«پەیامێک بۆ ئێران»؛ بۆمبهاوێژە زەبەلاحەکە گەشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌

3 ساڵ لەمەوپێش



 

کاکەلاو عەبدولا

 

ئەو فرۆکە بۆمبهاوێژەی زۆرترین خزمەتی هەیە لەسوپای ئەمریکادا گەیەندرایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوەک «پەیامێک بۆ ئێران» لێکدەدرێتەوە.

ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند گەشتێکی تاقیکردنەوەی دوور مەودایان بەفڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی

 B-52 کردووە لەشەممەی رابردوودا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی « ساردکردنەوەی کردەی شەڕەنگێزانەو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا».

سوپای ئەمریکا باسی لەوە نەکردووە کەئایا ئەو فڕۆکە جەنگییانە چوون بۆ کام وڵات و ناوچانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند لەبنکەی ئاسمانی مینۆت لە نۆرس داکۆتاوە فڕیون.

فرۆکەی جەنگی B-52 فرۆکەیەکی دوورمەودای بۆمبهاوێژە کە لەتوانایدایە (٣٢) هەزار کیلۆگرام چەک هەڵبگرێت لەبۆمبی ناوکی، موشەکی کروزی و هەروەها چەندین جۆری بۆمبی تر جگە لەوەی دەتوانێت زیاتر لە (١٤) هەزار کم ببڕێت بەبێ پڕکردنەوەی سووتەمەنی.

ساڵی ١٩٤٦ دەستکراوە بەدیزاینکردنی لەلایەن کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی و یەکەم فڕینی لەساڵی ١٩٥٢ بووەو لە ١٩٥٥ چووەتە بواری خزمەتەوە لەسوپای ئەمریکاو تائێستاش بەردەوامە کە لەوکاتەوە (٧٤٤) دانەی لێ دروستکراوە.

نرخی هەر دانەیەکی لەنێوان (٦١-٧٤) ملیۆن دۆلارەو بەپێی ئامارێکی حوزەیرانی ٢٠١٩، (٥٨) دانە لە خزمەتدان و (١٨) دانەش لەیەدەگدان جگە لەوەی کە (١٢) دانە لەکۆگای درێژخایەندان.

B-52 فرۆکەیەکی زۆر زەبەلاحەو درێژییەکەی (٤٧) مەترەو پانییەکەشی (٥٦) مەترە و دەتوانێت (١٥) هەزار مەتر بەرزببێتەوە، کێشی (٨٣) هەزار (٢٥٩) کیلۆگرامەو لەکاتی هەستانیشدا دەبێت بە (٢٢٠) هەزار کیلۆگرام و ئەوپەڕی خێرایی دەگاتە هەزارو  (٤٠) کم لەکاتژمێرێکدا.

ئامانج لەدروستکردنی هەڵگرتنی چەکی ناوکی بووە لەسەردەمی جەنگی سارددا بۆ ئەرکی ساردککردنەوەی هەوڵەکانی یەکێتی سۆڤیەت، بەڵام بەردەوام بووە لەخزمەت و لەجەنگی ڤێتنام، جەنگی کەنداو، هەروەها جەنگی ئەفغانستان بەشداری کردووە، زۆرترین خزمەتی هەیە زیاتر لەهەر فرۆکەیەکی جەنگی لەسوپای وڵاتانی جیهاندا.

بەهۆی ئەدایەکی باڵادەست لەبەرزاییەکی زۆر بەخیراییەکی زۆر باشەوەو هەروەها بەهۆی تێچوویەکی کەمی کارپێکردنییەوە، سوپای ئەمریکا لەخزمەتدا هێشتویەتییەوە سەرەڕای ئەوەی فرۆکەی پێشکەوتووتر دروستکراون. سوپای ئەمریکا لەساڵی ٢٠١٠، (٧٥٠) ملیۆنی بۆ (١٠) ساڵ لەپاڵپشتی و تازەکردنەوەی فرۆکەکەدا تەرخان کردو بەنیازە تاساڵی ٢٠٥٠ لەخزمەتدا بیهڵێتەوە.

ئەم هەنگاوەی واشنتن بە «پەیامێک بۆ ئێران» لێکدەدرێتەوە لەلایەن چەند میدیایەکی ئەمریکاوە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بڵاوبووەوە دۆناڵد ترەمپ داوای بژاردەی هێرشی کردووە بۆ سەر ئێران، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هەفتەی رابردوو لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەمریکا لەکۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەیدا کەوەزیری دەرەوەو وەزیری بەرگری بەوەکالەت ئامادەی بوون داوای کردووە بژاردە سەربازییەکانی  بۆ هێرش کردنەسەر ئێران بخەنەڕوو، ئەوەش دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند ئێران  (١٢) ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی رێگەپێدراوی لەکۆگایەکیدا هەیە.

لەکۆبوونەوەکەدا مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوە، هەروەها کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بەوەکالەت بەشداربوون و چەند سیناریۆیەکیان خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ تا هێرش بکاتەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

«ئەو داوای بژاردەیەکی لێکردن، ئەوانیش چەند سیناریۆیەکیان خستە بەردەمی، بەڵام دواتر بڕیاریدا کە بەردەوام نەبێت»، بەرپرسەکە ئەمەی بە نیویۆرک تایمز وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار