حەسەن نەسروڵڵا لە دواین ڕۆژەکانی ترەمپەوە بەرەو ساڵیادی قاسمی سولەیمانی

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوکار جەلال بەرزنجی


گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ مانگی مایسی ٢٠١٩، دوای چەندین گەڕی هەڕەشەو جەنگی ساردو میدیایی؛ دواجار گرژی راستەوخۆی نێوانیان لەکۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩و سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ پێی نایە قۆناغێکی ئاڵۆزتر. گرژییەکان تەنها سزا ئابورییەکانی ئەمریکا نەبوو، بەڵکو هەوڵەکانی ئێرانیش بۆ بێزارکردنی ئەمریکا بەهێرشکردنە سەر کەشتییەکانی لەکەنداوی عومان، خستنە خوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی لەمانگی حوزەیران و زیاتر لەدەستەیەک هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لەعێراق. پاشان لە چەند مانگی ڕابردودا، باڵی کێشا بۆ موشەکبارانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەلایەک و لەبەرامبەردا، ئەمریکاش دەستی بە جوڵە و ئامادەسازیی ھێزە ژێر دەریاییەکانی و جێگیرکردنی سیستمی نوێی ئاسمانی لە عێراق و ناردنی بۆمبھاوێژی ستراییجیی B-52 ی ڕەوانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد. ئەم ڕوداوانە پێشینەن بۆ سەرچاوەی گریمانەی ئەگەری جەنگی زیاتر.

ئەمریکا بووە هۆی کوشتنی سەرکردەی چالاکیە سەربازییەکانی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (قاسمی سولەیمانی). پێنتاگۆن دەزانێت کە، تاران هێشتا بیر لە هەنگاوەکانی تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە، ئەوەش ئەگەری دووبارە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران لە ڕۆژانی کۆتایی ئیدارەکەی ترامپدا زیاتر دەکات.


ساڵیادی سولەیمانی
سێیەم ڕۆژی مانگی داھاتوو (ساڵی نوێ)، ئەو ڕۆژەیە کە، چاوی ئومێد و دڵی پڕ لە حەزی تۆڵە سەندنەوەی سەرکردە ئێرانییەکان ھەڵدەگرێت بەرەو یەکەم ساڵیادی کوشتنی کەسایەتییەکی سەربازی و فەرماندەی ھێزی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران (قاسم سولەیمانی)، فەرماندەی سێبەر بە قەوڵی ڕۆژئاواییەکان، کە سەرلەبەیانی کانونی دوەمی ساڵی ٢٠٢٠ بە مووشەکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کوژرا. چەند ڕۆژێکی ماوە بۆیادەکە، ھەر زوو ئێرانییەکان کەوتنە ھوتافی شۆڕشگێڕی بەڵام لە میدیاکانیانەوە ، ھەرچۆن ئاژانسی IRNA، تویتێکی ناسر کەنعانی سەرۆکی نوسینگەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئێران لە قاھیرە بڵاو کردەوە، دەڵێت " تیرۆر کردنی سولەیمانی، ناوی سولەیمانی کردە کاراکتەرێکی نەمر، لەھەمووشی گرنگتر قوتابخانەی سولەیمانی لە مێژودا بە ھەمیشەیی کرد".

کوژرانی فەخریزادە
پاش چەند مانگێک لە ھەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی سولەیمانی لەلایەن حکومەتی تاران، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان سەر لەئێوارەی ڕۆژی ھەینی ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ، موحسین فەخریزادە بەڕێوەبەری بواری ئەتۆمی و یەکێک لە فارماندە باڵاکانی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، مامۆستای فیزیک لە زانکۆی ئیمام حوسێن لە شاری تاران، و سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی فیزیک (PHRC) و یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی بەرنامەی ناوکی ئێران کوژرا. 
 
لێدوان و گریمانەی ئایندە
لە لێدوانێکیدا بۆ واشنتۆن-پۆست جێن کێنێث " فرانک " مکێنزی کە سەرۆکایەتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەکات ڕایگەیاند  "لە کاتێکدا لەم چەند مانگەی دواییدا پێکدادانەکان لەسەر خاکی عێراق ھێواش بوونەتەوە، بەڵام یەکشەممەی ڕابردوو ٢٠ی دیسێمبەر، میلیشیاکانی ئێران دووبارە ئاڕاستەی موشەکەکانیان ڕووەو ناوچەی سەوزی بەغداد کردەوە و هیچ کەسێک لە کارمەندانی ئەمریکا کوژراو و بریندار نەبوون" 
فەرماندەی ئەمریکی مکێنزی پێی وایە، ڕێبەرانی ئێران حەز دەکەن تۆڵەی زیاتر ببینن لە ئەمریکا، بەڵام هێشتا خەریکی گێرە وەشاندن و دروستکردنی پشێوی ناوخۆیی-ن لە عێراق، ئەویش لە پاش لەدەستدانی سولەیمانی، سەرکردەیەک کە "ئەندازیار"ی چالاکی چەکداری بوو لەلایەن گرووپەکانیان لە عێراقەوە بۆ لوبنان بۆ یەمەن. 

 ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی دیسێمبەر، لە دیمانەیەکی ڤیدیۆیی کە ناڵی ئەلمەیادین-ی سەربە حزبەکەی حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنانی، ڕایگەیاند لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ژمارەی موشەکەکانیان دوو ھێنەدە زیاد کردووە. ھەروەھا بانگەشەی ئەوەی کرد کە، گروپە شیعیەکانی سەربە ئێران توانای ئەوەیان ھەیە لە ھەر بەشێکی ئیسرا ئیل بدەن. پاشان لەبەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا کە، چوار کاژێر قسەی کرد، دەڵێت پلانی "سعودیەو ئیسرائیل و ئەمریکا" بۆ کوشتنی ئەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی مارک مایللی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە ١٨ی کانوونی یەکەم بەڵگەی ئەوەیە لە ھەوڵی کوشتنی ئەودان.

نەسروڵڵا لە پێشکەشکردنی وتارەکەیدا، کە وەک چاوپێکەوتن پەخشکرا، تێیدا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا تاوانبار دەکات بەوەی کە بە شێوەیەکی بێ سەروبەر و چاوەڕواننەکراو لە ناوچەکەدا ڕەفتار دەکات، گوتیشی سعودیە لەم ساڵانەی دواییدا بەرامبەر بە حیزبوڵا بێ هۆ و بە ڕقوکینە ڕەفتار دەکات. گوتیشی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی دژایەتی ڕۆڵی حزبوڵڵای لە لوبنان داوە. ھەروەھا پلانی ئەمریکا لە کوشتنی سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیسی بەستەوە بە کوشتنی خۆیەوە وەک پلانێک سەیری دەکات لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا. 


ھاوکات لە ھەمان ڕۆژدا، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری ئەمریکی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ راپۆرت و شیکاری، د.سێت فرانتزمانەوە وەک کاردانەوەیەک بۆ وتارەکەی نەسروڵا چەند سەرنجێکی لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا خستەڕوو، پێی وایە ئەو لێدوانەی نەسروڵڵا پێدەچێت ھەوڵێک بێت بۆ گەورە کردنی خۆی. نەسروڵڵا لە دیمانەکەیدا وێنەیەکی قاسم سولەیمانی لە سەر مێزەکەی داناوە بۆ نیشاندانی پەیوەندی خۆی و سولەیمانی، ھەروەھا وەک ئاماژەیەک بۆ نزیک بوونەوەی ساڵیادی مردنەکەی. ئەم دوانە لەکاتی جەنگ لە دژی ئیسرائیل لە ٢٠٠٦ پێکەوە لەنزیک یەک کاریان کردووە. عیماد موغنییە، یەکێکی ترە لە هاوەڵانی نزیکی نەسروەڵڵا، لە ساڵی 2008 تیرۆر کرا. موحسین فەخریزادە ، بەرپرسی بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران مانگی ڕابردوو تیرۆر کرا. لێکدانەوەکان وا دەردەخەن بیەوێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەو ھاوشێوەی سولەیمانی گرنگە. جۆرێکی تری لێکدانەوەکان دەریدەخەن کە نیشاندانی وێنەی سولەیمانی جگەلە نزیکبوونەی ساڵیادەکەی، ئاماژەیەک بێت بۆ تۆڵە سەندنەوەی .

چەند خولەکێک لە پاش  وتارەکەی نەسروڵڵا کەلە کاتژمێر 8ی دوای نیوەڕۆ دا پەخشکرا، هەواڵی ئەلمەیادین وێنەیەکی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا نیشاندا، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەرکەوتنی نەسروڵڵا لە ھاوئاست و یەکسان لەگەڵ ئەم سەرکردانەی ئەمریکا. تێگەشتن لەم دیمەنە پێمان دەڵێت؛ نەسروڵڵا لە کاتێکی گرنگدا ڕابەرایەتی بزووتنەوەیەک لە بەرامبەر ئەمریکادا دەکات. ڤیدۆکانی وتارەکە بەجۆرێک ئاڵای حزبوڵڵا گەورەترو شەکاوەتر لە ئاڵای نیشتیمانی لوبنان لەنێو ئاڵاکانی حزبوڵڵا شەکاوەتەوە نیشاندەدات، ئاماژەیەکی  ڕوونە، پێمان دەڵێت حزبوڵڵا لوبنانە و لوبنان لە شوێنێکە لەناو دەوڵەتی ژێر دەستی حزبوڵڵا دایە، نەک پێچەوانەکەی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار