی بیروڕا، سیاسی و ئایینی و هەموو ئەو نەتەوانەی لە کوردستان دەژین لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا، دەبێ هەموومان شانبەشان کار بکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر بۆ هەموو نەتەوە، ئایین و پێکهاتەکانی کوردستان، دادپەروەرتر و بەهێزتر بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکان، وەفاداری راستەقینە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانییانی گەلی کوردستان تەنیا و تەنیا بە دروشم نابێت. بەڵکو بە پاراستنی دەستکەوتەکان بە چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بە بنیادنانی دامەزراوەی بەهێز بۆ خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
گەنجانی خۆشەویستیی کوردستان
ئاڵای کوردستان تەنیا سیمبووڵی رابردوو نییە، بەڵکو ئاڵای داهاتووە، ئەمە پەیامی هیوا و ئومێدە بۆ ئێوە، نیشتمان پێویستی بە زانست و بە وزە و بە داهێنان و خەونی ئێوەیە، کوردستان بە زانست و زانین، بە کار و کۆشش، بە ئابوورییەکی بەهێز ئاوەدان دەکرێتەوە. لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، پەیامی خۆمان بۆ هاوبەشیی دەستووری لە عێراقی فیدراڵیی و دیموکراسی دا دووپات دەکەینەوە، ئێمە دەمانەوێ ئەم ئاڵایە هەمیشە پەیامی ئاشتی، گفتوگۆ، پێکەوەژیان و دراوسێیەتی باش بگەیێنێت. کوردستان وەکو هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و پردی لێکتێگەیشتن دەبێت.
لەم رۆژە پیرۆزەدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین کە ئەم ئاڵایەیان بەخوێنی خۆیان نەخشاندووە، سڵاو و رێز و پێزانین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان، کە پارێزەری ئەم خاک و ئاڵایەن، پەیمان دەدەین، کە هەمیشە پارێزەری یەکڕیزیی و دەستکەوتەکانمان بین و ئاڵای کوردستان بە شەکاوەیی رابگرین.
بەرز و شەکاوە بێت، ئاڵای پیرۆزی کوردستان
