ئۆباما لەکتێبە نوێیەکەیدا باس لەسەرنەگرتنی بەهاری عەرەبی دەکات لەهەندێ وڵاتدا

«ئەگەر میسر بڕووخێت و ئیخوان موسلیمین دەسەڵات بگرنەدەست هەشت سەرکردەی عەرەبی تر دەکەون»

3 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەکتێبە نوێیەکەیدا چەندین سەرکردەی جیهانی هەڵدەسەنگێنێت و دان بەوەدا دەنێت لەسەر هێڵێکی راست نەڕۆشتووە لەکاتی بەهاری عەرەبی بەوپێیەی هەوڵیداوە هاوسەنگی رابگرێت لەنێوان «بەرژەوەندییە ململانێکەرەکاندا».

لەسێشەممەی رابردوو ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠،باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا یەکەمین ژیاننامەی خۆی بڵاوکردەوە کەدیدگایەکی نوێ دەبەخشێت و چەندین نهێنی گرنگ ئاشکرادەکات.

ژیاننامەکە نزیکەی (٧١٠) لاپەڕەیەو لەمیانی  دوو بەرگدایە، کەئەمە یەکەم بەرگەو بەناوی «بەهەشتی سەرزەمین» بڵاوکراوەتەوە، تێیدا باسی چەندین تەوەری گرنگ دەکات لەوانە بەهاری عەرەبی، بینینی سەرکردە جیهانییەکان، ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئوسامە بن لادن، هەروەها چەندین بابەتی تر.

لەسەردەمی ئۆباما کە ماوەی (8) ساڵ سەرۆک بوو لە (٢٠٠٨-٢٠١٦)، رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینی کەتێیدا بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١دا روویدا.

لەکتێبەکەیدا ئۆباما باس لەو رەخنانە دەکات رووبەڕووی بوونەوە لە ٢٠١١دا، کاتێک سوور بوو لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی حوسنی موبارەکی سەرۆکی ئەوکاتی میسر، بەڵام پێداگرییەکی کەمی کرد لەبەرامبەر بەحرەین کەخۆپشاندانەکانی سەرکوتکرد.

«هیچ شێوازێکی جوانم پێ نییە بۆ روونکردنەوەی ئەو ناهاوئاهەنگییە دیارە، جگە لەوەی دان بەوەدا بنێم کە جیهان ئاڵۆزو شێواو بوو، کە لەئەنجامدانی سیاسەتی دەرەوەدا دەبوو بەبەردەوامی هاوسەنگی رابگرم لەنێوان بەرژەوندییە ململانێکەرەکاندا»، ئۆمابا وای نووسیوە.

بەهاری عەرەبی زنجیرە خۆپیشاندانێک و شۆڕشی چەکداری بوو کە لەکۆتایی ٢٠١٠و سەرەتایی ٢٠١١ لەتونسەوە دەستیپێکرد دژی نادادی کۆمەڵایەتی و رژێمی سەرکەوتکەرو دواتر پەلی کێشا بۆ میسر، لیبیا، یەمەن و بەحرەین، هەروەها سوریاو بەهاتنە خوارەوەی سەرۆکەکانیان کۆتایی هات لەسەر حوکم جگە لەدوو وڵاتی کۆتایی.

لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ موحەممەد بن زاید شازادەی جێنشینی دوبەی، ئۆباما دەڵێت «ئاگادارکراوەتەوە» لەوەی زۆر پاڵپشتی خۆپیشاندانە دیموکراسییەکانی بەهاری عەرەبی دەکات دوای ئەو وتارەی پێشکەشی کردو داوای لەحوسنی موبارەک سەرۆکی ئەوکاتی میسر کرد دەستهەڵبگرێت لەسەرۆکایەتی و لەسەر حوکم بێتە خوارەوە.

ئوباما نووسیویەتی «موحەمەد بن زاید پێی وتم ‹پەیامە گشتییەکە کار لەموبارەک ناکات، بەڵام کار لەهەرێمەکە دەکات›، ئەو پێشنیاری ئەوەی کرد ئەگەر میسر بڕووخێت و ئیخوان موسلیمین دەسەڵات بگرنەدەست، ئەوا هەشت سەرکردەی عەرەبی تر دەکەون هەر لەبەرئەوە بوو کە رەخنەی لەوتارەکەم گرت».

«ئەو وتی ‹ئەمە وا پیشاندەدات ئەمریکا هاوبەشێک نییە ئێمە بتوانین لەماوەی درێژخایەندا پشتی پێ ببەستین»›.

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باس لەوەش دەکات دەنگی بن زاید «ئارام و ساردوسڕ بوو، قسەکانی داواکاری یارمەتی پێوە دیاربوو، وەک لەوەی ئاگادارکردنەوە بێت، هەرچییەک بەسەر موبارەکدا بهاتبا،  یاساو رێسا کۆنەکە نیازی ئەوەی نەبوو بەبێ شەڕ دەسەڵات بدات بەدەستەوە».

کاتێک دێتە سەر باسی خۆپیشاندانەکانی بەحرەین، ئۆباما باس لەوە دەکات مەترسی تێکدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە، ئیمارات، بەحرەین وایکردووە نەتوانێت هەڵویستێکی توندی هەبێت.

خۆپیشاندانەکانی بەحرەین لە ١٤ی شوباتی ٢٠١١ دەستیپێکردو تەنها دوای یەک مانگ بەحرەین داوای لەهێزی قەڵغانی نیمچە دوورگەی عەرەبی – هێزیکی هاوبەشی وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداوەو لەسعودیەو ئیمارات و چەند وڵاتێکی تر پێکدێت – کرد تادەستوەردان بکەن لەخۆپیشاندانەکان و بێنە ناو وڵاتەکەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

ئۆباما ئاماژە بەوە دەکات پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ حکومەتی بەحرەین وایدەکرد کەئەمریکا «بەنهێنی فشار» بکات بۆ چاکسازی «بەڵام دەسەڵاتدارانی بەحرەین خۆپیشاندانەکانیان بەدەستی دوژمنانیان دەبینی کەئێرانی لەپشت بێت و دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت».

«لەدانیشتنەکاندا لەگەڵ سعودی و ئیماراتییەکان، رژێمی بەحرەین نیازیان وابوو کەزۆرمان لێبکەن تابڕیارێک بدەین، هەروەها هەموویان ئاگاداربوون لەوەی کاتێک بهاتابایە سەر باسی کردەی جددی، ئێمە نەماندەتوانی پێگە ستراتیجیەکەمان بخەینە مەترسییەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتێکدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سێ وڵاتی کەنداو»، ئۆباما وای نووسیوە.

یەکێکی تر لەتەوەرە گرنگەکانی کتێبەکەی باسکردنی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئوسامە بن لادنە کەدەڵێت جۆو بایدن جێگری پێشووی ئەوکاتی ئۆباماو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئیستای ئەمریکا دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بووە.

لە ٢ی ئایاری ٢٠١١ ئۆسامە بن لادن سەرکردەی ئەلقاعیدە لەشاری ئابوت ئابادی پاکستان لەلایەن چەند هیزێکی تایبەتی ئەمریکییەوە کورژا لەئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوی لێنرابوو «رمی نیپتۆن»، هەرچەندە بەتەواوی دڵنیانەبوون بن لادن لەو ماڵەدایە کەهێرشی بۆ دەکەن.

ئۆباما سەبارەت بە بۆچوونی بایدن لەسەر هێرشەکە نووسیویەتی: «دژی پەلامارەکە بوو بەوپێیەی دەیوت؛ بە لەبەرچاوگرتنی لێکەوتە گەورەکانی شکستخواردن، پێمباشە هەموو بڕیارێک دوابخەم هەتا کۆمەڵگەی هەواڵگری زیاتر دڵنیادەبنەوە لەوەی بن لادن لەخانووەکەدایە».

بابەتێکی تر لەکتێبە نوێیکەیدا، بینینی سەرکردە جیهانیەکانە بۆ یەکەمجارو دواتر هەڵسەنگاندنیانە دوای بینینیان لەوانە ڤلادمیر پوتن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ.

ئۆباما لەبارەی ڤلادمیر پوتینەوە دەڵێت: «وەک بەڕێوەبەرێکی بەندیخانە وایە... پوتن بیری ئەو پیاوانەی خستمەوە کە (تامی هۆڵ)یان – پارتێکی سیاسییە لەناو پارتی دیموکراتەکان – بەڕێوەدەبرد، هەروەک ئەوان توند، زیرەکی شەقامەکان، کارەکتەرێکی بێ هەست و سۆز.... کە پلە و پۆست بەخشینەوە، بەرتیل، پارە کشانەوە، ساختەکاری، توندوتیژی جارجارە بەئامرازی یاسایی دەبینێت وەک بەشێک» لەکارەکەی.

لەبارەی بینینی یەکەمجاری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاوە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت: «ئەو هەستە بەهێزەم بۆ دروستبوو کە پەیوەستبوونی بەدیموکراسی و یاساوە رەنگە تا ئەوکاتە بمێنێتەوە کەتەنها دەسەڵاتی خۆی بهێڵێتەوە».

ئۆباما، کە لەماوەی سەرۆکایەتیدا پەیوەندییەکی خراپی هەبوو لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، باسی سەرکردە ئیسرائیلییەکە دەکات و دەڵێت: «تێڕوانینی بۆ خۆی وەک پارێزەری سەرەکی خەڵکی جولەکە دژی هەر ئافاتێک وایلێکردبوو پاساوی بۆ هەموو شتێک هەبێت کە لەدەسەڵاتدا بیهێڵیتەوە، هەروەها ئاشنای بەسیاسەت و میدیای ئەمریکا بڕوابوونێکی وای بۆ دروستکردبوو کە دەتوانێت دژی هەموو فشارێک بوەستێتەوە کە لەلایەن ئیدارەیەکی دیموکراتی وەک ئەوەی من بکرێتە سەری».

رەنگە سەیرترین قسەی سەرکردەکان لەژیاننامەکەی ئۆبامادا قسەکەی شاعەبدوڵلا بن عەبدولعەزیز بێت، کە پاشای سعودیە بوو تا ٢٠١٥  دوا ئەوەی مرد، ئۆباما باسی ئێوارەخوانێک لەگەڵ شا دەکات کەقسەیان دەربارەی خێزانەکانیان کردووە.

«شا پرسیاری لەتەندروستی خێزانەکەم کردو منیش باسی ئەوەم کرد چۆن میشێڵ و کچەکانم خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ ژیان کردن لەکۆشکی سپی. ئەو باسی ئەوەی بۆ کردم (١٢) ژنی هەیە [راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لەوەدەکەن ژمارەکە (٣٠) ژنە] لەگەڵ (٤٠) منداڵ و دەیەها نەوەو نەوەی نەوە»، ئۆباما وای نووسیوە.

«پێم وت: هیوادارم پێت ناخۆش نەبێت خاوەن شکۆ، بەڵام چۆن بەردەوام دەبیت (هەڵدەکەیت) لەگەڵ (١٢) ژندا؟»

«ئەویش پێی وتم ‹زۆر بەخراپی› لەکاتێکدا بەبێزارییەوە سەری دەلەقاند. ‹یەکێکیان هەمیشە حەسودی بەوی تر دەبات، هەڵکردن لەگەڵیان ئاڵۆزترە لەسیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست»›.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار