ئاواره‌کانی دهۆک دڵیان به‌ڕێککه‌وتنه‌که‌ی هه‌ولێرو به‌غدا خۆش نییه
4 ساڵ لەمەوپێش
عه‌مار عه‌زیز - دهۆک
زیاتر له‌مانگێگه هه‌ولێرو به‌غدا رێککه‌وتنێکیان واژۆکردووه بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال و دانانی ئیداره‌یه‌کی نوێ، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه رێککه‌وتنه‌که نه‌بووەته هانده‌رێک تاوه‌کو ئاواره‌کان بگەڕێنه‌وه ناوچه‌کانی خۆیان
باسل به‌ره‌کات، خه‌ڵکی گۆندی بۆرکه سه‌ر به‌ناحیه‌ی سنون و ئێستا نوێنه‌ری ئاواره‌کانی که‌مپی که‌به‌رتووه به‌هاوڵاتى وت «زیاتر له‌چوار هەزار خێزانی شنگالی له‌که‌مپی که‌به‌رتوودا ده‌ژین، دوای راگه‌یاندنی رێککه‌وتنه‌که‌ی به‌غداو هه‌رێم ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م له‌ئاواره‌کان گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌کانی خۆیان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی به‌رده‌وامی ناسه‌قامگیری ئه‌منی له‌ناوچه‌که‌و بوونی چوار تا پێنج هەزار هێزی چه‌کدار».
باسل وتیشى «تاپێشمه‌رگه نه‌گه‌ڕێته‌وه شنگال ئاواره‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه، چونکه ئێمه ته‌نها باوه‌ڕمان به‌هێزی پێشمه‌رگه هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێستا راپرسییه‌ک لەسه‌ر ئه‌و قسه‌یەی من بکرێت زیاتر له 90%ی ئاواره‌کان هه‌مان بۆچوونی منیان هه‌یه، خاڵى دووه‌م خانووی زۆرینه‌ی ئاواره‌کان له‌کاتی شه‌ڕی داعش وێرانکراون ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه ده‌بێت دووباره له‌ناو خێوه‌تێکدا بژین، چونکه ئاواره‌کان پاره‌یان نیه لەسه‌ر حسابی خۆیان خانووه‌کانیان نۆژه‌ن بکه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه دووباره چووینه‌وه ناو خێوه‌ت هه‌ر له‌دهۆک ده‌مێنینه‌وه«.
عیدۆ خه‌ڵه‌ف، دانیشتووی سه‌نته‌ری شنگال بوو پێش هاتنی داعش، زیاتر له‌شه‌ش ساڵه له‌که‌مپی شاریای سه‌ر به‌شاری دهۆک ده‌ژێت، به‌هاوڵاتى وت « له 3ی ئابی 2014 کاتێک ئاواره‌بووین هه‌موومان ده‌مانگووت ساڵێک یاخود دوو ساڵ له‌دهۆک ده‌بین دواتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه شنگال، به‌ڵام ئێستا ته‌واو بێهێوا بووینه، باوه‌ڕناکه‌م جارێکی تر بگه‌ڕێینه‌وه زێدی خۆمان، هۆکاره‌کان زۆرن، ململانێی سیاسی و حزبیی لەسه‌ر شنگال به‌رده‌وامه، هەروەها ئاوه‌داننەکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌و که‌می خزمه‌تگوزاری، له‌هه‌مووشی گرنگتر ناسه‌قامگیری ناوچه‌که له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه«.
خانووه‌که‌ی عیدۆ خه‌ڵه‌ف له‌سه‌رده‌می داعش وێران کراوه‌و پاره‌ی نیه جارێکی تر نوژه‌نی بکاته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه عیدۆ راگه‌یاند «زیاترله‌شه‌ش ساڵه له‌دهۆک ده‌ژین، بێزاربووین له‌ژیانی که‌مپ، ئاواتى من ته‌نها ئه‌وه‌یه جارێکی تر بگه‌ڕێمه‌وه شنگال، به‌ڵام به‌و شێوەیەی ئێستا ناتوانین بگه‌ێینه‌وه چونکه خانووه‌که‌م به‌ته‌واوی رووخاوه‌و پاره‌م نیه نۆژه‌نی بکه‌مه‌وه، پێویسته حکومه‌تی عێراق یان خانووه‌کانمان بۆ نۆژه‌ن بکاته‌وه، یان قه‌ره‌بوومان بکات تاوه‌کو بتوانین بگه‌ڕێینه‌وه«.
عیدۆ باش ئاگاداری رێککه‌وتنه‌که‌ی هه‌ولێرو به‌غدایه لەسه‌ر ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال و دانانی ئیداره‌یه‌کی نوێ، به‌ڵام ئه‌و هیچ دڵی خۆش نیه به‌و رێککه‌وتنه‌و زیاتر وتی «ئێمه قسه‌ی کرداریمان ده‌وێت، ده‌یان جار به‌رپرسه‌کانی عێراق و هه‌رێم له‌ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کان وتیان دۆخی شنگال ئاسایی ده‌که‌ینه‌وه، به‌ڵام شه‌ش ساڵە هیچ شتێکی کرداریمان نه‌بینی، من دڵنیام ئه‌و رێککه‌وتنه‌ش دۆخی ناوچه‌که چاره‌سه‌ر ناکات و ئاواره‌کان هه‌ر له‌شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه«.
رێککه‌وتنی هه‌ردوو حکومه‌تی فیدراڵی عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌مانگی تشرینی یه‌که‌م ئیمزاکراوه، لهڕێککهوتنهکهدا هاتووه دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال ده‌درێته پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری، ده‌زگای نیشیمانی به‌هه‌ماهه‌نگی هێزه ئه‌منییه‌کانی سه‌ر به‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی دوو هەزارو (500) کارمه‌ندی ئه‌منی که‌هه‌زارو (500)یان له‌ئاواره شنگالیه‌کانی ناو که‌مپ و هه‌زاریان له‌دانیشتوانی ئێستای شنگال بن.
فائێزا حازم، رزگاربوویه‌کی ده‌ستی داعشه، ئێستا له‌گه‌ل که‌سوکاره‌که‌ی له‌که‌مپی مام ره‌شانى سه‌ر به‌قه‌زای شنگال ده‌ژێت، به‌هاوڵاتى وت «هیچ دڵمان به‌ڕێککه‌وتنه‌که‌ی هه‌ولێرو به‌غدا خۆش نیه‌وهانمان نادات بگه‌ڕێینه‌وه شنگال، باوه‌ڕناکه‌م جارێکی تر شنگال ئارام ببێته‌وه، چونکه چه‌ندین هێزی چه‌کدار له‌ناو شنگالدان و ئه‌و هێزانه ده‌رناچن له‌شنگال، بۆیه خه‌ڵک ناگه‌ڕێته‌وه شنگال».
فائێزا چوار خۆشک و دوو برای هه‌یه‌و تائێستا باوکی له‌ژێر ده‌ستی داعشه‌و چاره‌نووسی دیار نیه، فائیزا باسى له‌وه‌شکرد «نه‌گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ شنگال مانای ئه‌وه نیه که‌ئێستا ژیانمان له‌ناو که‌مپ خۆشه، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌یان کێشه‌مان هه‌یه، به‌ڵام له‌هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت دهۆک له‌لایه‌نی ئه‌منییه‌وه هیچ کێشه‌یه‌کی نیه، بۆ ئێمه‌ش سه‌قامگیری ئه‌منیی له‌هه‌موو شتێک گرنگتره«.
ئه‌سکه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی کۆچ و کۆچبه‌ران له‌دهۆک به‌هاوڵاتى وت «هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئازادکردنی شنگال له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌و هاوپه‌یمانان زیاتر له (10) هەزار خێزانی ئێزیدی له‌سنوری پارێزگای دهۆک گه‌ڕانه‌ونه‌ته‌وه ناوچه‌کانی خۆیان، ئێستا (16) که‌مپی ئاواره‌ی شنگالمان هه‌یه، له‌م که‌مپانه‌دا (28) هەزار خێزان تێیدا ده‌ژین، نزیکه‌ی (40) هەزارخێزانی ئاواره‌ی شنگال و پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ده‌ره‌وه‌ی که‌مپه‌کان ده‌ژین».
لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی کۆچ و کۆچبه‌رانی دهۆک ئه‌وه‌شی راگه‌یاند «رێگه ناده‌ین هیچ که‌س و لایه‌نێک فشار بخاته‌سه‌ر ئاواره‌کان تا به‌زۆر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌کانی خۆیان، هه‌ر ئاواره‌یه‌ک به‌ویستی خۆی بگه‌ڕێته‌وه ئێمه رێگری لێناکه‌ین و مامه‌ڵه‌کانی به‌زووترین کات بۆ ته‌واو ده‌که‌ین، دواى رێککه‌وتنی هه‌ولێرو به‌غدا لەسه‌ر شنگال چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌مان کردووه‌و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران ئێمه‌یان ئاگادارکردووه که‌نابێت هیچ ئاواره‌یه‌ک به‌زۆر بگه‌ڕێندرێته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێت لەسه‌ر ئاره‌زوی خۆی بێت».
ئه‌سکه‌نده‌ر ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه« که رێککه‌وتنی به‌غداو هه‌رێم هیچ کاریگه‌ریی نه‌کردووه لەسه‌ر زیادبوونی رێژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان، به‌پێچه‌وانه‌وه دوای رێککه‌وتنه‌که رێژه‌که که‌متر بووه«.
ئیسماعیل محه‌مه‌د ، جێگری پارێزگای دهۆک بۆ کارۆباری ئاواره‌و په‌نابه‌ره‌کان به هاوڵاتى وت «هیچ نووسراوێک یاخود ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌ک له وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران به ده‌ستمان نه‌گه‌یشتووه ده‌رباری داخستنی که‌مپه‌کان، ئیداره‌ی کارگێری پارێزگای دهۆک له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌رده‌وامه لسه‌ر خزمه‌تکردنی ئاواره‌کان».
ئیسماعیل وتیشى «باوه‌ڕناکه‌م له‌م بارودوخه‌دا که‌مپه‌کانی دهۆک دابخرێن، چونکه زۆرترین رێژه‌ی ئاواره له‌سنوری پارێزگای دهۆکدان و کێشه‌کانی شنگال هێشتا به‌ته‌واوی چاره‌سه‌رنه‌کراون به‌تایبه‌ت له‌ڕووی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و ئه‌منی».