ئه‌مریکا بۆ هه‌سه‌ده: رێگه ناده‌ین تورکیا عه‌ین عیسا داگیر بکات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ رایگه‌یاند:"ئه‌مریکا به‌ڵێنى به هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده) داوه که رێگرى بکه‌ن له هێرشه‌کانى تورکیا و نه‌هێڵن ناوچه‌کانى عه‌ین عیسا و ده‌روبه‌رى داگیر بکرێن".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 9ى کانونى دووه‌مى 2021 به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى رێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤى سوریا که ئاژانسى هه‌واڵى میهر ناوه‌ڕۆکه‌که‌ى بڵاوکردۆته‌وه هاتووه:" ئه‌مریکا به‌ڵێنى به هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات داوه که پارێزگاریان لێ بکه‌ن و نه‌هێڵن تورکیا ناوچه‌ى دیکه‌ى کوردستانى رۆژئاڤا داگیر بکات".
له راپۆرته‌که‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه:" ماوه‌یه‌که ناوچه‌کانى عه‌ین عیسا و ده‌وروبه‌رى بووه‌ته جێگه‌ى مه‌به‌ستى سوپاى تورکیا و هێزه چه‌کداره‌کانى سه‌ر به‌و وڵاته، به‌ڵام زانیاری‌یان هه‌یه که هێزه‌کانى ئه‌مریکا به‌ڵێنى پاراستنى کورده‌کانیان داوه و رایانگه‌یاندووه که هه‌ندێک ناوچه هێڵى سوورن و تورکیا ناتوانێت داگیرى بکات".
چه‌ند هه‌فته‌یه‌که تورکیا چاوى بریوه‌ته ناوچه‌ى عه‌ین عیسا و گونده‌کانى ده‌روبه‌ری، تورکیا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و شارۆچکه‌یه و شاڕێگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى (M4) داگیربکات.
شاڕێگه‌ى (M4) ده‌که‌وێته باکوورى خۆرئاواى سوریاوه و درێژییه‌که‌ى ده‌گاته نزیکه‌ى 120 کیلۆمه‌تر، به ناوچه‌کانى (لاکاتیا و سه‌رقیب)دا تێپه‌ڕده‌بێت و درێژ ده‌بێته‌وه تا ده‌گاته‌وه سنوورى تورکیا.
له مانگى تشرینى دووه‌مى 2019 تورکیا‌و میلشیا ئیسلامییه‌کانى هاوپه‌یمانى له‌تۆپباران و هێرشه‌کانیان بۆ گونده‌کانى ده‌وروبه‌رى شارۆچکه‌ى عه‌ین عیسا‌و شارێگاى (M4) به‌رده‌وامن و هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده) به‌توندى وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌و به‌پێى میدیاکانى هه‌سه‌ده‌ش بێت تا ئێستا تورکیا یه‌ک بست نه‌یتوانیوه پێشره‌وى بکات.